
کام پەیام و هەڵوێست قازی محەممەدی کرد بە پێشەوا؟
برایم لاجانی
هەرکام لە ئێمە بە جۆرێک ڕێبەرین چونکە لانیکەم ڕێبەرێبەرایەتی ژیانی خۆمان دەکەین. زۆر کەسیش لەنێو ئێمەدا هەن کە لەبواری گەورەتردا بۆ نموونە لە ئاستی بنەماڵە، مەدرەسە، کارخانە و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کاری ڕێبەرایەتی دەکەن. ڕوونە کە مەیدانەکانی کاری ڕێبەرایەتی جۆراوجۆرن و هەر بەو پێیەش ئەرکەکانی ڕێبەر، بەرپرسایەتی و ڕۆڵیشی جۆراوجۆرن. بەڵام مەسەلەیەک هەیە کە لە هەموو حاڵەتەکانی ڕێبەرایەتیدا وەک فاکتۆرێکی گرینگ خۆی نیشان دەدا، ئەویش ئەوەیە کە لەهەر حاڵدا ڕێبەر سەروکاری دەگەڵ ئینسانان هەیە. ئەو ئینسانانە یا هاووڵاتین، یا هاونیشتیمانن، یا هاوڕێی حیزبین، پێشمەرگەن، سەربازن، یا کارمەند و کرێکار و هتد…
کاری ڕێبەر ئەوەیە خەڵک واتە ئینسانەکان لە دەوری دروشم و ستڕاتیژی و ئیدەئاڵ و بەرنامەکانی ڕێکخراو، حیزب، بزووتنەوە، مەدرەسە و کارخانە و بە کورتی ئەو دامەزراوە کۆ بکاتەوە کە ڕێبەرایەتیی دەکا. ئەو دەبێ هاندەر بێ، دینام بێ، ماتۆر بێ، گەرموگوڕی بە کار و خەبات لەونێو دەوروبەری خۆیدا بڵاو بکاتەوە. شادی و خۆشی دابەش بکا. هەمووان بەشدار بکات و کەس هەڵناوێرێ. ڕێبەر دەبێت کۆسپان تەخت بکا، پردان درووست بکا، دیواران بڕووخێنی. دەبێ خەم لەبەر بێ و مەڵحەمی برینان و هۆی ئارامیی دڵە شکاوەکان بێت. ڕێبەر بە هاوکاری دەگەڵ هاوکارەکانی دەبێ فەرهەنگ و کولتوورێک درووست بکەن کە نێوەرۆکەکەی بریتی بێت لە ڕوانگەیەک کە وەک ئەستێرەی گەش بدرەوشێتەوە و خەڵک بەدوای خۆیدا بکێشێ. فەرهەنگێک کە بایەخ بە پێوەندیە ئینسانیەکان بدا و ڕەنگە جۆراوجۆرەکان لە خۆیدا جێ بکاتەوە و لە هەمانکاتیشدا ئامادەیی بۆ چوونەپێش و گۆڕان و درووستکردنی بەهای نوێ تێدا بێت.
لە مێژوودا زۆر نموونەی ئەوجۆرە ڕێبەرانەمان هەن کە بوونەتە سەرمەشق و ئێستاش هەروا سەرچاوەی ئیلهامن. من هەوڵ دەدەم دوونموونە لەو سەرمەشقانە باسکەم و پاشان پێشەوا قازی بە پێوانانەی ئەوان هەڵسەنگێنم تا بزانین ڕەمزی بوون بە پێشەوا و پێشەوامانەوەی قازی لەچیدایە؟
سوقڕات
سوقڕات گرینگی زۆری بە پێوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵ دەدا. ناوبراو ئەو پرسیارە فەلسەفیانەی دەهێنانە گۆڕ کە چۆن دەتوانین ژیانێکی جوان و پڕ لە فەزیلەت و عادڵانە درووست بکەین. هەروەها ئەو بە سەخاوەتەوە ئامادە بوو گیانی بۆ ئیدە و بایەخە بەرز و تازە و ئینسانیەکان بەخت بکا کە بڕوای پێ بوون. سوقڕات بە ئاتێنیدا دەگەڕا و دەیپرسی ژیانی باش و پڕ فەزیلەت کامەیە؟ جوانی چیە؟ کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر چۆنە؟ دادپەروەەری چیە؟ کۆمەڵگەیەکی عادڵانە چۆنە و کام سیفاتی هەن و تایبەتمەندیەکانی چین؟
سوقڕات ئەو پرسیارانەی زۆرتر ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئاتێنێ دەکردن. ئەو لاوانی بۆ خەبات و بەربەرەکانی و ڕاپەڕین هان دەدان. ئەو بە هێنانەگۆرێی پرسیار سەبارەت بە ژیانی پڕ فەزیلەت و کۆمەڵگەی عادڵانە دەیەویست سەرنجی خەڵک بۆ وەزعی نالەباری کۆمەڵگەی ئەودەمی ئاتێنێ ڕاکێشێ. جیالەوە هەمیشە خەڵکی هان دەدا کە خۆیان و توانا و زەرفییەتەکانی خۆیان بناسن. چونکە کەسێک دەتوانێ دەگەڵ خەڵک بحاوێتەوە کە خۆی بناسێ. ئەو جۆرە حەرەکەتانەی سوقڕات و ئەو پرسیارانەی ئەو بە دڵی کاربەدەستانی ئەودەمی ئاتێنێ نەبوون. هەربۆیە نەیارەکانی کە دەسەڵاتداران بوون ئەویان بە کەسێکی ئازاردەر دەزانی و هەر لە بەر ئەوەش بوو مەحکوومیان کرد کە جامی ژەهر بخواتەوە.
پرسیارەکانی سوقڕات هەموو خەڵکیان دەگرتەوە. هەموو لە کۆمەڵدا بەرامبەر یەکتر ڕێبەرن و دەبێ بپرسن ژیانی باش و پڕ فەزیلەت چیە؟ ئەوە یارمەتیمان دەدات کە سەرنج بدەینە ژیانی هاووڵاتیانمان کە لە وەزعێکی سەخت و دژواردان، حەقخوراون و ئەگەر پێویست بێ یارمەتییان بدەین. جاری وایە دیتن و بەسەرکردنەوەیەک گەورەترین یارمەتییە. کەسێک کە پێویستیی بە یارمەتییە زۆری بۆ گرنگە یارمەتیدەر ئاوڕی لێ بداتەوە. سوقڕات بۆ خۆشی هەموو جارێ وەڵامی ئەو پرسیارانەی پێ نەبوو کە دەیهێنانە گۆڕێ، بەڵام مەبەستی ئەو ەبوو خەڵک وەبیرکەوتنەوە بکەون. لە لایەکی دیکەشەوە دەیەویست ئەوە بڵێ کەسێک کە بەدڵەوە ئەو پرسیارانە دێنێتە گۆڕی دەبێت کەسێکی ئاقڵ و بە هۆش بێت. لە فەرهەنگی یۆنانیدا کەسێکی زیرەک و خاوەن هۆش ئەو کەسەیە کە توانای دیتنی داهاتووی هەیە و دووربین و ئایندە بینە. کەسێکیش کە دووربینە و توانای دیتنی داهاتووی هەیە ڕوانگە دەدا، ڕێ دەستنیشان دەکا و قەتاری حەرەکەتی کۆمەڵ دەخاتە ڕێ. کەسێکی ئاوا جهەت دەستنیشان دەکا، خەت دەدا، خەڵک بەدوای خۆی دادەکێشێ و خەڵک بۆخۆیان وەدوای دەکەون و دەیکەنە پێشەوا و بەم جۆرە ڤیزشون دروست دەکا. ئەو دەبێتە پێشەوا و مەشخەڵ هەلدەگرێ و ئاڵای پەیامەکەی بەرز دەکاتەوە و دەبێتە خاوەن ڤیزشون. مەبەست لە ڤیزشون بانگ و پەیامی خێری گشتی و درووستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە ئینسانەکان لەوێدا لە فەزیلەتدا بژین. پەیام و ڤیزشونی مەزن ئەوانەن کە ڕوویان لە هەموو خەڵکە و کەس هەڵناوێرن و دەبنە کانیاوێکی گەورە بۆ هەموو ئەوانەی تینوون. پەیام و ڤیزشوونی مەزن ئەو پەیامەیە کە دەیەوێ کۆمەڵ بەرەو بەختەوەری و ئازادی و فەزیلەت بەرێ و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بە سەعادەت و بەختەوەری بگەیەنێ. ئەرستوو کە قوتابیی سوقڕات بوو دواتر ئەو قسەی سوقڕاتی دەوڵەمەندتر کرد کە دەڵێ کەس ناتوانێ بەختەوەر بێت ئەگەر کۆمەڵگەکەی و کەسانی دەورووبەری بەختەوەر نەبن.
عیسای مەسیح
دەرکەوتوە کەسێک کە بە خێری گشتییەوە ماندووە و لە خەمی میللەت و گەل و وڵاتدایە، لە قەیران و سەختی و دژوارییەکاندا باشتر خۆی ڕادەگرێ و چاکتر دێتەدەر لە کەسانێک کە زۆرتر هەر لە خەمی خێری شەخسیی خۆیاندان. عیسای مەسیح نموونەیەکە لەو چەشنە کەسانە. ئەو یەکێک لە گەورەترین ڕێبەرانی مێژووی مرۆڤایەتییە و هێشتاش زۆرترین پەیڕەوی هەن. بزانین پەیام و مۆدێلی ڕێبەرایەتیی عیسای مەسیح چی و چۆن بوو کە ئاوا بوو بەو ڕێبەرە گەورە و بەو پەیامبەرە مەزنە. شێوەی مودیرییەتی ناوبراو و پێوەندییەکانی ئەو لەگەڵ خەڵک و چۆنیەتیی پێوەندیگرتنی بە خەڵکەوە و نێوەرۆکی پەیامەکەی زۆر ئاسانە، بەڵام لە هەمان کاتدا پیادەکردن و پڕاکتیزەکردنی زۆر سەخت و دژوارە. هەمووی ئەوە دەکرێ لە چوارخاڵدا کورت کەینەوە. لەڕاستیدا ئەو چوار خەڵە ئەو یاسا و قانوونانەن کە پێویستە هەموو ئەو کەسانە دەکاریان بکەن کە ڕێبەرایەتیی خەڵک دەکەن و دەیانەوێ ئینسانەکان لە دەوری پەیامێک یان ڤیزشونێک کۆ کەنەوە و کۆمەڵ بەرەو ئەو ئامانجە مۆبیلیزە بکەن واتە وەگەڕ بخەن.
یەکەم، مرۆڤەکان هەموویان خاوەن بایەخن و لەباری ئینسانییەوە هاوبەهان. بۆ عیسای مەسیح هەموو ئینسانەکان لە چوارچێوەی ئایینی ئەو و پەیامی ئەودا وەک یەک هاوبایەخن. بناخەی ئەو بیرە لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە ناوبراو هەموو ئینسانەکانی بە یەک چاو تەماشا دەکردن. ئەو نەیدەهێشت جیاوازییە ڕواڵەتییەکان ببنە هۆی لێکهەڵاواردنی ئینسانەکان بەمجۆرە و خودی و ناخودی درووست ببێ. کەسێک کە جیاوازی لەنێو ئینسانەکان دادەنێ. دیواران دروست دەکا و لەهەر حاڵدا ئەگەر بەشێکانیش ڕاکێشێ، بەشێکیش لە خۆی دەتارێنێ و دوور دەخاتەوە. پەیامی مەزن ئەو پەیامەیە کە ڕووی لە هەموو کۆمەڵگە و هەموو میللەت بێت.
دووەم، دەبێت توانا و قودرەتی لێبوردن و بەخشین و عەفوکردنمان هەبێت. ئینسان قابیلی هەڵەیە. هەڵەکردن بەشێکە لە سروشتی ئینسان. بەڵام بەخشین و لێبوردەیی شتێکە پێوەندیی بە هاوپێوەندیی ئینسانیەوە هەیە. بەخشین و لێبوردن نیشانەی لاوازی و شلوشەوێقیی ڕێبەر نیە، ڕاست بە پێچەوانەوە لێبوردەیی و بەخشین بە گوناهانەوە، متمانە دەخوڵقێنێ و باشترین ئامڕازیشە بۆ پێشگیریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەڵە.
سێهەم، کارکردن و هەڵسان و دانیشتن لەگەڵ عیسای مەسیح و پەیڕەویکردن لێی سەخت و دژوارە. ئەو لێی دەویستی. ئەو چاوەطوانی و ئینتیزار و داخوازیی لە هەموو ئەو کەسانە هەیە کە ئەویان قبووڵە. بەڵێ ژیان لە کۆمەڵدا، ژیان لەنێو میللەتدا مایەدانان لە خۆی دەوێت. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەوە هەر ڕێبەر نیە کە ئینتیزار و چاوەڕوانی لە خەڵک و تاکەکانی نێوکۆمەڵ هەیە، بەڵکوو ئێمە هەموومان دەبێت ئینتیزار و چاوەڕوانیمان لێکتر هەبێت و لێکترمان بوێت و لە ڕێبەریشمان بوێت. نەک هەر لە کاری هاوبەش و هاوکاریی یەکتری و ژیانی کۆمەڵایەتیماندا، بەڵکوو لە هەموو هەڵسان و دانیشتنماندا پێوێستە ڕەچاوی دۆخی یەکتر و دەورووبەری خۆمان و تەنانەت سروشت و حەیوانات و دارودرەخت و ژینگەش بکەین.
ئەوە کە داخوازیت لە هاوکار و هاواڵ و هاووڵاتی و هاونیشتیمانی و ئەو کەسانە هەبێت کە ڕێبەرایەتییان دەکەی، بە هیچ جۆر مانای ئەوە نیە کە تۆ ڕێبەرێکی ئۆتۆریتاری. کەسێک کە داخوازیی لێ دەکرێ، چاوەڕوانیی لێ دەکرێ، ئینتزاراتی لێ دەکرێ، یانی دەگەڵ چاڵش بەرەوڕوو دەکرێ. ئەوەش ناچاری دەکا خۆی هەڵکێشی، خۆی بەرێتە پێشی، خۆی بەهێز بکا، خۆی کامڵ بکا، خۆی پوختە بکا. دیارە دەبێت داخوازی و چاوەڕوانییەکان واقعبینانە بن و لەگەڵ توانا و زەرفییەتەکان و هەلومەرج بێنەوە. ئەگەر وا نەبێت، ئەو چاوەڕوانی و ویستانە دەبنە ئامڕاز و وەسیلەیەک بۆ دەسەڵاتنواندن. ئاخر کاتێک کارێک دەکەی کە نایەڵی ئینسانەکان هەست بە بەرپرسایەتی بکەن، پێش بە پەرەسەندنی ئەوان دەگری و خۆشت لە توان و لێوەشاوەییەکانی ئەوان بێبەش دەکەی.
چوارەم، عیسای مەسیح ئینسانەکانی خۆش دەویستن. هاوکار و پەیڕەو و هاووڵاتیانی خۆی و ئەندامانی کۆمەڵگەی ئینسانی خۆش دەویستن. ئەو تەنانەت ناحەزانی خۆشی خۆش دەویستن. فەلسەفەی ئەوە لەوەدایە کە خۆشەویستی و موحیبەت هێزێكی هێندە گەورەی هەیە کە دەتوانێ ڕق و قین و تووڕەیی و تەنانەت دووژمنایەتیش ڕاماڵێ و لەنێو بەرێ. موحیبەت لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. خۆشەویستی خوڵقێنەر و درووستکەرە. ڕوونە تایبەتمەندی و خسڵەتێکی لەوچەشنە بەڕاستی سەختە مرۆڤ بتوانێ لەخۆیدا پەروەردەی بکات. ئەوە توانایەکی تا ڕادەیەک فەوقی بەشەری دەوێ. بەڵام ڕێبەری گەورە کە میللەتێک چاوی لێیەتی دەبێت ئەو توانایە لە خۆیدا درووست بکات. موحیبەت کلیلێکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بکەینەوە و بڕوا و متمانەیان وەدەست بێنین. ڕایانکێشینە مەیدانی کار و تێکۆشان بۆ بەشداربوون لە کارکردن بۆ خێری گشتیدا. هەر ئەوە کە بتوانی خەڵک و هاوکار و هاوباوەڕەکانی خۆت خۆش بوێن، بۆخۆی مانا دەدا بە ژیان و نێوەرۆکی ژیان دەوڵەمەند دەکا. یۆنانیەکانیش باسی موحیبەتیان کردوە، بەڵام ئەوان زۆرتر باس لە دۆستایەتی دەکەن. ئاخر دۆستایەتیش شتێکە پێوەندی بە کەیفییەتی پێوەندییەکانی نێوان ئینسانەکانەوە هەیە. ئەرستوو دەڵی دۆستایەتی گیانێکە لە دوو جەستەدا. دۆستایەتیش وەک موحیبەت و خۆشەویستی لە ڕێگای دیتن و وەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانەوە یەکیەتی درووست دەکا. ئاخر هونەر ئەوەیە لە جیاوازییەکان ڕا و بە جیاوازیەکانمانەوە بگەینە وەحدەت و کۆنسێنسوس، واتە ڕێککەوتن. وەحدەتێک کە جیاوازییەکان نابینێ و بە لەنێوبردنی جیاوازییەکان پێکدێ، پایەدار نابێ و زۆریش پڕمەترسییە.
دەبێ بگوترێ کە ئاوێتەبوونی ئەو چوار خسڵەتە بەرزەیە لە کەسایەتیی عیسای مەسیحدا کە ئەویان کردە ئەو ڕێبەرە گەورە. ئەو بە هاواری نەخۆش و لێقەوماوانەوە دەچوو. گوناهباری دەبەخشین، موحیبەت و خۆشەویستی لێ دەباری. برینی ساڕێژ دەکردن. پردی لەنێو جیاوازییەکاندا درووست دەکردن. دیواری دەڕووخاندن. کۆسپ و تەنگ و چەڵەمەی وەلادەبردن. گرێپووچکەی دەکردنەوە. سوڵحی دەکردن. کاری سەخت و تێکۆشانی لە خۆی و پەیڕەوانی دەویست. ماندوویینەناس بوو. بڕوای بە کار و پەیامی خۆی هەبوو. خەڵکی لە دەوری خۆی و لە دەوری یەکتر و لە دەوری پەیامی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش کۆ دەکردەوە. نەک هەر دیفاعی لە بڕوا و مەڕامی خۆی دەکرد، لە هەمووی گرینگتر، ئەو ئامادە بوو بۆ بردنەپێشی پەیام و ڤیزشونی خۆی و ئیدەئاڵەکانی بە سەخاوەتەوە بمرێ. عیسای مەسیح لە دادگای ناساڵحی ئیمپڕاتۆڕیی ڕۆمدا بە تاوانبار لەقەڵەم درا و لە خاچ درا. بەڵام لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا، میداڵی ئیفتیخار و سەربەرزی و شانازی پێ بەخشرا و ئەوەتا ئێستاش ئەستێرەی پەیامەکەی هەروا دەدرەوشێتەوە تیشکان داوێ.
من پێم وایە هەر ئەو ڕەمزانە کە سوقرات و عیسای مەسیحیان کردنە پێشەوا و مامۆستا و ڕێبەر و خاوەن پەیام و ڤیزشون، قازی موحەممەدیشیان کردە پێشەوا. خوێنەر دەبێت زەحمەت بکێشێ بەڵگەنامەکانی سەردەمی کۆمار بخوێنێتەوە، تا باشتر ئەو ڕاستییەی بۆ دەرکەوێت. لێرەدا تەنیا چەند بەڵگە لە وتەکانی پێشەوا قازی دەخەینە بەرچاو تا بۆمان دەرکەوێ کە پێشەوا بەڕاستی پەیامی بۆ میللەتی کورد پێ بووە و بۆ ئەو پەیامەش و لەسەر بردنەپێشی ئەو پەیامەش لەدار درا. هەر ئەو هەڵوێست و پەیامەشە قازی کردۆتە پێشەوا و هەروا وەک پێشەواش ماوەتەوە و هەمیشەش لە ویژدانی میللی و لە مێژوویی کوردا بە پێشەوایی دەمێنێتەوە.
"بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر هەناسەی ژیانم و ڕژانی ئاخر تنۆکی خوێنم بە گیان و ماڵ لە ڕێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی جمهووریی کوردستان و یەکیەتیی کورد و ئازەربایجان موتیع و وەفادار بم"
(سوێندی پێشەوا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان)
"ئەوە کە لەڕێگای ئازادیی میللەتی خۆمدا بکوژرێم، جگە لە ڕەحمەتی خودا شتێکی دی نیە. بەمەرگی جوامێرانەی خۆم شانازی دەکەم"
(قازی موحەممەد لە بەناو دادگادا)
"ئەو مافە بە کەس نادەم سوکایەتی بە میللەتی من بکات. من لەپێناوی ئەو میللەتەدایە کە ئێستا بە ئێعدام مەحکووم بووم. قازی موحەممەد ئیدی شتێکی دیکەی نیە لە دەستی بدا، کەسێک دەست لە گیان هەڵگرێ، قسەی دڵی خۆشی دەکا. ئەوەی کە لە خوام دەویست، یانی شەهادەت لە ڕێگای خوا و وەتەندا بە دەستم هێناوە"
(قازی موحەممەد لە بەناو دادگادا)
"ئەنگیزەی من بۆ ئەو کارانە کە کردوومن سەرزەمین و میللەتەکەم بووە، هەر کارێک لە گەڵ من دەکەن بیکەن، بەڵام دەست لە ئازاری میللەتەکەم هەڵگرن"
(بەرگرییەکانی لە بەناو دادگادا)
"لە ئاخرین سەعاتەکانی ژیانمدا، خودا بە شاهید دەگرم کە لە ڕێگای ئازادی و بەختیاری ئێوەدا گیان و ماڵی خۆم فیدا کردوە و لە هیچ هەوڵ و کۆششێک درێخیم نەکردوە"
(وەسیەتنامەی پێشەوا)
"کوردستان سەرزەمینی میللەتی کوردە و ماڵی ویە. کەس مافی حەسادەت و بەخیلیی نیە. هەموو لە ماڵی خۆدا ئازادن. هەرچی لەدەستان دێت بۆ ئازادیی کورد درێخی مەکەن"
(وەسیەتنامەی پێشەوا)
"میللەتی مە چیی لە میللەتانی دیکەی دونیا کەمتر نیە، زانست و عیلم نەبێت. فێری زانست و عیلم بن تا لە کاروانی بەشەرییەت وەدوا نەکەون"
(وەسیەتنامەی پێشەوا)
"خودایە دادی مەزڵومان بستێنە و میللەتی کورد لەژێر سوڵتەی ئەو خوێنخۆرانە ڕزگار کە"
(بیست دەقیقە پێش لە داردرانی لە کاتی موناجات لەگەڵ خودادا)
تا دوا لەحەزاتی ژیان دەست لە فیداکاری هەڵناگرم و بە تەواوی دونیا ڕادەگەیەنم کە میللەتی کورد حەقی ژیانی ئازادی هەیە"
(ڕۆژنامەی کوردستان، دەوری یەکەم ژمارە ٣٠)