
هەڵدانەوەی کۆنەبرین؛ کارێکی نابەرپرسیارانە
هەردی سەلیمی
لە مێژووی وڵاتانی جیهاندا شەڕی نێوخۆیی زۆر ڕووی داوە، کە ئەم شەڕانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە هۆکاری زاڵکردنی دەسەڵات و هێژمۆنیی زیاترەوە هەڵگیرساون. نموونە بۆ ئەم بابەتە بە ئەندازەی لاپەڕەکانی مێژوو لەبەردەستە و هەر ئێستاش بەردەوامە و وڵاتی وا هەیە ئێستاش دەرگیر و گیرۆدەی شەڕی نێوخۆییە؛ وڵاتانی وەک؛ ئەمریکا، کۆرە، ڤییەتنام، چین، فەڕانسە، ڕووسیە و ئێران و... لەو وڵاتانەن کە شەڕی نێوخۆیی خوێنین تێیاندا ڕووی داوە. خاڵی هەرە گرنگ لە ئاکامی ئەم شەڕانەدا بەپێچەوانەی بیری باو لەم بارەوە نەک خەسارناسی و ناساندنی تاوانبار یا تاوانباران، بەڵکوو کونترۆڵ و کۆتاییهێنان بەو شەڕانە بووە، دەنا لە حاڵەتەکەی تریدا یا لایەنێک بەتەواوی سەر کەوتوە و لایەنەکەی دیکەی سڕیوەتەوە یان ئەوەی کە لەتبوونی وەک کۆرەی باکوور و باشووری لێکەوتووەتەوە.
کوردستانیش یەکێک لەو شوێنانەی ئەم گۆی زەوییە بووە کە هەر لە سەردەمی کۆنەوە هەتا ئەم دواییانە و لە بەشە جیاوازەکانیدا لەم جۆرە شەڕە تێیدا ڕووی داوە و خەساری گەورەشی پێگەیاندوە. لانیکەم لەمانەی دواییدا هیچ کام لە لایەنەکانی دەرگیری ئەم شەڕە نێوخۆییانە نەیانتوانیوە لایەنەکەی بەرامبەریان بەتەواوی شکست پێ بێنن؛ بۆیە گەر بمانەوێ واقعبین بین پێویستە هەمووان خۆمان بەو قەناعەتە بگەیەنین کە بیری سڕینەوە و شوشتنەوە دەبێ بۆ هەمیشە نەمێنێ و لەنێو بچێ. ئەمە بەو واتایە نیە کە بڵێین مادام کەس یا لایەنێک لە هێزی خۆی دڵنیا بوو و زانیی دەتوانێ سەرکەوتن مسۆگەر بکات، کەواتە ڕێگەپێدراوە بۆ ئەوەی شەڕێک هەڵایسێنێ، نا بە هیچ شێوازێک بەو واتایە نیە، بەڵکوو بەو مانایە کە لە بنەڕەتڕا کارێکی هەڵە و بێسەرەنجام و بێدەسکەوتە و هیچ سەرکەوتنێکی سیاسی و نیزامی و مادی و مەعنەوی بەدوای خۆیدا ناهێنێ و ئەمەش مێژووی هاوچەرخمان نیشانی داوە.
لە ئێستادا و بەداخێکی زۆرەوە هەندێک کۆنەبرینی قەتماغەبەستووی لەبیرکراو لەژێر پاساوی نابەرپرسیارانە و ناڕاستانەی "نەشاردنەوەی مێژوو"دا هەڵدەدرێنەوە ئەویش بە گێڕانەوەی بیستراو و دەم بە دەم و بێبەڵگە و بەوپەڕی ئێغراق و زێدەبێژییەوە، کە نە سوود و قازانجی بۆ ئەو مێژووە هەیە کە باسی دەکەن و نە لەپێناو یەکڕیزیی نەتەوەیی و تەنانەت و لە گیوومەدا بۆ "سەرکەوتن"ـی لایەنێکیش بەکەڵکە؛ بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەیە و ئەخلاقی سیاسی و شۆڕشگێڕی و ئەمانەتداریی ئەو کەس یا کەسانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو دەسەڵاتەی کە کوردستان نزیکەی نیو سەدەیە بە شێوەیەکی شێلگیرانە لەدژی خەبات دەکات لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە، هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چاویان لە یەکڕیزیی نەتەوەی کوردە، خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بە یەکگرتووانەترین شێوە و بێلەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بیروڕا دەست لەنێو دەستی یەکتر و بە داهێنەرانەترین جۆرەکان هەروا لەسەرپێیە و بەردەوام پەیامی یەکڕیزی و سەرفرازی دەگوازێتەوە. ئایا ڕەوایە لە وەها حاڵەتێکدا لەجیات ئەوەی وەک ئەوان بەرەو پێش هەنگاو بندرێ، سەرنج بخرێتە سەر تاریکترین وەرزی مێژوومان و لەوێدا بچەقین؟! ئەمە کام بیری ژیر هەڵگریەتی؟ ئەگەر مەبەست ئەوەیە ئەزموونە تاڵەکانمان دووبارە نەبنەوە ئەمە ڕێگەی نییە، چون لەبیر کراون و ئەم وەبیرهێنانەوە و یەکتر تۆمەتبارکردنە گرژی و ناهاودڵیی لێ دەکەوێتەوە. مێژووی ئەم نیو سەدەی ڕابردووی کوردستان هێندە خاڵی جێی شانازیی تێدایە کە پێویستمان بە ئاوڕدانەوە لەو خاڵە نەبێت. لە ئێستادا بەرەوپێشچوون و یەکڕیزیمان پێویستە نەک چەقین و ڕاوەستان و قامکی تۆمەت بۆ یەکتر درێژکردن، دەبێ پلان و بەرنامەمان بۆ داهاتووی ئەو نەتەوەیە ببێ، نەک لەتاو بێبەرنامەیی وەک کۆنەڕۆڵگێڕێکی لەکەڵککەوتوو خەڵکێک دڵسارد بکەینەوە و هۆپێک بکەین و بڵێین بەرەوپێش مەچن و بچنەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر!
کۆتاقسە: بە سەرنجدان بەو خەسارانەی کە لێمان دەکەوێ بۆیە دەبێ بێینەوە سەر ئەوەی کە بەتایبەت لە ئێستادا کونترۆڵکردن و لەبیرکردنی ئەو شەڕە نێوخۆییانەی کوردستان ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە، گەر ڕۆژگارانێکیش هەوڵی خەسارناسی درا ئەوە با کەسانی شارەزا و لێزان و هەروەها شایەدحاڵان با قسەیەکیان پێ بێ نەک بە دەنگۆ و دەمگۆ مێژووەکە بەلاڕێدا بەرین. لەوەش گرنگتر با کاتی تیڤییەکان و ڕاکێشانی سەرنجی بینەران و بیسەران بە هەموو نرخێک پڕ نەکەینەوە و ڕانەکێشین، گەر سکاڵایەکیشمان هەیە با لەبەردەم کەس یا کەسانێکا بکرێ کە هەر نەبێ لە پێوەندی لەگەڵ سکاڵاکەدا بگونجێن. ئەم جۆرە دەربڕینە نابەرپرسیارانە خەساری دەروونیی زۆر بە کۆی بزووتنەوەکەمان و یەکڕیزیی نەتەوەکەمان دەگەیەنێ و دەرفەتە زێڕینەیەکیشە بۆ کەسانی هەلپەرست بۆ کەڵکاوەژۆوەرگرتن. ساڵانێکە بەهەق و بەبەڵگە ئەو تاوانانە دراونەتە پاڵ کۆماری ئیسلامی و سەلمێنراویشن و بوونەتە فەکتێکی مێژوویی لەسەر ئەو ڕێژیمە، چۆن وا بەئاسانی و بەناهەق و بێبەڵگە بیانکەینە تۆمەت و بیدەینە پاڵ لایەنێکی جەماوەری و خۆشەویستی خەڵک کە هەمیشە بۆ بەپرەنسیپبوون و ئەخلاقمەداری بەناوبانگ بووە؟! ئەم ڕێکارانە سوودی نییە تەنانەت ئەگەر بۆ خۆنواندنێکی کاتییش بووبێ.