کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی بداغی: هێزە کوردییەکان دوژمن و نەیاری هاوبەشیان هەیە و دەبێ هێز و توانای خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوان ڕێک‌بخەن

10:39 - 16 رەزبەر 2725

ئاماژە: ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٥ کۆنفڕانسی ژینا، ژن، ژیان، ئازادی بە بەشداریی ٧ حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نیزیک شاری کۆڵن لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێکهێنەری ئەم کۆنفڕانسەن بوون. لەو کۆنفڕانسەدا کە لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینادا بەڕێوە چوو، باس لە پەیام و دەرکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا و دەسکەوت و خەسار و دوورەدیمەنەکانی ئەم بزووتنەوەیە کرا. "کوردستان" لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕاسەدا وتووێژێکی لەگەڵ عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "کوردستان" کردوە:

کاک عەلی سەرەکیترین کێشە و ئاستەنگی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا و ئەوەندەی بۆ حیزبە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە چین؟

یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهێنانی یەکڕیزی و هاوخەباتی، هاوهەڵوێستی و یەکگوتارییە لەنێوان حیزبە سیاسییەکان. ئەم یەکگوتاری و یەکڕیزییە بە سەرنجدان بەوەی بزووتنەوەی کورد هەم دەرفەتی زۆر باشی لە بەردەمدایە و هەم هەڕەشە و مەترسیی جیددیشی لەسەرە، بە بوونی ئەم یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییە هەم دەسکەوتەکانی هەتا ئێستای بزووتنەوەی کورد مسۆگەر دەبن و هەم دەسکەوتی سیاسیی دیکەش بۆ کورد بەرهەم دێ، ئەمە هەم لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەم لە ئاستی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا.

یەکێک لە دەرکەوتەکانی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ئەو یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییە، ئەم کۆنفڕانسەیە کە دوای چەند مانگ دانیشتن و قسەکردن و دیالۆگی پێکەوەیی ٧ لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێ. دیارە مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم ئەم کۆنفڕانسە بەرهەمی کار و دیالۆگی هاوبەشێ ئەم ٧ لایەنەیە لە ماوەی ئەو چەند مانگەیە. بەڵکوو لەو ماوەیەدا کە گەڕێکی نوێی دانیشتنەکان و قسەکردنەکان بۆ لێک‌تێگەیشتن و بنیاتنانی هەیکەل و قەوارەیەک لە هاوپەیمانی و یەکڕیزی لە ئارادایە، ئەم کۆنفرانسە دەتوانێ یەکێک لە کارە عەمەلی و مەیدانییەکان و سەرەتایەکی باش بێت.

لەڕاستیدا ئەمڕۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ئەویش لە بەرامبەر هێزە ناوەندگەراکان چ حکوومەت و چ ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت پێویستیی پێیەتی، گوتارێکی هاوبەشی نەتەوەییە. لە نەبوونی گوتارێكی ئەوتۆدا، بۆشاییەكی قووڵ هەستی پێ دەكرێ و دەبینین ئەم بۆشاییە بووەتە لەمپەر لەبەردەم سازان و پێکهاتنی حیزب و هێزە سیاسییەكان و، هەروەها چالاكانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆ، نموونەی هەرە زیانبارەکەشی لە بزووتنەوەی ژینادا دەرکەوت کە کورد نەیتوانی وەک پێویست بەری خەبات و خوێن و ڕاپەڕین و قوربانیدانی خۆی هەڵگرێتەوە. بزووتنەوەکە بەلاڕێدا برا، هەندێ لایەن ویستیان دەستی بەسەردا بگرن و هێزە کوردییەکان پەرتەوازە بوون و تەنانەت دەسکەوتەکانی بزووتنەوەکەشش خەریکە لایەنە غەیرە کوردەکان پاوانی دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن.

دیارە ئەمە زۆر ئاساییە كە ئێمە هێزە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنیی نێوخۆش شێوەی روانین جیاوازمان هەبێ، بەڵام مەخابن کاتێک جیاوازییەکان دەبنە دژایەتیکردن و پاشقولدانی یەکتر، ئیدی کورد گوتەنی لە گۆڕەپانەکەدا سەرمان بێ کڵاو دەمێنێتەوە. ئەوە جیا لەوەی کە نەبوونی ئەم گوتاری هاوبەش و هاوهەڵوێستییەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئاراستەی گۆڕانکاری و ڕووداوەکان لە نێوخۆی کوردستانیشی گۆڕیوە و هەم بووەتە هی پەرتەوازەیی و هەم سستی و پاسیڤبوون. واتە لە نەبوون و بۆشایی ئەم گوتار و یەکڕیزییەدا رووداوە كۆمەڵایەتییەكانی نێوخۆ ناقۆزرێنەوە، ئاراستە وەرناگرن و ناخۆشە کە دەڵێم بەسەر دەستماندا مندار دەبنەوە.

بۆیە ئێمە بە بایەخ و گرینگییەوە لەو کۆنفڕانسە و هەروەها لە هەوڵەکانی ئێستامان بۆ هاوخەباتی و یەکڕیزی دەڕوانین.

زیانەکانی نەبوونی یەکگوتاری و ئەو پەرتەوازەیی و فرەگوتاری و فرەهەڵویستییانە چ بوون؟

نەبوونی یەکگوتاری زیانی زۆری بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت بەرامبەر بە دەسەڵات و هەژمۆنیی ناوەندەگەراکان گەیاندوە. لەوەدا شک نیە کە کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی ئایدیۆلۆژیک و سەرکوتگەرە، ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمەش بەشی زۆریان ڕوانگەی پان‌ئیرانیستی و فاشیزمییان بە نیسبەت مافی نەتەوەکان و کورد وەک نەتەوەیەکی مافخواز هەیە. بەڵام ئەدی لە نێوخۆماندا چی؟ ئایا ئەم نایەکگرتووییە لەمپەر نەبووە لە بەردەم بەهێزبوونماندا؟ ئایا ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ئێمە نەتوانین بەباشی سەرمایە و هێزە کۆمەڵایەتییەکانمان لە ڕەوتی خەباتدا بەڕێکخراوتر بکەین. با... بێگومان با و زۆریشمان لەوە زیان کردوە. هەر لە ساڵانی یەکەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و کەفوکوڵی شۆڕش ئێمە چەند دەنگ و چەند گوتارمان لە کوردستان هەبوو. گوتاری نەتەوەیی، گوتاری چەپ و مارکسیستی، گوتاری ئایینی و هەموو ئەوانە درزیان خستبووە نێو بزووتنەوەی کورد و وایان کرد کە بەجێی قایمکردنی سەنگەرەکانی کوردستان لەدژی حکوومەتی ناوەندی کە هێرشی کردبووە سەرمان و کوردستانی لە ئاگر و خوێن وەردابوو، تەنانەت بۆخۆمان شەڕی خۆبەخۆ بکەین. ئەمە لە بزووتنەوەی ژیناشدا دووپات بوویەوە و ئەمن ناچمە نێو ئەو وردەکارییە کە جۆڕج تاون و سڕکردنی ناوەندی هاوکاری، کە بەیاننامەکانی ئەم ناوەندی هاوکارییە بووە هۆی هەڵگیرسانی ئەم ڕاپەڕینە چ زیان و زەربەیەکی لە بزووتنەوەکەمان دا.

٤٥ ساڵ دوای ئەو ساڵانە ئێستاش ئەو کەلێنەمان تێدایە، بۆیە لەلایەک حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنە سەراسەرییەکەی بە هەندمان وەرناگرێ، گرینگیمان پێ نادا و هێز و توانامان دەکەوێتە پەراوێزەوە. لە لایەکی دیکەش بەردەوام درز و کەلێنی خستووەتە نێو ئێمە و لێکیان هەڵبڕاندووین و بۆخۆیان براوە بوون. ئەم حەقیقەتە هەیە و تاڵە و دەبێ دانی پێدا بنێین کە بەشێک لە هۆکارەکان خۆمان بووین کە لە نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی گشتگیردا هێزی خەباتگێڕیی هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگەکەمان یەک بخەین.

مەسەلە ئەوە نیە کە حیزبە سیاسییەکان هەموو هەڵوەشێنەوە و ببن بە یەک، مەسەلە ئەوە نیە حیزبە سیاسییەکان هیچ جیاوازییەکی ڕوانگە و بۆچوونیان لەگەڵ یەکتر نەبێ، مەسەلە ئەوەش نیە کە ڕەخنەمان لە یەکتر نەبێ و ئەوەندە تەنەزول بۆ یەکتر بکەین کە خۆمان نەناسینەوە، مەسەلە ئەوەیە کە ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، نەیار و بەدخواگەلی هاوبەشمان هەیە و ئێمە دەبێ ئینێرژی و هێز و توانای خۆمان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەوان بەکار بێنین، ئەویش لەپێناو دەسخستن و پاراستنی ئەو ماف و دەسکەوتانەی کە ئی هەموومانە وەک کورد. بۆیە وتووێژ و هەوڵی پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی بۆ هاوخەباتی و یەکڕیزیی حیزبە سیاسییەکان کە بێگومان دەبێتە هۆی یەکگرتوویی لە نێوخۆی وڵاتیش ئەم ئیمکانە بە ئێمە دەدا لە بەرامبەر دوژمنان و نەیارانمان بەهێزتر ببین. ئەمە ئەرکێکی حەیاتییە کە حیزبی دێموکرات هەموو کاتێک هەستی بەو زەروورەتە کردوە و هەوڵی بۆ داوە و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێ و بەشبەحاڵی خۆی بە تەواوی لە بەرامبەر ئەو ئەرکەدا هەست بە بەرپرسایەتی دەکا.

کۆنفرانسە هاوبەشەکەی کۆڵن داهاتووی کاری پێکەوەیی ئەم ٧ حیزبە لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی و نەیارە ئێرانییەکان دەباتە کوێ؟

هەروەک باسم کرد بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بە هۆی لێکترازانەکان و دوورکەوتنەوەی لایەنە سیاسیەکان و فرە گوتارییەکان و خستنەپێشێی بەرژەوەندیی حیزبی لەهەمبەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی و گشتی، زۆر دەرفەتی لە دەست داوە. ئێستا دوای بزووتنەوەی ژینا لە سێ ساڵ پێش هەتا ئێستا، دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبر و شەڕی ١٢ ڕۆژە هەلومەرجی سیاسی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییش گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا هاتوە. هەمووان دەبینین کە دۆخی ژیئۆپۆلیتیکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندە خێرا لە حاڵی گۆران‌دایە.

لە ڕاستیدا بزووتنەوەی کورد هەتا ئێستا کەمتر لە مەتن و بەتنی ئەو هاوکێشە گرینگانەدا بووە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە لە پەراوێزەوە بێینە نێو مەتن و ببین بە ئەکتەری سەرەکیی گۆڕانکارییەکان. بۆ ئەوەش دەبێ قەوارەیەکی سیاسیی بەهێز و یەکگرتوومان هەبێ، چەترێکی هاوبەش کە هەمووان لەژێر ئەو چەترەدا هێز و توانای خەباتگێڕی و گۆڕانخوازیی خۆمان بخەینە سەریەک. ئەمە لە نان و ئاو بۆ بزووتنەوەکەمان پیویستترە.

کۆمەڵگەی ئێمە لە تەنیشت جیاوازیی بۆچوون و ڕوانگەی سیاسیی حیزبەکانمان، کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنی ئایینی و زاراوەییشە و هەم ڕێژیم و حکوومەتی ناوەندی و هەم ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمەش کە هێشتا هیچ دەسەڵاتێکی نیە، دەیانەوێ ئەو جۆراوجۆرییانە و ئەم جیاوازییانە بکەنە سەبەب بۆ لێکترازان و هەڵوەشانی زیاترمان. ئێمە نابێ ڕێگە بەوە بدەین. بۆیە لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم ٧ حیزبە دەبێ قەوارە و پێکهاتەی هاوپەیمانی و یەکڕیزیی خۆیان زۆر زوو پێک بێنن. شتی هاوبەش لەنێوان ئێمەدا زۆرە و بابەتە ناکۆک و جیاوازەکانیش نابێ ڕێگە لە پێکهاتن و سازانی ئێمە و تێپەڕین لەو قۆناغی گوزارە بگرن و یەکلاکردنەوەی هەندێ بابەت لەسەر جۆری حوکمڕانیی داهاتووی کوردستان با هەڵگرین بۆ بڕیار و ئیرادەی گشتیی خەڵک کە لە پڕۆسە و سازوکارێکی دێموکراتیکدا بە دەنگی ئەوان دیاری دەکرێ.

ئێمە نابێ لەبیرمان بچێ کە لەدژی پێکهاتە و نیزامێکی سیاسیی سەرکوتگەری پاوانخوازی وەک کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین کە هیچ مافێکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ ئێمە بە ڕەوا نابینێ و بە توندترین شێوەی سەرکوتی کردووین و سەرکوتمان دەکا.

ئێمە نابێ ڕوانگە و بۆچوونی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی فارس و هەژەمۆنیخوازیی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا نەبینین کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ جەوهەری حاکمییەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی نیە. ئێمە نابێ چاوی خۆمان لە بەرنامەی وڵاتان و زلهێزان و بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان لە ئێراندا بنووقێنین کە بێتوو نەبینە ئەو هێز و ئەکتەر و مەرجەعە، زۆر بە ئاسانی وەلا بندرێین و دیسان چارەنووسی ئێمە هەر شەڕ و قوربانیدانی زیاتر بۆ مافەکانمان بێ. بۆیە هەنگاو و بڕیارەکانی ئەم ٧ حیزبە لە کێشانی ئەو نەخشەڕێیە و ئەو دوورەدیمەنە لە خەباتی نەتەوەکەمان زۆر گرینگە.

بەڵام هەم پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی و هەم ڕوانگەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمەش بۆ مافەکانی نەتەوەکانی ئێران وەک بەربەستێکی جیددی لەهەمبەر داهاتووی ئێران نابینن؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنی سیاسیی کوردی دیکەش هەیە کە پەیامی ڕوون و ئاشکرایان ئەوەیە ئێرانی داهاتوو دەبێ لەسەر بنەمای داننان بە فرەنەتەوە و فرەئایینیی ئەو وڵاتە و دەستەبەربوونی مافەکانی ئەو پێکهاتە و فرەییانە دروست بێتەوە. ئەگینا زەحمەتە سنوورە جوغرافیاییەکانی ئەم وڵاتە بە شێوەی ئێستا بمێنێ و بەرپرسایەتیی هەڵوەشان و دابەشبوونی ئەو وڵاتەش لە ئەستۆی ئەو لایەنە ناوەندگەرایانە بوونی خۆیان لە سڕینەوەی ئەوانیدیدا دەبینن و وەک نەتەوەی سەردەسر لە هەموو فۆڕم و شێوەیەکدا هەوڵی سەرکوتی جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئێران دەدەن.

چ شتێک دەتوانێ ئەم ٧ حیزب و لایەنە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە؟

بە خۆشییەوە خاڵی هاوبەش لە نێوان حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆرە و خاڵی کۆکەرەوەی حیزبەکانیش لەگەڵ یەکتری کەم نین. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لە ماوەی زیاتر لە ٨ دەیەی ڕابردوودا خەبات و تێکۆشانمان بۆ بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. باوەڕیشمان وایە کە وەدیهێنانی ئەم ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەش لەگرەوی یەکگری و یەکڕیزیی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی جوغرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دایە. هەروەها بە سەرنجدان بە ئەزموونی پێنج دەیەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی کە نەک حاشای لە هەر چەشنە ماف و ئازادییەکی سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی کورد لە ئێران کردوە، بەڵکوو بە توندترین شێوەی مومکینیش سەرکوتی کردوە؛ پێمان وایە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و فیدڕاڵ لە ئێران ئەرکێکە لەسەر شانی هەمووان. هەڵبژاردنی ئازاد، ویست و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دابینبوون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی نێو جوغرافیای سیاسی و بەڕێوەبەریی کوردستان، پڕەنسیپە جیهانگیرەکانی مافی مرۆڤ و بە دامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبەری و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانی لە خه‌باتى ژنانی کوردستان له‌پێناو و یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی و هاوبەشییان لە هەموو کایە سیاسی و بەڕێوەبەرییەکان بەشێکی دیکە لەو خاڵە هاوبەشانەن کە دەتوانن کۆکەرەوەی حیزبە سیاسییەکان و بنەماکانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بن.

سپاس کاک عەلی بۆ بەشداریت لەم دیمانەیەدا

ئێوەش ماندوو نەبن