بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دۆخی ژیان و تەندروستیی چینی کرێکار لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
هەواڵدەریی "هێرانا" لە ڕاپۆرتێکی ئاماریی ورددا ڕایگەیاندووە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا (١١ی بانەمەڕی ١٤٠٤ تا ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥)، لانیکەم ٥ هەزار و ١٩ کرێکار لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداو بوون، کە تێیدا ٥٨٦ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٤ هەزار و ٤٣٣ کرێکاری دیکەش بریندار یان کەمئەندام بوون.
بەپێی ئەم ئامارانە، زۆرترین ڕووداوەکان لە کەرتی بیناسازی و بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی ڕوویان داوە، کە نیشانەی نەبوونی پێداویستییەکانی پاراستنی کار لە شوێنی کار و کارگاکاندایە.
هێرانا جەخت دەکاتەوە کە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو حاڵەتانەن کە میدیایی کراون، لە کاتێکدا بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لە دامەزراوەکانی ڕێژیم، ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن.
لە لایەکی دیکەوە، جیاوازیی نێوان مووچە و تێچووی ژیان قەیرانێکی مرۆیی خولقاندووە.
لە کاتێکدا سەبەتەی بژێویی بنەماڵەیەک گەیشتووەتە سەرووی ٤٠ میلیۆن تمەن، کەمترین مووچەی کرێکاران نزیکەی ١٥ ملیۆن تمەنە؛ ئەمەش وای کردووە کرێکاران تەنانەت بە کارکردنی دوو شیفت نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خواردن و دەرمان دابین بکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لەم ماوەیەدا ٦١٣ مانگ دواکەوتنی مووچە بۆ ١١٩ یەکەی پیشەیی و خەدەماتی تۆمار کراوە و گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر چالاکانی کرێکاری بەردەوام بووە و ژنانی کرێکار وەک هەرزانترین هێزی کار، لەگەڵ توندترین جیاکاری و بێبەشبوون لە مافەکان بەرەوڕوون.