کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ڕزگاری دەبێ ئیرادە بۆ خەڵک بگەڕێندرێتەوە

12:52 - 17 جۆزەردان 2725

بۆ ڕزگاری دەبێ ئیرادە بۆ خەڵک بگەڕێندرێتەوە

هەردی سەلیمی

بابەتی وتووێژ لەسەر پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نێردراوانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، دوو مانگە لە ژوورە داخراوەکاندا بەڕێوە دەچێ. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەتی ئەمریکا مۆڵەتێکی یەک ‌مانگەی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردبوو و بە پێی ئیدیعاکان لە ئەگەری ڕێک‌نەکەوتنیان‌، هێرشی نیزامی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتەی لێ دەکەوتەوە. هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو ڕاستییانەی وا پێویستە خەڵک بیزانن، ڕوون نیە و هەر جارە یەکێک لە نوێنەرانی ئەو دوو دەوڵەتە دێنە بەر شاشە و شتێک دەڵێن و پاش ڕۆژێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەدی دەکەنەوە؛ لە ڕاستیدا سەرقاڵییەکیان بۆ ئاژانسە هەواڵدەرییەکان ساز داوە و شرۆڤەکاری سیاسییش بەدوایاندا دێن و خەریکی لێکدانەوە دەبن. ئەوەی لەم نێوەدا لە هەمووی ناڕوونترە، چارەنووسی خەڵکی ئێرانە.

لەم چەند دەیە کە لە تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبێ، گەورەترین زیانەکان بەر خەڵکی ئەم وڵاتە کەوتوە. لە گرتن و کوشتن و بڕینەوە بگرە هەتا برسییەتی پێ‌چەشتن. نە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لە ڕێی پیتاندنی ئۆرانیۆمەوە قازانجێک بە خەڵک بگەیەنێ و نە تیمی وتووێژکەری بەرامبەریشی باسێک لە خەڵک و چاوەڕوانی و مافەکانیان دێنێتە گۆڕێ.

گەر لە نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەرەوە کولتووری کاری سیاسیی بەکۆمەڵ و فەرهەنگی حیزبایەتی هاتە نێو ئێرانەوە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەشێک لە عاملییەت یان لانی‌کەم هەستەکەی بۆ مرۆڤ و کاری بەکۆمەڵ گەڕاوەتەوە، بەڵام ڕێژیمی پەهلەوی و بەتایبەتیتر کۆماری ئیسلامی ڕێک دەستیان نایە سەر ئەم بەشە و بە سەرکوتی ڕەهای حیزبە سیاسی و تەنانەت ڕێکخراوە کولتووری و پیشەیییەکانیش، هەوڵیان داوە ئەو ئیرادە کۆمەڵایەتییانە لەنێو بەرن، هەتا ئەو جێیەی کە لە ئەمڕۆدا زۆر ڕووناکبیر و نووسەر و چالاکی مەدەنی و... بەشانازییەوە باس لە "سەربەخۆبوون"ـی خۆیان دەکەن، بە واتایەکی تر شانازی بە تەنیایی خۆیانەوە دەکەن! کە کێ هەیە نەزانێ کونترۆڵ‌کردنی مرۆڤێکی خاوەن‌بیر و بەهەڵوێستی تەنیا زۆر ئاسانترە بۆ دەسەڵاتێکی سەرکوتکەری وەک کۆماری ئیسلامی، هەتا ئەوەی بیهەوێ کۆمەڵێک کەس سەرکوت بکات و بیری هاوبەشیان لەنێو بەرێ؟

ئەم دۆخەی ئێستا ڕەگێکی لە مێژووشدا هەیە. لە ڕووی مێژوویییشەوە چاو لێ بکەین، خەڵکی ئێران هەمیشە چاوەڕوانی ڕزگاریدەرێک بوون کە بێ و لەو دۆخەی تێی‌دان ڕزگاریان بکات! جا ئەم ڕزگاریدەرە یا ئیمامی زەمان بووە، یان سپای وڵاتێکی تر بووە، یان کەسێک بووە کە بوتی لێ ساز کراوە و لە مانگدا بۆی گەڕاون! لەخۆڕا نیە کە "ئەخەوانی سالس" دەڵێ: "کاوەیەک پەیدا نابێ، خۆزگە ئەسکەندەرێک هاتبا..." ئەم باوەڕە بووەتە بەشێک لە ژێنێتیکی مێژووییی خەڵک و هەموو ئاواتەکانیان لەسەر هەڵچنیوە. لەم نێوەدا کۆماری ئیسلامییش ئەم باوەڕەی زیاتر پەرە پێ‌داوە و تێفکرینی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتەی لە هۆکاربوونەوە بۆ بەرکاربوون گۆڕیوە.

لە وەها دۆخێک‌دایە کە خەڵکی ئەو وڵاتە هەست بە تەنیامانەوەی خۆیان دەکەن و هەمیشە چاویان لە دەستی ئەوی‌دییەکە بێ و ڕزگاریان بکات. تەنانەت ئەم باوەڕە لە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕیژیمیشدا بەهێزە و ئەوانیش هێندەی دی خوێن دەگەیەنن بە جەستەی ئەم بیرۆکە پاسیڤە. ئەوانیش بە داتاشینی بەناو ڕزگاریدەرێک و بە گەرم‌کردنی بازاڕی هێرشی نیزامی و... خەڵک لە هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان سارد دەکەنەوە.

دەبێ چ بکرێ؟ پێش لە هەر شتێک دەبێ بزانین سیاسەت مەیدانی خەبات و گۆڕانە، جا ئەو گۆڕانە بنەڕەتی بێت یاخود ڕێژەیی، شتێک لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە سیاسەت بۆ خولقانی گۆڕانە. پێویستە پرسی سیاسی ببێتە پرسی سەرەکیی خەڵک، هەر لەم ڕێیەشەوە ئیرادە و هەستی بکەربوون بۆ خەڵک بگەڕێندرێتەوە. یەکێکی تر لەو پێویستییانەی لێرەدا دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە وشیاری و ئاگاداری بە خەڵک بدرێ، واتە خەڵک بزانن چی بەسوودە بۆیان و چی زیانی هەیە بۆیان، بەم پێیە ڕێکارێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی قازانج و سوودەکە لە خۆیان نزیک بکەنەوە و زەرەر و زیانەکەش لە خۆیان دوور بکەنەوە. بابەتێکی تر کە لێرەدا گرنگە باس بکرێت ئەوەیە کە بۆ چوونە نێو مەیدانی سیاسەتەوە کە وەک گوترا بەرەو گۆڕانمان دەبات، پێویستە لە کەرەسەی سیاسی واتە حیزب و ڕێکخراو و تەشکیلات کەڵک وەربگیرێ. کولتووری حیزبایەتی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک خەڵک بزانن چ ئامانجێکیان هەیە، چون ئەو حیزبەی کە هەڵیانبژاردووە جیهان‌بینیی خۆی، بەرنامەی خۆی، ئامانجی خۆی، هەڵوێستی خۆی، خوێندنەوەی خۆی بۆ بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دیاری و ویستەکانی خۆی فۆرموولە کردووە؛ کەواتە بۆ گەیشتن بەو گۆڕانەی وا لەبەرچاو گیراوە دەبێ لە کەرەستەی سیاسی کەڵک وەربگیرێ نەک بەتەنیا مانەوە و چاوی هومێد گێڕان.