
گۆدۆ نایە و چاوەڕوانی هەڵەیە
عەلی بداغی
لە کاتێکدا دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ناوکیی ڕێژیم لەنێو هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە یەکتری هەروا درێژەی هەیە و ئەگەری شەڕ و تێکهەڵچوونی نیزامییش هەروا لە ئارادایە، خامنەیی لە کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمەکەی پێداگرە کە هۆکارێک بۆ نەویکیشان و نەرمینواندن نیە، چونکی وڵات کەمترین کێشە و ئارێشەی تێدا نیە و نیزامی سیاسی گەیوەتە لوتکە!
هەڕوگیڤەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە هەر ئێستا مانگرتنی سەرانسەریی شۆفیری بارهەڵگرەکان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەوپەڕی خراپیی دۆخی ژیانیان چووەتە سێهەمین حەوتووی خۆیەوە و لە زۆر شوێن و ناوچەی دیکەی وڵاتیش مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان بەردوامن. ڕێبەری ڕێژیم هەروەها لە کاتێکدا حاشا لە کێشە و ناڕەزایەتییەکان دەکا کە پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکانیشی بەهۆی قەیرانە نێوخۆییەکان و یەک لەوان پچڕانی کارەبا دەبنە گەپجاڕی خەڵک، وەک ئەوەی بە نیوەچڵ مانەوەی نواندنی جەحەننەمی دەسکردەکەی سپای پاسداران لە شاری "فومن" ڕووی دا.
خامنەیی لە کاتێکدا وەک کەو سەری لە بەفر ڕۆ کردوە کە قەیرانی ئابووری و بژێوی ژیان بڕستی لە خەڵک بڕیوە و لەو سۆنگەیەوە هەم تاوانە کۆمەڵایەتییەکان هەڵکشاون و هەم خۆکوژییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکەن. لاوان بە تایبەت دەرچووانی زانکۆ بەهۆی بێکاری و دانەمەزران و خۆنەدیتنەوە لە بازاڕی کار ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بێهیوایی بەرۆکیان دەگرێ و ئەوەی بتوانێ بارگەوبنەی لە وڵات تێکەوە دەپێچێ هیچ، ئەوانی دی دەبێ بە دەردی خەمۆکی و تەمابڕاوی بتلێنەوە؛ ئەویش لە کاتێکدا مافیاکانی دەسەڵات بە ڕانت لەو سیستمیە ئابوورییە گەندەڵەدا هەموو سەروەت و سامانی وڵات هەڵدەلووشن.
سەرکوتی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوە ژێردەستەکان، سەرکوتی کەمایەتییە ئایینییەکان و سنووردارکردنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵک، سەرکوتی خوێناویی هەر ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانێک و گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکانی مەدەنی و سیاسی بەشێکی دیکە لەو کێشە و ئارێشانەن کە جەنابی خامنەیی گوایە نایانبینێ و حاشایان لێ دەکا. وادیارە خامنەیی مەودای قووڵی نێوان خەڵک و دەسەڵات و هەر لەجێدا تێپەڕینی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی نابینێ و چاوی لە گەورە قەیرانەکانی ژینگە وەک کەمئاوی و تەفروتوونابوونی سەرچاوە سروشتییەکان لەسۆنگەی ناکارامەیی و ستراتیژیی چەوت و هەڵەی ڕێژیمەکەی نووقاندوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو سەر لە بەفر ڕۆکردنە ئەوەی خامنەیی زۆر باش دەیبینێ ئەوەیە کە ڕێژیمەکەی شەرعییەتی سیاسیی لەلایەن خەڵکەوە نیە و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان جێی هیچ شک و گومانێک لەوەدا ناهێڵنەوە.
بەڵام ئەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و لە سەروو هەموویانەوە خامنەیی بۆچی دان بە کێشە و قەیرانەکانی وڵات دانانێن، وەڵامەکەی ڕوونە: پێش هەموو شتێک پڕوپاگەندە و کۆنتڕۆڵی شەقام و بیروڕای گشتی. کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە یەک لە ئامرازەکانی مانەوەی لە دەسەڵاتدا کۆنتڕۆڵکردنی مێدیا و ڕاگەیاندنە. بۆیە بە پێداگری لەسەر بەئاسایینیشاندانی دۆخی نێوخۆیی و بچووککردنەوەی گەورە قەیرانەکانی وڵات دەیەوێ بیروڕای گشتی لە شڵەژان و کاردانەوە خاو کاتەوە.ئەم رێژیمە دەیان ساڵە لە درۆ، چەواشەکاری و ئامارسازی و پڕوپاگەندەی بێبنەما بۆ شەرعییەتدان بە نیزامی سیاسیی وڵات بەتایبەت بە ڕووی دەرەوەدا کەلک وەردەگرێ.
هۆکارێکی تری ئیدیعاکەی خامنەیی بۆ ڕاکردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی دەگەڕێتەوە. سروشتییە بێتوو خامنەیی دان بە قەیران و کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتدا دابنێ، دەبێ بشڵێ کە سەبەب چین و پشکی ئەوان لەوان قەیراندا چیە و چەندەیە و بێگومان لە مێژووی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا ڕێژیم قەت بەرپرسایەتیی هیچ قەیران و ئارێشەیەکی قەبووڵ نەکردوە. هاوکات خامنەیی دەزانێ لە ئەگەری داننان بە کێشە و گرفتەکاندا و ورووژاندنی ئەو باسە و گەڕان بە دوای هۆکارەکاندا یەکگریی نێو قۆڵەکانی دەسەڵات ئەوەندەی دیکەش کێشەیان دەکەوێتە نێوان و هەڵوەرینەکان زیاتر دەبن. بۆیە ئەگەرچی بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێ، بەڵام بە پووشبەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕیوایەت دروستکردنی بەدرۆ دەیانەوێ هەیکەلی ڕواڵەتیی سیستمەکەیان قایم بنوێنن.
خاڵێکی تر پێوەندیی بە نێوەرۆک و ئایدۆلۆژیی نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە کە شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی بۆ ئاسمان دەگێڕێتەوە و ڕێبەری ڕێژیم خۆی بە نوێنەری خوا لەسەر عەرز و حکوومەتەکەی بە حکوومەتی پێغەمبەران گرێ دەداتەوە. سروشتییە کە داننان بە کەموکوڕی و شکستی سیاسەتەکانی نیزام دژایەتیی لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژی و وێژمانە دەبێ و باشترین چار هەر حاشاکردن یان تاوانبارکردنی دوژمنانی دەرەکییە! لەوەش بترازێ لە سیستمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیدا پێچەوانەی نیزامە دێموکراتیکەکان هیچ بەرپرس و دامودەزگایەکی حکوومەتی لە هەمبەر قەیران و کەموکوڕییەکانی وڵاتدا خۆیان بە وەڵامدەر نازانن و مێدیای ئازاد و ڕێکخراوی چاودێریی سەربەخۆش لە وڵاتدا نیە هەتا بتوانێ لەو دۆخە بپرسێتەوە، دەمێنێتەوە کاربەدەستانی ڕێژیم کە بۆخۆیان دەیبڕن و دەیدوورن.
لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا تاکەڕێگای کۆتاییهاتن بە قەیرانەکان تێکەوەپێچانی تەمەنی کۆماری ئیسلامییە و خەبات لەو پێناوەدا هەم پێویستی و هەم ئەرکی ئەخلاقیی تاک بە تاکی کۆمەڵگەیە. بۆیە پاڵوێکدانی خەڵک بە هەموو جۆراوجۆرییەکان و یەکخستنی وزەی خەباتگێڕییان لەدژی کۆماری ئیسلامی مەرجی بنەڕەتییە. تێگوشین بە هیوای جیران ئیشکە و هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نابێ بە تەمای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە بێ و لە نێوخۆ دەست لەسەر دەست دانێ و "چاوەڕوانی گۆدۆ مانەوە" سووڕی باتڵی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵک لە چوار دەیەی ڕابردوویە. بۆیە دروستکردنی بەرچاوڕوونی بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی خەبات بەدژی ئەم ڕێژیمە بەردی بناغەی گۆڕانکارییەکانە. خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و جۆراوجۆرییەکانی دیکە دەبێ دڵنیا بن لە ئێرانی داهاتوودا و لە سایەی حکوومەتێکی فرەچەشنی پلۆرال و دێموکراتدا ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان پارێزراو و دەستەبەر دەبن. هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات پێویستە بە وەلانانی ناکۆکییەکانیان چاو ببڕنە ئامانجە هاوبەشەکە کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و چێکردنی ئێرانی داهاتوو بە ئەزموون وەرگرتن لە پتر لە یەک سەدە حکوومەتی ناوەندگەرا لە ئێرانە. بێگومان یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن و دروستبوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی نیوەی ئەم ڕێگا هەڵەمووتەیە.
لە نێوخۆی وڵاتیشدا لە نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و گۆڕینی پێکهاتەی نیزامی سیاسی تاکەڕێگا کردنیی نافەرمانیی مەدەنی بە ئەرک و بەرینکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، خۆپێشان و مانگرتنە سەرانسەرییەکانە. بێ دوودڵی تەنیا لە وەها دۆخێکدا پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیفلیج دەبێ و تێکدەقرمێ. ئێستاش کە مانگرتنی شۆفیری بارهەڵگرەکان لە ئارادایە، خەڵک نابێ چاولێکەر بن و پیویستە دەوری کارای خۆیان بگێڕن. پێویستە هەموو چین و توێژەکان لە مامۆستایان، بازاڕییەکان، سەندیکا کرێکارییەکان و کارمەندەکانی دەوڵەتیش بە هانایانەوە بچن و بە دەستبار ئەم ناڕەزایەتییانە بگەیەننە ئاکام.
بێهیوایی، چاوەڕوانی، داتەپین و ناڕەزایەتیی بێکردەوە هیچی لێ شین نابێ، بەڵام وشیاری، یەکیەتیی بەکردەوە و ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی دەرەکییش دەتوانێ داینەمۆی گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندەیی خەڵک بێت.