کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی ئۆرمیە لە نێوان هاوکێشەکانی نێوخۆیی و هەرێمیدا

17:54 - 18 خاکەلێوه 2725

چارەنووسی ئۆرمیە لە نێوان هاوکێشەکانی نێوخۆیی و هەرێمیدا

 

محەممەد ساڵح قادری

بە ئاوردانەوە لە مێژووی ناوچەی ئۆرمیە لە چەند سەدەی ڕابردوودا کە بە هۆی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەردەوام وەک جۆلانە لە هەژاندا بووە، هەر لە ململانێی بەردەوامی نێوان عوسمانی و سەفەوییەکان هەتا شەری چالدران و دابەشکردنی کوردستانەوە بگرە تا دەگاتە شەڕەکانی نێوان ڕووسەکان و قاجارەکان لە قۆناخە جیاجیاکاندا کە بووە هۆی لەدەستدانی ناوچەی کوردستانی سوور و بەدەستەوەگرتنی لەلایەن ڕووسەکانەوە. هەروەها سەردەمی شەری یەکەم و دووەمی جیهانی کە هەرکام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کەڵکوەرگرتن لە پێگەی جوگرافیایی ئەو پارێزگایە لە کێبەرکێدا بوون و ئەوەش، سەلمێنەری پێگەی ستراتیژیی ئەو هەرێمەیە.

بۆ نەتەوەی کوردیش لە ڕاپەرینی خانی ڵەپ زێڕینەوە بگرە هەتا شۆرشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، ڕاپەرینی سمکۆی شکاک، سەردەمی کۆماری کوردستان و دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییش لە ئێران، پارێزگای ئۆرمیە بۆ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد چەقی خەباتی ناسنامەخوازیی نێوان خۆی و ئەویتر بووە. بەم بەرچاوڕوونییە بۆمان دەردەکەوێ ئەو پارێزگایە بە بوونی پێگەی ژیئۆپۆلیتیکی و ستراتیژیکی خۆی، هەم لە هاوکێشەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بۆ هەرکام لە لایەنەکان وەک کۆریدۆر و پردی بەیەک گەیشتنی ئاسیا و ئورووپا کەلکی لێ وەرگیراوە و گرینگییەکی تایبەتی هەبووە و هەیە، هەمیش بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  ناوچەیەکی ستراتیژی و یەکلاکەرەوە بووە و لە داهاتووشدا هەروا دەبێ.

بابەتی جێگای سەرنج و لێوردبوونەوە ئەمەیە کە پێکهاتەی دانیشتووانی پارێزگای ئۆرمیە کە لە زۆرینەی کوردی سوننە و کەمینەی ئازەریی شیعە و ڕێژەیەکی کەمتر لە مەسیحی و ئاسووری پێک هاتوە، سەدان ساڵە پێکەوە لەو جوگرافیایەدا ژیاون. بەڵام لە چوار سەدەی ڕابردوودا هەرچی کێشەی نێوان کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەندی لە ئێراندا بووبێ، دەبینین بەهۆی پیلانی دەسەڵاتدارانی تارانەوە، ئازەرییەکانی ئەو پارێزگایە و بگرە  هی تەورێزیش لایەنی سەرەکیی شەڕ لەگەل کوردەکان بوون. کێشەی سەرەکیی ئەو دوژمنایەتییەش بۆ هەرکام لە لایەنەکان پەیوەندی بە فاکتەری خاک و ناسنامە و سەروەریی نەتەوەییەوە هەبووە و دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە پشتگیریکردن لە ئازەرییەکانی شیعە  لە دژی کوردەکانی سوننە، ڕۆڵێکی وێرانکەریان لە تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی نێوان ئەم دوو پێکهاتەیەدا گێراوە و ئێستاش بەهەمان شێوە لە پیلانگێڕانیان بەردەوامن.

ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و تێکشکانی هەژموونیی سیاسی- ئیدۆلۆژیکی و نیزامیی ڕێژیمی ئێران و میحوەری مقاومەتەکەی لە ناوچەدا، گۆڕانی ژیئۆپۆلیتیکی و دیزاینی نوێی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی خستووەتە ڕۆژەڤەوە و ململانێی نوێی وڵاتانی ناوچە و نەتەوە و پێکهاتە جیا جیاکانی لێ‌کەوتووەتەوە. کاریگەریی ئەم دۆخە نوێیە بۆ هەرکام لە وڵاتانی تورکیە و ئێران کە هێزی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و میراتگری ئیمپراتۆرییەکانی سەفەوی و عوسمانین زەقتترە. ئێران وێرای شکستە سیاسی و نیزامییەکانی لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر هێشتا بە پرۆژەی پان ئێرانیزمی شیعە لە بەرانبەر پرۆژەی پان توورانیزمی تورکەکان خەریکی ململانێیەکی نوێن و هەرکامیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان هەول دەدەن پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ خۆیان بخەن. لەو کێشمەکێشەدا ئازەرییەکانی نیشتەجێی ئێران بوونەتە سێ بەش. بەشێکیان لە هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێرانەوە بگرە تا ئێستا کە زۆربەیان کاربەدەست و مووچەخۆری ڕێژیمن، لە چوارچیوەی گۆتاری پان ئیرانیزمی شیعەگەریدا دژی کورد بوون و هەن. بەشێکی دیکەیان ساڵانێکە لە خزمەت پرۆژەی پان توورانیزمی تورکیە و ئازەربایجانی باکۆدا تێدەکۆشن و لەژێر کاریگەریی ئەو گۆتارەدا بەتەواوی دژی کوردن. بەشێکی دیکەشیان کە تێکەڵاوێک لە ئازەریی سوننە و شیعەی ناحکوومین، حەزیان لە ژیانێکی ئارام و ئاشتیانە لەگەل کوردەکانە و خزمایەتی و تیجارەت و تێکەلاویی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەگەل کوردەکان هەیە.

بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵی کوردەکانی ئۆرمیە، ماکوو، کۆتۆل، نەغەدە و هی سەڵماسیش کە رێژیم ڕێگای نەدا بەڕێوە بچێ، سەڕەرای لایەنە کولتوورییەکەی، هەڵگری نێوەرۆکی پێگەیشتوویی نەتەوەیی و بزاڤێکی نوێی مەدەنی- کۆمەڵایەتی دژ بە ڕێژیمی ئێران بوو. بەڵام کاردانەوەی توند و هەرەشە ئامێزی ئازەرییەکانی دژ بە کورد کە ساڵانێکە بە هاندانی ڕێژیمی ئێران و لایەنی دەرەکی دوژمنایەتی نەتەوەی کورد دەکەن، جێگای تێڕامانە و دەرکەوت کە هەردوو بەشی ئەو ئازەرییانەی دژی کوردن چ خوێندنەوە و پلانێكی نوێیان دژ بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کورد و ئازەریی خۆجێی ئەو ناوچانە هەیە و چاوی تەماحیان لە خاك و سەروەری و ناسنامەی كوردستانیبوونی پارێزگای ئۆرمیە بڕیوە و دەیانەوێ داهاتووی ئەو پارێزگایە بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەری نێوان تورک و کورد ببەن.

لە وەها دۆخێکدا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە کوردەکان یان ئازەرییەکان دەبێ چ بکەن؟ ئایا دەکرێ بە تەماحی زیادەخوازیی هەر لایەنێک و هاندانی ڕێژیمی ئێران و لایەنی دەرەکی، ئەو دوو نەتەوەیە پێکەوە تووشی شەڕ و مالوێرانی ببن؟ ئایا دەکڕێ یەکێکیان حاشا لەوی دیکەی ئەو ناوچەیە بکا و بیسڕێتەوە؟ بێگومان هیچکام لەو بژاردانە مەنتیقی نین و ناتوانن خزمەت بە پرسی کورد و ئازەرییەکان بکەن. بۆیە باشترە ئەو دوو نەتەوەیە بە بیرکردنەوەیەکی واقیعی، بوونی یەکتر لەو جوگرافیایەدا قبوول بکەن و بە ڕێکار و مکانیزمی سەردەمیانە، بە ڕێگای دیالۆگ و پێوەری دێموکراتیک و گشت‌پەسند، هاوشێوەی زۆرێک لە وڵاتانی دونیا کێشەکان چارەسەر بکەن و پێکەوە ژیانێکی ئارام و دوور لە ئاژاوە بونیاد بنێنن.

 لە ڕوانگەی خۆمەوە پرسی هەموو شار و ناوچەکانی پارێزگای ئۆرمیە یان هەر شوێنێکی دیکە کە کورد و ئازەری پێکەوەن، بابەتی هەستیار و گرینگ و چارەنووسسازن و نابێ بە قەزا و قەدەریان بسپێرین تاکو پیلانی نەیاران یان پاوانخوازیی هەرکام لە کورد یان ئازەری ببێتە هۆی شەڕ و ماڵوێرانی لەو هەڕێمە هەستیارەدا. دەبێ لایەنە سیاسییەکان و بژارەدەکانی کورد و ئازەری خوێندنەوەیەکی بابەتیانەیان بۆ ڕەهەندەکانی "مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، نەتەوەیی و ئایینی و ئابووریی" ئەو پارێزگایە هەبێ و بە دیتنەوەی خاڵە هاوبەشەکان، بتوانن خاڵە ناکۆکەکان بە ڕێگای وتوێژ و سیاسییەوە چارەسەر بکەن. بۆیە پێویستە هەموو حیزبەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕووناکبیران و دامەزراوە یاساییەکانی ئەو دوو نەتەوەیە بتوانن لەسەر بنەمای فۆرمولی بڕاوە-براوە، پێکەوە بسازێن و ڕێگا نەدەن دەستی پیلانگێریی دەسەڵاتی ناوەندی یا خود دەرەکی بتوانێ ژیانی ئەم دوو نەتەوەیە بخاتە مەترسییەوە.