کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیتاندن یان تەپاندن!

01:38 - 14 جۆزەردان 2725

پیتاندن یان تەپاندن!

شەماڵ تەرغیبی

ساڵی ١٩٥٨ی زایینی لە چوارچێوەی گەڵالەی "هەنگاوێکی مەزن بۆ پێشەوە" مائۆ تێسێتوونگ، ڕێبەری چین بڕیاری لەنێوبردنی هەموو چۆلەکەکانی ئەو وڵاتەی دا تا بە خەیاڵی خۆی بەرهەمی جووتیاران چۆلەکەکان نەیخۆن و داهاتی زیاتر بێتە ئاراوە. ئەمەش کرایە بڕیاری حکومەتی و هەرکەس هەوڵی بۆ لەنێوبردنی چۆلەکەکان و هێلانەکانیان نەدابا وەک دژەچین سەیر دەکرا وسزا دەدرا. لە ساڵێکدا دەیان میلیۆن چۆلەکە کوژران تا ئەو شوێنەی کە نەسڵیان لە چیندا بەرەو لەنیوچوونی یەکجارەکی دەڕۆیشت بەڵام ئەم گەڵاڵەیە گەمژەییەکی پێوە دیار بوو. چۆلەکەکان جیا لە دانەوێڵە کووللە و خشۆکەکانیشیان دەخوارد کە خۆیان دژە بەرهەمی جووتیاران بوون! بە نەمانی چۆلەکە کووللەکان هێرشی میلیۆییان کردە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا ئیتر هیچ دانەوێڵەیەک نەما و هەژاریی ڕەها ڕووی لە خەڵک و وڵاتی چین کرد؛ دواجار خودی مائۆ بڕیاری دا کە دەس لە کوشتنی چۆلەکەکان هەڵگرن و لە وڵاتانی ترەوە چۆلەکەیان هاوردە دەکرد تاکوو زاڵ بن بەسەر ئەو بەڵایەی کە خۆی بووە هۆکاری و جارێکی تر هاوسەنگی بۆ سروشت گەڕایەوە. ئەم چیرۆکە ڕاستەقینە کە هێمای گەمژەیی و نەزانیی ڕێبەرانی چین نیشان دەدات بەنیسبەت هەموو دیکتاتۆرەکانی دیکەشەوە سدق دەکات؛ بۆ نموونە لە ئێرانی ئەوڕۆی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی!

لە وڵاتانی نائازاد بەپێچەوانەی وڵاتانی دیموکراتیک، دەسەڵاتبەدەستان، بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خەون و خولیاکانیان هیچ بەربەست ولەمپەڕێک نابینن؛ هەرچەندە ئەم حەز و خولیانەش پڕتێچوو بن! بەڵام لە ولاتانی دێموکراتیکدا کە ئازادی بوونی هەیە، بەهۆی هەبوونی پارلمانی ئازاد، چالاکبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، بوونی دادگای سەربەخۆ و بونی حیزبی سەربەخۆ و چالاک هەم لە دەسەڵات و هەم وەک ئۆپۆزسیۆن، هەموو پلان و بەرنامەیەک دەخرێتە بەر تێغی هەڵسەنگاندن، ڕەخنەگرتن، چاک‌کردن و چارەسەرکردن.

لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا وادیارە چیرۆکی چۆلەکەکووشتنی مائۆ دووبارە دەبێتەوە. لە لانیکەم ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەرانی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ئامانج و خەون و حەزەکانی خۆیان بۆ وەدەستخستنی چەکی ئەتۆمی جوغڕافیای ئێران و خەڵکەکەیان بە دیل گرتووە و بەناوی پیتاندنی ئۆرانیۆم ژیانی خەڵکی ئەم جوغڕافیایان تەپاندووە و خەڵکیان کردووەتە دیلی دەستی پرسێک بەناوی پیتاندن ئەمەیان کردووەتە گرینگترین بابەتی ژیانی خەڵک.

بەپێی ڕای هەندێ لە شارەزایانی تێچووی ئەم پڕۆژە کەڵانە وێڕای تێچووی خەسارەکانی پاش تەحریمە یەک لەدوای یەکەکان زیاتر لە هەزار میلیارد دۆلار بووە لەحالێکدا کە بەپێی خودی ئامارەکانی رێژیم ئاکامی ئەم هەوڵانە بۆ خەڵک نە دابینکردنی بەرق بووە نە چارەسەرکردنی نەخۆشی.

ئاکامی پیتاندنی ئۆرانیۆم تەنیا هەژارترکردنی خەڵک بەهۆی تەحریمەکان و تەریک‌کەوتنی زیاتری جیهانی و مایەپووچبوونی ئابووری بووە و هیچی تر.

هەڵبەت جیاوازییەکی زەق لە نێوان مائۆ و سەرانی کۆماری ئیسلامیش هەیە ئەویش ئەوەیە کە لانیکەم مائۆ لە پاش شکستخواردنی پڕۆژەکەی دانی بە هەڵەی خۆیدا نا و هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێک دا کە خۆی ببووە هۆکاری بەڵام لە ئێراندا لووتبەرزییەکە هێندە زۆرە کە ئامادە نین لە بڕیارە هەڵەکانیان و سیاسەتە شکستخواردووەکانیان پاشگەز ببنەوە. مائۆ بە پاشەکشێکردن لە گەڵاڵە سەقەتەکەی توانی داهاتی سەرانەی خەڵكەکەی سەدقات زیاتر لە خەڵکی ئێران بکات و ٥٠٠ میلیۆن کەسی لەژێر هێڵی هەژاری ڕزگار کرد بەڵام سەرانی ڕێژیمی ئێستەی ئێران ئەو جورئەت و بوێرییەشیان نییە تا خەڵکانی بەدیلگیراوی ئێران لەو نەهامەتییەی تووشیان کردوون ڕزگاریان ببێ.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی و دیپلۆماسیی ئێستەی ئێران و بەتایبەتیتر پێنج خول دانیشتنی نێوان ئێران و ئامریکا لەسەر بەرنامەی پڕتێچوو بەڵام بێ خێروبێری ناوکیی تاران، دەردەکەوێ کە سەرانی رێژیم بە هیچ شێوەیەک نایانهەوێ ئەم پرسە بە چارەسەر بگات چونکە وەک باس کرا تەنانەت بەقەد مائۆی چینیش جورئەت و بوێرییان نییە و ئامادەن لەپێناو پیتاندنی ئۆرانیۆم، خەڵک و ژیانەکەیان بتەپێنن. دیارترین دەرکەوتەی ئەم داتەپاندنەش کە ئەم ڕۆژانە دەیبینین هەمان مانگرتنی کامیۆنداران، ناڕەزایەتی خانەنشینکراوان و کرێکارانە کە بە نەبزی ئابووریی وڵات دەژمێردرێن بەڵام ژیانیان داتەپیوە بۆ ئاستێک کە تەنیا خاوەن سفرەیەکی بچووکی کەم‌مایەن چونکە بەناو خاوەن عەقڵەکانی تاران دەیانهەوێ بیانکەنە خاوەن چەکی ئەتۆم!