کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیاڵ‌پۆلیتیک واتە درێژەدان بەخەبات دژی داگیرکاری

15:26 - 2 جۆزەردان 2725

ڕیاڵ‌پۆلیتیک واتە درێژەدان بەخەبات دژی داگیرکاری

ئازاد مستۆفی

دەروازە:

چەمکی ڕیال‌پۆلیتیک کە بەمانای "واقعبینیی سیاسی" وەرگێڕدراوە، هەندێ‌جار بە هەڵە وەرگێردراوە و بەمەبەست یان بەبێ مەبەست بە هەڵەش لێک‌دراوەتەوە یان کەلکی خراپی لێ‌وەردەگیرێ. ئەو گوتارە سیاسییانەی کە لە حوکمڕانییەکی ناشەرعییەوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەت لە حاڵەتی کۆلۆنیالیزم و داگیرکارییدا، ڕیاڵ‌پۆلیتیک وەک هونەری تەسلیمبوون بە دەسەڵاتدارەکان لێک دەدەنەوە. ماناکردنێکی ئامانجدار کە داگیرکەر هەوڵ دەدات تەنها بەهۆی بوونی خۆیەوە شەرعییەت بە "ئەمری واقیع"ەکەی خۆی بدات. بەپێی ئەم بۆچوونە، ڕیاڵ‌پۆلیتیک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم، داگیرکاریی سەربازی، یان هەژموونیی بیانی وەک "ڕاستییەکان" بەکار دێت کە دەبێت بەشێوەیەکی پراگماتیک قبووڵ بکرێت، بەڵام لێکدانەوەیەکی لەو شێوەیە هەم بنەما فەلسەفییەکان و هەم کاریگەرییە ستراتیژییەکانی ڕیاڵ‌پۆلیتیک دەشێوێنێت.

بێگومان خوێندنەوەی کۆلۆنیالیستی بۆ ڕیاڵ‌پۆلیتیک بەتەواوی ڕەت دەکرێتەوە و لە ڕاستیدا ڕیاڵ‌پۆلیتیک بەمانای تەسلیمبوون یاخود ڕەزامەندبوون بە ستەم نیە بەڵکو داننان بە ڕاستییە بەرجەستەکراوەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و سەروەری و خاک و ئیرادەی جەماوەریی بۆ سەربەخۆیی و هەڵبژاردنی فۆڕمی سیاسیی حوکمڕانییە. لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەتی ڕیالیستی دەبێتە سیاسەتی گرتنەدەستی جڵەوی چارەنووس، ڕەتکردنەوە لە قبووڵکردنی داگیرکاریی وەک "قەدەر" و ئەو ئیدیعایەی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و خەباتی نەتەوەیی ڕەگ و ڕیشەی نەک لە فانتازیا یان ئایدۆلۆژیا بەڵکوو لە ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی مێژوو و جوگرافیا و ناسنامەی بەکۆمەڵدا داکوتاوە.

خراپ بەکارهێنانی ڕیاڵ‌پۆلیتیک لە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیشدا هەیە و بەڕوونی دەبینرێت. لەو شوێنانەی کە زلهێزەکان لەژێر پەردەی ڕیالیزمدا، داگیرکارییە بەردەوامەکان قبووڵ دەکەن یان تەنانەت پەسەندی دەکەن. جا چ کۆلۆنیکردنی بەردەوامی زەوییە ڕەسەنەکان بێت، یا سیستەمی حوکمڕانیی هاوشێوەی ئاپارتاید لە ناوچە داگیرکراوەکاندا، یان خۆ بە سەرۆک سەپاندنی تاکێک کە هەتا دوێنێ شمشێری داعشی بەدەستەوە بوو و ئەمڕۆ بە پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیی لێ دەکرێت، یان دووبارە کێشانەوەی سنوورەکان لە ڕێگەی هێز و تۆقاندنەوە. ئەمانە زۆرجار پێیان دەگوترێت "ئەمری واقع" کە دەبێت ئەوانیتر قبووڵیان بکەن!

ئەمجۆرە لێکدانەوانە بەرخۆدان وەک یۆتۆپیا یان ناعەقڵانی پێشان دەدەن و سازشکردن لەگەڵ ستەمکاران "پراگماتیک" دەنوێنن. ئەم بۆچوونە تەنانەت کاتێک ئەو دەسەڵاتە ڕەگ و ڕیشەی لە نادادپەروەریدا هەیە سیاسەتی ڕیالیستی کورت دەکاتەوە بۆ ملکەچ‌بوونێکی تەنیا یان کاتی بۆ داگیرکەر و دەسەڵاتداران. پەیامی کۆلۆنیالیستەکان بە ئاشکرا ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئەگەر بتەوێ بمێنیتەوە یان بەجددی وەربگیرێی، دەبێ دەستبەرداری بەرخۆدانی نەتەوەیی و هەمەلایەنە بەرامبەر داگیرکەران و ستەمکاران بی و هەژموون و دەسەڵاتی پارە و زۆرداری و فێڵکردن وەک ڕاستییەکی نەگۆڕ قبووڵ بکەیت، بەڵام بێگومان ئەمە پێچەوانەی خستنەڕووی جەوهەری ستراتیژی سەرەکی ڕیاڵ‌پۆلیتیکە.

مێژووی چەمکی ڕیاڵ‌پۆلیتیک

چەمکی "realpolitik" لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی ئاڵمانی بەناوی "لودڤیگ ڤۆن ڕوخۆ"ەوە داڕێژراوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارە بەزۆری بە زمانی ئاڵمانی دەنووسرێت. واتە بە وشەی ئینگلیزی Politics نەنووسراوە بەڵکو بە وشەی ئەڵمانی Politik نووسراوە. ڤۆن ڕوخۆ دەستەواژەی "ڕیالپۆلیتیک"ی بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە نەبوونی ڕیالیزم لە سیاسەتەکانی ئازادیخوازانی ئاڵمان لە ساڵانی ١٨٤٨-١٨٤٩. لە ڕاستیدا ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکە کە دواتر بووە ئەندامی پارلەمانی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات، ڕیاڵ‌پۆلیتیکی بۆ تیۆریزەکردن و قبووڵکردنی داگیرکارییەکەی دانەهێناوە، بەڵکوو بۆ ڕەخنەگرتن لە ئازادیخوازانی ئاڵمان کە ڕیالیزمی لەواندا بەدی نەدەکرد، داهێنا. ئەم دەستەواژەیە بۆ وەسفکردنی سیاسەتی بیسمارک لە ساڵانی یەکگرتنی ئاڵماندا بە کار هاتوە. ڕیاڵ‌پۆلیتیک لە سەدەی نۆزدەهەمدا هاوواتای پاسیڤیەت (انفعال) یان دیتەرمینیزم (جبرگرایی) نەبووە، بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانەوە بووە کە لەسەر بنەمای واقیعەکانی دەسەڵات و هەروەها کۆمەڵگە و کولتوور و شەرعییەت بووە. لە ڕاستیدا کێشەکە لە چەمکی ڕیاڵ‌پۆلیتیکدا نیە بەڵکوو کێشەکە لە چۆنیەتیی دەستکاری‌کردنیەتی لەلایەن زلهێزە کۆلۆنیالیستەکانەوە بۆ ئەوەی وەک بەرگێک بۆ ستەمکاری بەکاری بێنن.

ڕیاڵ‌پۆلۆتیک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا

ڕیاڵ‌پۆلیتیکی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتێکی داگیرکەرەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو لە واقیعی حاشا هەڵنەگربوونی نەتەوەیەک لەخاکی خۆیدا دەست پێ دەکات. کاتێک بزووتنەوەیەکی چەکداری، حیزبێکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی، یان پێکهاتەیەکی ستەملێکراو دژی کۆلۆنیالیزم دەجەنگن، خەون نابینن و خەباتی خۆیان لەسەر بنەماترین واقیعە سیاسییەکان دادەنێن: کە نەتەوەیەک هەیە و هەست بە بوونی خۆی دەکا، نەتەوەیەک یادەوەرییەکی هەیە، نەتەوەیەک مێژووی خەباتی پڕ لە شانازیی بەرامبەر ستەمکاران هەیە و پەیوەندی نەتەوەیەکی نەبەز بە خاکەکەیەوە ناتوانرێت بە پارە و زۆرداری و فێڵکردن بسڕێتەوە یاخود لەناو ببرێت و خەوشدار و بێ بەها بکرێ و درێژەدانی خەباتی وەها نەتەوەیەک بۆ وەرگرتنی مافەکەی بە خەیاڵپڵاوی بزانرێت.

بۆ نموونە جەزائیر لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالی فەڕانسە کە زیاتر لە سەدەیەک فەڕانسە ئیدیعای جەزائیری وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکەکەی دەکرد و زۆرێک لە سیاسەتمەداران، بەرخۆدانی جەماوەرییان بە بێهیوایی و ناڕاستەقینە دەزانی. بەڵام بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی (FLN) بەرگرییەکی سەربازیی شەرعی دەست پێ کرد نەک وەک ئاماژەیەکی ڕۆمانسی یان ئایدیالیستی و خەوناوی بەڵکوو وەک دووپاتکردنەوەی واقیع؛ کە جەزائیرییەکان فەڕەنسی نەبوون و جەزائیر، فەڕانسە نیە! ئەوان تێگەیشتنیان لە ڕیاڵ‌پۆلیتیک بەمانای قبووڵکردنی گێڕانەوەی کۆلۆنیالیزم نەبوو، بەڵکو زیاتر جەختکردنەوە لەسەر گێڕانەوەی خۆیان وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو بوو. بەهەمان شێوە بەرخۆدانی کورد لە بەرامبەر داگیرکاری لەلایەن ئێران، تورکیە، سووریە (و پێشتریش عێراق) زۆرجار لەم گوتارە کۆلۆنیالیزمەدا بە ناعەمەلی یان ناڕاستەقینە ڕەت دەکرێتەوە. بەڵام چی لەوە واقیعیترە کە گەلێک هێشتا لەو خاکەدا دەژی کە باوباپیرانی تیایدا نێژراون و سەرەڕای ستەم و چەوساندنەوەیەکی زۆر هێشتا بە زمانی کوردی قسە دەکەن و سەرەڕای دەیان ساڵ ئاسمیلەکردنی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن حکوومەتە ناوەندەکانەوە، کولتوور و داب و نەریت و جەژن و سەماکانی خۆیان پاراستوە؟ چی لەوە قووڵترە کە گەلێک ڕەتی دەکاتەوە نەمێنێت و دوای دەیان ساڵ کۆمەڵکوژی و ئەنفال دژی کورد لە عێراق، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەم بەشەی خاکەکەیدا توانی بەشێک لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت؟

بەرخۆدانی چەکداری و ئەخلاقی ڕیالیزم

خوێندنەوەی کۆلۆنیالیزمی لە سیاسەتی ڕیالیستی، ڕەهەندی ئەخلاقیشی لەناو دەبات. لە کاتێکدا زۆرجار سیاسەتی ڕیالیستی لە ڕووی بەهاکانەوە بە بێ‌ئەخلاقی یان بێ‌لایەن وەسف دەکرێت بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی شەرعییەتی سیاسیدا کار دەکات. پرسیارێک دێتە ئاراوە: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەیە، چی دەکرێت؟ بەڵام ئەم پرسیارە زیاتر لە تانک و پەیماننامە دەگرێتەوە. ئەم پرسیارە ئیرادەی گەل و تێچووی سەرکوت و شەرعییەتی حکوومەتیش دەگرێتەوە. کاتێک مرۆڤەکان بەرەنگاری داگیرکاری دەبنەوە، ئینکاری واقیع ناکەن، بەڵکوو واقیعێکی قووڵتر دووپات دەکەنەوە. دەڵێن ئەم خاکە هی ئێمەیە. مێژووی ئێمە و نەوەی ئێمە و خەباتمان بۆ ئازادی ئەفسانە نیە. مافە مرۆیی و ڕەواکانمان ناتوانرێت گفتوگۆیان لەگەڵدا بکرێت.

تەسلیمبوون بەو ڕاستییانە بەناوی "ڕیالیزم"ەوە بەهیچ شێوەیەک ژیرانە نیە و لە پاشەڕۆژبینیی ڕێبەران و بەرپرسان و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، قبووڵکردنی وەها شتێ زۆر بەدوور دەزانرێت. جگە لەوەش بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری هەمیشە بە مانای بەکارهێنانی دەستبەجێی هێز نیە. سیاسەتی ڕیالیستی دەتوانێت دیپلۆماسی، مانەوەی کولتووری، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و شەڕی یاسایی و دیپلۆماسی لە مەکۆ جیهانییەکاندا لەخۆ بگرێت. ئەوەی ئەم تاکتیکە هەمەچەشنانە یەک دەخات، دانپێدانانە بەوەی کە داگیرکاری تەنیا لەبەر ئەوەی هەیە، شەرعی نیە. خۆڕاگری، کاتێک لەسەر بنەمای مافە نەتەوەییەکان و واقیعە خاکییەکان دامەزرا، بە مانای ڕاستەقینەی خۆی سیاسەتێکی واقیعییە. چەندین بزووتنەوەی دژە کۆلۆنیالیزم و دژە داگیرکاری خەباتی خۆیان بە چەمک‌گەلی ئاشکرای واقیعبینانە لە چوارچێوەیەکدا داناوە.

١- ڤێتنام: هۆشی مین کە لە فەڕانسە خوێندبووی و هزری مارکسیزمی دەزانی، شارەزایانە سیاسەتی ڕیالیستی بەکار دەهێنا. ئەو لەگەڵ چەندین زلهێز دانوستانی کرد و زمانی خۆی لەگەڵ دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی گونجاند و تاکتیکەکانی بە پشتبەستن بە بارودۆخی مەیدانی ڕێک خست و هەرگیز لەو ڕاستییە بنەڕەتییە وازی نەهێنا کە ڤێتنام نەتەوەیەکی سەربەخۆیە. میتۆدی سیاسەتی ڕیالیستیی ئەو لە ڕووی ئامرازەوە نەرم و نیان، بەڵام لە ئامانجدا پتەو بوو.

٢- ئەفریقای باشوور: کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا (ANC) لەژێر ستەمی ئاپارتایددا، فشاری نێودەوڵەتیی لە ڕێگەی بەشداریکردنی دیپلۆماسی و سزای ئابووری و بانگەواز بۆ بنەما ئەخلاقییەکان دروست کرد. هەموو ئەمانە ڕەگیان لەوەدا بوو کە ڕێژێمی ئاپارتاید نوێنەرایەتیی زۆرینەی نەدەکرد. سیاسەتی ڕیالیستیی ANC لەسەر هێورکردنەوەی ڕژێم نەبوو بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی بوو لەگەڵ ململانێی بەهاکانی و هاوبەشییەکەی.

٣- کوردستان: بزووتنەوەی کورد لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردوە زۆرجار ڕووبەڕووی تۆمەتی "ناواقیعی" بوونەتەوە. بەڵام بەرخۆدانی کورد لەسەر ئەو ڕاستییە ئاشکرایە کە میلیۆنان کورد لە خاکی باوباپیرانی خۆیاندا دەژین و بە زمانی خۆیان قسە دەکەن و شوناسێکی دیاریکراو دەپارێزن. خەباتیان سیاسەتی ڕیالیستییە، نەک بەمانای تەسلیمبوون بە زلهێزە ناوچەییەکان بەڵکوو بە ئیدیعاکردنی فەزای سیاسی لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژوویی و دیمۆگرافییەکان.

کوردستان: ڕیاڵ‌پۆلیتیک وەک ستراتیژێکی نەتەوەیی

لە نموونە هەرە بەرچاوەکان کە چۆن ڕیاڵ‌پۆلیتیک وەک چوارچێوەیەک بۆ بەرخۆدان وەرئەگیرێتەوە، خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە. بزووتنەوەی سیاسی کورد لە عێراق، سووریا، ئێران و تورکیە لەجیاتی ئەوەی تەنیا کاردانەوەیەک بێت بەرامبەر بە سەرکوتی حکوومەت، پەرەی سەندوە بۆ دوکتورینێکی سیاسی گشتگیر کە ناسنامەی نەتەوەیی، دیپلۆماسی ناوچەیی، بەرگری سەربازیی و هاوپەیمانیی ستراتیژی لەخۆدەگرێت. لەو چوارچێوەیەدا ڕیاڵ‌پۆلیتیک بووەتە فەلسەفەی خەباتی خەڵکی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستە و داهاتوودا و لە چوارچێوەیەکی درێژخایەنی ڕیالیزمی سیاسییدا هەڵکەوتوە کە دان بە واقیعە بەردەوامەکانی جوگرافیا و دیمۆگرافی و دەسەڵات و نفوزی جیهانیدا دەنێت.

ڕووداوەکانی ئەم‌دواییە، لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام (ئیبراهیم)ەوە هەتا پاش ٧ی ئۆکتۆبەر، پێشان دەدەن کە پرۆسەی گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەیە. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا ئایدیۆلۆژی یان ڕیتۆریکی نیە، بەڵکوو ستراتیژیک و ستراکتۆرییە. کوردستان کە ماوەیەکی زۆرە لە دەوڵەتێکی فەرمی بێبەش بووە، تا دێت وەک فەزای ژێئۆپۆلەتیکی دانەبڕاو لە ماکرۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا دەناسرێت. لەگەڵ داڕمانی هاوپەیمانییە درێژخایەن و سەختەکانی جەنگی سارد و سەرهەڵدانی یاریزانە جیهانییە نوێیەکان و دروستبوونی هاوپەیمانییە کورتخایەنەکان، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی گۆڕانی هاوسەنگییەوە. لەم پڕۆسەیەدا کوردستان لە پەراوێزدا نیە بەڵکوو لە دڵی ئەم گۆڕانکاریانەدایە. خاک و خەڵک و ئایدیاڵە سیاسییەکانی بوونەتە گۆڕاوێکی بنەڕەتی لە حیساباتە ژێئۆستراتیژییە نوێیەکاندا.

ڕۆژئاوا بەتایبەتی لە ڕێگەی ناتۆ و ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە گەیشتووەتە ئەوەی پرسی کورد وەک پرسێکی حەتمی سەقامگیری و شەرعییەتی ناوچەکە ببینێت. نموونەیەکی ڕوونی ئەمەش لێدوانی یەکیەتیی ئورووپایە کە هەتا پرسی کورد یەکلایی نەبێتەوە، پڕۆسەی پەیوەستبوونی تورکیە بە یەکیەتیی ئورووپاوە ڕادەگیرێت. ئەمە ئاماژەیەکی ئەخلاقی نیە، بەڵکوو ڕیاڵ‌پۆلیتیکە. ئەمەش دان بەوەدا دەنێت کە تا پرسی کورد بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، تورکیە ناتوانێ خۆی بەهاوبەشێکی سەقامگیر یان متمانەپێکراو لە هاوپەیمانیی ڕۆژئاوادا دابنێت. بۆیە کورد چیتر ئەکتەری پەراوێزخراو نیە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە حیساباتی دیپلۆماسی ناوچەکەدا دەگێڕێت. جگە لەوەش دەسەڵات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە ڕیالپۆلیتیکدا، بەتایبەت تا ئەوکاتەی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی و پێکهاتەی ئابووری بازاڕی ئازاد زاڵ بن بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆیە پێویستە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورد خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ ئەم ڕوانگەیە بگرنە بەر، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان. دەبێت هەم سنووردارکردنەکانیان و هەم هێڵی کاریگەری خۆیان قبووڵ بکەن و لەگەڵ دەسەڵاتی هەبوودا کارلێک بکەن بەبێ ئەوەی واز لە بنەماکانیان بهێنن یان ناسنامەکەیان تێک بدەن. چەند نموونەیەکی دیاریکراو دەری دەخەن کە چۆن لە ئێستادا سیاسەتی ڕیالیستی کوردی بەڕێوە دەچێت:

- بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان کە بەرجەستەی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، نموونەی سەرەکیی سیاسەتی واقیعبینانەیە لە کرداردا. لە ڕێگەی دەیان ساڵ خەبات، دیپلۆماسی و دانوستانەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەڕێگەی پشتیوانیی ڕۆژئاواوە. توانای بەرگریکردن لە سنوورەکانی و بەڕێوەبردنی خاکەکەی و بەشداریکردن لە پەیوەندییە دەرەکییەکان- سەرەڕای ناکۆکیی نێوخۆیی- بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەڕەشەکانی دیکەی ناوچەیی، دەرکەوتنی واقیعی سیاسییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە سەروەری و خۆڕاگریدا هەیە.

- لە ڕۆژئاوای کوردستان، کورد ڕووبەڕووی ناهاوسەنگییەکی بەرچاوی دەسەڵات بۆوە بەرامبەر بە ڕێژێمی سووریە و داعش بەڵام لە ڕێگەی بەکارهێنانی ستراتیژی هێز و توانای سەربازیی و یەکیەتیی سیاسی و دروستکردنی هاوپەیمانی نێزیک- بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا و فەرانسە- توانیان هەرێمێکی دیفاکتۆی سەربەخۆ دروست بکەن. توانای ئازادکردنی خاک و ئیدارەکردنی خۆیان و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان، دەربڕینێکی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ڕیالیستییە کە ڕەگ و ڕیشەی نەک لە ئایدیالیزمدا بەڵکو لە مانەوە و گونجانی تاکتیکیدایە.

- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ستراتیژێکی نوێی فراوانی مەدەنی لە ساڵانی ڕابردوودا خۆی سەلماندوە و ئاپدەیت کراوەتەوە. ئەم ئاڵوگۆڕە بەتایبەتی لەبزووتنەوەی نەورۆزی خاکیپۆشاندا دیارە کە ناسنامەی خاکی کوردستانی لە سەرانسەری شارەکاندا لە بەهارشاری هەمەدانەوە هەتا ئیلام و ورمێ ڕاگەیاندوە و ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی وشیارییەکی نوێی سیاسیی گشتی. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕاگەیاندنی خاک و قەڵەمڕەوی کوردستان و وەرگرتنی پشتیوانییەکی سەرسەخت و بەربڵاوی جەماوەریی، گۆڕانی لە بەرخۆدانی پاسیڤەوە بۆ جەختکردنەوەیەکی چالاک و داواکراوی سیاسی دیاری دەکات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەڵکی کوردستان لە ئێراندا لە دەرەوەی کایەی نفووزی مێژوویی نین و هاوتەریبن لەگەڵ ڕەوتێکی ژیئۆپۆلیتیکی فراوانتر و پەرەسەندنی هۆشیارییەک کە بێگومان دەربڕینی واقیعی کورد تەنیا ڕەمزی نیە، بەڵکوو ستراتیژییە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هۆشیاری سیاسی نەتەوە غەیرە فارسەکان و داهاتووی فۆرمی سیاسیی حوکمڕانیدا هەیە.

بۆیە ڕیاڵ‌پۆلیتیکی کوردی تەنیا لە شەڕ و دیپلۆماسییدا سنووردار نیە. ستراتیژییەکی فرەلایەنەیە بۆ مانەوەی کولتووری و جەختکردنەوەی سیاسی و بەرگریکردن لە خاک. ئەمە سیاسەتێکی واقیعییە سەبارەت بە داڕشتنی داهاتووی هەرێم، نەک لە قاڵبدانی ئەو هەرێمە. وانەی سەرەکی ئەوەیە کە کورد قوربانیی سواڵکردنی هاوسۆزی نییە؛ ئەوان ئەو ئەکتەرانەن کە ئەرکی دانپێدانان و بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەیان لەسەرە، لە یاسای نێودەوڵەتییەوە تا هاوپەیمانییە سیاسی/ئابووری/سەربازییەکان، لە ڕێککەوتنە ناوچەییەکان تا کۆکردنەوەی جەماوەری فراوان. بێگومان ئەو ڕێگەی لەپێشمانە ئاڵۆزە. دەبێت سیاسەتی کورد لەسەر بنەمای گۆڕانی واقیعەکان، بەردەوام بێت لە پەرەسەندن. سەرهەڵدانی زلهێزە جیهانییە نوێیەکانی وەک چین، دابەزینی یاریزانە تەقلیدییەکانی ناوچەیی، گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕانی دیمۆگرافی و شەڕی تەکنەلۆژی بەڵام هەرچییەک ڕووبدات، پرەنسیپەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. ڕیاڵ‌پۆلیتیکی کوردی بەرگریکردنە لەوەی کە هەیە: شوناسی کورد، خاکی کوردستان، کولتوور و نەریتەکان- لە ڕێگەی زمانی دەسەڵات و میکانیزمەکانی شەرعییەت.

وەرگرتنەوەی مانای ڕیاڵ‌پۆلیتیک

بۆ ئەوەی مرۆڤ بەڕاستی لە ڕیاڵ‌پۆلیتیک تێ بگات، دەبێت بزانێت کە واقیع تەنها پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە نیە، پەیوەندیی بە مرۆڤەکانیشەوە هەیە. ڕیاڵ‌پۆلیتیک باس لە واقیعەکانی سەر زەوی دەکات کە بۆردوومان لەنێویان نابات و یاسای داگیرکەریش ناتوانێ هەبوونیان ڕەش بکاتەوە. کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری لە ڕێگەی توندوتیژی و پڕوپاگەندە هەوڵی دروستکردنی واقیعی ساختە دەدات بەڵام ڕیاڵ‌پۆلیتیک ئەگەر بە باشی تێ بگەین، بریتییە لە ناسینی ڕاستییە قووڵترەکان و مامەڵەکردن لەسەری. کاتێک میللەتێک بۆ خاک و ناو و مافی بوونی خۆی دەجەنگێت، واقیعییەت ڕەت ناکاتەوە و جێبەجێی دەکات. کاتێک حیزبێکی شۆڕشگێڕ ئەو سنوورانە ڕەت دەکاتەوە کە پەیماننامەی داگیرکەران کێشاونی و ئەو سنوورانە قبووڵ دەکات کە لەلایەن کولتوور و جوگرافیا و شوناسەوە داڕێژراون، ئەوە خەیاڵپڵاو نیە بەڵکوو بەرگریکردنە لە ڕاستییەکان. پێویستە شێواندنی مانای ڕیاڵ‌پۆلیتیک وەک ملکەچبوون بۆ دەسەڵات ڕەت بکرێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە ڕیالپۆلیتیک وەک خەباتێکی ستراتیژی و پێداگر و بنەڕەتی بۆ ئازادی و دادپەروەری زیندوو بکرێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئایدیاڵە بەڵکوو لەبەر ئەوەی واقیعییە.