کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی وەک‌یەک لەگەڵ مافی گەلانی غەیرە فارس

11:01 - 21 بانەمەڕ 2725

دژایەتیی وەک‌یەک لەگەڵ مافی گەلانی غەیرە فارس

(دەسەڵاتی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهـ و دژایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ مافی گەلانی غەیرە فارس لە ئێراندا)

 ڕەحیم نوزهت‌زادە

پێشەکی

لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا دوو پێکهاتەی سیاسیی گەورە حوکمڕانی ئەم خاکەیان کردوە: دەسەڵاتی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی. ئەو دوو دەسەڵاتە هەرچەندە ڕواڵەتێکی جیاوازیان هەیە -یەکێکیان بە تاج و ئەوی دیکەیان بە عەمامە- بەڵام لە بناغە و جەوهەری سیاسی خۆیاندا، هەردووکیان لە یەک ڕەگ و كانی هزرییەوە سەرچاوەیان گرتوە: چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند، نەهێشتنی مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و سەپاندنی کولتوور و ئایینێکی فەرمی بەسەر هەموو فەرهەنگ و نەتەوە جیاوازەکاندا. پرسیار ئەوەیە بۆچی هەردوو ئەم سیستەمە دژایەتیی بنەڕەتی و وەک یەکیان لەگەڵ مافە نەتەوەییەکانی گەلانی غەیرە فارس لە ئێراندا هەیە.

1. شانشینی پەهلەوی؛ نەتەوەسازی لە ڕێگەی هێزەوە

سیستەمی پاشایەتی بە تایبەت لە سەردەمی پەهلەویدا، بە ئامانجی بنیاتنانی "نەتەوەیەکی یەکگرتووی ئێران"، شوناسە نەتەوەییە هەمەچەشنەکانی هەموو پێکهاتەکانی غەیرە فارسی سەرکوت کرد. زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی سەپێندرا، ناوە جوگرافییەکان گۆڕدران و هەر پەروەردەیەک یان میدیایەک بە زمانی زگماکی نەتەوەکانی دیکە قەدەغە کرا. شا لە پێگەی خۆیدا وەک "باوکی میللەت" مافی هەر جۆرە هەڵبژاردنێکی لە گەلانی غەیرە فارسی بەربەست كرد. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای ئینکاری واقیعی مێژوویی فرەنەتەوەیی لە ئێران بوو.

2. کۆماری ئیسلامی؛ درێژەدان بە هەمان ناوەندگەرایی بە ڕووخسارێکی ئایینی

شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی هەرچەندە بەڵێنی ئازادی و دادپەروەریی دا، بەڵام هەر زوو کەوتە چنگی سیستەمێکەوە کە تاکە جیاوازی لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتی، گۆڕینی تاج بوو بە مێزەر. دەسەڵاتی وەلیی فەقیهـ، پێکهاتەیەکی پاوانخوازانە و میراتییە بە شێوەیەکی ئایینی. کەسێک لە لوتکەدایە، لە دەرەوەی هەر لێپرسینەوەیەك و ئەوانی دیکە و كۆمەڵگەكان لە پەراوێزدان. لەم سیستەمەشدا گەلانی غەیرە فارس سەرکوت کران - ئەمجارەیان نەک تەنها لەبەر هۆکاری نەتەویی، زمانی و کولتووری، بەڵکوو لە چوارچێوەی "دژە ئیسلام"، "جیاییخوازی" و "دژە ویلایەتی فەقیهـ" سەرکوت کران.

3. بنەچەی هاوبەش: تایبەتمەندی و ئینکاری فرەیی

ئەوەی هەردوو سیستەمەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ڕواڵەتیان نیە، بەڵکوو جەوهەری کارکردنیانە: چڕبوونەوەی دەسەڵات لە یەک ناوەنددا، نەهێشتنی سەروەری جەماوەری، و نکۆڵیکردن لە مافی گەلان. هەردووکیان بنەمای مافی مرۆڤ و پرەنسیپی "مافی چارەنووسی گەلان"یان پێشێل کردوە. دەسەڵاتی پاشایەتی بە ناوی یەکخستنی ناسیۆنالیزم و کۆماری ئیسلامی بە ناوی نەتەوەسازیی ئیسلامیەوە هەوڵیان دا، هەمان تاکە واقیع نەهێڵن:، واتە فرەیی و هەمەجۆریی گەلان لە ئێراندا.

4. هەردوو سیستەمەکە ئامرازی بەكویلەكردنی نێوخۆیین

کورد، بەلووچ، ئازەر، عەرەب، تورکمان و نەتەوەکانی دیکە، نەک هەر لە مافی پەروەردە و ڕاگەیاندن و بەشداری سیاسی و بەڕێوەبردنی خۆیان بێبەش کراون، بەڵکو سامانە سروشتییەکانیشیان تاڵان کراوە. دەسەڵاتی پاشایەتیی نەوتەکەی بردبوو؛ کۆماری ئیسلامییش هەم نەوت وهەم ئاوی گەلانی ئێرانی بەتاڵان بردوە و هەم ژیان لە خەڵکەکە زەوت کردوە. لە هەردووکیاندا بێبەشی پێکهاتەیی بەردەوامە- تەنیا ئەوە نەبێت کە زمانی چەوساندنەوە لە کۆماری ئیسلامیدا زیاتر ئایینی و ئاڵۆزتر بووە.

5. نە پاشایەتی و نە ویلایەتی فەقیهـ

ڕێگای دەربازبوون نە گەڕانەوەیە بۆ ڕابردووی شاهانە و نە مانەوە بە بەستراوەتەوە بە سیستەمی ئایینی. ئالترناتیڤ بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و فرەیی، سیستەمێک کە لەسەر بنەمای مافی چارەنووسی سیاسی و خاکی بونیاد نرابێت. سیستەمێک کە ڕێگە بە نەتەوەکان دەدات بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە زمانی زگماکی خۆیان پەروەردە بکرێن و سوود لە سەرچاوەکانی خۆیان وەربگرن. هەردوو ڕژێمی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهـ دژی ئەم بنەمایانە وەستاونەتەوە؛ وە دەبێت هەردووکیان لە ڕوانگەی دادپەروەری و مافی گەلانەوە ڕەت بکرێنەوە.

كۆتا وتە:

نیزامەکانی ناوەندگەرا بە هەر نێوەرۆک و فۆڕمێکەوە دوو دیوی یەک دراون: دراوی نکۆڵیکردن، سەرکوتکردن و ناوەندگەرایی. گەلانی غەیرە فارس لە ئێراندا بۆ چەندین سەدە باجی ئەم دوو هەژموونییەیان داوە. داهاتوو تەنیا کاتێک دەتوانێت ڕوون و دادپەروەر بێت، کە هەردوو سیستەمەکە بە ئاگادارییەوە تێپەڕێنرێن- و پێکهاتەیەکی دێموکراسی و فرەنەتەوەیی و ئازاد جێگەیان بگرێتەوە؛ سیستەمێک کە تیایدا هەر نەتەوەیەک خاوەنی زمان و مێژوو و خاک و سامان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و خاکی خۆی بێت.