ڕۆژی یەکشەممە، خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تأمین اجتماعی) لە شارەکانی کرماشان و شووش، کوبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و تێیدا ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە گرانی، هەڵاوسانی ئابووری، کێشەکانی بژێوی ژیان و بەرزبوونەوەی تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی دەربڕی.
خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم دژی کارکرد و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، داوای زیادکردنی مووچەکانیان هاوتەریب لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی ژیان و بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانی خانەنشینانیان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین دروشم وترانەوە، لەوانە: ''خانەنشین ڕاپەڕە، کاتی دانیشتنت نییە''، ''گرانی، هەڵاوسان، دزی لە گیرفانی خەڵک''، ''نان گران، دەرمان گران، دەوڵەت بووە بە دوژمنی گیان''.
هەروەها خانەنشینانی کرماشان بە وتنەوەی چەند دروشمێک، داوای سەرنجدانی زیاتری بەرپرسانیان بۆ کێشە ئابوورییەکانی خەڵک کرد.
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە خانەنشینان دەڵێن زیادکردنەکانی ئەم دواییەی مووچە و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی هاوتاکردنی مووچەکان، لەگەڵ ڕێژەی ڕاستەقینەی هەڵاوسان و تێچووەکانی ژیان ناگونجێت و توانای قەرەبووکردنەوەی دابەزینی هێزی کڕینی ئەوانی نییە.
شایانی باسە، ناڕەزایەتی خانەنشینان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە کۆبوونەوە بەردەوامەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران؛ خۆپیشاندانگەلێک کە زیاتر لەسەر تەوەرەکانی گرانی، کەمیی مووچەی خانەنشینی و بەرزبوونەوەی تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی چڕ بوونەتەوە.