
ژەقنەمووت بە تامی کۆماری ئیسلامی
عەلی بداغی
دۆناڵد تڕامپ لە سەردانەکەی ئەو ماوەیەی بۆ وڵاتانی کەنداو جگە لە بردنەپێشی بەرنامە و پڕۆژە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتییە هاوبەشەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرکام لەو وڵاتانە، بەڵام پرسی ئێرانیشی لێ دەر نەکرد و لە هەرکام لەو وڵاتانە نقورچکی خۆی لە بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گرت.
بەشێک لەو نقورچکانە بردنە ژێر پرسیاری لێوەشاوەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بوو کە دەریدخست ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە چەندی دژی خەڵک و وڵاتی ئێرانن، کاتێک باسی لەوە کرد کە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەبری گەشە و ئاوەدانی وڵاتی ئێران سامان و دارایی ئەو وڵاتە لە تێرۆریزمدا بەفیڕو دەدەن و لەپێناو پاراستنی دیکتاتۆرێکی وەک بەشار ئەسەددا جگە لە تێدابردنی دەیان میلیارد دۆلار دارایی وڵاتی ئێران، سەدان هەزار ئینسانیشیان بە کوشت دا. یان کاتێک باسی لەوە کرد کە وڵاتانی عەرەبی بیابان و سەحراکانیان کردووەتە زەویی بەپیت و بەرەکەت، بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەسۆنگەی گەندەڵی و ناکارامەییەوە زەوی و دارستان و لێرەواری سەرسەوزیان لە ئێران نەهێشت و وڵاتەکەیان کردوەتە کاولستان!
تڕامپ تەنانەت زۆر بە وردی چووە هەناوی قەیرانە هەرە سەرەکییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران یەک لەوان قەیرانی ژینگە و بە بیری هێنایەوە کە چۆن مافیای ئاو و سپای پاسداران بە پڕۆژە ئەمنییەتییەکانیان بوونەتە هۆی ئیشکبوونی چۆم و ڕووبار و تەنانەت دەریاکان و بەشێکی زۆر لە جوگرافیای ئێرانیان تووشی کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی کردوە. تڕامپ لەو سەفەرەیدا هەروەها نەقیزەیەکیشی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت کاتێک لە ئیمارات دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێنووسەکەی بەرز کردەوە و گوتی "ئاگادار بن ئەوە من پێنووسەکەم دانایەوە" و بەو کارەی، دزییە ئابڕووبەرانەکەی غەریبئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوە و ئەندامی شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی بۆ پرسی ئەتومیی ئەو وڵاتەی لە دانیشتنەکانی "عومان"دا بە چاوی کاربەدەستانی ڕێژیم دادایەوە، کە بەڵێ دزی و تاڵانی پیشەی هەمیشەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە!
تڕامپ بەو نقورچک و پللارانەی لە کۆماری ئیسلامیی گرتن، ویستی ئەو پەیامە بدا کە خەڵک و وڵاتی ئێران و بەرژەوەندییەکانی گەلانی ئێران لە ڕوانگەی بەرپرسانی ڕێژیمەوە کەمترین بایەخیان نیە. بەڵام ئەمە بابەتێکی تازە نیە و کاتێک خامنەیی بۆخۆی لەخوتبەی نوێژی هەینیدا بە ئاشکرا دەڵێ "پاراستنی نیزام لە هەموو شتێک واجبترە، تەنانەت لە نوێژ و ڕۆژووش"، ئیدی لێرەدا جێگایەک بۆ خەڵک و ماف و بەرژەوەندییەکانیان ناهێڵێتەوە. یان کاتێک دەڵێ "ئەگەر هەموو خەڵک شتێکیان بوێ و ئەو شتە پێچەوانەی حوکمی خودا -تۆ بڵێ پێچەوانەی بڕیاری خۆم- بێ، لەگژ هەموو خەڵکەکە ڕا دەچم"، ئیدی شتێک بە ناوی دەنگ و ئیرادە و بایەخی خەڵک لە بڕیارەکانی ئەم ڕێژیمەدا مانای نامێنێ. خامنەیی هەروەها لە وتارێکیدا لەبارەی بەرجام و سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیدا گوتبووی: "خەڵک بۆیان نیە دەم لە سیاسەتی دەرەکی وەربدەن"، ئەمە یانی دیاریکردنی سیاسەتەکانی وڵات ئەرکی هەر جەنابیانە و پشکی خەڵکیش چەمانەوەی پشتیان لەژێر باری قورسی سزاکان، شەڕ و گرانی و قەیرانە بێئەژمارەکانە.
بەڵێ تڕامپ ڕاست دەکا و وە نەبێ خەڵکی ئێرانیش نەزانن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشی هەرە زۆری داهات و سامانی نیشتمانیی ئەم وڵاتە چ ئەو دراوانەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێ و چ ئەو داهاتەی لە ماڵیات و داهاتەکانی دیکەی دەوڵەت و قۆرغکردنی ئابووریی وڵات کۆیان دەکاتەوە، لە پڕۆژە بەناو ئەمنییەتی و ستراتیژییەکانی وەک "بەرەی مقاومەت" و "هیلالی شیعی"دا بەفیڕۆی دەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا تەنیا لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکەیدا جیا سەپاندنی شەڕ و ماڵوێرانی و دەیان قەیرانی جۆربەجۆر بەشی هەرە زۆری سامان و داهاتی نیشتمانیی ئێرانی بۆ ئەو مەبەستانە خەرج کردوە:
دروستکردن و تەیارکردنی میلیشیا و هێزی نیابەتی لە وڵاتانی وەک یەمەن و لوبنان و عێڕاق و غەززە، بنیاتە مەزهەبی و ناوەندە ئەمنییەتییەکان کە کاریان شۆردنەوەی مێشکی خەڵک و قەڵتوبڕی جیابیران و ڕەخنەگران و چالاکانی سیاسی و مەدنییە، کۆک و پۆشتەکردنی ناوەندەکانی سەرکوت پێش هەموویان سپای پاسداران و دامەزراوە نیزامی و ئەمنییەتییە زۆر و زەوەندەکانی دیکە و تێبەردانیان لە گیانی خەڵکی مافخواز و ڕاپەڕیو، هەروەها پڕۆژە زیانبارە نێوخۆییەکان لە هەموو کەرتەکاندا کە بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیکی ڕێژیمەوە کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی دەیان قەیران و کارەساتی ئابووری و ژینگەیی کردوە. کارەسات، چونکی لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران هەتا ملان لە قەیرانگەلی وەک بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری، نەبوونی داودەرمان، نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردە و بێهداشت و نیشتەجێبوون ڕۆچوون؛ ڕێبەرانی ڕێژیم سامان و دراوی ئەو خەڵکە لەپێناو مەرامە سیاسییە دژیگەلییەکانیان بۆ خەڵکی خۆیان لە وڵاتانی دیکەدا خەرج دەکەن.
بێگومان خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانییش دەزانن کە هەتا کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی ئێرانی بەدەست بێ، تەنانەت لە ئەگەری ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپاش هیچ لە دۆخی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان ناگۆڕێ. هۆکارەکەش ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیی مەزهەبی-وەلایی شکڵی گرتوە و لەو نیزامە سیاسییەدا ئایدۆلۆژی لە سەروو خەڵک و ماف و ئیرادە و بەرژەوەندییەکانیانە. واتە ڕیژیمێک کە شەرعییەتەکەی نەک لە خەڵک بەڵکوو لە ئاسمان وەرگرتنێ و خۆی بە نوێنەری خوا و ئایین بزانێ، نایەت خەڵکی بۆ گرینگ بێ و لە خزمەتی ئەواندا هەنگاو هەڵگرێ. جیا لەوە کۆماری ئیسلامی وەک سیستمێکی داخراوی تۆتالیتێر خۆی دەروەست بە وەڵامدانەوە بە خەڵک نابینێ و لەو نیزامەدا خەڵک تەنیا مافیان هەیە لەنێوان کەسە دەستنیشانکراوەکان بۆیاندا هەڵبژێرن بێ ئەوەی مافی هیچ چەشنە لێپێچینەوەیەکیان هەبێت. بۆیە تاکەڕێگای بەردەم خەڵک هەر تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و چڕکردنەوەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە.