
شەق دەزانێ قۆناغ لەکوێیە!
عەلی بداغی
نیزیک بە چوار دەیە حوکمڕانیی خامنەیی ئەگەر لەلایەک گەلان و کۆمەڵگەی ئێرانی دەستەویەخەی دەیان قەیران و کارەسات کردوە، بۆ خودی خامنەیی و کۆماری ئیسلامییش جگە لە دۆڕان و مایەپووچ هاتنەوە دەسکەوتێکی دیکەی نەبووە. دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبریش کە پێشبینی دەکرا بەرە بەرە سەری مارەکەش بە دەردی حەماس، حیزبوڵڵا، سووریا و حوسییەکانی یەمەن بچێت، چوونەوەی دۆنالد تڕامپ بۆ کۆشکی سپی و ناوەندی بڕیاری ئەمریکاشی هاتە سەر و هیندەی دیکەی خامنەیی و ڕێژیمەکەی خستە تەنگانەوە.
ستراتیژیی تڕامپ ڕوونە: کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێ بۆمبی ئەتومیی هەبێ؛ نابێ پەرە بە تێکنۆلۆژیی مووشەکیی خۆی بدات؛ و ڕێگە نادات ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێکهێنان و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکانی چیدی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخاتە مەترسییەوە و سەقامگیریی ئەو ناوچەیە بە بارمتە بگرێت. لە بەرامبەردا ڕێژیمیش دوو بژاردەی لە بەردەمدا مابوو، یان پاشەکشە و دەستبەردانەوە، یان بەربەرەکانی و بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ کە مەترسیی شەڕی هەمەلانەیەی لێ دەکرێ.
خامنەیی ئەگەرچی لە سەرەتادا و لە بەرچاوی کامێراکان و بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات هەوڵی پاراستنی هەیمەنەی ساختەی خۆی دەدا و دانوستان لەگەڵ ئەمریکای ڕەت دەکردەوە و سازان و وتووێژ لەگەڵ ئەمریکای پێ بێشەڕەفی و کارێکی بێئاکام بوو، بەڵام لە ڕاستیدا لەمێژ بوو ئاڵای سپیی بۆ تڕامپ هەڵدابوو. ڕاست لەو کاتەوە کە قاسم سولەیمانی، دیارترین ژێنەڕاڵی سپای پاسداران کە بە قەول کاروباری چوار پێتەختی عەڕەبیی بۆ بەهێزکردنی هیلالی شیعیی ڕێژیم هەڵدەسووڕاند، بە بڕیاری تڕامپ لە یەکێک لەو پێتەختانەدا کرایە ئامانج. بەڵام خامنەیی کە وادەی "تۆڵەی سەخت"ی دابوو، لە ترسی کاردانەوەی توندی ئەمریکا و تێوەنەگلان لە شەڕێکی قورسی ڕاستەوخۆ، لە بەناو هێرشەکەی سەر عەینولئەسەددا لە پووتیی بەتاڵی سرەواند و بەم دیزەبەدەرخۆنەکردنە قەیرانەکەی لەوکاتدا تێپەڕاند!
خامنەیی کە بەئاشكرا دەیگوت وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ناکا و خۆ ئەگەر بیشی کا لەگەڵ دەوڵەتی تڕامپی ناکا، یان کاتێک بە دڵنیاییەوە دەیگوت نە شەڕ ڕوو دەدا و نە مل بۆ دانوستانیش ڕادەکێشێ؛ بەڵام کاتێک زانی شەڕ بەر دەرکی پێ گرتوە و لەبەر زەبوونییەکەی و لەپێناو پاراستنی نیزام و ڕێژیمە سیاسییەکەی بەهەر نرخێک بووبێ، ملی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئەویش تڕامپ ڕاکێشا. جا با کەیهان و شەریعەتمەدارییەکان و مۆرە بەناو ئەرزشییەکانی ڕێژیم پاشەکشەکانی خامنەیی بە "تەقیە" و حیکمەتی قووڵ دابنێن و سوڵحەکەی ئیمام حەسەن لەگەڵ مەعاویەش بە نموونە بێننەوە!
بەڵام ئاخۆ بەڕاستی ڕێژیم بژاردەی دیکەی جگە لە نەویکێشان یان بە قەولی خۆی "نەرمشێکی دیکەی قارەمانانە" هەیە؟ لە کاتێکدا لە دوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە پەلوپۆی توانا نیزامییەکانی ڕێژیم کراوە و کارتی شوێندانەریی لەسەر هاوکێشە ناوچەییەکانی لە دەست هاتووەتە دەر، لەکاتێکدا قەیرانی ئابووری لە سۆنگەی گەمارۆکان و گەندەڵیی نێوخۆیی ڕێژیمەوە هەناسەی لە ڕێژیم بڕیوە، کاتێک سێبەری شەڕێکی قوورس لەسەر خۆی هەست پێ دەکا کە لەوانەیە تەخت و بەختی ڕێژیم هەڵتەکێنێ؛ سروشتییە خامنەیی لەپێناو ڕاگرتنی ڕێژیمەکەیدا ئیمتیاز لە دوای ئیمتیاز بدا و چاوەڕوانی هەل و دەرفەتی دی بۆ کەوتنەوە سەر پێ بمێنێتەوە. ئەو دۆخە نوێیەش هەم دەتوانێ ببێتە هۆی داتەبین و بێهوایی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەت ئەو لایەنانەی هەموو هیوایەکیان لەسەر ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم لەسۆنگەی گوشار و هیڕشی هێزی دەرەکی هەڵچنیوە، هەم دەتوانێ هەل و دەرفەتیش بۆ خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دروست بکات، بێتوو خۆیان بخوازن.
شک لەوەدا نیە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و تروئیکای ئورووپا بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی گەورەیە، چونکی پشوویەکی دێتەوە بەر. ئەم ڕێککەوتنە ئەگەر بۆ کۆماری ئیسلامی ڕووخانی ئایدۆلۆژیکە، بەڵام بێتوو لەو سۆنگەیەوە پارە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیم ئازاد ببن، گوشاری گەمارۆکانی لەسەر لابچن و ئاسانتر بتوانێ نەوتەکەی بفرۆشێ و بازاڕی ئێرانیش بە ڕووی ئەورووپادا بکاتەوە؛ دەرفەتێکیشە بۆ ڕزگاربوونی ڕێژیم و بووژانەوەی. ئەگەرچی ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێ لەسەر دەستئاوەڵایی ڕێژیم بۆ سەرکوتی زیاتر و هەمەلایەنەتری ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆ و سەپاندنی کەشێکی داخراوتر لە پێشوو بە سەر کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی مەدەنیی وڵاتدا. ئەزموونیش نیشانی داوە کۆماری ئیسلامی هەتا لە بەرەیەکی دەرەکی دۆڕاوە، لە نێوخۆ تۆڵەی توندی خەباتکارانی سیاسی و لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کردووەتەوە.
ئەم ڕێککەوتنە هاوکات ئەو پەیامەش بە خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن دەدات کە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی پتر لەوەی لە خەمی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ئێران و ئەو کارەساتانەدا بن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵک و وڵاتی ئێرانی هێناوە، تەنیا سەقامگیری ناوچە بۆ دابینبوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان دەوێ. بۆیە ئۆپۆزیسیۆن نابێ چیدی هەموو هێلکەکانی تەنیا لە قەرتاڵەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی دابنی و پێویستە هەموو توانای خۆی لەسەر دوو تەوەر دابنێ، یەکەم کۆتاییهێنان بە پڕشوبڵاوی و پێکهێنانی یەکیەتییەکی بەکردەوە و سازان لەسەر لانیکەمی هاوبەشییان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی. دووهەم ڕێکخستنی خەڵک و ئامادەبوون و ئامادەکردنی خەڵک بۆ ناڕەزایەتییە گشتییە فرەڕەهەند و ئامانجدارەکان. ئۆپۆزیسیۆن لەبری شەڕ و ململانێ لەسەر ڕۆڵی ڕێبەریکردن بێتوو لەسەر بەرپرسایەتیی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان هەماهەنگ ببن، هەروەها لەجیات دژایەتیی ڕووتی کۆماری ئیسلامی بە وێژمانسازی بڵێن کە دوورەدیمەنی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی چ دەبێ؛ دەتوانن ئاسۆی بەرخودان و خەباتی کۆمەڵانی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی ڕوونتر بکەن.
هەروەک ئەمریکا، تڕوئیکای ئورووپا، ڕکەبەر و نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە خامنەییان سەلماندوە کە شەق دەزانێ قۆناغ لەکوێیە، بێگومان کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمیش دەتوانن لە نێوخۆ کۆماری ئیسلامی بەو دەردە ببەن.