(دەقی وتاری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سیمیناری ٢٧ی ڕێبەندان لە وڵاتی فینلاند)
میوانانی بەڕێز!
بەشدارانی هێژا!
زۆر بەخێر بێن بۆ یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان.
بە گەڕانێکی کورت بەنێو دنیای پڕ لە زانیاریی ئەمڕۆدا، باس لە هەبوونی زیاتر لە ٥٥ شەڕ، گرژی و پێکدادان لە گۆشە و کەنارەکانی جیهاندا دەکرێت. بەپێی زانیارییە گشتییەکان و لێکدانەوە سیاسییەکان، ئەمە یەکەم جارە دوای جەنگی جیهانیی دووهەم، هێندە گرژی، نائارامی و ناسەقامگیری لە ڕێسا سیاسی و ئابوورییەکانی جیهاندا هەبێت. کاتێک باس لە هەلومەرجی جەنگی جیهانیی دووهەم دەکرێت، یەکسەر کۆماری کوردستان و ڕۆڵ و پێگەی سەرۆککۆماری کوردستان دێتە بەرچاو، کە چۆن لەو دۆخە هەستیارەی ئەو سەردەمەدا توانییان دەرفەتەکان بقۆزنەوە. هەرچەندە بەراوردکردنی ئەو سەردەمە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا ڕەنگە لە هەموو ڕوویەکەوە دروست نەبێت، بەڵام لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم کە ئێمەی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی، دەتوانین وەک وانەیەک لەم دۆخە پڕ لە ئاڵۆزییەی ئێستادا سوودیان لێ وەرگرین.
سەربەخۆیی لە بڕیارداندا:
بێگومان پێشەوا قازی محەممەد، نموونەیەکی پێشکەوتووی سەرکردایەتی و دیپلۆماسی بوو. پێشەوا، وەک یەکەم سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی فێری کردین "سەربەخۆیی لە بڕیاردان" بوو. پێشەوا تەنیا سەرکردەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو سیاسییەکی وردبین بوو. لە کاتێکدا جیهان لەنێو بەرداشی جەنگی دووهەمی جیهانیدا بوو، ئەو توانی لەو بۆشاییە دەسەڵاتەی کە دروست ببوو، باشترین کەڵک وەربگرێت. پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە دوو دیداری پێشەوا قازی محەممەد لە کرماشان لەگەڵ نوێنەرانی بریتانیا و ئەمریکا، ئەو نوێنەرانە وڵامی "نەخێر"یان دایەوە. دواتر کاتێک بەشێکی ئێران کەوتە ژێر کاریگەریی ڕووسیە و بریتانیا، خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوە بوو کە پێشەوا، سەرەڕای پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکانی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت و هەروەها گوشارەکانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ئەوەی کوردستانیش ببێتە پاشکۆی دەسەڵاتەکەی "پێشەوەری"، بە سەربەخۆیی لە بڕیاردان و ئیرادەی نەتەوەییەوە، هەرگیز ڕێگەی نەدا بڕیاری کوردی ببێتە پاشکۆی بێگانە. ئەو دەیزانی چۆن هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئامانجە نەتەوەییەکاندا ڕاگرێت. ئەمە ئەو هێڵە سیاسییەیە کە حیزبی دێموکرات تا ئێستاش پاراستوویەتی و لەو شەپۆلە سیاسییانەی دێن و دەڕۆن، نەچووەتە نێو هیچ شەپۆلێکەوە کە ئاکامەکەی "بڵقی سەر ئاو" بێت. حیزب پێگە و قورسایی و جەماوەری خۆی ناسیوە، کەڵکی لە دەرفەتەکان وەرگرتووە و بەرژەوەندیی نەتەوەی کوردی لە هەموو کاتێکدا بە گرنگتر لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتە هەرێمی و زلهێزەکان زانیوە.
ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای ئێران بکەین، دەبینین هێشتا هەمان ئەو کێشە بنەڕەتییانەی سەردەمی کۆمار ماونەتەوە؛ نەبوونی دانپێدانان بە فرەیی نەتەوەیی و سیاسی، بەشێکی دانەبڕاوە لە سیاسەتی حکوومەتی ئێران. بەڵام وانەی پێشەوا بۆ ئێمە ئەوەیە کە "سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی" کلیلی سەرکەوتنە. نابێت کورد چاوەڕێی گۆڕانکارییەک بێت کە تەنیا لە دەرەوە بۆی بێت، بەڵکوو دەبێت وەک پێشەوا، نێوخۆ ڕێکبخات و ئامادەی قۆستنەوەی دەرفەتە مێژووییەکان بێت. هەر لەم پێناوەشدا بووە کە حیزبی دێموکرات کۆڵەکەی لێکنزیککردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و بە دڵێکی کراوەوە بۆ ئەم پرسە دەڕوانێت. ناوەندی دیالۆگ بەرەو هەنگاوی کردەیی دەچێت و هەموو هەوڵێکی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەیە نێوماڵی کورد یەکبخات و نەهێڵێت نەیاران درز بخەنە نێو ڕیزەکانمان. لە جوگرافیایەکدا کە جۆرەها سیناریۆ لە ئارادایە، پێویستە کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت و چارەنووسی خۆی بە قەزا و قەدەر نەسپێرێت. بڕیاری سیاسی دەبێت لە نێوخۆی کوردستانەوە سەرچاوە بگرێت و نابێ بکەوینە ژێر ڕکێف و داوی نەیاران و ناحەزانی گەلەکەمان.
پەروەردەی گەنجان و ڕۆڵی ژنان:
لە جیهانی هاوچەرخ و پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، زۆر باس لە مافی ژنان دەکرێت کە ئەمەش کارێکی زۆر بەجێیە. پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمێکدا هانی ژنانی دەدا بێنە نێو کۆمەڵگە و بەشداریی کایەکانی پەروەردە و سیاسەت بن، کە ئەو کات ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوپەڕی دواکەوتووییدا بوو. ئەو باوەڕی تەواوی بە مافی ژنان وەک نیوەی کاریگەری کۆمەڵگە هەبوو. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کۆماری کوردستاندا بە کردەوە لە لایەن پێشەواوە هەوڵی بۆ دراوە و حیزبی دێموکراتیش پێشەنگی ئەم خەباتەیە. ئەوەی ئێستا دەبینین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەکۆی کچان و ژنانی سەرکەوتوو و بژاردەیە، بەرهەمی ڕوانگەی کراوەی نەتەوەی کورد و خەباتی نەتەوەییمانە. گرنگیدان بە پەروەردەی گەنجان دەبێت ببێتە ستراتیژی نەتەوەکەمان و پلانێکی تۆکمە و درێژخایەنی بۆ دابڕێژرێت. هەروەها پێویستە کچان و ژنان بە ئامادەیی لە جومگەکانی بڕیاردان و دەسەڵاتدا، وزە و توانا بە خەباتی فرە ڕەهەندی نەتەوەکەیان ببەخشن. حیزبی دێموکرات هەمیشە هەوڵی داوە و بەردەوام تێدەکۆشێت تا هاوبەشی و بەشداریی ژنان پەرەی زیاتر بستێنێت.
خۆخستنە مەترسی لەپێناو ئاشتەواییدا:
کاتێک دەڕوانینە مێژووی کۆماری کوردستان، دەبینین سەرکۆمار قازی محەممەد، هاوشێوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، خۆی خستووەتە نێو مەترسییەکان تەنیا لەپێناو پاراستنی ئاشتەوایی؛ ئەمە هونەرێکە تەنیا لە ڕێبەرێکی نەتەوەیی و دووربین بۆ داهاتووی خەڵکەکەی چاوەڕوان دەکرێت. یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر کۆمار، کێشەی زەوی و سنوور بوو لەگەڵ هاونیشتمانییە ئازەرییەکان. پێشەوا بە دیدێکی مرۆیی و نەتەوەیی قووڵەوە، نەیهێشت ئەم پرسە ببێتە شەڕی نێوخۆیی. ئەو زمانی گفتوگۆی هەڵبژارد و ڕێگەی نەدا پیلانی ناحەزان ئاژاوە بنێتەوە. پێشەوا سەلماندی کە دەوڵەتی کوردی نەک هەر هەڕەشە نیە بۆ پێکهاتەکانی دەورووبەری، بەڵکوو دەبێتە چەتری پاراستنی مافی هەمووان. ئەمە وانەیەکی گەورەیە بۆ ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پڕە لە ململانێی نەتەوەیی و ئایینی. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەندێک شوێن دەگوزەرێت، شەڕێکی ڕەگەزییە و بێگومان دووکەڵی ئەم تاوانانە بە قازانجی داگیرکەران ناشکێتەوە، چونکە بەرخۆدان بەشێکە لە کولتوور و ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی، دێموکراسی و ئاشتی لەگەڵ دراوسێکان.
دیپلۆماسی:
دیپلۆماسی لەگەڵ تاران ئەو خاڵەیە کە باسکردنی بە پێویست دەزانم. لە کاتێکدا بەشێکی زۆری خاکی ئێران لە باکوور و باشوور لەژێر داگیرکاریی ڕووسیە و بریتانیادا بوو، پێشەوا قازی محەممەد ڕێگەی "تاران"ی ون نکرد. ئەو چەندین جار سەردانی تارانی کرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کورد خوازیاری چارەسەری سیاسییە. ئەو دەیزانی دیپلۆماسی کورتترین ڕێگەیە بۆ ناساندنی خەبات، نەک تەنیا لە ئاستی نێوخۆ، بەڵکوو بۆ ئەوەی دۆزی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەنگ بداتەوە. گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ناوەند و هێزە ئێرانییانەی کە مافی ئێمە بە ڕەوا دەبینن، زۆر پێویستە. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە هاوتەریبن لەگەڵ خەباتی مەیدانی، و پێویستە سەرنجێکی تایبەت بە ڕێکخستن، گەشەی ڕیزەکان و یەکترقبووڵکردن بدەین.
نەتەوە و نەتەوەسازی و هێما پیرۆزەکانی نەتەوەیەک:
کۆماری کوردستان تەنیا بۆ ناوچەیەک نەبوو. کاتێک مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵەکانی لە پارچەیەکی دیکەوە ڕوویان تێکرد، پێشەوا بە ئامێزی کراوە پێشوازی لێ کردن. لە کۆماردا، "کوردبوون" پێوەر بوو، نەک سنوورە دەستکردەکان. ئەمە یەکەمین تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی "نەتەوەییبوون" بوو لە مێژووی نوێماندا. ئەم پەرەگرتنەی هەست و هۆشی نەتەوەیی، لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. کاتێک کۆبانی، عەفرین و ناوچەکانی دیکە کەوتنە ژێر هەڕەشە، بینیمان چۆن کورد لە هەموو پارچەکانەوە، لە هەولێرەوە تا مەهاباد، سنە و ئامەد، بوونە یەکدەنگ. ئەمە هەر ئەو "ماڵە گەورەیە" بوو کە پێشەوا بنیاتی نا. گەشەسەندنی ڕۆحی نەتەوەیی و پشتیوانیی هەمەلایەنەی کورد لە یەکتر، وانەیەکە کە خەباتی نەتەوایەتی فێری کردووین. کاتێک دەبینین لە "سەرپێڵی زەهاو" بوومەلەرزە ڕوو دەدات، هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خەمی لێقەوماوانەوە دەچن؛ لە ورمێ، مەهاباد و بۆکانەوە تا سەقز، پاوە و سنە. کاتێک ڕێژیمی ئێران خەڵکی قارەمانی ئیلام و کرماشان کۆمەڵکوژ دەکات، هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵات بە دەنگ داواکانی ناوەندی دیالۆگەوە دێن و مانگرتنی گشتی بۆ پشتیوانی لەوان بەڕێوە دەبەن. لەم کاتانەدایە کە "نەتەوە" مانای ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات و دەیسەلمێنین کە ئێمەی کورد بە هەر ئایین و مەزهەبێکەوە، پشت و پەنای یەکترین. جێی خۆیەتی لەم یادە پیرۆزەدا، یادی بەرخۆدانی خەڵکی نەترسی ئیلام و کرماشان بکەینەوە و دووپاتی بکەینەوە کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، درێژە بە خەباتی خۆی دەدات. بێگومان یادی کۆماری کوردستان، کە ئەگەر دوێنێ تەنیا لە مەهاباد و دەورووبەری بوو، ئەمڕۆ سنوورەکانی سنە، کرماشان و ئیلامیشی تێپەڕاندووە، تەنیا بۆنەیەکی مێژوویی نیە؛ بەڵکوو وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانین یەکڕیزیی نەتەوەیی تاکە گەرەنتییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە مێژوو بەسەر بێدەنگیماندا تێنەپەڕێت.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ دامەزرێنەرانی کۆمار و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنوێنم. زۆر سپاس بۆ ئامادەبوون و گوێگرتنتان.