کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ڕووی تەواوکەری پوولێکی قەڵب

01:05 - 17 خاکەلێوه 2725

دوو ڕووی تەواوکەری پوولێکی قەڵب

عەلی بداغی

لە ڕۆژە نەورۆزییەکانی سەرەتای ساڵدا ڤیدیۆیەکی ڕەزا پەهلەوی کوڕی دیکتاتۆری پێشووی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وایڕاڵ بوو کە تێیدا باسی لەوە کرد "د. قاسملوو، لە یانەیەکی شەوانە بە ناوی مێکونووس لە بڕلین تێرۆر کرا". بێگومان ئەو قسەیە لە زاری ڕەزا پەهلەوی ئەگەر لەڕووی نەزانییەوە کرابێت گەمژەییەکی کارساتبارە. خۆ ئەگەر بە بەئانقەستیش وای دەربڕیبێ، پێشانی داوە وەک باوکە دیکتاتۆرەکەی چەندە لە بزووتنەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازیی کورد و ڕێبەرانی کاریزماتیکی ئەم جووڵانەوەیە دەترسێ و قین‌لەزگانە بە مەبەستی -هەڵبەت بە خەیاڵی خاوی خۆی- لێدان لە کەسایەتیی ئەوان دەدوێ.

جارێ پێش هەر باسێک لەسەر ڕەزای پەهلەوی و جێگە و پێگەی لەنێو سیاسییە ئێرانییەکان و داهاتووی ئەم وڵاتەدا پێویستە بە جەنابیان بگوترێ کە:

یەکەم، د. عەبدوڵرەحمان قاسملوو، ڕێبەری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤییەن تێرۆر کرا، نەک بڕلین.

دووهەم، د. قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ بەهۆی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی کوردی دیکەی دەستڕێژیان لێ کرا و تێرۆر کران، نەک لە مێکونووس.

سێهەم، مێکونووس کە پەروەندەی تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی، ڕێبەری پێشووی حیزبی دێموکرات لە دادگای بێرڵینی ئاڵمانیش بەو ناوە ناوبانگی دەرکرد، ڕیستورانتێکی موعتەبەری ئێرانی-ئاڵمانی و شوێنی کۆبوونەوەی کەسایەتییە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، نەک یانەی شەوانە شوێنی خۆش‌نشینیی هەمیشەیی جەنابیان و هاوڕێیانی نیزیکی و فەرخەگەلی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە! هەروەها لە ڕووداوی تێرۆری مێکونووسیشدا کە د. سادق شەرەفکەندی و دوو ئەندامی رێبەری و بەرپرسی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان و تێکۆشەری ناسراوی چەپ، نوردی دێهکوردی بەهۆی هێرشی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کران، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و بە مەبەستی پێکهێنانی یەکیەتییەکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن پێک‌هاتبوو، ئەو بابەتەی کە جەنابی ڕەزا پەهلەوی بەردەوام ئیدیعا دەکات هەوڵی بۆ دەدات، کەچی پێچەوانە هەمیشە هۆکاری سەرەکیی پێک‌نەهاتن و پەرتەوازەیی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بووە.

پاشان، ئەم دەربڕینەی ڕەزا پەهلەوی بۆ جارێکی دیکەش پێشانی دایەوە کە بەڕێزیان ئیدیعای گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵاتی داهاتووی ئێرانی هەیە، هیچ جۆرە ناسین و ناسیارییەکی نە لە ئێران -وەک وڵاتی خۆی- و نە لە ڕێبەرانی سیاسیی دێموکراسیخواز و نە لە مێژووی خەباتی گەلان و هێزە سیاسییە دێموکرات و خەباتکارەکانی ئەم وڵاتە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە! هاوکات جێی داخە ئەو کە خۆی بە ڕێبەرێکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی وێنا دەکا، هەروەک چۆن پاش ئەوەی لە سۆنگەی مێدیا زەبەلاحەکانەوە سواری شەپۆلەکانی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) بوو و بە چەواشەکاری و نەزانکاری و سیاسەت و هەڵوێستە کارەساتبارەکانی ئەو بزووتنەوەیەی تووشی نسکۆ کرد، دەریخستەوە کە ئێستاش کەمترین زانیاریی لەسەر ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی سیاسیی، دۆخی کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکانی ئەو وڵاتە نییە کە خۆی بۆ پاشایەتییەکەی داناوە! هەروەها ئەو کە خۆی بە میراتگری نیزامی پاشایەتی لە ئێراندا دەزانێ، نازانێ کە نەتەوەکانی ئێران و کۆمەڵگەی سیاسیی ئەم وڵاتە مادام جەنابیان خۆی لە هیچ کام لە تاوان و جینایەتەکانی باوکی بێبەری نەکردوە، ئەو وەک میراتگری نیزامێکی سیاسیی سەرەڕۆ، سەرکوتگەر، دیکتاتۆر و پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ دەزانن.

پێوەندیدار بەو ئاخاوتنەشی لەسەر د. قاسملوو، ناکرێ کەسێک کە خۆی بە دژبەری کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریدەری ئێران دادەنێ، نەزانێ کە دیارترین کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی وەک د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، چۆن و کەی و بە چ شێوەیەک بە دەستی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراوە، مەگەر ئەوەی ئەم دەربڕینە لەو ترس و فۆبیایەوە سەرچاوەی گرتبێ کە بە نیسبەت خەباتی دێموکراسیخوازی و هەمەلایەنە و هەردەم ڕوو لە گەشەی کورد و حیزبی دێموکرات لە ئێراندا هەیەتی. 

ئەو کە یان لە ڕووی نەزانی و بێ‌خەبەری لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕەوتی خەبات و بەرهەڵستکاریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، یان بە ئاگایی لە بێزاری و بێزراویی گەلانی ئێران لە نیزامی پاشایەتی بەمجۆرە باسی د. قاسملوو دەکا؛ وا باشترە چاوێک بە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی کوردستاندا بخشێنێ و گوێ بۆ بانگەواز و دروشمەکانی خەڵک بگرێ کە چۆن و بە چ شێوەیەک یاد و ناوی د. قاسملووی مەزن بەرز ڕادەگرن. جا لەو سیلەنیگایەشەوە سەیرێکی پێگەی سیاسیی خۆی و باب و باپیری لەنێو گەلانی ئێران و بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی ئەم وڵاتەدا بکات و هەڵیسەنگێنێ.

بە نیسبەت خوێندنەوە و هەڵوێستە سیاسییەکانی ڕەزا پەهلەوییش ڕوون و دیارە کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات چۆن لە بەڕێزیان، دروشمی بێ کردەوە و نیزامی سیاسیی دڵخوازی ئەو بۆ داهاتووی ئێران دەڕوانێ و بە تەواوی ڕەتی دەکاتەوە.

بەڵام لە دەرەوەی سووکایەتیی ڕەزا پەهلەوی بە کورد و ڕێبەرانی کاریزماتیکی حیزبی دێموکرات وەک ڕێبەرایەتیی خەباتی سیاسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ماف و ئامانجەکانی ئەم نەتەوەیە، دەبێ پێداگری لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ترسی ڕەزا پەهلەوی لە ناو و پێگەی کاریزمایەکی وەک د. قاسملوو و حیزبەکەی، حیزبی دێموکرات بێ‌جێ و بێ‌هۆ نییە. ناوی قاسملوو و ناسنامەی حیزبەکەی بریتییە کە مێژووی خەباتێکی ناسنامەخواز و لە هەمان کاتدا دژی سەرەڕۆیی پاشایەتی و ئیسلامی. بنەمای فکریی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی ئەم حیزبە وەک پێشەوا قازی محەممەد کە لەلایەن محەممەدڕەزا پەهلەوی، باوکی ڕەزا پەهلەوییەوە لەدار درا و د. قاسملوو کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران -وەک میراتگرانی ناوەندگەرا و بەحەقی ڕێژیمی پەهلەوی-یەوە تێرۆر کرا؛ خەبات بۆ سەروەریخوازی، مافی وەک‌یەک، دێموکراسی و کەرامەتی مرۆییە کە بنەچەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لەگەڵی دژ و دوژمنی قەستەسەری ئەو بەها و بایەخانەن. لەخۆڕا نییە کە ڕەزا پەهلەوی ناتوانێ پێخۆشبوونی خۆی لە تێرۆری د. قاسملوو و تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بشارێتەوە و تەنانەت بە ناردنی پەیام بۆ ناوەندەکانی سەرکوتی وەک سپای پاسداران دڵدارییان لەگەڵ بکا و مانەوەی ئەو هێزەی لە هەر بارودۆخێکدا بۆ سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی گەلانی نافارسی ئێران لە نانی شەو پێ واجبتر بێت؛ چونکی دەزانی نیزامی پەهلەویی پێشووی بنەماڵەکەی و کۆماری ئیسلامیی ئێستای ئێران دوو ڕووی تەواوکەری یەک دراون!

بە نیسبەت خوێندنەوە و هەڵوێستە سیاسییەکانی دیکەی ڕەزا پەهلەوییش ڕوون و دیارە کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات چۆن لە جەنابیان، دروشمی بێ‌کردەوە و نیزامی سیاسیی تاقیکراوەی پێشووی دڵخوازی ئەو بۆ داهاتووی ئێران دەڕوانێ و هەموو ئەوانەی لە مەیدانی خەباتی بەکردەوەدا ڕەت کردووەتەوە. بۆیە کوردگوتەنی بووکی دزێو لە تارای ناپرسن!