
عومەر باڵەکی
مێژووی خەباتی گەلان بۆ ڕزگاری لە بندەستی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە هەر نەتەوەیەک بیهەوێت بە سەربەستی و ئازادی بژی، پێویستە هەموو چین و توێژەکانی ئەو نەتەوەیە، هەر کام بەپێی توانا و بارودۆخی ژیانیان و پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی خۆیان لە ئاستی وشیاریی نەتەوەییدا، لە خەبات و تێکۆشاندا بەشدار بن. بەڵام سروشتییە شێوازی بەشداربوونی خەڵک لەو خەباتە ڕزگاریخوازییەدا جیاوازە. بۆیە دەبینین و دەخوێنینەوە ژمارەیەک لە خەڵک لەو خەباتەدا لە ڕیزی لەخۆبردووترین ڕۆڵەکانی ئەو گەلە دەردەکەون و ناویان دەچێتە نێو مێژووی ئەو نەتەوەیە و قەت لە بیر ناچنەوە.
گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانەی کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕزگاریی خۆی لە تێکۆشاندا بووە و خوێن و قوربانیی زۆری داوە، و لە نێو خەباتە خوێناوی و بێوچانەکەیدا، فیداکارترین و لەخۆبردووترین ڕۆڵەکانی ئەو گەلە بەشخوراوە، نازناوی پێشمەرگەیان پێدراوە. پێشمەرگە ئەو ڕۆڵە ئازا و بەجەرگەیە کە بە بوونی ڕۆحیاتی بەرزی ئەخلاقی و گیانفیدایی بۆ پاراستنی خاک و نەتەوە، لە نێو دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و تینووی ئازادی و دێموکراسیدا جێی خۆی کردۆتەوە. بۆ قەدرزانی لەو هەموو ئازایەتی و فیداکارییەی پێشمەرگە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، پێویست بوو ڕۆژێک لە ساڵدا بە ناوی ڕۆژی پێشمەرگە ناودێر بکرێت.
ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی یەکێکە لەو ڕۆژانەی وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە مێژووی هەشتا ساڵەی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە. هەشتا ساڵ لەوەوپێش، بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری "کوردستان" (بڵاوکراوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان) لە شاری مەهاباد، بە ئامادەبوونی دە هەزار کەس لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە وتاری پێشەوا قازی محەممەد، ئاڵای پیرۆزی کوردستان بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی لەسەر سەربانی لێژنەی سەرۆکایەتیی (هەیئەت ڕەئیسەی) حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵکرا.
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پێکهێنانی سپای میللی لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد؛ بەو واتایە گەلی کورد هەنگاوی نوێ و سەردەمیانەی هەڵێنابوو بۆ نێو مەیدانی شوناسخوازی و گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی. بە کردەوە دەبینین، لە دوای هەڵکردنی ئاڵا و پێکهێنانی سپای میللی کە لە دواییدا ناودێر کرا بە هێزی پێشمەرگە، حیزبی دێموکراتی کوردستان دەسەڵاتی ناوچەکەی لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبەرییەوە بە دەستەوە دەگرێت و لە ئەنجامدا حکوومەتی کۆماری کوردستان دادەمەزرێنێت.
ئاڵا هێمای ناسینەوەی نەتەوەیەکە کە خاوەنی خاک و زمان و کولتوور و مێژووی خۆیەتی. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە درکی ئەو ڕاستییە، کە کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک وڵاتە، کەوتە خۆ بۆ هەڵکردنی ئاڵا بەو شێوەیەی کە لەسەرەوە باس کرا، لە کۆبوونەوەیەکی بەربڵاوی جەماوەریدا و بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ ئەو کارە پیرۆزە بە ئەنجام گەیشت. بەڵام هەر هەڵکردنی ئاڵا بەس نەبوو بۆ ئەوەی هێمای نەتەوەیەک دیار بێت، بەڵکوو ئەو ئاڵایە پێویستی بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک و هێزێکی پارێزەر بوو کە لە کەوتن بیپارێزێت، چونکە کەوتنی ئاڵا واتە کەوتنی کیانی سیاسی و کەوتنی کیانی سیاسی واتە کەوتن و شکانی نەتەوەیەک.
بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر پێش لە هەڵکردنی ئاڵا، بە تایبەتی دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی مەهاباد لە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٢٣ لە لایەن خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو شارە لە چنگی زوڵم و زۆری حکوومەتی ڕەزاخانی پەهلەوی (وەک ئاخرین ئاسەواری دەسەڵاتداریەتیی ئەو ڕێژیمە لەو ناوچەیە)، ئامادەکاری دەکرد کە بە کۆکردنەوەی هەموو ئەوانەی خوازیارن و توانای ئەوەیان هەیە پارێزگاری لە خاک و نەتەوە بکەن، سپای میللی پێک بێنێت.
چەند مانگ دوای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دامەزرانی سپای میللی، بە کردەوە دەبینین لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنرێت. دوای دامەزراندنی حکوومەتی کۆماری کوردستان و ڕێکخستنی دامودەزگا کارگێڕییەکان، دەبینین نازناوی ئەندامانی سپای میللی کوردستان بەپێی ئیعلانی ڕۆژنامەی کوردستان لە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ دەگۆڕدرێت بۆ پێشمەرگە. لەو ڕێکەوتەوە چەکداری کورد کە بۆ وەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد خەبات دەکات، هەڵگری نازناوی پێشمەرگەیە و بووەتە جێگای شانازیی نەتەوەکەی خۆی.
لە سەردەمی ئێستادا بە خۆشییەوە ناوی پێشمەرگە وەک جەنگاوەرێکی ئازا و پابەند بە ئوسووڵەکانی مرۆڤایەتی سنوورەکانی کوردستانی بڕیوە و بووەتە ناوێکی ئاشنا بۆ هەموو جیهان. لە کوردستانیش لە نێو ئاخاوتنی کۆمەڵگە و نووسینی نووسەران و شاعیراندا بە دەیان پاشناو بە دوای وشەی پێشمەرگەدا جێی خۆی کردووەتەوە وەک: ئازا و بوێر، قارەمان، دوژمنبەزێن، نەمر، باسکی بەهێزی گەل... ئەوانە نیشانەی پێگەی بەرزی پێشمەرگەیە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی کەرامەت و شەرەفی نەتەوەی خۆی وەئەستۆ گرتووە و گەورەترین سەرمایەی ژیانی کە گیانییەتی، بە سەخاوەتەوە لە پێناو ئامانجەکانی نەتەوەی کورد بەخت دەکات. هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٦٣ ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی بە ڕۆژی پێشمەرگە ناودێر کرد کە نیشانەی ڕێزدانانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو بۆ ئەو هەموو گیانفیداییەی کە هێزی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمن لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی چەکداریدا کردوویەتی.
دیارە لێرەدا پێویستە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە دیاریکردنی ڕۆژێک بە ناوی ئاڵا و پێشمەرگە بەو مانایە نییە کە تەنیا لە یەک ڕۆژی تایبەتی ساڵدا ڕێز لە پێشمەرگە و ئاڵا بگرین، بەڵکوو لە ماوەی خەباتی خوێناوی گەلی کورد بۆ وەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی، هیچ ڕۆژێک لە ساڵدا شک نابەین کە پێشمەرگە بە ئازایەتی و گیانبازیی خۆی بەرگری لە مان و بوونی گەلەکەی خۆی نەکردبێت و تێیدا شەهید نەبووبێت، بەڵام نەیهێشتووە ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بکەوێتە سەر زەوی.
لە کۆتاییدا پێویستە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە لە بارودۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا کە بەهۆی سیاسەتە دژەگەلی و پاوانخوازییەکانی لە ناوچەکەدا و هەناردەکردنی تێرۆریزم و شەڕفرۆشتن بە دنیای دەرەوە، پایەکانی دەسەڵاتداریەتی هەم لە نێوخۆ و هەم لە دنیای دەرەوە لەق بووە و ئەگەری هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا ئەو ڕێژیمە بڕوخێت و ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ئێران بێتە گۆڕێ. وا باشە و هەڵومەرج وادەخوازێت ئاڵا و پێشمەرگە وەک دوو هێمای نەتەوەیی بکرێن بە هەوێنی یەکڕیزی بۆ وەدەستخستنەوەی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاراستنی ئەو دەسکەوتانە.