
کۆماری ئیسلامی لە ساڵمەرگی خومەینیدا
شەماڵ تەرغیبی
لە دوای مەرگی خومەینی، گەورە جەللادی جەماران، هیچکات کۆماری ئیسلامی وەکوو ئێستە بارودۆخی لاواز و هەستیار نەبووە و لە شەڕ نزیک نەبۆتەوە! هەرچەند پێشتر کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای میلیشیاکانیەوە لە ناوچەکەدا شەڕی بریکاریی دەکرد، بەڵام ئێستە کە ئەوانیش یا نەماون یان زۆر لاواز بوون و توانای بەرگریکردن لە خۆیشیان نیە ئیتر تاران ناتوانێ وەک پێشتر بیانکاتە کارتی گوشار و شەڕیان پێ بکات. لە ئێستاشدا کە شەڕەکە خەریکە دەرگای خۆی دەگرێتەوە بە پێی هەندێک داتا بە تەمایە گۆڕانکاری ڕێژەیی لە ستراتیژی و تاکتیکی شەڕخوازانەی خۆیدا پێک بێنێ.
کۆماری ئیسلامی ئەزموونی شەڕی هەیە و هەر ئێستەش باجی شەڕی هەشت ساڵە ئەدات. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستەش دەست لە سیاسەتی شەڕخوازانەی خۆی هەڵناگرێ پێوەندی بە سێ ڕەهەندی سەرەکی "مەزهەبی"، "ناسیۆنالیستی" و "جوغڕافیا"وە هەیە. لە بواری مەزهەبییەوە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و ئەندازیاری سیاسی و چەکداری لە ئاستی ئاسایی و سروشتی خۆی دەرچووە و تەنانەت لە نێو ڕەوتە سووننەکانیشدا نفوز و ڕۆڵی بەرچاو دەبینێ. هیلالی شێعە وەک دوکتورینی سیاسی ــ ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی بۆ کاتێکی نادیار ڕۆژهەڵاتی ناوین و دنیای ڕۆژئاوای بە خۆوە خەریک کردووە و دەکات. خاڵێک کە سەبارەت بە هیلالی شێعە گرنگە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەو دەسەڵاتە خەیاڵییە درووست بکا و لە بەرامبەریشدا تەواویەتی ئەرزی هیچ وڵاتێکیش نەشێوێ.
دەمارگرژی نەتەوەیی و زمانی لە ئێراندا لە دەمارگرژی مەزهەبی بەربڵاوتر و ڕیشەدارترە. دیارە ئەو دوو ڕەهەندە واتە "ناسیۆنالیزم "و "مەزهەب" لە ئێران وەک تەواوکەری یەکتر قۆڵیان بۆ داگیرکردن و شێواندنی ناوچەکە هەڵگرتووە. ناسیۆنالیزمی فارس بە پشتبەستن بە دێرینەخوازی، (باستانگەرایی ) زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگی فارسی دەیهەوێ زمانەکانی نێوخۆی ئێران لە خۆیدا بتوێنێتەوە و لە دەرەوەش دوو وڵاتی ئەفغانستان و تاجیکستان وەک نیشتمانی خەیاڵی سەردەمی هەخامەنشییەکان وەک کەوشەنی خۆی پێناسه بکا. ناسیۆناڵیزمی فارس کە دەکرێ وەک شۆڤێنیزمی فارسیش ناوی لێ ببرێت، هەرچەند بۆ مەزهەب و دین نەسووتاوە بەڵام بە باڵی مەزهەب گورزی خۆی لە نەیاران و جودابیرانی ناوخۆ و دەرەوە دەوەشێنێ. ئەگەر بە شێوەی خێرا ئاوڕ لە ناسیۆناڵیزمی فارس بدەینەوە دەبینین وەک شێعە چۆن لە سەر وێژمانی عاشورا دامەزراوە ئەمیش بە پشتبەستن بە شانامە و خوێنڕشتن بە تەمای خۆسەپاندنە.
تەوەری سێهەم حوکمی جوغڕافیایە. بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، جوغڕافیا ڕۆڵی گرنگی لە هێرشەکان، ئاشتبوونەوەکان، پاشکەوتووییەکان، پێشکەوتووییەکان، کرانەوەکان، داخراوییەکان و هتدا هەبووە.
دۆخی ئێستەی کۆماری ئیسلامی لە مانەوە و نەمانەوەی یەکپارچەیی ئێراندا زۆر گرنگە. تەنیا شانسی مانەوەی ئێران دەستپێراگەیشتن بە چەکی کۆکوژ و ناوکییە کە وەک دەزانین لە ئێستەدا بۆ خۆی بووەتە قەیرانێکی چارەسەرنەکراو لەنێوان تاران و دنیای ڕۆژاوا، ئەگینا هەموو شرۆڤەکانی دیکە لە بەرژەوەندی خاک، مەزهەب و ناسیۆناڵیزمی ئێرانیدا نیە.
لە ساڵمەرگی خومەینیدا، عەلی خامنەیی وێڕای ڕەدکردنەوەی گەڵالەی ئامریکا لەمەڕ ڕێککەوتنی ئەتۆمی گوتی: "وڵامی ئێمە بۆ فڕوفیشاڵەکانی ئامریکا ڕوونە؛ ئەوان ناتوانن هیچ غەڵەتێک بکەن". ئەم جۆرە لێدوانانە لە وەها بارودۆخێکدا کە ئێرانی تێ کەوتووە تەنیا یەک دەرهاویشتە و لێکەوتەی لێ دەکەوێتەوە: "پاڵپێوەنانی ئێران بەرەو ناسەقامگیری زیاتر و بەهێزترکردنی ئەگەری شەڕ بەهۆی لووتبەرزی و تۆتالیتاریزمی زەینی کەسێکەوە!" لە وەها دۆخێکدا پرسیارێکی جیددی کە دروست دەبێ ئەوەیە کە ئەگەر ئێران تووشی شەڕێک لەگەڵ ڕۆژاوا ببێ چ دەبێ؟
فاکتەکانی جێی باس لە سەر شەڕ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی قەت شەڕ ناکات بەڵام لە ئاستی بچووک و بەرتەسکدا کە بیروڕای ناوخۆی پێ ڕازی بکا و هەڵگیرسانی شەڕی گشتگیری بە دواوە نەبێ وڵام ئەداتەوە. هۆکارەکانی شەڕنەکردنیش بریتین لە:
ــ کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کە لە بوارەکانی تێکنۆلۆژی سەربازی و لوژیستیکییەوە قەت ناتوانێ بەرامبەر بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوەستێتەوە. ئەمڕۆ شەڕی کلاسیک و سپای زۆروبۆر وڵامدەر نییە و ئەرتەشی بە ناو بیست میلیۆنی تەنیا خۆخەڵەتاندنە. کاتێک ناوێکی جەنگی بە تەنیا لە سەر دەریاکاندا دەوری دەوڵەتێک دەگێڕێ ئیتر سپا هیچ دەورێکی لە ئاست هێرشی دەرەکیدا نامێنێ مەگەر تەنیا بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی کەڵکی هەبێ.
ــ کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ بیروڕای گشتی دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتیتر هەریەک بە جۆرێک لە کاروکردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ناڕازی و خەسارمەند بوون و بە لاوازکردن یا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کەمینەی شێعە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەونە مەترسییەوە.
ــ لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا ئیتر وەکوو جاران خەڵک خۆبەخشانە شەڕ ناکات، تەنانەت ئەگەر خەڵکانێکی زۆریش بێنە مەیدان خۆ دۆژمنێکی فیزیکی بوونی نیە تا لە گەڵی شەڕ بکا .
ــ کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کە بە هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ئیران ڕاپەڕینی جەماوەری و نەتەوەیی سەر هەڵدەدات و بەپێی ئەزموونەکان کە لە چەند ساڵی ڕابردودا بینیومانە، ڕاپەڕینەکان یەکلاکەرەوەن و دژی دیکتاتۆری دەبن.
وێڕای ئەم باسانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەسڵی "تقیە" کە سەرانی ڕێژیم باوەڕیان پێی هەیە، وێناچێ کۆماری ئیسلامی خۆی بخزێنێتە نێو شەڕێکەوە کە دووسەر دۆڕاوە بەڵام بەوەشەوە ئەو ئەگەرە هەروا بەهێزە کە بارودۆخێک بێتە گۆڕێ کە خەڵک لە ئەنجامی گوشارە زۆروزەوەندە ئابووری و سیاسی و پۆلیسییەکان لەدژی ڕاپەڕن و بارگەوبنەی پێ تێکەوە پێچن.