د. کوردستان موکریانی: ئەگەر تۆ زمانی خۆت نەپاراست، یانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆت نەپاراستوە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی پێناسەکردنی هەر نەتەوەیەک، زمانەکەیەتی، چونکە زمان کۆڵەکەی سەرەکیی بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی هەر نەتەوەیەکە و زۆر لە بیرمەندان گوتوویانە "گەلێک زیندووە کە زمانەکەی زیندوو بێت". دوکتور کوردستان موکریانی، ئاکادیمیسیەن، زمانناس و کەسایەتیی دیاری بواری ئەدەبیی کوردستان لە وتووێژێکی تایبەتدا پتر باس لە گرنگی و ڕۆڵی زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازیی نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا دەکا.
دوکتور با بەم پرسیارە دەست پێ بکەین بۆچی زمان گرنگترین فاکتەرە بۆ پێناسەکردنی هەر نەتەویەک؟
زمان ناسنامەیە، ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە، و لە هەمان کاتیشدا ئەگەر تۆ زمانی خۆت نەپاراست، یانی ئەمنییەتی نەتەوەیی خۆت نەپاراستوە. ئەمە وەکوو دراوێکە لایەکی ئەمنییەتە و ئەویتری زمانە، یانی دەبێ تۆ زمان بپارێزی. تۆ هەموو ئەو پاشخانە ڕۆشنبیری و هەموو ئەو ڕابردووییەی هەتە لە ڕێگەی زمانەوە تۆمار کراوە. کەواتە تۆ ئەگەر زمانت نەبوو، نە ڕۆشنبیریت هەیە، نە ژیانت هەیە و نە شارستانییەتت هەیە. بۆیە زمان ناسنامەی تۆیە و دەبێ بیپارێزیت.
زمان چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانێ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازیدا هەبێ؟
هەر نەتەوەیەک زمانی تایبەتی خۆی هەیە، زمانێک کە شانازیی پێوە دەکات، زمانێک کە گفتوگۆی پێ دەکات، زمانێک کە بیرەوەرییەکانی خۆی پێ دەنووسێ، کەواتە هیچ نەتەوەیەک نیە لە دونیادا زمانی خۆی نەبێ. جابۆیە نەتەوە و زمان هاوتەریب پێکەوە دەڕۆن، یانی یەکێک لە ڕەگەزەکانی نەتەوەیەک کە هەبێت، دەبێ زمانی تایبەتی خۆی هەبێ.
نێوماڵی کورد بە درێژایی مێژوو پەرتەوازە بووە، ئایا یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم پەرتەوازەییە بۆ نەبوونی زمانێکی ستاندارد ناگەڕێتەوە؟
لێرەدا دەورێکی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەڵکەوتەی جوگرافیاییش دەوری هەیە. تۆ ئێستا مەبینە کە خەڵک لە یەکتری نێزیکن و دەتوانن هاتوچۆ بکەن و ئێستا هەر بە ڕێگەی ئەم مۆبایلەی دەستی خۆت، تۆ دەتوانی یەکێک لەوپەڕی دونیا بێت و تۆش بە ئاسانی بە کوردی قسە و گفتوگۆی لەگەڵ بکەی و بیبینی و بیدوێنی. ئەوسا ئەگەر ڕووبارێک هەبووبێت لە نێوانیاندا نەیانتوانیوە بپەڕنەوە و پێوەندییان بە لایکی ترەوە هەبێت، هەر بۆیەش ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کەوا لێک نێزیک نەبنەوە، یانی نەک زمانی ستاندارد، بەڵکوو باری جوگرافییەکە وای لێ کردوە کەوا لێک نێزیک نەبن، یان دیالێکتێکی زۆری هەبێت، بەڵام هەبوونی دیالێکتیش ئەوە ناگەیەنێ کە تۆ نابێ زمانێکی ستاندارت هەبێ، نەخێر! هەموو نەتەوەیەک دیالێکتی جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام جیاوازیی ئێمە لەگەڵ ئەواندا ئەوەیە کە ئەوان یەکێک لەو دیالێکتەیان هەڵبژاردوە و بووەتە زمانێکی ستاندارد لە لایان، بەڵام ئێمە هەتا ئێستا ئەوەمان نیە. هۆی نەبوونیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە دەوڵەتمان نیە، کە دەوڵەتت هەبوو ئەوسا تۆ دەتوانی کار لەسەر زمانی ستانداردیش بکەی، ئێستا ئێمە دەتوانین تەنیا کار لەسەر زمانی فەرمی بکەین. ئێستا لێرە لە باشووری کوردستاندا زمانی فەرمی بە هەموو نووسراوەکان هەیە، و ئەو زمانەی کە لەنێو هەموو شارەکاندا بەکار دێت زمانێکی فەرمییە، خوێندن زمانێکی فەرمییە، بەڵام ستاندارد نیە، فەرمی جیایە، تۆ کاروباری دەوڵەتی پێ دەڕوێنی، پێی دەخوێنی، ئەمە وەکوو زمانی ئاخاوتن نیە، زمانی ئاخاوتن جیایە، تۆ بە چە دیالێکت بتهەوێ، قسەی پێ دەکەی، شێوەزارێک قسەی پێ دەکەی، بن زارێک قسەی پێ دەکەی، بەڵام لە نووسیندا نەخێر، زمانێکی فەرمیت هەیە. لە خوێندندا زمانێکی فەرمیت هەیە، لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا زمانێکی فەرمیت هەیە، لە باشووری کوردستاندا. من ناوم ناوە زمانی فەرمی، ئەمە زمانی ستاندارد نیە.
پەیوەست بە پرسیاری پێشووتر، ئاماژەتان بەوە کرد کە هۆی نەبوونی زمانێکی فەرمی بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەگەڕێتەوە، ئەدی خۆ ئێمە لەمێژە لە باشووری کوردستان خاوەنی حکوومەتێکی دیفاکتۆین، بەڵام بۆچی نەمانتوانیوە هەتا ئێستا زمانێکی ستاندارد ڕێک بخەین بۆ ئەوەیکە ئاکامەکەی ببێتە دروستکردنی یەکیەتیی و یەکڕیزی لە نێوماڵماندا؟
ئەمە بڕیاری دەوێ، دەبێ بڕیاری لەسەر بدرێ، و هەموو سەرکردەیەکیش ئامادە نیە ئەو بڕیارە بدات، چونکە تۆ چەند دیالێکتێکت هەیە لێرە، ئەگەر بێت و یەکێک لەو دیالێکتانە زاڵ بکەی بەسەر ئەوی تردا، ئەوی تری لێ زوێر دەبێ. تەنانەت کۆتایی سەدەی ڕابردوو بەتایبەتی لە نیوەی دووهەمی سەدەی ڕابردوو تاک بە تاکی ڕووناکبیرانی کورد هەڵکەوتووانی کورد، زمانناسانی کورد، هەوڵیان دەدا و دروشمی "زمانێکی یەکگرتووی کوردی"یان هەڵگرتبوو، و مەبەستیان لەوە ئەوە بوو کەوا زمانێک هەبێ کەوا هەردوو دیالێکتە سەرەکییەکە لە یەکتر تێ بگەن و پێی بنووسن، بەتایبەتی لە دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار ئەم دروشمە دەورێکی باڵای بینی. چونکە کاریان لەسەر کرد، چەند کتێبێکیان دانا بەو شێوەیە و لە سەرتاسەری کوردستاندا بەو کتێبانە دەیانخوێند، بەڵام دوای ئەو کە تووشی نسکۆ بووین، ئیتر بەرە بەرە حکوومەتی عێراق ئەوە مافەی لێت سەندەوە و ئەو بابەتانەی کە بە زمانی کوردی بوون کردیانی بە عەڕەبی، یانی ئەگەر هاتبا ئەمە بەردەوام بووبا تا ئێستا زمانێکی دەتوانی بڵێی یەکگرتووت هەبوو. بەڵام ڕایانگرت، ئێستا ڕووناکبیران لەگەڵ ئەوەدا نین کەوا بڵێین زمانێکی یەکگرتوو، ئەڵێن ناکرێ، نابێ و نابێ، بەڵام من پرسیار دەکەم لەهەر دوو دیالێکتە سەرەکییەکەی زمانی کوردیدا کە ئەگەر تەماشای فەرهەنگ بکەی دەبینی ٩٥٪ وشە فەرهەنگییەکان وەکوو یەکن، بەڵام هەر دیالێکتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، من ناڵێم جیاوازی، بەڵکوو دەڵێم تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هێندێک ناوچە هەیە دەبینی ئەو تایبەتمەندییەی لەولا هەیە هێندێک ناوچە هەیە دەبینی ئەو هەردوو تایبەتمەندییەکەی تێدا هەیە و تۆ دەتوانی ئەم ناوچەیەی کە لە نێوەڕاستدا هەیە بکەیە زمانێکی ستاندارد، بەڵام کاری دەوێ و بڕیاری دەوێ. کەواتە تۆ دەتوانی زمانێکی ستاندارد بکەی، بەڵام ئاکادێمیای دەوێ کە تەنیا ئاکادێمییای زمان بێت، ئەو ئاکادێمیایەی کە ئێستا هەمانە ئاکادێمییای کوردییە، ناشتوانێ ناوی ئاکادێمییای زمانی کوردی لە خۆیی بنێ، چونکە ئەمە هەر بەردەوامی کۆڕی زانیاری کوردستانە ئی ساڵی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئێستا کورد لە باشووری کوردستاندا پێویستی بە ئاکادێمییایەکی زمان هەیە، کە کار لەسەر زمان بکات، پێویستی بە دەزگایەکی تایبەت هەیە بە فەرهەنگدانان، پێویستیمان بە فەرهەنگێکی یەکگرتوو هەیە، بەڵام نەک لەسەر حیسابی فەرهەنگەکانی تر بێ، بەڵکوو ئەو فەرهەنگانەی کە ئێستا هەن هێندێک لەوانە تایبەتمەندی ئەوەیان تێدا هەیە کە فراوان بکرێن و لە ژیان کاری تێدا بکات و دەوڵەمەند بکرێ و ساڵانە سەر لەنوێ چاپ بکرێتەوە و دەوڵەمەند بکرێت، دەبێ وابکرێ، نەک بێن هەموو فەرهەنگەکان تێکەڵ بکەین و بڵێین ئەوە فەرهەنگێکی یەکگرتووە، چونکە ئەوسا مافی ئەو فەرهەنگنووسانە دەخورێت کە کاتێک بە تەنیا و یەکباڵ کاریان لە دونیای فەرهەنگدا کردوە.
بێجگە لە زمان کام فاکتەری دیکە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە نەتەوەسازیدا؟
دەی خۆ ئێمە نەتەوەین، هەیە پێمان دەڵێ میللەت، میللەت نەتەوە نیە، ئێمە نەتەوەین و سەربەخۆیی خۆمان هەیە، ئێستا ئێمە لە باشووری کوردستان هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانی لەخۆی گرتوە، کە تەماشای ڕاگەیاندن دەکەی لێرە لە باشووری کوردستان دەبینی لێهاتووەکانی ڕۆژهەڵات لە هەموو ڕاگەیاندنەکاندا کار دەکەن، هی باکوور لێرەدا کار دەکەن، کە دەچییە مۆڵەکان، کە دەچیە شوێنە بازرگانییەکان دەبینی ڕۆژاوا دەوڵەمەندیان کردوە و بووژاندوویانەتەوە. یانی تۆ لە باشووری کوردستان توانا و هەڵکەتووەکانی هەر چوارپارچەی تێدا دەبینی، کەواتە تۆ نیمچە دەوڵەتێکی ئێستا، جابۆیە تۆ نەتەوەیەکی، ئابووریی خۆتت هەیە، بەڵام لێت ناگەڕێن، ئاگات لێیە بەغدا دەیهەوێ بە زۆری نەوتەکەت بەرێ، کە نەوتەکەی تەواو کرد، دەڵێ بێنە گازەکەشم بدەیە، چونکە تۆ کە گیرفانت پڕ بوو، سەربەخۆیی، هەر وەکوو ژنێک ئەو ژنەی کەوا خاوەنی جزدانی خۆیەتی، خاوەنی مانگانەی خۆیەتی، ژنێکی بڕیاردەرە، هەر نەتەوەیەکی خاوەن ئابووری خۆی بوو، نەتەوەیەکی بڕیاردەرە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە پێکەوە وەک نەتەوەیەک یەکگرتووانە بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ کار بكەین؟
وەک ئاماژەم پێدا ئێمە نەتەوەین، بەڵام هێشتا وشیاری نەتەوەیی لە لامان بە باشی پێ نەگەیشتوە، و بەداخەوە لەگەڵ یەکتری وەکوو هاونەتەوەیەک مامەڵە ناکەین، دیارە نەک هەموومان، نەخێر ڕووناکبیر هەیە زۆر زۆر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، سەرکردە هەیە زۆر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، تاک هەیە لەنێو ئەو بازاڕی کە دەچی دەبینی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات. بەڵام کار لەسەر ئەمەش دەکرێ بۆ ئەوەی زمانێکی یەکگرتووت نەبێ، کار لەسەر ئەمە دەکرێ هاوبیر نەبن لەگەڵ یەکتری، ئێمە کەوتووینەتە نێو دەمی چوار ئەژدیها لە دەورووبەرمان. هەر باشە ماوین، جا چۆن دێڵن ئەتۆ وەکوو نەتەوە ببووژێتەوە، یانی لەوانەیە نیوەی سەروەت و سامانی خۆیان تەرخان بکەن تەنیا بۆ ئەوەی خاک لە پێش چاوت ڕەش کەن، نیشتمان لەلات نرخی نەمێنێ، سەرکردەکان ناویان بزڕێ، یانی کاری لەسەر دەکرێ و کەسیش هەیە لە ناوشیاریی خۆی، لە نابەرپرسیارێتی خۆی بە دوایان دەکەوێ و ئەو قسانە دەڵێتەوە. یەکێکی وەکوو من هەرگیز ئەوانە ناڵێتەوە، چونکە من دەزانم لەکوێوە ئەم بایە هەڵ دەکرێ و بۆچی هەڵ کراوە و لەبەر چیە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک هەن کە ئەمەیان ڕاگرتوە، و ئەمە ماوە ئەگەر ئەو کەسانە نەبن، ئەوە دەخورێین ئێمە، و بەڕاستی ئەو ئەژدیهایانە دەمانخۆن، و دەبینم ئێمە زۆر نەتەوەیەکی بە تواناین، نەتەوەیەکی زۆر ئازاین، نەتەوەیەکی خاوەن بیرین، بۆیە لەنێو ئەم چوار دەسەڵاتەی کە دابەشیان کردووین، کەوا وایان لێ کردووین ئەوان حوکمڕانیمان بکەن، و ئەوە سەد ساڵە بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە بمانتوێنەوە، نەیانتوانی و ئێمە هەر ماوین، کەواتە ئێمە هەر دەمێنین.
دوکتور زۆر سپاس کە کاتتان دانا. ئەگەر قسەیەکی نەگوتراوتان لەسەر ئەو بابەتە هەبێت بفەرموون.
ئەمن ئامۆژگاریی کەس ناکەم، بەڵام لە ئەزموونی خۆم قسە دەکەم، ئەویش ئەوەیە کەوا ئێمە پێویستە یەکدەنگ و یەکڕەنگ بین، و یەکترمان خۆش بووێت، چونکە دەزانی خۆشەویستیی خاک، خۆشەویستیی کەس، خۆشەویستیی ئایدئۆلۆژییەت، خۆشەویستیی بیروڕا، هەر جۆرە خۆشەویستییەک بێت، هێزت پێ دەبەخشێ. ئەم هێزەش وات لێ دەکات کەوا تۆ بەردەوام بیت لە ژیاندا و ئەفراندن بکەی لە کار و کردەوکانتدا. بۆیە دەبێ ڕێز لە یەکتری بگرین و یەکترمان خۆش بووێ، لە هەمان کاتدا خاکمان خۆش بووێ و شانازی بە ڕابردوومان بکەین، بەڵام تەنیا لە ڕابروودا نەژین و لە ئێستادا بژین. ئێستا دەبێ چاومان کراوە بێت، کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین، دەبێ هاوار بکەین بە هەموومان ئێمە دەوڵەتمان دەوێ، یانی شەرمە بۆ ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش بە دروشمی مافی مرۆڤ و دێموکراسی هاتن، کەچی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئێمەی کورد و خاکی کوردستانیان دابەش کرد بەسەر چوارپارچەدا، دەبێ بچینە چاویانەوە و بە زمانی خۆیان بە کردەوەکانی خۆیان بڵێین، ئێوە کردوەکانتان ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر هەڵە بوو، و دەبێ ئەم هەڵەیە ڕاست بکەنەوە، و دەبێ باجێ ئەم هەڵەیەش بدەن، چونکە ئێمە سەد ساڵە باجی ئەوە دەدەین کە ئێوە بۆ بەرژەوەندیی خۆتان ئێمەتان کردە چوارپارچە، دەبێ ئێمە بەو زمانە قسە بکەین لەگەڵیان، ئیتر بەسە!