کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەروەریی یاسا و پێوەندی بە دێموكراسیی ڕاستەقینە

21:39 - 27 بانەمەڕ 2725

سەروەریی یاسا و پێوەندی بە دێموكراسیی ڕاستەقینە

ڕەحیم نزهت‌زادە

لە هەر كۆمەڵگەیەگ یاسا سەروەر بێت و  لە سەرووی هەمۆ دەستەڵات و پێگە ئیدارییەكان بێت، ئەو یاسایەش بەبێ لە بەر چاوگرتنی پلە و پایە و پێگەی كۆمەڵایەتی حیزب، بۆچوونی جیاوازی كۆمەڵ و تاكەكان، بە تەوازونێكی یەكسان بۆ هەمووان كارا بێت، ئەو كاتە دەتووانین بڵێین كە لەو كۆمەڵگایە دا، بناغەی سەرەكی دیموكراسی جێگیر كراوە. بەو هەنگاو و كردارە گرینگەیە، ئەو كۆمەڵگایە دەتووانێت بەرەو بونیادی كولتورێكی دیموكراتیك و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت و ئەو كولتورە پەرە پێبدات.

وەكوو ئاماژەیەك بۆ پرەنسیپ و خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراسی; لە کۆمەڵگەیەکی وادا، یاسا بە باڵاترین دەسەڵات و مەرجەع دەناسرێت، هیچ تاک و گروپێک ناتوانن لێی دەربچن. ئەو كاتە، بە بێ گوێدانە پێگەی ئیداری، سیاسی، كۆمەڵایەتی زۆرینە یا كەمینە یان پیشەیی، یاساکە بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێت. ئەو كردارەش، دەبێتە هۆكار بۆ متمانە، بڕوا و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.

کاتێک هەلومەرجێکی لەو جۆرە لە کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەبێت، كە بناغە سەرەکییەکانی دێموکراسی تێیدا پێکهاتووە، ئەم بنەمایانە یارمەتی کۆمەڵگە دەدەن بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ئەو کولتوورەی كە پێناسەی ڕاستەقینەی دێموکراسیە. لە ڕاستیدا بە ڕەچاوکردنی یاسای دادپەروەرانە و یەکسان بۆ هەمووان، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ هەنگاو بەرەو گەشەکردن و پەرەپێدانی کولتوورێکی دێموکراسی جێگیر لە كۆمەڵگادا، کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت، بۆ بەهێزکردنی مافی هاووڵاتی بوون و دادپەروەری، ئازادی هزری و یەكسانی كۆمەڵایەتی.

”لێكدانەوەیەكی كورت”

لەو بۆچونەدا ئاماژە بە پەیوەندی نزیکی نێوان دێموکراسی و سەروەری یاسا كراوە. بەو پێوەرە دێموکراسی ڕاستەقینە تەنها کاتێک بەدی دێت، کە یاسا باڵاترین دەسەڵات بێت و هەموو شتێک لەخۆ بگرێت. بۆ لێكدانەوەی روونتر بۆ ئەو پرسە، دەتوانرێت بەم  خاڵانەی خوارەوە لێكدانەوەیان بۆ بكرێت:

ئا)  یاسا وەك كۆڵەكەی دیموكراسی;

   لەم بۆچونە دا، یاسا بە بناغە و دەسەڵاتی باڵا لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراسیدا پێناسە کراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەبێ یاسای دادپەروەرانە و بێ جیاوازی دێموکراسی مومکین نییە. دێموکراسی ڕاستەقینە کاتێک بەدی دێت، کە بە بێ گوێدان بە پێگە و دەستەڵاتی گرووپ و تاكەكان، یاسا بە یەکسانی بەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەدا بە بێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت. ئەگەر یاسادانانەكە دادپەروەرانە بێت و بەبێ جیاوازی هەمووان بگرێتەوە، دەتوانین بڵێین کۆمەڵگە بەرەو سیستەمێکی دێموکراسی ڕاستەقینە و كارا هەنگاو دەنێت.

ب) پەیوەندی نیوان متمانە و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، لە گەڵ جێبەجێكردنی یاسا

   لە بۆچونەكەدا ئاماژە بەوە كراوە،كە جێبەجێکردنی بێلایەنانە و یەكسانانەی یاساکە ”متمانە و هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی” دروست دەکات. کاتێک خەڵک ببێنن كە یاساکان، بە هەمان شێوە هەموو کەسێک دەگرێتەوە و هیچ گروپ و تاکێک لە سەرووی ئەوەی دیكەوە نییە، ئەوا متمانەی زیاتریان بە دامەزراوەکانی حکومەت و دامودەزگا بە كۆمەڵەكان دەبێت. ئەم متمانەیەش، بنەمای دروستکردنی تەبایی و ئاشتەواییە لە کۆمەڵگەدا. لەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕێز لە سەروەری یاسا ناگیرێت، بەزۆری ڕووبەڕووی بێمتمانەیی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و ناکۆکی بەربڵاو دەبنەوە.

پ) گەشەپێدانی رۆشنبیری دیموكراسی لە گەڵ سەروەری یاسا;

   بۆچونەكە ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەچاوکردنی بێلایەنانەی یاسا دادپەروەرەکان، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی کولتووری دێموکراسی لە کۆمەڵگەدا. دێموکراسی تەنیا پێکهاتەیەکی سیاسی نییە؛ بەڵکو کولتوورێکە کە مافی هاووڵاتیبوون و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری تێیدا جێگیر دەبێت. کاتێک کۆمەڵگە بە بەردەوامی ڕێز لە یاساکان بگرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێی بکات، کولتوری دێموکراسی بە تێپەڕبوونی کات، ڕەگ ​​و ڕیشەی لە کۆمەڵگەدا دادەكوتێت.

ت) دادپەروەری و یەكسانی كۆمەڵایەتی، وەك ئامانجەكانی دیموكراسی

   لە کۆتاییدا لەم بۆچونەدا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئامانجی سەرەکی دێموکراسییە. کاتێک یاساکە بە یەکسانی بەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەدا بە بێ جیاوازی چینایەتی و ئتنیكیدا جێبەجێ بکرێت، جیاکاری و نایەکسانی کەم دەبێتەوە و هەموو خەڵک سوودمەند دەبن لە مافی هاووڵاتیبوونیان. ئەم پرەنسیپانە بناغە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراسین و یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی ئەو کۆمەڵگەیە.

ئەنجام

بە گشتی بۆچونەكە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دێموکراسی بەبێ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەرانە، ناتوانێت یاساکان نەک هەر بۆ هەموو لایەک وەک یەک بێت، بەڵکو بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە متمانەی گشتی بەهێز بکات و ببێتە هۆی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی کولتووری کۆمەڵگەیەکی دێموکراسی. ئەم پرەنسیپانە بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکن کە دادپەروەری و یەکسانی زاڵ بێت و مافی هاووڵاتیان بە تەواوی ڕێزیان لێ بگیرێت.