کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبناری تایبەت بە ٣٣ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە فینلاند

17:19 - 30 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٥)، وێبینارێک بە بەشداریی بەڕێز عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و دەیان کەس لە ئەندامانی حیزب لە فینلاند بەڕێوە چوو.

وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە وێبنارەکەدا، عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، باسێکی لەسەر بڕیاری دادگای میکۆنۆس و شوێندانانی لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە پاش ٢٠ ساڵی یەکەمی حکومڕانیی ئەو ڕێژیمە کرد.

بەڕێزیان بڕیاری دادگای میکۆنۆسی بە "خاڵ گۆڕانێکی گرنگ لە مێژووی سیاسیی کۆماری ئیسلامی" لە قەڵەم دا و کارتێکەریی بڕیارەکەی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و لە ئاستی نێوخۆییدا شی کردەوە.

بەڕێز بداغی ئاماژەی بە ئامانجی ڕێژیم لە تێرۆرکردنی دژبەرانی خۆی کرد و وتی: "تێرۆر لە تەنیشت سەرکوت و سانسۆر لای ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر سیاسەتێکی بنەڕەتی، بەڵکوو باوەڕێکی ئایینزاییشە". هەروەها ئاماژەی بە یەکەمین کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم کرد کە هەر پاش دوو مانگ لە هاتنەسەرکاری، لە دەرەوەی وڵات دەستی پێ کرد و باسی لەوە کرد کە وڵاتانی ناوچە و جیهان بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئەمن نەبوون.

بداغی ئاماژەی بە بەڵگەکانی دادگای میکۆنۆس کرد و وتی بڕیاری تێرۆرەکان لە دەرەوەی وڵات، لەلایەن بەرپرسانی یەکەمی ڕێژیمەوە دراون، لەلایەن باڵوێزخانەکانی ڕێژیمەوە مودیرییەت دەکران و تا تێرۆری میکۆنۆس درێژەیان هەبوو. هەروەها وتی تەنیا لە دوای بڕیاری دادگای میکۆنۆس بوو کە ماشینی تێرۆری ڕێژیم کۆتایی هات.

دواتر ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کرد کە لە ٣٠ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا بڵاوی کردەوە. وتی: "لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو ٤٠ ساڵەدا (١٣٥٨ – ١٣٩٨) لانیکەم ٣٠٨ کردەوەی تێرۆریستیی لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتدا ئەنجام داوە." ئەمە جگە لەو کردەوە تێرۆریستیانەیە کە لە باشووری کوردستان، دژی حیزبە خەباتکارەکانی کوردستان ئەنجامی داون.

پاشان ئاماژەی بە پشکی کورد لە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیدا کرد و باسی لەوە کرد کە بزووتنەوەی کورد بەشی شێری لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیدا بەر کەوتووە و لە نێو بزووتنەوەی کوردیشدا، حیزبی دێموکرات بە زۆرترین ئاماری شەهید و بریندار. هەروەها وتی حیزبی دێموکرات هەمیشە ئامانجی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیم بووەو ئێستاش هەر هەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێز بداغی ئاماژەی بە تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کرد و پاشان گیرانی تێرۆریستەکان و بڕیاری دادگای میکۆنۆس و حوکمەکان دژی تێرۆریستەکان و ڕێبەرانی پلە یەکەمی ڕێژیمی وەبیر هێنایەوە و وتی: "ئەمە لەحاڵێکدا بوو کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی دەدا ئاکامی پەروەندەی تێرۆرەکە بە ئاقارێکی دیکەدا ببا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو."

لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز بداغی، ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی بڕیاری دادگای میکۆنۆس لەسەر سیاسەتی دەرەکی و گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم کرد و وتی: "سێ لەوان زۆر زۆر گرینگ بوون. یەکەمیان کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانەی ئورووپا لەگەڵ ئیران. دووهەمیان، ڕاگیرانی کردەوە تێرۆریستیەکانی ڕێژیم لە ئورووپا و سێهەم، بوومەلەرزەی سیاسی کە هاتنەسەرکاری ڕێفورمخوازە دەوڵەتییەکان لە قەوارە و پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێرانی لەگەڵ بوو."

بەڕێزیان لە کۆتایی ئەم بەشە لە قسەکانیدا بڕیاری دادگای میکۆنۆسی بە ڕیسواییەکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دا کە ئەو ڕێژیمەی بە ڕێژیمێکی تێرۆریستی لە جیهاندا ناساند.

لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا، عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر "شۆڕشی ژینا"دا، ئاوڕی لە ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەو ڕاپەڕینە مەزنە دایەوە و باسی لەوە کرد کە ئەگەرچی جەرەقەی ئەو شۆڕشە بە کوژرانی "ژینا ئەمینی" دەستی پێ کرد، بەڵام هیچ ڕووداوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کتوپڕ ناخوڵقێ، بەڵکوو پاشخان و زەمینەی جۆراوجۆری هەیە.

بەڕێزیان، ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ٣٠ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانیدا ڕووی دا و ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە تەنیا یەک مانگ بوو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکیان گرتبۆوە و کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکان هەبوو و "گڕکانێکی وەڕێ خستبوو و دەگەڕا  لە شوێنێک سەر وەدەر نێ و بەسەر تەخت و بەختی کۆماری ئیسلامیدا بڕووخێ."

بەڕێز بداغی، هەر لەو سۆنگەیەوە "بزووتنەوەی ژینا"ی بە بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوون و خەبات و خوێنی تێکۆشەرانی سیاسیی کورد لەو ڕێگایەدا و، بەخشینی گیانی جوامێران و شەهیدبوونی کەڵەپیاوان و گەورەپیاوانی وەک دوکتور شەرەفکەندی لە قەڵەم دا.

لە کۆتاییدا بەشداربوویان ڕا و سرنجی خۆیان دەربڕی و بەڕێز بداغی وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.