
ڕوون و ناڕوون
شەماڵ تەرغیبی
کەرتی ئابووریی ئێران لە ماوەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی ساڵ لەگەڵ ساڵ و مانگ بە مانگ و تەنانەت ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو دارمانی زیاتر چووە کە وەک زۆر جاران لەلایەن کارناسانی ئەم بوارەوە باس کراوە هۆکارە سەرەکییەکانی بە ڕوونی بریتین لە ناکارامەیی لە سیاسەتداڕێژی کەڵانی ئابووری، بە دەوڵەتیکردنی ئابووری، نەبوونی سەرمایەدانەری دەرەکی، نەبوونی ئامنیەتی پیشەیی و سەرمایە، تێچووی لەڕادەبەدەری دەسەڵات بۆ شەڕفرۆشییە بەردەوامەکان و لە ئەنجامدا نەبوون و کەمبوونی سەرمایەی ناوخۆیی.
ئەم بارودۆخە بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا و پاش ئاشکرابوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئیسلامی و دەسپێکی گوشار و ئابلۆقە نێونەتەوەییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی زیاد و زیاتر بووە بەچەشنێک کە دوورەدیمەنێکی ناڕوونی بۆ کەرتی ئابووریی ئێران و لەژێر کاریگەریی ئەودا بۆ خەڵکانی نیشتەجێ لەو جوغرافیا ساز کردووە.
هەر لەمبارەوە سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا وێنایەکی جێگەی نیگەرانی و مەترسیداری لە داتەپینی ئابووری، هەڵاوسانی سەخت و توند، بچووکتربوونەوەی ئابووری و چوونەسەری رێژەی کەمیی بودجە لە ئێران خستووەتە ڕوو کە دەرخەری ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنە لە ئێراندا.
بەپێی پێشبینییەک کە ئەم نیهادە نێونەتەوەییە کردوویەتی گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی 2025 تەنیا 0.3٪ دەبێ لەحاڵێکدا کە لە ڕاپۆرتی پیشووتری ئەم ناوەندە لە ساڵی 2023 ئەم ڕێژەیە 3٪ ڕاگەیەندرابوو. ئەم کەمبوونەوە بەرچاوەش بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە: یەکەم سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکانی ڕێژیم لە ماوەی دوو سالی ڕابردوودا و دووهەم بەردەوامبوون و زیادتربوونی گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەلگای جیهانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەنعەتی نەوت لە ئێران تووشی کێشەی زۆر جیددی دەبێت؛ سەنعەتێک کە بە شاڕەگی ئابووریی ئێران دەناسرێ، لە ساڵی داهاتوودا دیسانەوە تووشی کەمبوونەوەی هەناردەکردن بە ڕێژەی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دەبێتەوە. جیاواز لە هەناردەی نەوت کۆی کەرتی هەناردەی ئێران 16٪ کەم دەبێتەوە و دەگاتە 100 میلیارد دۆلار و ئاستی هاوردەکاریش 10٪ دادەبەزێ. ئەمەش لەکاتێکدایە کە وەک بانکی ناوەندیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 14 میلیارد دۆلار سەرمایەی ناوخۆیی ئێرانی بەجێ هێشتووە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئاماری ساڵی 2018 دەردەکەوێ هەڵاتنی سەرمایە لە ئێران تا ئێستە شەش قات زیادی کردووە.
کۆی ئەم ئامارانە هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان بەڕێژەی 43.3٪ وای کردووە کە ئەوڕۆکە پێگەی ئێران هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانێکی وەک وێنزۆئێلا، سوودان و زیمبابوێ و لە پلەی چوارەمی هەڵاوسانی جیهانیدا بێت!
لێرەدا فیدبەکێک بۆ کۆتاساڵەکانی تەمەنی ڕێژیمی پاشایەتی و سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لێ دەدەین؛ یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکان لە دەیەی 50ی هەتاوی بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش کە دواجار بووە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران، لەڕاستیدا دۆخی شپرزی ئابووری خەڵک بوو؛ بەو واتایە کە ئەگەرچی سەروەت و سامانێکی ئێجگار زۆر لە بەر دەستدا بوو تا خەڵک بەشێوەی دادپەروەرانە لێی بەهرەمەند ببن بەڵام بەهۆی نەبوونی سیستمێکی دێموکراتیک و خەڵکی و بەپێچەوانەوە بوونی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن کە دێموکراسی و ئازادی تەنیا لە سەرڕووتکردن و هەندێ ئازادی لاوکی تاکەکەسیدا دەبینییەوە، نەیانتوانی بەو جۆرەی کە شیاوە کەڵکی لێوەربگرن. ئابووریی ئێران ئابوورییەکی تەواو دەوڵەتی بەستراوە بە دەربار بوو و پارە و داهاتەکان تەنیا خزمەتیان بە دەسەڵات و دەوروبەرییەکانی دەسەڵات دەکرد. ئەمەش وای کردبوو کە بەکردەوە دوو چین لە کۆمەڵگادا بوونیان هەبێ: چینێکی دەوڵەمەندی ئەستووربوو بە پارەی خەڵک و چینێکی هەژاری بەشمەینەت کە دەبوو بەردەوام چاوەڕێی دەستی بەزەیی شا ببوایە!
کاتێک کە شۆرش سەری هەڵدا و لە 22ی ڕێبەندان بە ئاکام گەیشت خەڵک هیوادار بوون کە چیدیکە ئەو ڕۆژگارە ڕەشە نابیننەوە و بەرەبەرە لەژێر سێبەری حکومەتی نوێدا دەگەن بە ئاسایش و ئارامی و خۆشبژێوی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێگیر دەبێ بەڵام بە هەڵەدا چوون و ئەو کەمە ئازادییە مەدەنییانەش کە پێشتر هەبوون یاساغ کران و لەباری ئابووریشەوە نەتەنیا خەڵک بە ئاسایش نەگەیشتن بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لە نێو گەنداوی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی تازەدا ڕۆ چوون.
بەگشتی کۆماری ئیسلامی ئەزموونێکی گرینگی دا بە دەستەوە کە جێگەی لێوردبوون و لێفێربوونە تاکوو جارێکی تر هەڵەیەکی کوشندەی لەو چەشنە دووبارە نەکرێتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەگەر بەکورتیش بووە شەنوکەوی هەندێ لایەنی ژیانی ئابووری کۆماری ئیسلامی بکەین:
كۆماری ئیسلامی بە دروشم و بەڵێنی درۆیینی چاكسازی ئابووری، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیی هاتە سەر كورسی دەسەڵات. بەڵێنی دابوو نادادوەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتی كەم بكاتەوە و داهاتی سەرانەی خەڵك بەرز بكاتەوە و نەوت و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بێ بەرانبەر بە سەر خەڵكدا دابەش بكا بەڵام پاش زیاتر لە 40 ساڵ دەسەڵاتداری، دەركەوت كە كاربەدەستانی ڕێژیم، لەلایەك لە فیكری دزی و تاڵانی سەروەت و سامانی وڵاتی ئێراندا بوون و لەلایەكی دیكەوە سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران بۆ ئامانجی سیاسیی خۆیان دەدەن بە گروپە تێروریستییەكانی ناوچەكە و جیهان.
گەندەڵی ئابووریی لە ڕێژیمدا هەر لە سەرەتاوە لە ژێر كاریگەری دوو جۆری گەندەڵی دیكە واتە گەندەڵی سیاسی و گەندەڵی هەڵبژاردندا بووە. لەو ماوەیەدا دزی و گەندەڵیی مۆرە گرینگەكانی ڕێژیم بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێكی وەڵامدەر بە خەڵك و دەزگایەكی دادوەری سەربەخۆ ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبووندا بووە. چونكە گەندەڵی ئابووریی بە شێوەی سیستماتیك لە نێوان مۆرە باڵاکانی ڕێژیمدا بوونی هەبووە. لەوەش گرینگتر چونكە دەزگاكانی دادوەری، یاسادانان و بەڕێوەبەریی ڕێژیم لە نێوان بازنەیەكی داخراوی چەند سەد كەسی مۆرەكانی ڕێژیمدا قورغ كراوە، دەستیان لە گەندەڵیدا ئاوەڵاتر بووە هەر بۆیە لەو ماوەیەدا هیچ گەڵاڵەیەك و بەرنامەیەكی درێژخایەنی ئابووریی ڕێژیم سەركەوتوو نەبووە.
لەو ماوەیەدا كاربەدەستانی باڵای ڕێژیم زۆر جار باسی گەندەڵی و چاكسازی لە سیستمی ئابوورییان كردووە، كە دەبێ ئابووری لە پاوان و ڕانت بێتە دەرێ. هەرچەند خۆشیان ئەوە باش دەزانن كاتێك ئابووریی ئێران لە پاوان دێتە دەرێ كە وەک پاشکۆی دەوڵەت سەیر نەکرێ کە ئەمەش نامومکینە چونکە زیاتر لە 87٪ ی ئابووریی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، ئۆرگانە نیزامی و ئەمنییەتییەكان و دامودەزگاكانی سەر بە بەیتی ڕێبەریدایە.
كۆتاقسەش لەم دەرەتانە ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی 47ساڵ حاكمیەتدا تەنیا برسییەتی، سەركوت و خەفەقان، گەندەڵی ئابووریی و ئیداری و گۆشەگیری بۆ گەلانی ئێران بە دیاری هێناوە. سەرەڕۆییەكانی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات بەشێوەی كوشتاری بە تاك و بە كۆمەڵی ئازادیخوازانی نەتەوەكانی ئێران و پەرەدان بە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهاندا، وایكردووە، كە ئێستا ڕەوایی بۆچوونی ڕێبەرانی کورد لە سەرەتای شۆڕش و بەرحەقبوونی خواستەکانی بزووتنەوەی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆیان بنوێنن و ڕوونی و ناڕوونییەکانی ژیان زیاتر خۆ دەردەخەن.