کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ گەیشتنە ڕێککەوتن

08:58 - 25 جۆزەردان 2726

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا ڕایانگەیاند کە هەردوو وڵات لەسەر چوارچێوەیەکی سەرەتایی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز گەیشتوونەتە ڕێککەوتن؛ ڕێککەوتنێک کە بە وتەی لایەنەکان دەبێتە هۆی خۆشکردنی مەیدان بۆ دانوستانی بەربڵاوتر لەسەر ئەو ناکۆکییانەی کە ماون، لەوانەش بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیی: ''ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا تەواو بووە.''

 هەروەها ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆز دوای واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە دەکرێتەوە و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران کۆتایی پێدێت.

شەهباز شەریف، سەرۆک‌وەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستانەکاندا گێڕاوە، ئەویش گەیشتن بە ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند و وتی هەردوو لایەن لەسەر ''کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ، لەوانەش لوبنان ڕێککەوتوون. بە وتەی ناوبراو ڕێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە ڕۆژی هەینی لە سویس بەڕێوە دەچێت.

لەسەر بنەمای ئەم چوارچێوەیە، ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژە ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا دانوستانەکان دەربارەی بابەتە چارەسەرنەکراوەکان، لەوانەش لابردنی گەمارۆکان، بەرنامەی ئەتۆمی و مێکانیزمەکانی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەردوام بێت.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە گفتوگۆ تەواوکەرەکان دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە دەست پێدەکەن و دەقی تەواوی ڕێککەوتنەکەش دوای ڕێوڕەسمە فەرمییەکە بڵاو دەکرێتەوە.