کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی ئابووریی ئێران؛ هەڵاوسانی خاڵ‌ بە‌ خاڵ ٧٣ لەسەدی تێپەڕاند

12:53 - 10 بانەمەڕ 2726

لە درێژەی دۆخی نالەباری ئابووریی خەڵک لە ئێران، هەڵاوسان لە یەکەم مانگی ساڵی نوێدا ڕێکۆردێکی مێژوویی تۆمار کردووە و نرخی هەڵاوسان لە خاکەلێوەی ١٤٠٥دا، چ لەسەر بنەمای خاڵ بە خاڵ و چ ساڵانە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا و ئەم ڕەوتە بەردەوامەش سفرەی بنەماڵەکانی بچووکتر کردووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧٣.٥ لەسەد، کە ئەم ژمارەیە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بێ‌وینە بووە.

بەتایبەت لە کەرتی خواردەمەنی و خواردنەوەکاندا، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە ١١٥.٤ لەسەد؛ لەم نێوەندەشدا گرووپی ڕۆن و چەورییەکان بە ٢٣٣.٦ لەسەد، بەرزترین ئاستی گرانبوونیان تێدا تۆمار کراوە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کە ئەم شەپۆلە نوێیەی گرانبوونی کاڵاکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی شەڕی ٤٠ ڕۆژە و گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی لەسەرە.

هەروەها زیادبوونی نەختینە، کورتهێنانی بوودجەی حکوومەت، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و لابردنی دراوی پاڵپشتیکراوی حکوومەتی (ارز ترجیحی)، وەک هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم داڕمانە ئابوورییە ناو دەبرێن.

لە لایەکی دیکەوە، هەڵاوسانی ساڵانەی ئێران کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار دوای شەڕی جیهانیی دووەم گەیشتبووە ٥٠ لەسەد، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا ژمارەی پێوانەیی ٥٣.٧ لەسەدی تێپەڕاندووە.

ئەم دۆخە نیشان دەدات کە قەیرانە ئابوورییە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەژێر کاریگەریی شەڕ و ناسەقامگیریدا قووڵتر بوونەتەوە و هیوایەک بۆ خاوبوونەوەی هەڵاوسان نابینرێت.