
فوتباڵ وەک "زمانی دەربڕین"!
ئەمیر باباخانی
ئەگەرچی وەک هەموو کایەیەکی وەرزشی، فوتباڵیش سەرەتا بۆ تێپەڕاندنی کات و ڕاهێنان و چەند چرکەساتێکی تەژی لە شادی ساز بوو، بەڵام دواتر فوتباڵ بووە چەشنێ لە "زمانی دەربڕین". واتە دەبێتە دیاردەیەک کە کارتێکەری خۆی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری نیشان دەدا. بە تایبەتی کاتێ لەگەڵ جۆرێ لە ناسیۆنالیزم تێکەڵ دەبێ، دەبێتە زمانی دەربڕینی دوو هەست و بیری جیاواز و تەنانەت دژ بە یەک.
ڕێک لەم پنتەڕا دوو دیوی زمانی ئەم دەربڕینە خۆ دەردەخەن. یەکەم دەبڕینی هەست و سۆزی نەتەوەیی، دووهەم بۆ درکاندنی ناسیۆنالیزمێکی دەمارگرژی هێرشبەرانە کە دواجار فاشیزمی لێدەکەوێتەوە، کە مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە ئاوڕدانەوەیەکی خێرایە بۆ ئەم ڕەهەندەی دوایی.
بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی مۆسۆلینی (١٩٤٣-١٩٢٢)، فوتباڵ دەبێتە زمانی دەربڕینی فاشیزم، تەنانەت یاریزانەکان لە یاریگاکاندا هێماکانی فاشیزم زەق دەکەنەوە. تەنانەت یانەی تۆپی پێی ئیتالیا کە دەبێتە قارەمانی مۆندیالی ساڵی ١٩٣٤ کە هەر لەم وڵاتەدا بەڕێوە چوو، لەژێر کارتێکەری و چەتری دەسەڵادارێتی فاشیزمدا بوو. یان لە سەردەمی نازییەکادا، هەرچەند هیتلێر خۆی لایەنگری تۆپی پێ نەبوو، بەڵام دەزگای زەبەلاحی پڕۆپاگاندای نازی بە سەرۆکایەتیی گۆبڵز، ئەم کایەی وەک نمادێک لە تەکوز و دیسیپلینی نەتەوەیی و زەقکردنەوەی ڕەگەزی ئاریایی نیشان دەدا. تەنانەت لە کایەی بەناوبانگی نێوان یانەکانی نۆڕوێژ و ئاڵمان لە ئۆلەمپیکی ١٩٣٦ کە ئاڵمانەکان دۆڕان، بوو بە هۆی تووڕەیی لە ڕادەبەدەری ئاڵمانەکان و کاردانەوە یەکجاری ناحەزی لێ کەوتەوە.
دیارە ئەم دیاردەیە پەلهاوێژی بۆ وڵاتانی تریش کردوە، بۆ وێنە دەسەڵاتە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەمریکای باشوور، تۆپی پێیان وەک ئامرازێک لە خزمەتی پێکهاتەی دیکتاتۆری وڵاتەکەیان بەکارهێناوە. لە مۆندیالی ١٩٧٨دا کە لە وڵاتی ئاڕژەنتین بەڕێوە چوو، دەسەڵاتی نیزامی ئەو وڵاتە بە رێبەری خۆرخێ ویدێلا، لەم ڕووداوە بۆ نیشاندانی سەقامگیری سیاسی و پێشکەوتنی وڵات کەڵکی لێوەرگرت. ئەوە لەحاڵێکدا بوو کە بە هەزاران کەس لەژێر گوشاری سیاسی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆیەدا بوون. هەروەها، لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر گرووپی ڕاستی پاوانخواز بە ناوی لایەنگرانی تۆپی پێ پێکهاتوون کە، لە هەوڵی پەرەسەندنی ئیدئۆلۆژییەکانی خۆیاندان. لە وڵاتانی ئورووپایی وەک ئیتالیا، ئاڵمان و ڕووسیا، گرووپی لایەنگرانی توندئاژۆ بە ناوی ئوڵتراکان ساز بوون کە بە کردەوە و دروشمی ڕەگەزخوازانە و شێوە فاشیستییانە لە یاریگەکاندا، ئامادە دەبن و خەریکی بڵاوکردنەوەی ئیدئۆلۆژی خۆیانن. بۆ وێنە ئێستاش لایەنگرانی تیمی تۆپی پێی لاتزیۆ لە ئیتالیا، لایەنگری لە مۆسۆلینی و باوەڕە فاشیستییەکانی دەکەن و تەنانەت نەوەی مۆسۆلینیش یاریزانی یانەی لاتزیۆیە!
***
ئەم ڕۆژانە یانەی تۆپی پێی تراکتۆری تەورێز، پێشەنگی ڕیزبەندی لیگی تۆپی پێی ئێرانە. یانەیەک کە لایەنگرەکانی لە فەزایەکی پۆپۆلیستیدا خاوەنی بۆچوونێکی ناسیۆنالیستیی دەمارگرژن، کە زۆر جاران خۆ لە قەرەی فاشیزم دەدا. ئەوان خۆیان وەک پانتورک پێناسە دەکەن و لە یاریگاکان هەموو هێماکانی ئەم پانتورکیزمە دەخەنە بەرچاو! دیارە پانتورکیزم لە ئێران ڕێك وەک نوسخە سەرەکییەکەی بە شێوەیەکی سەقەت خۆی دەرخستووە، چون لەباری تیۆریکەوە تا ئاستی هەژاری و داماوی لاوازە و بە قەولی مینۆرسکی ساختەچێتی یەکێ لە کۆڵەکەکانی ئەم "پان"یە!
بێگومان بەشێک لە کردەوە و دژکردەوەکانی لایەنگرانی یانەی تراکتۆر دێتە خانەی فاشیستییەوە، هەرچەند ڕەنگە گەڕانەوە بۆ مێژووی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ڕەزاشا و سەپاندنی چەمکی دەوڵەت – نەتەوە لەسەر بنەمای هۆمۆژێنسازی و پەراوێزخستنی نەتەوەکانی تر، یارمەتیدەر بێ بۆ شرۆڤەی ئەم چەشنە دژکردەوانە بە دژی نەتەوەی باڵادەست، بەڵام نابێ ئەم ڕاستییە لە بیر بکرێ کە ڕادەی ئەم پەراوێز خستنە جیاواز بووە، بۆ وێنە تورکەکان بە حوکمی هاوئایینزایی (شیعە) لەگەڵ دەسەڵات و هەروەها پێشینەی دەسەڵاتدارێتیان لە ئێران، بەردەوام وەک جەمسەرێکی ئابووریش شوێنەدانەرییان هەبووە. بۆ نموونە لە تارانی پێتەختی ئێران جۆرێ لە ڕکابەرایەتی لە نێوان تورک و فارس ساز دەبێ و فارس لە ڕێگەی "زمانی زاڵ"ەوە تورک تەحقیر دەکا، بە کەمگرتنێکی مێژوویی! تەنانەت ئەم بە کەمگرتنە لە سەردەمی پاتشا تورکەکانەوە وەک قاجار و سەفەوی بە هۆی زاڵیی سیاسیترین توخمی ناسنامەیی واتە زمانی فارسی بەردەوام بوو. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا یاریگاکان و بەتایبەتی یاریگای شاری تەورێز بۆتە گۆڕەپانێک بۆ دەربڕینی زمانێکی فاشیستی بە دژی هەمووان.
پانتورکیزم بە هوی ئەو لاوازییانەی باسم کرد، هەرگیز توانایی ئەوەی نەبووە بە زمانێکی مەنتقی لەگەڵ "ئەوی ترەکان" جۆرێ لە دیالۆگ سازبکا و هەمیشە خاوەنی گوتارێکی هێرشبەرانە بووە. تەنانەت پانتورکەکان لە یاریگاکان بە دژی کوردیش دروشم دەڵێنەوە کە ئەمە دەتوانێ سیگناڵێکی مەترسیدار بێ بۆ ئەوەی ئەم دروشمە فاشیستییانە لە یاریگا بەرەو کۆمەڵگا بێتەوە! گەلەکۆمەی چەندپانتورکێک لە ورمێ بە پشتیوانی دەسەڵاتی خۆجێی ئەم شارە بە دژی نەورۆزی پڕشکۆی کوردان دەتوانێ وەک نموونە باس بکرێ!
لە لایەکی ترەوە ئەم هێمایانەی بەرامبەر بە نەتەوەی باڵادەست لە یاریگاکان بۆ پشتگیری لە تراکتۆر بەرز دەکرێنەوە بۆ داکۆکی لە زمان و تەنانەت هەڵدانی ئاڵای تورکیا و ئازەربایجان بە مەبەستی وەستان بەرامبەر بە دەسەڵاتە جێگیرە و ڕێک لێرەدایە کە تێکهەڵەنگوتنێک لە نێوان لایەنگرانی تراکتۆر و یانەکانی سەر بە نەتەوەی فارس بەتایبەتی هی پێتەخت ساز دەبێ! نەتەوەی سەردەست بە حوکمی مێژووی دەسەڵاتدارێتی و شێوەڕوانینی لە سەرەوەڕا، بەرامبەر بەم توخمە ناسنامەییانە بە توندترین شێوە و نەشیاوترین وتەکان دەوەستێتەوە و جۆرێ لە نەفرەت و بێزاری وەدی دێنێ.
دیوەکەی تر شێوەڕوانینی تورکە بەرامبەر بە نەتەوەکانی تر، بێگومان وەک باس کرا هیچ نەتەوەیەک بەقەرا تورک لە فارس نیزیک نەبووە لەباری هاوبەشی لە دەسەڵات و تەنانەت بوون بە داردەستی نەتەوەی سەردەست بۆ سەرکوتی "ئەوانی تر" بۆیە ئەم مەیدانە زۆر جاران دەبێتە زمانی دەربڕینی فاشیزم.
ئەگەر ئەم بۆچوونە بسەلمێنین کە سیمای ڕاستەقینەی نەتەوەکان لە یاریگاکاندا ببینە و، ئاوڕێکی جیددی بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشیخوازانەی نەتەوەکانی دەرودراوسێ نەدرێ، لە داهاتوویەکی نیزیکدا تووشی کێشەی چاوەڕواننەکراو دەبین!