
کوردستان ئاڵاهەڵگری یەکیەتی و هاواری بەرزی ئازادی
کاوە سندووسی
ڕووداوە گوماناوی و دڵتەزێنەکەی بەندەرعەباس، جارێکی دیکە برینە کۆنەکانی جوگرافیا فرەڕەنگەکەی ئێرانی کولاندەوە و سیمای ستەمکارانەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی خۆیاتر لە جاران وێنا کرد. لەم نێوەدا، گەلی سەربەرزی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی، بەتایبەتی خەڵکی مرۆڤدۆستی مەریوان و شۆفێرە زەحمەتکێشەکانی ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەڵسوکەوتێکی پڕشارستانی و مرۆڤایەتی، هاوخەمی قووڵی خۆیان لەگەڵ قوربانییانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دەربڕی.
کوردستان کە خۆی قوربانیی تیرۆر و تەقینەوە و مووشەکباران و لەسێدارەدان و سەرکوتە، وەک هەمیشە، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد؛ ستەم لە هیچ کوێیەکی ئەم خاکەدا بێ وەڵام نامێنێتەوە و ڕۆژێک دێت ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی، کە زۆربەیان بەرپرسە بێ کیفایەتانەی کۆماری ئیسلامین، لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دەبێت بە سزای کردەوەکانیان بگەن.
کوردەکان، ئەم گەلە دێرین و ئاشنا بە ئازار و مەینەتە، بە دابونەریتی ڕەسەن و لەمێژینەی خۆیان لە مرۆڤدۆستی، لێبووردەیی و ئەخلاقتەوەری، جارێکی تر سەلماندیان لە دژوارترین ساتەکاندا، پەناگەو پاڵپشتی ستەملێکراوان و دەنگی بەرزی کڕکراوەکان دەبن. کولتوورێک کە ئامادەیە خۆی فیدا بکات هەتا هیوا بە زیندوویی بهێڵێتەوە و لە هەر هاوارێکی مافخوازانەدا، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی خۆی لە تێکۆشان و ئازادیدا دەدۆزێتەوە.
بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە دڵی کوردستانەوە سەری هەڵدا و ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جوگرافیای ئێراندا دەنگی داوەتەوە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ڕۆحی ئازادەیی و شکۆمەندیی گەلی کورد. ئەم دروشمە، کە گیانێکی تازەی بەبەر بزووتنەوە ئازادیخوازەکاندا کرد، نەک تەنیا بانگەوازی مافخوازیی ژنانە، بەڵکوو هاواری مرۆڤ بوون و بە مرۆڤ مانەوەیە لە بەرانبەر ستەم. ئەمڕۆ، کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی، بە ڕاگەیاندنی هاوپشتی، پرسە و سەرەخۆشی بۆ خەڵکی بەندەرعەباس، جارێکی دیکە سەلماندیان؛ ژن، ژیان، ئازادی، تەنیا دروشم نییە؛ بەڵکوو شێوازی ژیان و ڕێبازی شەرافەتمەندانەی مرۆڤی ئازادی کوردە.
لە کولتووری گەلی کورددا، "ئەوی دی" بەتایبەت لە کارەسات و ڕووداوە سروشتی و ناسروشتییەکاندا یان لە بەرانبەر چەوساندنەوە و سەرکوتە ستەمکارانەکانی حکومەتدا، جێی ڕێزە. لێبووردەیی و گەورەیی، نەک دروشمێکی کاتی، بەڵکوو جەوهەرێکە لە گیانی خەڵکی ئەم خاکە دێرین و بە فەرهەنگە.
حیزبی دیموکرات هاوشان لەگەڵ خەڵک و شۆفێرانی مەریوان، بە دەربڕینی هاوخەمی، نیشانیان دا کە کوردستان، نەک تەنیا لە بەرانبەر خەمەکانی خۆیدا خۆڕاگرە، بەڵکوو بۆ ئازاری هەموو مرۆڤێک دڵەکوتەیەتی و دەستی یارمەتی و دۆستایەتی درێژ دەکات. ئەمڕۆ، کوردستان بەم هاوپشتییە نەک هەر تەنیا هەوڵی ساڕێژ کردنەوەی برینی تەشەنای بەندەرعەباسی دا، بەڵکوو مەشخەڵێکی هیوای لە دڵەکاندا هەڵکرد و کوتکێکی لە سیاسەتی چەپەڵی "ئاژاوە بنێ و حکومەت بکە"، دا.
بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک ئەم یەکێتی و یەکگرتوویی و هاوپشتییە، ئەم سۆزە و ئەم هاوارانە، دەست لەناو دەستی یەکتر، ڕەگوڕەچەڵەکی نادادپەروەری و زوڵم لە خاکی ئەم نیشتمانە هەڵبکێشن و ببێتە سەرەتای کۆتاییهاتنی حکومەتی گزی و درۆ و ڕیا و دووڕوویی.
بە هیوای ڕۆژێک کە؛ "ژن، ژیان، ئازادی" نەک هەر بە تەنیا دروشمێک، بەڵکوو ڕاستییەک بێت لە ژیانی ڕاستەقینە. بە هیوای داهاتوویەکی ڕووناک کە تێیدا ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی ببێتە سرودی هاوبەشی هەموو نەتەوەکانی جوگرافیای ئێران.
خەڵکی کوردستان بە ورە و غیرەت و شەرافەتێکی بێوێنەوە، جارێکی دیکە نیشانیان دا کە ئازادی نەک بەڵێنێکی دوور، بەڵکوو مافێکە کە دەبێت خەباتی بۆ بکرێت و بیستێنی. ئەوانەی لە تاریکیی ساڵانێکی دوورودرێژدا چرای هیوایان بە داگیرساوی هێشتووەتەوە، ئەم گەلە ئیلهام بەخشی هەموو ئەوانەن کە بۆ جیهانێکی باشتر، بۆ جیهانێکی مرۆییتر تێدەکۆشن.
کوردستان زیندووە، چونکە شەرافەت زیندووە. کوردستان خۆڕاگرە، چونکە عەشقی ئازادی لە دەمارەکانیدا دەگەڕێت و، ئەمجارە هاودەردی لەگەڵ بەندەرعەباس، بەشێکە لەو ڕێگا ڕووناکەی کە بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر و مرۆییتر هەنگاو دەنێت و پێی دەگات.
ژن، ژیان، ئازادی.