کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی‌هاتنی سەردەمی تەقیە بۆ کۆماری ئیسلامی

01:02 - 20 بانەمەڕ 2725

کۆتایی‌هاتنی سەردەمی تەقیە بۆ کۆماری ئیسلامی

حەسەن قارەمانی

پاشەکشەکانی ئەم دواییەی خامنەیی ناخ و نێوەرۆکی ڕێژیمێک ئاشکرا دەکات کە چیتر ناتوانێت بۆ مانەوەی پشت بە ستراتیژیی تەقلیدیی خۆی "تەقیە"، واتە بێدەنگی و خۆماتکردنی ستراتیژیی و خۆدزینەوەی تاکتیکی  ببەستێت. دەیان ساڵە ڕێژیم بۆ لادان لە هەردوو فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە لێهاتوویی لە ناڕوونی و ئیمتیازاتی کاتی کەڵک وەردەگرێت، بەڵام وێدەچێ ئەمە کۆتایی هاتبێ و ئەمڕۆ واقیع قەیرانێکی قووڵتر ئاشکرا دەکات.

دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر بێدەنگیی ستراتیژی ناتوانێت داڕمانی نێوخۆیی سیستەمەکە دابپۆشێ. داخوازییەکانی خەڵک بۆ ئازادی و دادپەروەری و کەرامەت لەدژی ڕێژیم بەهێزتر دەبن. هەر هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە چیتر وەک هێز یان دیپلۆماسی ژیرانە لێک‌نادرێتەوە، بەڵکوو وەک نیشانەی لاوازی و ترس خۆیا دەبن. لەو شوێنەی کە پێشتر خامنەیی توانی لە ڕێگەی بێدەنگی و دووفاقەی سیاسەت و جووڵانەوە کات بکڕێت، ئێستا واقیع داوای وەڵام و کردەیەکی ڕوون و ئاشکرای لێ دەکا و ڕێژیم چیتر ناتوانێت بیگەیەنێت.

خامنەیی لەدوای گرتنەدەستی جڵەوی کۆماری ئیسلامی  (١٣٦٨) ڕێژیم ئێران تووشی زنجیرەیەک قەیران و شکستی پەیتاپەیتا بۆوە. لە ماوەی چوار دەیە حوکمڕانیدا، سیاسەتەکانی خامنەیی هیچ گەشە و سەقامگیرییەکی درێژخایەنی لێ نەکەوتۆتەوە، بەڵکوو بەردەوام بەرەو داکشانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە. ڕووداوە ژیئۆپۆلیتیکییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی دوای ٧ی ئۆکتۆبر و گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، لاوازییە ستراتیژییەکانی  ڕێژیمی زیاتر ئاشکرا کردوە. بناغە ئایدیۆلۆژییەکانی نیزامی ئیسلامی بە تێپەڕبوونی کات دەسەڵات و شەرعییەتی خۆیان لەلایەن خەڵکی ئەم وڵاتەوە لە دەست داوە و زیاتر پێگەی ئەو ڕێژیمەی داڕماندوە. شیکردنەوەی دۆخی ئێستای ڕێژیم و پاشەکشە پراگماتیکەکانی خامنەیی و ئەو دەرفەت و ئاڵنگارییانەی کە ئەم واقیعە نوێیە دروستی دەکات، دەتوانین لەم چەند خاڵە بنەڕەتییەدا باسیان بکەین.

ناڕوونی لە ستراتیژیی خامنەییدا

دوای دەیان ساڵ لە دەستێوەردانەکانی ناوچەیی، کە تێیدا ئێران بە سەرکردایەتیی خامنەیی چالاکانە پشتیوانیی لە گرووپەکانی وەک حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان کردووە، ڕێژیم ڕووبەڕووی جۆرێکی نوێی ئاڵنگاری بۆتەوە، ئەویش ستراتیژییەکی بەهێز و یەکلاکەرەوەی ئەمریکییە کە بە ئاشکرا ئامانجەکەی سنووردارکردنی توانای ئەتۆمیی ئێران و مووشەکەکانی ئەم وڵاتەیە  لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

کاتێک دۆناڵد تڕامپ وەک سەرۆک کۆمار دەست بەکار بوو، گوشارەکان لەسەر ئێران زۆر توندتر بوون. ئیدارەی تڕامپ هەڵبژاردەیەکی دووانەیی خستە بەردەم ڕێژێمی ئێران، یان تەسلیمبوون و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا، یان مەترسی پەرەسەندنی بەرەو ململانێیەکی سەربازی کە بۆ ئاکامەکەی بۆ ڕێژیم وێرانکەر بێت. لەسەرەتادا خامنەیی هەوڵی دا ڕیتۆریکی هێز و نەگۆڕیی خۆی بە ئامانجی پاراستنی شکۆی ڕێژیم و ڕاگرتنی گوشاری زیاتر بپارێزێت، بەڵام واقیعە سیاسیەکان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتوە  لەو کاتەوە کە ئەمریکا قاسم سولەیمانی ، یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ڕێژێمی کوشت.

خامنەیی دوای ئەم شۆکە ناچار بوو بە شێوەیەکی نادیارتر بە ستراتیژیی خۆیدا بچێتەوە. سەرەڕای لێدوانە گشتییە بەردەوامەکان سەبارەت بە هەرگیز خۆنەدان بە داواکارییەکانی ئەمریکا، ڕێژیم بە کردەوە  قبوڵ کردوە و وتووێژ ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات. بێگومان ئەم گۆڕانکارییە پراگماتیکییە لە ژێر ڕووبەری "تەقیە"دا ڕووی داوە ،  بنەمایەک کە ڕێگە بە بێدەنگیی ستراتیژی یان بەلاڕێدابردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە ژینگەیەکی دوژمنکارانەدا دەدات. بۆیە ستراتیژی خامنەیی بە دووانەیەک  دەناسرێتەوە،  لە هەڵوێستێکی گشتیی سەرپێچیکردن، لە کاتێکدا هێڵێکی نەرمتر و گونجاوتر لە ڕووی تاکتیکییەوە لە پشت پەردەوە پەیڕەو دەکرێت. ئەم ستراتیژییە، چ بە مەبەست و چ پێویست، بووەتە بەردی بناغەی ستراتیژی مانەوەی ڕێژیم لە سەردەمی زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان.

هەڵوەرینی ئایدیۆلۆژی و داڕمانی ئابووری

کۆماری ئیسلامی لە نێوەڕاستی قەیرانێکی قووڵ‌دایە. بەدرێژایی دەیان ساڵ، بناغە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕێژیم وردە وردە لاواز بوون و گرینگتر لەوەش ئابووریی وڵات کەوتۆتە دۆخی چەقبەستوو و داڕمانەوە. سزا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، ئابووریی ئێرانی بە تەواوی پەک خستوە و کێشەکانی پێشوەختە و بنگەییش وەک گەندەڵیی بەربڵاو، ناکارامەیی و خراپ بەڕێوەبردنی سیاسیی دۆخەکەی قەیراناویتر کردوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە واقعی ڕۆژانە بۆ خەڵکی وڵات بریتی بێت لە هەڵاوسانی بەربڵاو، بێکاریی بەکۆمەڵ و قەیرانی دراو و دنیایەک لێکەوتە لەسەر ژیان و بەڕێوەچوونیان.

لەم دۆخە مەترسیدارەدا، ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ ئەمریکا و زلهێزەکانی ئورووپا دەتوانێت هەناسەیەکی کاتی بە ڕێژێمەکە بدات. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە هیوادارە دەستی بگات بە سەروەت و سامان، سووککردنی سزا ئابوورییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، هەموو ئەمانەش هۆکاری چارەنووسسازن بۆ ئەوەی پشوویەکی بێتەوەبەر.

لە بنەڕەتدا و بەپێی پاشخانی مێژوویی ئەم ڕیژیمە هەڵوەرینی ئایدیۆلۆژی و داڕمانی سیستماتیکی ئابووری هەر دەمێننەوە و پەرەش دەستێنن. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هەر ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ ئەمریکا و زلهێزەکانی ئووروپا تەنیا پشوویەکی تاکتیکیە بۆ ئەو ڕێژێمە.

ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی  بەردەم ئۆپۆزسیۆن

گۆڕانی واقیعی جیهانی بە ڕوونی نیشانی داوە کە سەرەڕای دووبارەبوونەوەی ڕیتۆریکەکانی جیهان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، ئۆپۆزسیۆنی ڕێژێمی ئێران چیتر ناتوانن پشت بە دەستێوەردانی دەرەکی ببەستن. ئەمەش هەم ئاڵنگاری و هەم دەرفەتی نوێ بۆ بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان لە وڵاتدا دەخوڵقێنێت. تێڕوانینێکی چارەنووسساز ئەوەیە کە ئایندەی گۆڕانی دێموکراتیک لە ئێراندا دەبێ بە پلەی یەکەم لە ناوەوە، لە ڕێگەی هێز و کاری ستراتژیی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی ڕێژیم لە نێوخۆی چەغماغەکەی لێ بدرێت. بۆیە ئۆپۆزسیۆن پێویستی بە پەیڕەوکردنی دوو ستراتیژیی هەماهەنگ هەیە:

 یەکەم؛یەکگرتوویی نێوخۆیی پێویستە. توانای پرد هەڵبەستن لە نێوان جیاوازی و جۆراوجۆرییەکان و ڕێگری لە دابەشبوونە ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەییەکان و بنیاتنانی بەرەیەکی گشتگیر و فراوان کە بتوانێت گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە ژێر دیدێکی هاوبەشدا یەک بخات. تەنها بە تێپەڕاندنی دابەشکارییە مێژووییەکان دەتوانرێت بزووتنەوەکە وەک هێزێکی کاریگەر و باوەڕپێکراو بۆ گۆڕانکاری سەرهەڵبدات.

دووەم؛ ئۆپۆزسیۆن دەبێت سەرنجی لەسەر ڕێکخستنی جەماوەریی درێژخایەن بێت. ئەمەش بە واتای وەبەرهێنان لە پێکهاتە بەهێزەکانی بنەڕەتی و پەرەپێدانی فۆڕمی نەرم و نیان و فرەڕەهەندی ناڕەزایەتی و بەرخۆدان کە تەنانەت لە ژێر زیادبوونی سەرکوتکردنیشدا بتوانن خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن و گەشە بکەن. ستراتیژییەک کە ڕێکخستنی نێوخۆیی و چالاکیی دیجیتاڵی و بەرخۆدانی مەدەنی تێکەڵ بە یەکتر بکات و بتوانێت خۆڕاگری و تێکۆشانەکە بەهێز بکات.

جگە لەمەش، ئۆپۆزسیۆن دەبێ دیدگایەکی ڕوون و جێگیری بۆ داهاتووی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە بخاتەڕوو، نەزمێکی دیموکراسی کە هەم هیوا بە خەڵک ببەخشێ و هەم بۆ بەدیهێنانی ئەو داهاتووە تێ‌بکۆشن و بەشیان پێوەی هەبێت. دیدگایەکی لەو جۆرە دەتوانێت وەک هێزێکی موگناتیسی وزەی خەباتگیڕیی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە یەک‌بخات و ڕێژیم ناچار بە پاشەکشە و کۆڵدان بکات. بە کورتی ئۆپۆزسیۆن لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوویی‌دایە، ئەویش دانانی بناغەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک لە ڕێگەی هێزی نێوخۆیی و خەباتی هەمەلایەنەوە و پێکەوەیی و  بەردەوام.

ئەنجام

پاشەکشەکانی خامنەیی و ستراتیژییەکانی مانەوەی کاتیی ڕێژیم، دەربڕی قەیرانی قووڵی پێکهاتەییە لە کۆماری ئیسلامیدا. بێهیوایی و بێمتمانیی خەڵک لە دەسەڵات، قەیرانی ئابووریی هەوسارنەکراو، پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و هەڵوەرینی ئایدیۆلۆژی، بەردەوامیی درێژماوەی ڕێژیمیان خستووەتە مەترسییەوە لەم قۆناغەدا خەبات و ئازادیخوازیی گەلانی ئێران لە دۆخ و گۆڕەپانێکی چارەنووسسازدایە. ئۆپۆزیسیۆن دەرفەتێکی مێژوویی لە بەردەم‌دایە بۆ ئەوەی دەسکەوتە تاکتیکییە کاتیەکانی ڕێژیم بکاتە خەسارێکی ستراتیژیی یەکلاکەرەوە. بزووتنەوەی بەرخۆدان بە گرنگیدان بە یەکیەتیی نێوخۆیی و دروستکردنی هاوپەیمانیی فراوان و بەرفراوانکردنی بزووتنەوەی جەماوەری، دەتوانێت گوشارەکان لەسەر دەسەڵات کە لە ئێستادا لاواز بووە، چڕتر بکاتەوە.

لە کاتێکدا ڕێژیم لە ڕێگەی ئیمتیازاتی دیپلۆماسی و پاشەکشەی تاکتیکییەوە هەوڵی کڕینی کات دەدات، پێویستە بزووتنەوە مەدەنی و ناڕەزایەتییە گشتییەکان گەشەیان پێ بدرێ و ڕێژیمی پێ بخرێتە تەنگانەوە. بەتایبەت کە قەیرانی دۆخی نێوخۆی ڕێژیم گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت چاکسازیی بەڕواڵەت یان ئیمتیازە کاتییەکانیش ناتوانن قووڵایی ڕاستەقینەی قەیرانەکان بشارنەوە.

بۆیە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران لە قۆناغێکی مێژووییدا وەستاوە و ئەو سەردەمە کۆتایی هاتوە لە "تەقییە" دەیتوانی وەک ستراتیژی مانەوە کار بکات. ئێستا شکان و لاوازییەکانی دەسەڵات پتر لە هەر کاتێک ئاشکرا بووە و ئەوە جیهان دەیبینێت، بۆیە کاتی ڕابوون و یەکخستنی هێزە بۆ تێکەوەپێچانی تۆماری ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و سەرکوتگەرە.