
نیشتمان وەک چەمکێکی گشتی لە دووتوێی مێژووی ئەدەبی بەرگریدا
(جەلال مەلەکشا بۆ نموونە)
ئاکۆ ئەلیاسی
لەو شوێنەی کە ماف پێشێل دەکرێت، بەرەنگاریی دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی، مرۆیی و نیشتمانی.
داکۆکیکردن لە مافی ڕەوا و نیشتمانێکی دیل و دابەشکراو، وەک چەمکێکی دانپێدانراوی گەردوونی، هەم لە یاسا دینییە ئاسمانییەکان و هەمیش لە یاسا مەدەنی و سیکۆلارەکاندا، وەک خەباتێکی داکۆکیکارانەی ڕەوا، لە کۆنتێکستەکانی هەردوو یاساکەدا ڕێگاپێدراوە. لە دۆخێکی هەستیاری ئەوتۆدا، پاراستنی خاکی نیشتمان، خوێنبایی نیشتمانپەرەوەرانەیە.
مەرج نیە شێوازی ئەو داکۆکیکردنە، لە خەباتێکی توندوتیژی بەکردەوە و بەرهەڵستکارانەی ڕاستەوخۆوە سەرچاوە بگرێت، بەو مەرجە ئەگەر لایەنی داگیرکەر، لە کۆدەکانی زمانی لۆژیکی ئاشتیخوازانە و هاوبەش، تێ بگات. هەر بۆیە، زۆر جار بۆ کردنەوەی گرێکوێرەیەکی ئاڵۆزی سیاسیی، مرۆڤی خاوەن ئاوەز، دەکارێت بە کلیلێک کە کەمترین کێشی هەیە، گاوسندووقێک بکاتەوە، کە ڕەنگە کێشی ئەو دۆڵابە پۆڵایینە، پتر لە یەک تۆنیش بێت.
ئەم جیهانە پانوبەرینە دابەش کراوە بەسەر سەدان نیشتمانی ڕەنگاڵەیی، لە هەر پێنج قاڕەی سەرگۆی ئەم زەوییە. هەرکام لە دانیشتووانی پێکهێنەرانی ئەو نیشتمانانە، خاوەنی هێندێک واتای "نەتەوەن". دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو نەتەوانە (Nation) کە تایبەتمەندیی سەرەکیی پێناسەکردنی شوناسیانن، بریتین لە زمان و خاکی هاوبەش.
گەلی کورد، وەک گەلێکی کەوناری سەرگۆی ئەم زەوییە، نەک هەر تەنیا خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە پێکهێنانی ژیانی ژیاری کۆن و سەردەم، بەڵکوو خاوەنی زمانێکی کۆن و دەوڵەمەند و ڕەگ و ڕیشە لە "بوون"یدا داکوتراوە، هەروەها خودان خاکێکی پانوبەرینی هاوبەشە، بەڵام بەداخەوە، سەدان ساڵە، خاکی نیشتمانەکەی لەلایەن داگیرکەرانی دەوروبەر زەوت کراوە و بە دوور لە ویستی خۆڕسکانەی خۆی، دابەش و لەتلەت کراوە. هەر بۆیە لەو کاتەوە کە زێد و میلکانەکەی داگیر کراوە، کورد، بۆ خستنەوەسەریەکی خاکی دابەشکراوی نیشتمانەکەی، دەستی لەسەر دەست دانەناوە، بە پێچەوانەوە سەدان ساڵە، لەو پێناوەدا لێبڕاوانە و نەترسانە، لە هەمبەر هێزی زۆری داگیرکەر، زۆر شێرانە و بوێرانە ڕاوەستاوە.
لە مێژووی خەباتی گەلانی ژێردەستدا، جۆرەکانی ئامرازی بەگژداچوونەوەی داگیرکەر، فرەڕەنگ بوون. "ئەدەبی بەرگری"، لە بزاڤی ڕزگاریخوزانەی ئەو گەل و وڵاتانە، بەرلە شێوە و شێوازە خەباتێکی دیکە دەستپێک، ڕۆڵگێڕ، شوێندانەر و پێشەنگ بووە و لەڕاستیدا جۆرەکانی دیکەی خەبات، پاش تەقینەوەی گەرووی پڕ لە قینی وشە ئاگراوییەکان سەریان هەڵداوە.
نووسینەوی مێژووی کۆن و سەردەمی هەر گەل و نەتەوەیەک، بەبێ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبەکەی، مێژوویەکی ناتەواو و نیوەچڵە و وەک سەرچاویەکی باوەڕپێکراوی مێژوویی چاوی لێ ناکرێ. کە چاو لە مێژووی گەلانی دنیا دەکەین، هەر گەل و نەتەوەیەک شانازی بە مێژووی ڕابردووی ئەدەبیی خۆیانەوە دەکەن. بۆیە، ئەدەب، کۆڵەکەیەکی هەرە سەرەکیی قایم و گرنگە، بۆ نووسینەوەی قۆناخە جیاجیاکانی مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەک.
لەم پێوەندییەدا، ئەدەبیاتی بەرگریی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی بەشێکی بەرچاوی گەلانی جیهان، لەپێناوی سەربەخۆیی و ئازادیی خاک و وڵاتیان، ڕۆڵێکی زەق و بەرچاوی گێڕاوە. دیارە ژانرەکانی ئەدەبیاتی بەرگری فرەچەشنن کە یەکێک لە ژانرە سەرەکی و بنچینەییەکانی ئەدەبیاتی بەرگری "شێعری بەرگری"یە. سەرەتا ئێمە دەبێ دوو چەمکی "ئەدەبی بەرەنگاری و ئەدەبی بەرگری" لێکتر جیا بکەینەوە. ئەدەبی بەرەنگاری، ئەو چەمک و دەستەواژەیە، کە شاعیران، نووسەران و ڕووناکبیرانی هەر گەل و نەتەوەیەک، بۆ بەرگری لە بەها مرۆیی، کولتووری و نیشتمانییەکانیان، کە لەلایەن داگیرکەرەوە پەلاماریان دەدرێت، لەڕێگای هونەری شێعر و نووسینەوە، ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانە دەئافڕێنن، بە مەبەستی وریاکردنەوەی کۆمەڵگە و دانی وشیاریی نیشتمانی و سیاسی بۆ ئەوەی بارودۆخێک بڕەخسێندرێ، کە هەموو تاکەکانی نیشتمان، بگەنە پلەیەک لە وشیاریی ڕووناکبیری، کە بتوانن بە ماڵ و گیان، پارێزگاری لە خۆیان، زمانەکەیان، کولتوور و بەها نیشیمانییەکانیان بکەن. پلە و ڕادەی ئەو وشیارییە، کەشی بەگژداچوونەوەی بەکردەوە، یان هەر هەمان "خەباتی چەکداری"ی خۆش دەکات، تا ڕادەیەک، کە هەموو هاونیشتمانییەک، بۆ خۆبەخەتکردن لەپێناو داهاتووی نیشتمانەکەیان و بەها و نرخە نەتەوایەتییەکانیان، ئامادەی فیداکاری و خوێندان و سەر و گیان بەخشینن. ئەمە چەمکی "ئەدەبی بەرەنگاری"یە.
ئەدەبی بەرەنگاری جۆرە ئەدەبێکە بۆ دەرپەڕاندنی داگیرکەر لەسەر خاکی نیشتمان، بە وشە، شێعر، چیرۆک و ڕۆمان و تێکستە ئەدەبییەکانی دیکە، بەڵام "ئەدەبی بەرگری" چەمکێکی نەختێک جیاوازترە لە "ئەدەبی بەرەنگاری" ئەدەبی بەرگریی، لە ڕاستیدا بەرگریکردنە لەو دەستکەوتە نیشتمانییانەی پێشتر، خەباتی ئەدەبی بەرەنگاری، هاوشان لەگەڵ شێوەکانی دیکەی خەبات، لەڕێگەی بەگژداچوونەوەی بەکردەوە، بۆ وەدەرنانی هێزی داگیرکەر، لە ڕاچەنین و ڕاسانەوەدا بووە.
کورد و نیشتمانەکەی، یەکێک لە بێکەسترین و بێبەشترین گەلانی سەرگۆی ئەم زەوییە پانوپۆڕەیە و هۆکاری ئەوەش، سەرڕاستنەبوونی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و زلهێزە بەرژەوەندیخوزاەکانی ویژدانتۆپیوی دنیایە. ئەگەر ویژدانی مێژوو "دیوانی داد" بایە، دڵنیام کە مێژوو سەدان جار، خۆی خۆی شەرمەزار دەکرد. هێندێک فاکتەریش هەن، کە نێوخۆیین و بەداخەوە دڵڕەشیی کورد لە ئاست یەکتر و نەبوونی ستراتیژیی هاوبەشی بزاڤی سیاسیی کورد، لە هەر چوار بەشەکەی کوردستانە.
ئەحمەدی خانی (١٦٥١ـ١٧٠٧) شاعیر و نووسەر، ڕووناکبیر و بیرمەندی گەورەی کورد، نزیک بە چوارسەد ساڵ لەمەوپێش، پەی بە پرشوبڵاوی و نەبوونی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد بردوە و بە دەنگی زوڵاڵ و بەرز، وەک شاعیرێکی مەزنی نەتەوەیی، هاواری کردوە:
"گەردێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤیکرا بکرا مە ئینقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیا ژمە را دکر غولامی
تەکیل دکر مە دین و دەولەت
تەحصیل دکر مە عیلم و حیکمەت"
ئەم سکاڵایەی ئەحمەدی خانی پاش نێزیک بە چوار سەدە، دیسانەوە لە شێعری شاعیرێکی نەترس و دەروەستەی وەک "جەلال مەلەکشا" و لە چیرۆکە شێعری "دارەپیرە"دا کە باسی غەدر و خەیانەت لە یەکترکردن دەکات، دووپات دەبێتەوە؛ بەڵام لە فۆرم و قالبێکی دیکەی شێعر، زمانێکی ڕەوانتر و پەتی تری شێعری کوردی.
سەرەڕای کێشە نێوخۆییەکانی کورد لەگەڵ خۆیدا، بەڵام ڕووناکبیران، نووسەران و بەتایبەت شاعیرانی کورد، بۆ تەنیا ساتێکیش خۆشەویستیی نیشتمانەکەیان، نەک تەنیا لەبیر نەکردووە، بەڵکوو بەتەواوی هێزی هزری ڕووناکبیری و نیشتمانیان وەک "پیرۆزی"یەکی ئەبەدی، لە دووتوێی بەرهەمەکانیان و بەتایبەت لە سینگی ڕەنگاڵەیی شێعرەکانیاندا پاراستوە و بەردەوام، لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواری، هەوڵی بێوچانیان بۆ بە تەبەڕوککردنی نیشتمان داوە.
لەڕاستیدا، مێژووی "ئەدەبی بەرگری"ی کورد، لە قۆناخی یەکەمدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاعیری مەزنی کورد، حەزەرتی "ئەحمەدی خانی". چونکە، خۆشەویستیی ئەو بۆ نیشتمان لە شێعرەکانیدا ڕەنگە پڕڕەنگترین دیمەنی شێعرەکانی بن. بەدوای ئەویشدا، شاعیری گەورەی کورد" حاجی قادری کۆیی" ئاڵاهەڵگری تەریقەتی ئەحمەدی خانییە تا دەگاتە قۆناخەکانی دواتر و ئێستامان.
ئاکۆ ئەلیاسی، شاعیر و نووسەر
نیشتمان، چەمکێکی مێژوویی دانەبڕاو لە شێعری جەلال مەلەکشادا
گەلی کورد بە درێژایی مێژووی خۆی و هەتا ئێستا، هاوارێکی دانەبڕاو بووە و هەیە، کە بەردەوام لە گەرووی شێعرەوە، گیانی نەسرەوتووی بە بەر ئەو ئەڵها ڕەوایەی خۆیدا کردوە. شێعر لە مێژووی بزووتنەوەی حەقخوزانەی سیاسیی نەتەوەی کورددا یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگ و پتەوەکانی مێژووی ئەدەبی کوردییە.
سەرەڕای ئەوەی کە شێعر وەک توخم و ڕەگەزێکی ناسک، کە لە خەیاڵ و فانتازیای مرۆڤەوە، لە ڕێگەی زمان و دەربڕینی وشەوە سەرچاوە دەگرێت و وەک پرەنسیپ، دەبێ زیاتر تێکەڵاوی ڕۆحی جوانییەکانی سروشت بێت، بەڵام شێعر وەک ژانرێکی ئەدەبی، لە مێژووی کورددا، سەرەڕای بەجێهێنانی ئەو ئەرکە سروشتییە، لە پاراستنی ناسنامە و کەسایەتیی نەتەوەیی کوردا دەوری گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە و دەیگێڕێ. ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی و بەتایبەت، شێعری فۆلکلۆری کوردی، لە پاراستنی زمان و کولتووری ڕەسەنی ئێمەی کورد، تۆرەمە بە تۆرەمە و نەوە لە داوای نەوە، سینگ بە سینگ لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هاتوە و دەستاودەستی پێ کراوە، کە لە توخمە سەرەکییەکانی ئەوە ئەدەبە فۆلکلۆرییەدا، سیمای قەڵغانێکمان بەرچاو دەکەوێ، کە لە پاراستنی زمانی کوردیدا کاریگەرترین چەکی پیرۆزی بەرگریی بووە، تا ئەوکاتەی کە شێعری کوردی، پێی ناوەتە قۆناخی نووسینەوە.
بۆیە شاعیرانی یاخی و بزێوی کورد، لە قۆناخە جیاجیاکانی ژیانی سیاسیی نەتەوەکەیاندا گرینگترین ئەکتەر و کەسیایەتییە بوێر و خودان جەربەزەکانی نەتەوەکەیان بوون.
جەلال مەلەکشا، شاعیرێک لە ڕەگەزی لووتکە بەرزەکانی چیای هەردەم بە پێوەبوون و بوێری، لە ڕەگەزی بەفر و ئاگر و خۆبەدەستەوەنەدان، لە تۆرەمەی ڕووناکی دژ بە تاریکی و شاعیرێک، کە نیشتمان، لە "بوونی"دا، سەرچاوەی دڵۆپ دڵۆپ خوێنی شاڕەگەکانی گیانیەتی، یەکێکە لەو هۆنەرانەی وێژەی هاوچەرخ و نوێی نەتەوەی کورد، کە لە ڕێگەی هۆنینەوەی هۆنراوە ئاگراوییەکانی و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی، مێژووی هەرمانی بۆ خۆی و شێعرەکانی تۆمار کرد.
لەدایکبوون و هاتنە نێو شێعری شۆڕشگێڕیی مامۆستا جەلال مەلەکشا، هەم لە کات و ساتی خۆدا بوو و هەمیش پێویستییەک بوو، کە ئەدەبی بەرگریی کورد، پێویستی پێ بوو. من لێرەدا نامەوێ لەسەر فۆرم و شێوازی شێعری شاعیری گەورەی کورد، مامۆستا جەلال مەلەکشا لەڕووی داڕشتن، تێکنیک، ستاتیکا و زمانی شێعریی جەلال مەلەکشا بدوێم، بەڵکوو هەوڵ دەدەم، بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک لە شێعرە نیشتمانییەکانی، باسی پێگەی پیرۆزیی خاک و نیشتمان، لە هیندێک لە شێعرە شۆڕشگێڕییەکانی ئەو شاعیرە مەزنەی کورددا بکەم. ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی وردتر بەو بەستێنەدا قووڵ و چڕوپڕتر بە ناخی ئەو بەشەی لە شێعرکانی مەلاکشادا بچینە خوارێ، ئەوە بێگومان پێویستی بە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیەک زۆر قووڵ و خەستتر دەبێ، کە مەودا و پانایەکیی بەرفراوانتر لەخۆ دەگرێت.
ئەگەر مەبەستی ئێمە دوان لەسەر نیشتمان، لە شێعری جەلال مەلەکشادا بێت، ئەوا "کوردستان" سەرتۆپی هەرەبەرزی لووتکەی ئەو چەمکەیە. گرنگیی نیشتمان لە شێعری جەلال مەلەکشادا، لە قووڵایی و ڕیشەی مێژووی وڵاتەکەیەوە سەرچاو دەگرێت. جەلال، لە لایەکەوە باسی دابەشکردنی نیشتمانەکەی "کوردستان" دەکا و لە لایەکی دیکەشەوە، وەک شاعیرێکی جەربەزە و دەروەست، ئەو خەونە نەزۆکانەی داگیرکەران دەکاتە سەر بڵقی ئاو، کە بە خەیاڵی خۆیان گەرەکیانە، کوردستان و مێژووەکەی، بە لەتوپەتکردنی بتوێننەوە. ئەوەتا، لەم شێعرەدا، پەیمانێکی زۆر ڕوون و دیارە و لە کۆتایی پەیامەکەشی بەڕووی هیوایەک لە دڵی مێژووی خاکەکەیدا دەچێنێ، کە دەبێت بە دەماری خۆشەویستیی ناخی خاک کە لە بن نایە:
" مێژوو دەڵێ
سەدان کەڕەت
گۆڕەپانی منیان کردە جەهەنەم و
وڵاتێکیان تیا هەڵقرچان!
بەڵام هەرگیز نەیانتوانی
دوو دیاردە
لەسەر سینگم بسڕنەوە
یەکیان کورد و
ئەویتریان
وشەی پیرۆزی کوردستان".
جەلال مەلەکشا، بەم شێعرەش سوکنایی بە دڵیدا نایەت و نەختێک قووڵتر دەچێتە بنج و بنەوانی مێژووی نیشتمانەکەی "کوردستان" و لە شێعری "کوردستان"دا، باسی پرۆسەی لەدایکبوونی نیشتمانەکەی لەسەر سینگی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و بە زمانی ساکاری شێعر لە شێعری " کوردستان"دا، بەم جۆرە دێتە دەنگ:
"کاتێ پێنووسی چارەنووس
کەوتە گەڕان،
لە دوای ئەوەی نەخشەی عەرد و دنیای نەخشان
کە گەیشتە لای خۆرهەڵاتی نێوەڕاست
لەسەر خاکێک
ساتێ ڕاما
نازانم بۆ ...
کەوتە لەرزین
دڵی شکا
دڵۆپێ خوێن
بەسەر ئەم خاکەدا تکا
جێرا هاتن
دەوریان تەنی
شەقڵیان کرد
بە پەڕژین و موورد و تێمان
گەڕان ناوێک بدۆزنەوە
فرمێسکی چاوی گەردوونی
تیا بگونجێ
ئینجا هاتن
ناوی ئەو خاکە سوورەیان
نا،
کوردستان"!
خەمباری خاڵیكی دانەبڕاوی نەخشبەستووی نێو تەوێڵی شاعیری ئازادیخواز، جەلال مەلەکشایە. هۆکاری ئەم خەمبارییەی خەمباربوونی نیشتمانەکەیەتی. شاعیر باوەڕی قووڵی بەوە هەیە کە، ئەو کاتێک شاد و لێو بە بزە و کەنینە کە نیشتمانەکەی ئازاد و سەربەست بێت. ئەوەتا لە شێعرێکی دیکەیدا ڕاستیی بیرکردنەوەی ئەم لۆژیکەی، زۆر بە ئاشکرا دەرداخات کە دەڵێت:
"لێم مەپرسە بۆ ناشادی
دەیان ساڵە
چاوەڕوانم
کە نیشتمانم هەڵمژێ
شنەی شەماڵی ئازادی".
واتا کاتێک ئەو وەک تاک ئازادە، کە نیشتمانەکەشی ئازاد بێت.
ئەم ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، کە لە ژیانی تایبەتیی خودی شاعیریشدا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە، واتە قسەی دڵ و زمانی یەکە. جوانی و خۆشەویستیی جەلال لەوە دایە، کە شێعرەکانی ڕەنگدانەوەی ڕاستیی ژیانی خۆیەتی و لە پەنجەرەی تێڕاونینی شاعیرانەی ئەوەوە، زۆربەی هەر زۆری تاکی کورد، خاوەنی هەر هەمان بارودۆخی سیاسی و تاکەکەسیشن کە ئەم دۆخە، لە بنچینەدا پانتایی دۆخێکی گەورەتر و بەرفراونتر پێک دێنێ، کە ئەویش دۆخی "نیشتمانە".
جەلال، شاعیری یاخی و نەسرەوتوو بەدوای ئازادیی نیشتمانەکەیدا، هەر بەوەوە ناوەستێتەوە، بەڵکوو بە هێنانەوەی ئارگۆمێنتی لۆژیکییانە تێدەکۆشی بە دوژمنی داگیرکەر، دوژمنێک کە نیشتمانەکەی جەلالی پێپەست و دابەش کردوە، بە زمانی شێعر تێ بگەیەنێ، کە خودان نیشتمان بوون تەنیا تایبەت بە مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو هەموو گیانلەبەرێکی دیکەی سروشت، بەپێی یاسا سروشتییەکان، خاک و ئاو و نیشتمانی خۆیان هەیە، کە بکارن لەودا ئۆقرەی خۆیان دەستەبەر بکەن و نووچێكی تێدا بدەن و بەبێ خەم و دڵەڕاوکێ، سەرخەوێکی تێدا بشکێنن، دوور لە هەر چەشنە گرژی و تێکهەڵچوونێک کە ئەنجامەکەی خوێن و کوشتن بێت. چاو لێ بکەن کە هاواری ئەم شاعیرە چەندە ڕوون و پاک و داواکەی چەندە سروشتی و ڕەوایە، کە دەڵێت:
"لەم جیهانە
پەلەوریش
نیشتمانی بۆ خۆی هەیە
دارستانێ، تاقەدارێ
ئاوراش بێ
نێو ئەشکەوتێ، بن پاسارێ
چۆن شێت نەبم،
نەچم بە گژ کوێستانا و
چوارڕێیانی گەردوون نەگرم
هێشتا بستێ خاک شک نابەم
تێیا بژیم
تێیا بمرم".
لەم شێعرەدا، نەبوونی خاک، هەر هەمان نیشتمانی شاعیرە، شاعیر تووڕە دەکات، تووڕەییەک، کە شەپۆلی هەڵچوونەکەی، دەدات لە کەنارەکانی بەندەری بارگای گەردوون و ناڕەزایەتیی خۆی بە گوێی گەردوون ـ کە مەبەستی خودایەـ دەگەیەنێت و زۆر بە ڕوونی، ڕەخنە لە یاسای نابەرابەری لە ڕەچاونەکردنی دادگەری، هەتا لە ڕووانگەی هێزی ئیلاهییەوە دەگری و گازندەی خۆی دەردەبڕێ.
ئەمە سەنگ و بەهای پیرۆزیی نیشتمان، لە لای شاعیر بەرجەستە دەکات.
جەلال مەلەکشا، وەک زۆربەی هەرە زۆری شاعیرانی شۆڕشگێڕی کورد بە کردەوە، باوەڕی بە سنوورە دەستکردەکان نیە. بەگژ ئەو خودا و یاسا و ڕێسایانەشدا دەچێتەوە کە یاسای سنووربەندییان لەسەر سینگی خاکی نیشتمانێکی هاوبەش داناوە و مناڵ و ژن و کاڵ و هەموو کۆمەڵگە لەڕێگەی بەکارهێنانی زەبروزەنگ و خوێن و جەنگ ناچار دەکەن، ملکەچی ئەو یاسا زۆرەملێیە، کە دوورە لە مۆراڵی مرۆیی بکەن. بەڵام شێعر وەک توخمێکی کاریگەر، شاعیر وەک بوونەوەرێکی خاوەن هزر و بە ئاوەز، لە هەموو ئەو یاسا زۆرەملێ و دەسکردانە، نەتەنیا بێزارە، بەڵکوو ڕێگای یاخیبوون بۆ شکاندنی قودسییەتی ئەو سیستەمە تۆتالیتەرە بە بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لە چەکی کاریگەری شێعر، ڕیگای بەگژداچوونەوە هەڵدەبژێردرێت. جەلال، وەک شاعیرێکی یاخی و یاساشکێن، خوازیاری هەڵگرتنی تێلبەندی سنوورە دەستکردەکانی نیشتمانەکەیەتی. دیسانەوە نیشتمان لێرەدا، بۆتە خەمی قووڵ و سترێسی گەورەی جەلال، بۆیە پڕ بە گەروو هاور دەکات:
" کێ مافی داوە بەم جەردانە
ئاسمان و زەوین و دەریاکان دابەش کەن؟
کێ بەر درەوشانەوەی هەتاوی گرتوە
کێ ئیزنی پێداون
تیشک لە باڵندە دابڕ کەن؟
سیمای ڕۆژ بە چڵکی هەناسەی خۆ ڕەش کەن؟
من سنوور ناناسم!
پێم خۆشە هەڵبفڕم
لە گوانی کامە هەور زۆر تەڕە
پاراو کەم ئەم ڕۆحە شەقارەم.
پێم خۆشە
یاسای دەستکردی چی خواوەندی زەوینە
پێشیڵ کەم
بڕۆم و لە نێوان دوو هێمتی دنیادا ڕاوەستم
بست بە بست سەرتاپای نیشتمان
بکەم بە هێلانەی ئەم جەستە ئاوارەم"!
ئەگەر زۆربەی بزووتنەوە سیاسییە ـ چەکدارییەـکانی کورد، بە هێنانەوەی ئارگۆمێنتی ئەو لۆژیکە لە سیاسەت، کە گوایە، نیشتمانی کوردان "کوردستان" بەپێی ژێئۆپۆلیتیکی سەردەم، وەک ڕاستییەک بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەری تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کراوە و ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوانە، لە بازنەی زەماندا هەوڵیان داوە، کۆمەڵەگەی کوردەواری بەو فاکتە بە ناو سیاسییانە، ڕازی بکەن، بەڵام لە ڕوانگەی شاعیری سەربزێوی ماندوونەناسی هەدانەدرەوە ئاوەزی ئەو لۆژیکە، ڕەت دەکرێتەوە و تەوژمی تینی ئاگری سەربەخۆییخوازی و پووچەڵکردنەوەی ئەو سنوورە دەستکردانە، لە کوورەی گەرمی هەستی ناسیۆنالیستیی شاعیری نەتەوەخوازدا دەمێندرێت. لە کاتێکدا کە ڕێبەرانی سیاسیی کورد، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ تەسلیمی سیاسەتی داگیرکەران بوون و دەیانەوێ "سنوورە تێلبەندەکان" لە شعووری سیاسیی کۆمەڵگەی کوردا جێ بخەن، بەڵام بڕوانن، هەتا ئێستا گەر ئەو "خەنە شاعیرانە" لە سەردەمی ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی تا دەگاتە جەلال مەلەکشا، بووە، نەیانهێشتووە خەونی داگیرکەرانی کوردستان وەدی بێن. بڕوانن جەلال، لە شێعری "ئاواتێک"دا چۆن بێباکانە، "کاوەی کوڕی" بە نوێنەرایەتیی سەرجەم گەلی کورد، دەکاتە گوێگری خۆی و بە گەروویەکی ساف و بێگەرد و تژی لە وشەی حەق، بانگی یەک سنووری دەدا و دەڵێ:
"ئاخۆ ئەبێ
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
هاوار بکەن
سلێمانی، سلێمانی"!
ئەم شێعرە، دروشم نیە، بەڵکوو ڕاستییەکە، کە تەنیا زمانی شێعر دەرەقەتی دێت. دەرقەت بەو مەبەستەی کە لە ڕێگەی هونەری زمان و دەربڕینی ویستێک، کە ویستی زۆربەی هەرە زۆری گەل و نەتەوەیە. لێرەدا شێعر ئەو ڕەگەزە یاخییەیە، کە بەداوی ڕاوی هیچ ئیدئۆلۆژییەکدا کەوی و دەستەمۆ نابێت! گرنگیی هونەری شێعر، وەک کاریگەرترین چەکی بەرگری، مەزنییەکەی لێرەدا واڵاتر خۆی دەنوێنێ.
جەلال و خۆشەویستیی خاک و نیشتمان
نیشتمان، لە شێعری جەلال مەلەکشادا، وەک هەناسەی بەردەوامی ئەوە بۆ ژیان. ئەگەر حەز و خۆشەویستیی جەلال بۆ نیشتمانەکەی، لە شێعرەکانی ئەودا هەڵاوێرین، باوەڕ ناکەم، شێعری مەلەکشا، ئەو جوانی و دڵچەسپی و دڵگیرییەی وەمێنێ، کە ئێمە چاوەڕوانیمان لێی هەیە. هەر بۆیە زۆر جار وەک لە شێعری زۆر یەک لە شاعیرانی دیکەی کورددا دەیخوێنینەوە، جەلال لە هیندێک شێعری خۆیدا، نیشتمانی لە خۆشەویستە تایبەتییەکەی خۆی لا گرنگترە. لە خۆڕا نیە تفەنگ، بۆ پارێزگاری لە نیشتمان لە شێعری مەلەکشادا جێگای دیاری هەیە.
دیارە جەلال کاتێک هانا دەباتە بەر تفەنگ، کە ڕێگایەکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە تا بە زمانی نەرمی شێعر، لەگەڵ داگیرکەری نیشتمانەکەی بکەوێتە وتووێژ و دیالۆگەوە. بۆیە ئەو لە دوورەوە ڕوو لە خۆشەویستەکەی دەکات و تاڵێ لە قژی نەرمی ئەو و ڕەقیی تاشەبەردێکی نیشتمانەکەی "کوردستان" بە تەواوی دنیا ناگۆڕێتەوە. ئەوەتا ئەو بڕیاری خۆی دەکاتە پەیامی دڵنیایی و بەڕێی دەکات بۆ دڵدارەکەی و ئەیژێ:
"دڵدارەکەم!
بۆ من مەگری
ڕاستە ئێستا
لە من دووری، لە تۆ دوورم
بەڵام گیانە!
بە شوێن دەنگ و ڕەنگی ونبووی خۆما وێڵم.
دڵنیا بە،
تاشەبەردێ نیشتمان و
تاڵی قژی تۆ بە دنیا ناگۆڕمەوە
هەرگیز، هەرگیز، کوردستان و خەیاڵی جێ ناهێڵم!
تۆ لە شاری، من لە کــوێستان
هەر شەو کاتێ
بە شـــریخەی دەنـگی تفـــەنگ ڕاچڵەکای،
ئەوە منــم
لە کـــوێســتانا
لەناو باخچەی کــــوردســتانا
گوڵی سەربەستی دەڕوێنم
گۆرانی عیشق و ئازادی،
بۆ کـــــــــوردستان،
بۆ تۆی ئازیزم دەخوێـــنم"
شاعیری چاونەترس، لەو هەڵوێستە بەرز و جەسوورانەیەی خۆی، مکوڕ و پێداگرتر دەبێ و بە زمان و ئیماژێکی ناتۆرالیستیانە، ڕەهایی خۆی دووپات دەکاتەوە ئەیژێ:
"من دارێکی باڵابەرزم،
گەرچی تووشی
مەرگەساتی وەرزی ڕەشم،
بەڵام هەرگیز
سەرم بۆ چیی دارکونکەرەی دنیا هەیه
دانانوێنم"
جەلال، باجی هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی و سەربزێویی شێعرەکانی، بە ئازار دەکڕێت.
جەلال، بۆیە بۆتە شاعیر، تا هەڵگری باری دەرد و ئازاری خەڵکی هەژار و چەوساوەی نیشتمانەکەی بێت. نیشتمان بۆ ئەو هاژەی ڕووبارێکی بێ کۆتاییە، کە سەرچاوەی ئەو لەبننەهاتوویە، دەگەڕێتەوە بۆ ئۆقیانووسێک لە خۆشەویستی بۆ زێد و میلکانەکەی. شاعیر کەسێکی بەرپرسیار و پێشەنگی نێو کۆمەڵگەکەیەتی. ئەو داکۆکی لە ئازادیی خەڵکەکەی و نیشتمانەکەی دەکات. ئەگەر شێعر تاقەتی بەو خەباتە نەشکێ، ئەوا خۆی لە پێشدا چەک هەڵدەگرێ و دەبێتە پێشەنگی خەباتێکی بەکردەوە، تا ڕووناکی و ئازادی بگەڕێنێتەوە بۆ خاک و گەلەکەی، چونکە ئەو وەک کەسێکی بەرپرسیار و بە بەڵێن، بەڵینی بە گەلەکەی داوە. بۆیە شێعر و کردەوە و هەڵوێست لە ڕوونگەی جەلال مەلەکشاوە، سێ مەرجی سەرەکین. ئەو بە ئەرکی خۆی وەک شاعیرێک باش شارەزایە، بۆیە دەڵێت:
"بووم بە شاعیر
دەرد و ئازارم هەڵبژارد
لە کارگەی چەوساوەکانا
شێعرەکانم کردە تفەنگ
بەڵێنیم داوە چەپکێ تیشک
لە خۆت بدزم
بیدەم لە پرچی شەوەزەنگ".
شاعیر، نەتەنیا بە شێعر، بەڵکوو بە هەڵوێست و کردەوەش باوەڕمەندیی قووڵی خۆی بە نیشتمانپەروەری دەسەلمێنێ و لە ئاست هیچ شا و سوڵتانێک و فەرمانڕەوایەک، سەر نەوی ناکات. ئەو کوێستانی نیشتمان دەکاتە قایمترتن سەنگەر و پەناگە و لە ڕێی قەڵەم و تفەنگەوە، بەگژ هەموو ئەو کاراکتێرە ماف زەوتکەرە بێزراوانەدا دەچێتەوە و بە کردەوە پەیامی سەربزێوی و یاخیبوونی خۆی لەڕێگەی قەڵەم و چەکەوە، بەم جۆرە پێیان ڕادەگەیەنێت:
" کڵاوم لارە
قەڵەمەکەم
لە بەرامبەر
چی سوڵتان و فەرمانڕەوا و داگیرکەرە،
کڕنۆش نابات
هیچیش وەک ئەو
تفەنگە دەم بە هاوارە
والە پەنای قەڵەمێکدا
لەسەر پێیە
منی ئەوینداری وڵات
دڵخۆش ناکات"!
ئەمە پەیامێکی زۆر ڕوون و بێ گرێوگۆڵە، کە لە بیروباوەڕی قووڵی شاعیرێکی هەتا سەر ئێسقان باوەڕمەند بە نیشتمانپەروەری بە لرفەوە هەڵدەقوڵێ و لەپێناوی پارە و خۆش ڕابواردندا نەتەنیا خۆی و قەڵەمەکەی نافرۆشێت و لە ئاست ئەو کاراکتێرە داگیرکەرانە، ملکەج ناکات و چۆک دانادات، بەڵکوو بۆ بەربەرەکانێی ئەوان، بە دەستێک قەڵەم و بە دەستێکی دیکەی بە چەکەوە، لە هەمبەر شا و سوڵتان و فەرمانی ناڕەوای بەناو فەرمانڕەوا ڕادەچەنێ و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی، بە کردەوەی لێ دەکات.
مەلەکشا، هەڵگری پەیمان و بەڵێنییەکە کە بۆ ئەو، زۆر پیرۆزە و ئەگەر بۆ خۆشی بۆی نەکرا، ئەوا هەر سێ منداڵەکەی ڕادەسپێردرێت، کە قارەمانیەتیی خەباتە بەکردەوە چەکدارییەکەی، پاش خۆی بکەن بە هۆنراوە، هەر بۆیە ڕوو لە هەر سێ کوڕەکەی دەکات و دەڵێ:
" شاهۆ! کاوە!
من بەڵێنیم بە گەل داوە،
حەماسیەک بخوڵقێنن،
نیما بیکا بە هۆنراوە"!
تفەنگ لە شێعری جەلالی مەلەکشا، تەنیا کەرەستە و ئامڕازی بەرگری لە نیشتمانەکەیەتی، چونکە ڕێگای پێ نادرێت، لە ڕێگەی دیالۆگ و زمانی ئاشتییەوە، وەک ئاخێوەرێکی ئاشتیخواز بئاخوێ و گوێ لە خواست و داوا ڕەواکانی بگیردرێت. هەر بۆیە لە ڕووی ناچارییەوە، بۆ مانەوەی خۆی و پاراستنی خاکی نیشتمانەکەی پەنا دەباتە بەر تفەنگ و دەیهەوێ بە زەبری تفەنگ لە زمانی شێعرەوە، سنوورە دەستکردەکان بشێوێنێ. ئەو تەنیا لە خەمی بەشێک لە نیشتمانەکەیدا نیە، بەڵکوو هەڵگری خەمی هەموو بەشەکانی خاکەکەیەتی. جەلال، وەک شاعیرێکی سەربەست و ئازا، ئازایانە بیر دەکاتەوە و شێعر بۆ کوردستانێکی هاوبەش دەچڕێ.
نموونەی زەقی ئەم سترانە شێعرییە، لێرەدایە کە بە ناوی "من دڵداری کوردستانم" بانگەشەی بۆ دەکات:
" سنوورەکان بشێوێنن
من تامەزرۆی بۆن و تامی نیشتمانم
چۆن هەنگ شەیدای گوڵەباخە،
من دڵداری کوردستانم.
من ئەزانم
بەفر بۆ خوێن
چۆن باوەشی ئەکاتەوە
داربەڕووەکان بە کام تاوان ئەسووتێنن
من ئەزانم
مرۆڤ لەگەڵ بیری مەرگا چلۆن ئەژی
پەڵەنگ ناوی ڕق و کینە
لە کام کانی ئەخواتەوە
من ئەزانم
تینووەکان چۆن
مەمکی چیا ئەچەکێنن
کوێستان چۆن خوێن لە ڕوخساری ئەسڕێتەوە
دڵدارەکان
بە کام وشە دێنە بەیان
تفەنگ بە کام دەنگ و زمان
سیاچەمانەی لوردەواری ئەچڕێتەوە.
من دڵداری کوردستانم
من ئەمەوێ
لە شەقامە قۆرخەکانی دیاربەکرا
شمشاڵ لێ دەم
قام و حەیران بخوێنمەوە
لە چوارچرای مەهاباد
هەڵکەم ئاڵای کوردستان
لە قامیشلی هاوار کەم
لەگەڵ چینی کرێکارا
شاری کەرکوک،
بە مان گرتن بژوێنمەوە".
شاعیر، کولتووری سیاسی و زمانی لۆژیکی دوژمنی خۆی، هەم لە بواری سایکۆلۆژی و هەم لە بواری شێوەی هەڵسوکەوت، زۆر بە باشی دەناسێت. هەر بۆیە، سەرەڕای ئەوەی کە تفەنگ، بۆ پاراستنی نیشتمانەکەی، لە نەبوونی زمانی هاوبەشی دیالۆگدا، بە پێویستییەکی سەرەکی دەزانێت، تەنیا خۆی بۆ شێوازی بەرگری بە کردەوە ئەرکدار ناکات، بەڵکوو، شاعیرانی دیکەی هاوزمان و هاوڵاتیی خۆی، هان دەدات، کە لە کەشی سەرکوت و تۆقاندن، زمانی ئاشتیخوزانە، وەڵامدەر نییە، بەڵکوو شاعیرانی دیکەش ئەرکدار دەکات، کە هاوکات لەگەڵ شێعر، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیار و نەجاتی نیشتمانەکەیان، ئەوانیش چەک هەڵبگرن و تفەنگ لە شان بکەن. لە بەشێک لە شێعرێکیدا، کە بۆ شاعیری کۆچکردووی گەورەی کورد "شێرکۆ بێکەس" نووسیویەتی، ڕوو لە شاعیرانی وڵاتەکەی دەکات و پێیان ئەیژێ
"شاعیرانی وڵاتەکەم، پێتان دەڵێم
سەری شێعری بێ چەک دەبڕن
شێعری بێ خوێن
زەرد و بێ هێز و لاوازە
شێعرێ چیای تێدا نەبێ
سکی دەدڕن
پێتان دەڵێم
بۆیە شێعرم خوێناوییە و
سوورە ڕەنگم
من شاعیری نیشتمانی خوێن و کوێستان و تفەنگم".
نیشتمانپەروەریی خۆشەویستیی نیشتمان لە شێعرەکانی جەلال مەلەکشا، هەر هەمان ڕێچکەی خۆشەویستیی بۆ خاک و ئاوی زێدێکن، کە لە شێعرەکانی "هێمن و هەژار، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس" و دەیان شاعیری دیکە، تا دەگەنە شێعرەکانی ئەو، شۆڕ دەبنەوە.
جەلالی مەلەکشا، لەگەڵ دەرد و مەرگ و هەژاری و ڕۆژڕەشیی نەتەوەکەی نەتەنیا زۆر ئاشنایە، بەڵکوو ئەو بۆ خۆی یەکێک لەو کەسانەیە، کە تا سەر ئێسقان، هەستی بە هەژاری، ڕۆژڕەشی و بێبەشیی نەتەوەکەی کردوە.
لە بەشێکی زۆر لە شێعرەکانی زۆر جار، چاومان بە مۆنۆلۆگێکی تاکە کەسیی دەکەوێت، واتا خۆی لەگەڵ خۆی دەدوێ، بەڵام لە ڕاستیدا، مەبەستی سەرەکی، گەلەکەیەتی، کە بۆ خۆی نموونەی زیندووی ئەو ڕاستییە تاڵەیە.
جەلال لەنێو دڵی نیشتماندا ژیا و لەپێناوی ویست و داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکەی، لە ڕێگەی هونەری دەربڕین و شێعرەوە جەنگا و لە ئاکامیشدا هەر بۆ ئەوان مرد. هەر بۆیە، لە کاتی مردن و بە خاکسپاردنی تەرمەکەیدا وەفاداریی خەڵکمان بە شاعیرە نەترسەکەیان بینی! شێعرەکانی جەلال مەلەکشا، دەربڕی هەڵوێستەکانییەتی ئاوێنەی باڵانوێنی ڕاستیی تاڵی نەتەوەکەیەتی. لە کۆی شێعرەکانی مەلەکشادا، نیشتمان، خاک، تووڕەیی، کوێستان، چەک، ڕووبار، شمشاڵ، گوڵ و ... هتد، دیارترین سیمبۆل و توخم و ڕەگەزەکانی شێعریی ئەو پێک دێنن.
بێگومان، باسکردن و شرۆڤە و شیکاریی لەم ڕەهەندەی شێعری جەلال، زۆر زیاتر لەمە هەڵدەگرێ. ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی زۆر خێرا و سەرپێی لە نێوان شاعیرانی مێژووی شێعری بەرگریی لە جیهاندا بکەین، بە باوەڕەوە ئەوە دەڵێم، کە جەلال مەلەکشا، هیچی لە شاعیرانی ئەو بوارەی وەک: "شئاندرۆپتۆڤیی مەجارستانی، لۆرکای ئیسپانیایی، ڕامبۆ، مەحموود دەرویش، غەسان کەنەفانی " و زۆر شاعیری دیکە ئەگەر زیاتر نەبێ، کەمتر نیە.
شێعری جەلال مەلەک شا فرەڕەهەند و زۆر چەشنە، هەر بۆیە بۆ هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنەکانی شێعری ئەم شاعیرە نیشتمانپەروەرە، پێویست بە لێکۆڵینەوەیەک چڕ و پڕی هەمەلایەنەی بە کۆمەڵ دەکات.
هێندێک وردە سەرنج:
ئەوەی کە دەڵێن جەلال مەلەکشا، شاعیری شێعری بەرگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بە باوەڕی ئەز، ئەمە هەڵەیەکی زەق و بەرچاوە کە بەئەنقەست، یان نەزانانە دەکرێت. چونکە ئەو هێڵکاری و سنووربەندییە لە خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەییماندا نیە. ئێمە ناکرێ بلێین "ئەحمەدی خانی شاعیری باکوورە"، "حاجی قادری کۆیی، ئی باشوورە" و "جگەرخوێن تایبەتە بە ڕۆژئاوا". ئەم هێڵبەندییانە، ڕەنگە لە نێوان ڕێبەرانی سیاسیی کورددا، بەپێی لۆژیکی سیاسەتی ئەوان بگونجێندرێت، بەڵام بۆ شاعیرانی شۆڕشگێڕ و نەتەوەییمان، هەڵەیەکی مەترسیدار و کوشەندەیە!
لە پێوەندیی لەگەڵ زمانی شێعریی جەلال مەلەکشادا دەبێ بڵێم، شاعیر چونکە لەنێو کۆمەڵگەکەی خۆیدا ژیاوە، زۆر بە باشی ئەو کۆمەڵگەیە دەناسێت، هەم لە بواری دەروونییەوە و هەمیش لە بواری هزری و شێوەی بیرکردنەوەیان. لەوەش گرنگتر، شارەزایی لە زاراوە و بنزاراوە و زمانی کوردی بەگشتی، کە شاعیر زۆر بە باشی دەسەڵاتی بەسەر زمانی دایکیی خۆیدا دەشکێ. هەر بۆیە ئەو لە هەمانکاتدا کە سادە دەنووسێ، بەڵام جۆرێک دەنووسێ، کە ناخی کۆمەڵگە دەهەژێنێ. ئەو بۆ سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی نەتەوەکەی شێعر دەنووسێ. هەر بۆیە زۆر بە باشی پێشوازیی لە هەڵبەستەکانی دەکرێت. تۆخیی زمانی ڕەسەنی کوردی، لە هەموو دەقە شێعرییەکانی جەلال مەلەکشادا، وەک زوڵاڵیی ئاوی کانیی بەرمانگەشاوی کوێستانی کورد، ڕۆشن و دیار و خویایە.
زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە سادەنووسی لە شێعردا، نەتەنیا هونەرێکی سادە و سانا نییە، بەڵکوو زۆر دژوار و چەتوونە! چونکە شێعری جەلال، چەندە بە زمانێکی سادە نووسراوە، بەڵام هەڵگری نێوەڕۆکێکی زۆر بەهێز و دەوڵەمەندیشە و پەیامێکی بەرز و ئینسانییە.
هیوادارم، لێکۆڵەران و پسپۆڕانی بواری وێژە و ئەدەبی کوردی و بەتایبەت، شارەزایەنی بواری هونەری شێعر، لە داهاتوودا بتوانن هەڵسەنگاندنێکی زۆر وردبینانە و هەمەلایەنانە بۆ شێعرەکانی شاعیری شۆڕشگێر و نیشتمانپەرەوەری کورد، مامۆستا جەلال مەلەکشا بکەن.