
دیاردەی کۆڵبەرکوژی
هەردی سەلیمی
فیلمی کوژران و پێکانی دوو کۆڵبەری دیکەی کورد لەم ماوەیەدا جارێکی تر چاوەکانی هێناوە سەر ژیانی پڕ لە کارەساتی ئەم توێژە پەراوێزخراوە، کە ئەم لاوە گیانلەسەردەستانە بۆ بەدەستهێنانی پارووە نانێک کەوتوونەتە چ دۆخێکەوە. ئەو هەڵاتهەڵاتە فیلمی سینەمایی نیە و ئەوانیش بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار هەڵنایەن، بەڵکوو بۆ دەربازکردنی خۆیان لەژێر ڕەهێڵەی فیشەکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدێن.
ئەوەی کە بە درێژاییی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پێش لە کۆماری ئیسلامییش چەند کورد لە سنوورە دەسکردەکانی ئەم وڵاتە و بەهۆی ئەمبارە و بارکردنی کاڵایەک بوونەتە ئامانجی فیشەکی هێزەکانی ئەم ڕێژیمە، ئەوەی کە لەم ماوەیەدا چەند بنەماڵەی هەژار تاسەباری ئەم تەقە کەوکوژییانە بوون، چەند منداڵ هەتیو بوون، جەرگی چەندەها دایک سووتاوە و سۆماییی چاوی چیها باوک بڕاوە بەبۆنەی کوژرانی ڕۆڵەکانیانەوە، ئامارێکمان بە دەستەوە نییە.
بەڵام ئەوەی بڵاو بووەتەوە نیشان دەدا هەر لە ساڵی ١٤٠٣دا ١٨٣ کۆڵبەر بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە لەم نێوانەدا ٥٢ کەس واتە ٢٨٪یان کوژراون و ١٣١ کەسیشیان بریندار بوون؛ هەر لەم نێوەدا تەقە لە ١٤٣ کەسیان ڕاستەوخۆ و بەمەبەستی کوشتن بووە. لەمەش ترسناکتر ئەوەیە ٦٪یان منداڵ بوون، واتە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە. ئەم ئامارەی ساڵی ١٤٠٣ لەچاو ساڵی پێشووی ١٩٪ زیادی کردوە، لەسەریەک و لە نێوان ساڵانی ٩٩ هەتا ١٤٠٣، ١٣١٤ کۆڵبەر لە خوێن گەوزیون، کە ٢٥٩ کەسیشیان کوژراون و ١٠٥٥ کەسیان بریندار بوون؛ خاڵی جێی سەرنج لە دڵی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانەدا ئەوەیە کە ٧٧٪ی تەقەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و کەوکوژی بووە.
پرسیارەکە ئەمەیە بۆ ئەو کۆڵبەر و کاسبکارە کوردانە دەکوژرێن و کوشتنیان بۆ هێندە ئاسان و بێتێچووە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی؟
لە پێشدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کوردستان زۆنێکی ئەمنیەتییە و هەمیشە بە چاوی هەڕەشەوە لەلایەن دەسەڵاتە ناوەندییەکانەوە سەیر کراوە، بۆیە هیچ هەوڵێک بۆ بنبڕکردن نا، بەڵکوو کەمکردنەوەی هەژاری نەدراوە، هیچ کارگە و کارخانەیەک، هیچ ئاوەدانی و پێشکەوتنێک و هیچ پرۆسەیەکی ئابووری بۆ کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە و خەڵکی ئەم ناوچەیان بەئەنقەست لە دۆخێکی هەژارانەدا هێشتووەتەوە؛ بۆیە لە وەها حاڵەتێکدایە لەتاو برسیەتی پەنا بۆ کارێکی وەها پڕمەترسی دەبەن.
کاتێک کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا بەرەوڕووی هیچ ناڕەزایەتیییەک نابێتەوە، کوشتنی ئەم کۆڵبەرانەی وا بە ناشارۆمەندی پێشێلکەری یاسایان دەزانێ، زۆر ئاسانتر دەبێ بۆی. هەر سیستمێکی سەرکوتکەر بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خۆی و چاوترسێنکردنی خەڵکانی تر، پڕ دەداتە لاوازترین و بێدیفاعترین توێژی کۆمەڵگەکەی، لەگەڵ ئەوە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئایدیۆلۆژیکیشەوە شەرعییەت و ڕەواییی بەو کوردکوژییە داوە. یاسایەک کەوا کۆماری ئیسلامی باسی دەکات و لە هیچ کوێیدا مافی ئەم ناشارۆمەندانەی نەپاراستووە و خێروبێرێکی بۆیان نەبووە، بۆ دەبێ لەلایەن ئەمانەوە ڕێزی لێ بگیرێ و بپارێزرێ؟ پاشانیش کاتێک کە دەشکێنرێ بۆ دەبێ سزا و بەناو تاوانەکە لەگەڵ یەک نەخوێندرێنەوە و سزاکە بە دەیان قات قورستر لەو بەناو تاوانە بێ؟
بەداخەوە کۆڵبەری کورد بە کرێکاریش نایەتە ئەژمار و نە سەندیکای هەیە و نە بیمە و نە ماف و نە ناو و نە هیچ شتێکی دیکە جگە لە لەشێک کە دەبێتە سیبلی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. تەنانەت لەنێو ئەو ڕێکخراو و گرووپانەدا وا هەڵگری دروشمی کرێکاری و زەحمەتکێشانەشن، ڕزگاریی کۆڵبەران لەو دۆخەی تێیدان نە بە بەرنامە کراوە و نە پرۆگرامێکیان بۆیان هەیە و ئەوەی دەشکرێ لە چوارچێوەی هەندێک وتەی ڕووکەشدا قەتیس ماوەتەوە کە تا ئێستاش نەبووەتە نان و ئاو بۆ ئەو چینە زەحمەتکێشترینە.
لەگەڵ ئەوەشدا چالاکانی مەدەنییش تەنانەت بەپێی پێویست ئاوڕێکیان لێ نادەنەوە، وەک بڵێی کوژرانی کۆڵبەر لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە واقعێکی نەگۆڕ و "قبح"ـی ئەم کوشتنانە بەتەواوی ڕژاوە. لە کوردستان کە زیاتر لە هەزار پارێزەرمان هەیە، بەڵام چەند کەسێکیان نەبێ باقییەکەیان گرنگییەک بەم بابەتە نادەن و بەلای ئەو پەروەندانەدا ناچن؛ نوێنەرانی بەناو کوردی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامییش لۆکەیان لە گوێی خۆیان ئاخنیوە بۆ ئەوەی تەقەی تفەنگی سەربازانی "گومنامی ئیمامی زەمان" نەبیستن و متەقیان لێوە نایە. بۆیە لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین بەداخەوە هەتا ئاوڕێکی جیددی لە کۆڵبەرانی کورد نەدرێتەوە و هاوسۆزییەکی گشتی و کردارییان لەگەڵ ساز نەکرێ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نایهەوێ پاشەکشێ بکات و ئەم سیکلی هەژاری و ناچاری و سەرکوت و کوشتنە بەردەوام دەبێت.