دیمانە: حەسەن شێخانی
ئاماژە:
پرسی نەتەوە بۆ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و ناسنامەی نەتەوەییان جێگیر بووە و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە، لە ڕۆژەڤ کەوتووە. ئەم نەتەوانە بە شێوەیەکی دەزگامەند و دامەزراوەیی، لەپێناو نەتەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان کار دەکەن و وێڕای ئەوەی کە بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی نەتەوە و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمدان، بەڵام لە کاتی ئاساییدا لە ڕاگەیەنەکاندا ڕیتۆریکی نەتەوە و نەتەوەخوازی بەرچاو ناکەوێت. کە دەڵێین لە ڕۆژەڤ کەوتووە، بەو مانایەیە کە بۆ نەتەوە بندەست و داگیرکراوەکان لە ئارادایە، ئەگینا تا ئەم نەزمە وێستفالییە هەبێت و تا نەتەوەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا خۆیان ڕێک بخەن و نوێنەرایەتی بکەن، چەمکی نەتەوە و نەتەوایەتی هەروا زیندوو و بەرۆژە. پرسی نەتەوە بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست کە خاکی داگیر کراوە، لە ڕۆژەڤدایە و تا ئەو کاتەی پرۆسەی نەتەوەسازیی کورد کامڵ دەبێت و لە دەوڵەت-نەتەوەدا جێگیر دەبێت، پرسی هەرە گرنگی کورد دەبێت. لەم دیمانەیەدا کە لەگەڵ شاهۆ حوسێنی، نووسەر و توێژەری فەلسەفە، پێکمان هێناوە، دەپڕژێینە سەر پرسی نەتەوە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد؛ پەیوەندیی نێوان گوتار و پڕاکتیکی کورد لەم بیاڤەدا؛ باسی پڕاکتیکی بزووتنەوەی کورد، گرێدراو لەگەڵ گوتار و هزری نەتەوەیی دەکەین؛ چۆنیەتیی خۆپێناسەکردن و ڕوانین بۆ خۆمان و ئەویتر و کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕەهەندە پڕاکتیکییەکەیدا لێک دەدەینەوە و ڕیشەی فکری و گوتاریی کەمایەسییەکانی بزووتنەوەی کورد شرۆڤە دەکەین.
پێناسەی ئێوە بۆ ناسیۆنالیزم چییە؟
ڕەنگە زۆر شرۆڤە و پێناسەی جیاواز لە ناسیۆنالیزم کرابێت، بەڵام بە باوەڕی من بەبێ تیشک خستنە سەر ڕەوتی مێژوویی و ئەو دیاردانەی کە وەک بنەمای دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم پێناسە دەکرێن، تێگەیشتن و فامی ناسیۆنالیزم نامومکینە. ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی مۆدێڕنە، واتە لە هەناوی مۆدێڕنیتەدا دەرکەوتووە و دەستپێکی مۆدێڕنیتەش مرۆڤی سوژە و ناسکارە، کەوابوو دەشێ بگوترێت کە بنەما و ئەساسی نەتەوە لە هەناوی سوژەیەکی سەربەخۆ، خۆبنیاتنەر و بکەرەوە دەردەکەوێت، ئەم سوژانەی لە ڕێی پەیوەندیی ئینتێرسۆبژێکتیڤەوە یەکگرتوویەک لەگەڵ یەکدا بنیات دەنێن و بە بڕیارێکی گشتی پێکەوەبوونێک بە ناوی نەتەوە بنیات دەنێن. بەم پێیە کورتترین پێناسەی من بۆ نەتەوەخوازی ئەوەیە: نەتەوەخوازی ڕووداوی دەرکەوتنی سوژەڤانێکی گشتی لە هەناوی سوژەی تاکەوەیە، واتە سوژەکان تاک بە پەیوەندییەکی ئاگایانە و سەربەخۆیانە، کۆ و گشتێک بە ناوی نەتەوە لەگوێن مێتاسوژەیەک بنیات دەنێن.
مامەڵەی کورد لەگەڵ پرسی نەتەوەخوازی و ناسیۆنالیزم چۆن دەبینی؟ ئایا کورد بە شێوەیەکی دروست لەم چەمکە تێگەیشتووە و مامەڵەی لەگەڵ کردوە؟
بەداخەوە ناسیۆنالیزم لە کوردستان بەرلەوەی کە لەگوێن ڕووداوی سوژەڤانی فام بکرێت، دیاردەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵات و لەگوێن ڕێڕەو و بەستێنێک بۆ دەست بە دەسەڵات ڕاگەیشتن چاوی لێ کراوە، ڕەوتێک بۆ دەست بە دەسەڵات ڕاگەیشتن، بەشداری لە دەسەڵات و دەستەبەرکردنی شەرعییەتی بەڕێوەبەریی دەسەڵات. بەم پێیە دەشێ بگوترێت کە نەتەوەخوازی لە کوردستان بەر لەوەی کە پرۆسەیەک بۆ سەیروورەتی سوژە بێت، پرۆژەیەک بۆ دەسەڵاتدارێتی و زاڵێتییە. ئەم دیاردەیە بەداخەوە ناسیۆنالیزمی لە بەستێنی فەلسەفی و مەعریفی دابڕیوە و دایبەزاندووەتە ئاستی سیاسەتی ڕۆژمەڕە، کێبڕکێی حیزبی و دەسەڵاتخوازێتی. بێگومان ناسیۆنالیزم لە وا دۆخێکدا ئیتر نەک ئاسۆیەک بۆ ڕزگاری، بەڵکوو ستراتیژییەکە بۆ کارکردن لە بەستێنی کێبڕکێی دەسەڵاتدارێتی و دەسەڵاتخوازیدایە؛ واتە لەجیاتی هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی کوردی لەگوێن بکەرێکی ناسکار، خۆبنیاتنەر و مێژووساز، بوونێکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵات بەرهەم هاتووە.
ئایا کورد وەک نەتەوەکانی دیکە، سەربەخۆیانە، خۆی پێناسە دەکات یان هێشتا سێبەری ڕوانینی نەتەوەی سەردەستی لە خۆپێناسەکردندا پێوە دیارە؟
بەداخەوە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات هێشتا خۆیان لە چوارچێوەی ڕوانگەی ئێرانیدا پێناسە دەکەن و دەبینن، نەک لەگوێن سوژەیەکی سەربەخۆ. واتە شوناس و خۆفامییان هێشتاشی لەگەڵ بێت، لە ڕێی زمان، مێژوو و چەمکەکانی ناوەند-پەراوێزەوە بەرهەم دێننەوە. تەنانەت لە دیسکۆرسی بەشێکی بەرچاو لە ڕووناکبیرانیشدا، بەشێکی زۆر لە چەمکە بنەڕەتییەکان دەروەستی فۆڕماسیۆنی زەینی و مانایی ئێرانین، بۆ وێنە تێگەیشتن لە مۆدێڕنیتە، نەتەوە، ئازادی، دێموکراسی و کورد، هێشتا وەرگێڕدراوی ڕوانینی ئێرانییەکانە، نەک بەرهەمێکی سەربەخۆیانە لە هەناوی ئەزموونی ژیاو و ژیانی کوردانەوە. هەرچەند لە پەراوێزی ئەم دۆخەدا، کەمینەیەکی هزری و ڕووناکبیریی ڕەخنەگر خەریکی دەرکەوتن و نواندنی هزری سوبژەکتیڤیستانە و سەربەخۆیانەن و هەوڵ دەدەن لەم دەروەستییە مەعریفییە مەودا بگرن، ئەوان هەوڵ دەدەن کوردبوون لە پێگەی بکەرێکی ناسکار و سەربەخۆوە بەرهەم بهێننەوە، نەک بەتەنیا لەگوێن ئۆبژەی فامی ئێرانی. واتە تێپەڕین لە دۆخی بەرهەمهاتوو و وەسفکراوی ئەویترەوە بەرەو ئاسۆی فام و تێگەیشتن لە دەروونی خۆوە.
ئەم فاکتەرە چ کاریگەرییەکی لەسەر پڕاکتیسی کورد و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد داناوە؟ ئایا نەبووەتە هۆی خوڵقاندنی چەشنێک لێڵی لە پڕاکتیکدا و کەمایەسی لە مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکاندا؟
بە باوەڕی من ئەم خەسارە گرنگترین بەربەست بووە، کە کورد وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو و یەکدەستی نەتەوەیی، لەگوێن بوونێکی خاوەن زەین و وێنایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی دەربکەوێت. واتە ناسیۆنالیزم تەنیا کاتێک دەتوانێت بەرهەمهێنی نەتەوە بێت کە بەر لە دەسەڵات، دەسەڵاتخوازی و بیری حوکمڕانی، ڕووداوی سوژەڤانی مومکین بکات و درێژەی ڕەوتی سۆبژەکتیڤیزم بێت؛ واتە ئەو کاتەی مرۆڤ، خۆی نەک وەک ئۆبژەیەکی مێژوو، بەڵکوو لەگوێن بکەرێکی سەربەخۆ دەبینێت و پێناسە دەکات. لە ڕۆژئاوا ئەم ڕووداوە لە هەناوی فەلسەفەی دێکارت، ڕەوشەنگەری و دەرکەوتنی سوژەی مۆدێڕن دەرکەوتووە، لەم جێیەوە کە "من بیردەکەمەوە" وەک سەرەتای ناسین و فامی سەربەخۆیانە لەنێو کۆمەڵگەدا جێ دەکەوێت. بەداخەوە ناسیۆنالیزم لە کوردستان لە غیابی ئەم بنەما فەلسەفییە و لە غیابی ئەزموونی مێژوویی سوژەی خۆبنیاتنەر دەرکەوتووە، بەناچار لە دەوری دەسەڵات دەخولێتەوە تا ئاگایی. هەتا ئەو کاتەی ئەم ئاڵوگۆڕە فەلسەفییە لە ئاستی سوژەڤانیدا ڕوو نەدات، هەر فۆڕمێک لە ناسیۆنالیزم لە کوردستان، یان لە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی ملکەچی و کۆیلەیی مرۆڤی کوردە یان خۆی بەرهەمهێنەری ملکەچی و کۆیلەیی مرۆڤی کوردە.
بەگشتی کێشەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تا چ ڕادەیەک کێشەیەکی هزری و گوتارین و تا چەندە ئەکتێکی ئیجرایی ڕووتن؟ ئایا لانیکەم بەشێکی کێشەکانمان ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمەی کورد لە هزر و گوتار کەمایەسیمان هەیە، بۆیە لە پڕاکتیکیشدا کێشەمان هەیە؟
پرسیارێکی گرنگ و ڕادیکاڵە، ئەگەر مەبەستتان لە کێشە، بەربەستی دەروونیی ناسیۆنالیزمی کوردی بێت، بەشێکی گرنگی ئەو، ڕێک کێشەی هزری و گوتارییە نەک بەتەنیا سیاسی؛ ئیزنم بدەن با ڕوونتر لەم بارەوە بدوێم: ناسیۆنالیزمی کوردی بەداخەوە نەیتوانیوە لە ئاستی هەستی گشتی و خواستێکی بۆ ڕزگاری تێپەڕێت، واتە نەیتوانیوە ببێتە سیستەمێکی هزرڤانیی ڕێکوپێک. ئەم خەسارە لە سێ ئاستدا خۆی دەنوێنێت: هەژاریی تیۆری: هێشتا چوارچێوەیەکی مەعریفەناسیی خۆڕسکی نیە، بەشی هەرەزۆری چەمکەکانی، ئەزموونی نەتەوەیی نەتەوەکانی تری داگیرکەری کوردستانە، یان کۆپی و لاساییەکی ڕواڵەتین لە ئایدۆلۆژییە کەلانگێڕەوەکانی وەک کۆمۆنیزم، لێنینیزم، مائۆئیزم و ئیسلامیزم، بەبێ ئەوەی کە لە بەستێنی مێژوویی، ئۆنتۆلۆژیک و ئەزموونی ژیاوی تاک و کۆمەڵگەی کوردیدا پێداچوونەوەیان پێدا کرابێت. ئاکامی ئەمە ناسیۆنالیزمێکی چاولێکەرانەیە کە نازانێت لە مەڕ چ "فامێک لەسەر خۆ" بدوێت. زەینییەتی پەسیڤ: لە دەروونی تاکی کوردا، کوردبوون هێشتا لە هەناوی ئەویتربوونێکدا شرۆڤە و فام دەکرێت، کە غەیرەکوردەکان بەرهەمیان هێناوە. بەردەوام پاساوی خەبات و بەرخۆدانی کورد زوڵم و زۆریی داگیرکەران بووە دژ بە کورد، بەڵام هیچ کات، پاساوی بەرخۆدان و خەباتمان ئەمە نەبووە کە چونکە سوژەیەکی بیرکەرەوەین، خۆبنیاتنەرین و خۆبەرهەمهێنین. ئەمە بەو مانایە دێت کە هێشتا ناوەندی فام و ئاگایی کورد لە دەرەوەی خۆی کوردییە. قەیرانی سوژەی گشتی: زەینی کوردی هێشتا لەنێوان دوو ساحەدا لە ئاڵوگۆڕدایە: سوژەی قوربانی (کە ڕابردووی قوت داوە) و سوژەی قارەمان (کە ئامانجی داهاتوو موتڵەق دەکاتەوە). بەداخەوە هیچ کام لەم دوو دیاردەیە توانای ئەوەیان نیە کە ئێستا لەگوێن بەستێنی بەرهەمهێنانی مانا و دەسەڵاتی گوتاری بڕازێننەوە. هەر بۆیەش بەشی هەرە زۆری بەربەستەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی نەک لە ئاستی تاکتیک و سیاسەتدا، بەڵکوو لە ئاستی زەین و ئەندێشەدان.
شێوازی مامەڵەی خۆمان لەگەڵ خۆمان و چۆنیەتیی خۆپێناسەکردنمان، چ کاریگەرییەکی لەسەر مامەڵەی نەتەوەی سەردەست بەرانبەر ئێمە داناوە؟ ئەگەر ئێمە لە ڕەهەندی فکری و گوتاریدا بەهێزتر و متمانەبەخۆتر دەرکەوتباین، چ کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئەوان بەرانبەر ئێمە دەبوو؟
دەزانی، جۆری پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خۆی بەر لەوەی کە ئەزموونێکی تاکی بێت، ئەزموونێکی ئۆنتۆلۆژیک و هەڵوێستێکە لە بازنەی دەسەڵاتدایە، واتە ئیرادە، خواست و توانای خۆداڕشتن، خۆبنیاتنان و پەرەدان بە خۆ. ئەگەر کۆمەڵگەیەک یان نەتەوەیەک بە دڕدۆنگی، دڵەڕاوکێ و لەرزۆکی خۆی وێنا بکات، دەریبخات و لەسەر ئەم لاوازییانە هەڵسوکەوت بکات، جیهان ڕێک بەم شێوەیە دەیانبینێت و وەریاندەگرێت. لە ڕاستیدا متمانەبەخۆبوون بەتەنیا دیاردەیەکی دەروونناسانە نیە، بەڵکوو سیگناڵێکە لە لووتکەی دەسەڵاتەوە دەردەکەوێت. ئەوانەی خۆیان لاواز دەبینن، بۆ پێناسەکران و دیتن، شوێن ئیزن و دیتنی دەرەکی دەکەون، بەڵام بەپێچەوانەوە، کەسێک کە سەربەخۆیانە شوناسی خۆی دادەڕێژێت و خۆی بنیات دەنێت، خۆی هاوتەریب و بگرە بەرزتر لە ئەویتر دەبینێت. بێگومان شوناسی تاک و کۆ، کاتێک تووشی قەیران و کێشە دەبێت، کە سوژە بەر لەوەی کە خۆی پێناسە بکات، لە ئاوێنەی ڕوانگەی ئەویتردا بەرهەم بێت و دەربکەوێت. لە وا دۆخێکدا پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خۆی پەیوەندییەکی سانەوی، دژکردەوەیی و دەرکەوتووە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن لەگەڵ بوونێکی بەدیلیدا. بوونێک کە چاوەڕوانی پشتڕاستکردنەوە لە دەرەوەی خۆی دەکات، لەرزۆک و بێمتمانەیە بە بوونی، واتە لە بوونی خۆی دڕدۆنگە و توانای دەنگهەڵبڕین و خۆدەرخستنی نیە، بەکورتی دەشێ بگوترێت کە پێکهاتەیەکە لە پێگەی پەیڕەودا ڕۆڵ دەگێڕێت. کاتێک تاک و کۆمەڵگەیەک توانیان خۆیان بە زمانێکی ڕوون، مسۆگەر و سەربەست دەرببڕن، پەیوەندیی دەسەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. دەسەڵات بەردەوام لە بەرانبەر بوونێکدا کە هێشتا خۆی وەک کێشە و قەیران دەبینێت، ڕۆڵی قەییوم دەگێڕێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە بەرانبەر سوژەیەکدا کە ڕەوایەتی و گێڕانەوەکانی لەمەڕ خۆی ڕێک و قایمە، لە چوارچێوەی قەییومی دەردەکەوێت و دێتە نێو بەستێنی دیالۆگ و وتووێژ و قبووڵکردن. کەوابوو تاک و نەتەوەیەک کە متمانەی بە خۆی نیە، لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا وەک قەیران و کێشە فام دەکرێت، بەڵام تاک و نەتەوەیەک کە ڕەوایەتی و گێڕانەوەی سەربەخۆیانەی لەمەڕ خۆی هەیە، ئەوا دەبێتە لایەنی دانوستان و دیالۆگ. کەوابوو ڕێز، عەدالەت و بەفەرمی ناسین هیچ کات لە دەرەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە تاک و نەتەوە وەک سوژە لەجیاتی ئەوەی کە هەوڵ بدەن ببیندرێن، بڕیار دەدەن خۆیان دەربخەن.
پێت وا نیە لەم ساڵانەی دواییدا کورد و کۆمەڵگەی کوردی تۆکمەتر و بەهێزتر هاتوونەتە مەیدان و، خۆی، خۆی پێناسە دەکات و لە چاویلکەی ئەویتری سەردەستەوە لە خۆی ناڕوانێت و متمانەبەخۆتر لە جاران دەجووڵێتەوە و پێناسە داسەپاوەکان بۆ خۆی ڕەت دەکاتەوە؟ لێرەدا دەمەوێت بپڕژێیتە سەر دۆخی هەنووکەیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لەم ساڵانەی دواییدا.
ئەمەی لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵات دەرکەوتووە، دەشێ بگوترێت کە زیاتر لە ڕاپەڕینێکی سیاسی، دابڕانێکە لە ئێپیستمۆلۆژیادا، واتە تێپەڕینە لە بوون لەگوێن ئۆبژەیەکی پێناسەکراو بەرەو بوونێک لەگوێن سوژەیەکی ئاگا. دەشێ بگوترێت کە ئێستا لە ڕۆژهەڵات قەڵشێکی قووڵ لە نەزمی زاناییدا دەرکەوتووە، کورد لە ڕۆژهەڵات ئیتر خۆی ڕاناهێنێت بەمەی کە: من هەم، چونکە منیان دیوە، بەپێچەوانەوە دەڵێت: من هەم چونکە خۆم ویستوومە چۆن بم و کێ بم. ئەم بوونە بەر لەوەی کە بوونێکی سیاسی بێت، بوونێکی ئۆنتۆلۆژیکە، بوونێک کە لەسەر بنەمای مافی خۆپێناسەکردنی سەربەخۆ دامەزراوە. کورد ئیتر مێژوو ئەزموون ناکات، بەڵکوو هەوڵ دەدات مێژوو ساز بکات. ئەم دۆخە هێشتا پوخت نەبووەتەوە، بەڵام لە ئاستێکدایە کە دەشێ پێی بگوترێت "مەودای دیالێکتیکیی نێوان دەسەڵات و ئاگایی". کورد ئەمڕۆکە لە دۆخی شکست تێپەڕیوە بەرەو دۆخی هاتنەدی، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە دۆخی هاتنەدی، بەڵکوو لە فۆڕمێکی هەڵواسراوی ئێگزیستانسیالدایە: ئەم دۆخە دۆخێکە کە تێیدا سوژەی کورد دەزانێت و تێگەیشتووە لەوەی کە دەبێت ببێت، بەڵام هێشتا خەریکی بەرهەمهێنانی زمانێکە کە بتوانێت تێیدا بوونی خۆی بکاتە پێکهاتە. بەکورتی دەتوانم بڵێم ئەوەی ئەمڕۆکە لە کوردستان دەبیندرێت، نەک بزاڤێک، بەڵکوو نزیکبوونەوەیە لە ساتی دەرکەوتنی کۆ لەگوێن عەقڵی مێژوویی خۆی.