
عەزیز مەعرووفی
سەرئەنجام پاش نۆ مانگ لە مشتومڕ لەسەر ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریەی دێموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی کاتیی سووریە —کە لە ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ بۆ تێکەڵکردن و یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت واژۆ کرا— بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان ڕووبەڕووی شەڕپێفرۆشتنی هێزەکانی سووریە بووەوە.
لە نووسینەکانی پێشوودا ئاماژەمان بەوە کردبوو کە ڕێککەوتنی ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ بە ڕێنوێنیی عەبدوڵا ئۆجەلان و لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا هات کە بە "پرۆسەی ئۆجەلان - باخچەلی" ناومان بردبوو. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، دەبوو هێزەکانی هەسەدە تێکەڵی نێو سوپای حکوومەتی کاتیی سووریە بکرێن و لە بەرامبەردا کوردەکان لە سووریەیەکی یەکگرتوودا هەندێک مافی سەرەتاییان پێ بدرێت. لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا دەبینین حکوومەتی سووریە هیچ هەنگاوێکی لەو پێناوەدا نەناوە؛ نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و ئاستەنگدروستکردن نەپەرینگاوەتەوە. هەروەها ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیەوە هاندراوە تا بە هێرشی بەربڵاو و پیلانبۆداڕێژراو پەلاماری ڕۆژاوای کوردستان بدات.
حکوومەتی کاتیی سووریە لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەڕع و بە هاوکاریی گروپە توندڕەوەکان، لە ٨ی ژانویەی ئەمساڵدا، سەرەتا لە دوو گەڕەکی "ئەشرەفیە" و "شێخ مەقسوود" و پاشان بەرەو قووڵایی ڕۆژاوای کوردستان هێرشەکانی دەست پێکردەوە. بەو هۆیەوە ڕۆژاوای کوردستان چەندین ڕۆژە لەژێر گەمارۆیەکی توندی هێزەکانی سووریەدایە. ئەو هێزە بێبەزەیی و دڵڕەقانە، دوور لە هەموو یاسا و نەریتێکی سەردەم، پەلاماری ماڵ و حاڵی کورد دەدەن، ژن و منداڵ دەکوژن و بێڕێزی بە تەرمی کچ و کوڕانی شەهیدی کورد دەکەن. هەروەها لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیەکی سەختیان خستووەتە سەر دانیشتوانی شارەکان و خەریکن کورد لەژێر تەوژمی بەفر، سەرما و برسیەتیدا قڕ دەکەن. ئەم هێرش و شەڕپێفرۆشتنە ئەگەر لە ڕووکەشدا هی حکوومەتی کاتیی سووریە بێت، لە نێوەرۆکدا پیلانێکی داڕێژراوی تورکیەیە. زۆر ڕوونە کە دەوڵەتی تورکیە هەر لە سەرەتاوە ڕێگەی نەداوە تەنانەت ئەم ڕێککەوتنەش بە ئاراستەی خۆیدا بڕوات، بەڵکوو بەردەوام کۆسپی خستووەتە ڕێ و ئاژاوەی ناوەتەوە.
ڕۆژاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢وە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییەکی خۆماڵییە. لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا، تووشی ئاستەنگی زۆر بوون و هەوراز و نشێوی زۆریان تاقی کردەوە؛ بە سەدان هەزار کەسیان ئاوارەی هەندەران بوون، بەڵام سەرکەوتنی مەزنیان تۆمار کرد و لەخۆبردووییەکی کەموینەیان نیشان دا. توانییان ببنە هاوبەشێکی گرنگ و جێی متمانەی هاوپەیمانیی دژی داعش کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێبەرایەتیی دەکرد. هەر لەو کاتەشدا هەڵەی مێژووییان کرد، کە ئەویش بەستنەوەی چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستان بوو بە پەکەکە و ڕێنوێنییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لە ساڵی ٢٠١١ و بەتایبەتی ڕێککەوتنی ١٠ی مارسی ٢٠٢٥.
ڕۆژاوای کوردستان لە ٢٠١٤وە، سەرەتا لەژێر ناوی پەیەدە، لە شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ لای خۆی ڕاکێشا. تێکشکاندنی داعش لە کۆبانی لەو بارەیەوە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێ کەوتەوە. پاشان مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ، زەمینەی پێکهێنانی دوو هاوپەیمانیی بۆ کورد ڕەخساند؛ یەکەم: هاوپەیمانیی ناوچەیی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی ڕەققە، دێرەزوور و دەوروبەری حەسەکە لەژێر ناوی "هێزەکانی سووریەی دێموکرات" (هەسەدە). دووەم: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، کە لەو سۆنگەیەوە هەسەدە بە هاوکاریی چڕی ئەو هاوپەیمانییە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە هێرشی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە پاراست و پێشڕەویی کرد تا لە ساڵی ٢٠١٧دا خەلافەتەکەی داعش لە ڕەققە بڕووخێنن.
بەم جۆرە کوردەکان، وەک هێزێکی تۆکمە و بڕیاردەری ناو هەسەدە، بوونە هاوپەیمانی ئەمریکا لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا. ئەو هاوپەیمانییەش لای خۆیەوە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینی. بۆ نموونە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ نەیویست هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد لە ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٩ لە هێرشەکانی تورکیە بپارێزێت، کە نموونەی هەرە بەرچاوی داگیرکردنی عەفرین بوو. پشتتێکردنی ئەمریکا لە هەسەدە لە بەرامبەر تورکیەدا، توڕەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەنێو بازنە سیاسییەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەتیش لەنێو کورداندا لێ کەوتەوە. ڕاگرتنی هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیان لە گرتووخانەکانی هەسەدە، هێشتا ئەو هیوایەی بۆ کورد هێشتبووەوە کە واشینگتۆن وەک هاوپەیمانێکی دژی داعش لەگەڵیان بمێنێتەوە. تورکیە لە ماوەی ئەم ١٢ ساڵەدا دەیان کۆسپی بۆ ئەم هاوپەیمانییە دروست کرد و تا بۆی کرا لەگەڵ داعش مامەڵەی کرد بۆ ئەوەی هاوپەیمانان واز لە پاڵپشتیی کورد بهێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. کەچی ئێستا وا دێتە بەرچاو کە ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ٨ی دێسامبری ٢٠٢٤، خۆرئاوابوونی ئەم هاوپەیمانییەی بەدوای خۆیدا هێنابێت. هاتنە سەرکاری حکوومەتی کاتیی سووریە بە پاشخانێکی جیهادی لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەڕعدا، قۆناغێکی نوێی لە سووریە خوڵقاندووە؛ ئەو دەسەڵاتە لە هیچ ڕوویەکەوە سەربەخۆ نییە، هەر ئەمەش وای کردووە لە بەشێک لە خاکەکەی بۆ ئیسرائیل خۆشبێت و بۆ نیشاندانی وەفاداریی بۆ ڕابردووە جیهادییەکەی، ڕێک بەپێی ویستی تورکیە دژی کورد و داخوازییەکانی دەجووڵێتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، دەردەکەوێت ئەمریکا هاوپەیمانێکی زۆر پێداگر و مکوڕ نەبووە بۆ کورد و نەیویستووە کورد لە دەستوەردانەکانی تورکیە بپارێزێت؛ بۆیە ئەم دۆخەی ئێستا دوور لە چاوەڕوانی نەبوو. بەم جۆرە، هاوپەیمانیی دژی داعش و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، لە بەجێهێشتنی کورد و پێشێلکردنی متمانەی هاوپەیمانییەکەدا، کەمتەرخەم بوون. کوردەکان چ لە باشوور و چ لە ڕۆژاوای کوردستان، دۆست و هاوپەیمانی دڵسۆز، بەباوەڕ و کاریگەری هاوپەیمانان بوون. ئەگەر سوپای ئەمریکا لە ناوچە عەرەبییەکانی عێراق و سووریە ڕووبەڕووی بەرەنگاریی سەختی هێزەکانی بەعس و داعش دەبوونەوە، بۆ حەسانەوە ڕوویان لە کوردستان دەکرد. هێزەکانی ئەمریکا هیچ کات لە کوردستان نەکرانە ئامانج، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لە ناوچە عەرەبییەکان بە دەیان جار سەربازەکانیان کوژران؛ تەنیا لە دێسامبری ٢٠٢٥دا، دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە پەلامارەکانی حکوومەتە جیهادییەکەی ئەحمەد شەڕعدا کوژران. کورد هەمیشە وەک دۆست و میوان لە ئەمریکییەکانی ڕوانیوە و ئەمەش وای کردووە لە کوردستاندا لەوپەڕی ئارامی و تەناهیدا بمێننەوە.
کوردەکان لەسەر خاکی خۆیان و بۆ پاراستنی نەتەوەکەیان شەڕکەرێکی لێهاتوون. تەنیا لە ڕۆژاوای کوردستان زیاتر لە ١٢ هەزار شەهیدیان دا، لە کاتێکدا خوێن لە لووتی یەک سەربازی ئەمریکی نەهات بەدەستی کورد. ئەوان لە چوارچێوەی بەرگری لە خاک و کەرامەتیاندا هاوپەیمانی ئەمریکا بوون و هەرگیز ڕووی نەداوە کورد لەژێر سایەی ئەم هاوپەیمانییەدا هێرش بکاتە سەر گەلانی تر یان خەڵکی بێتاوان قەڵاچۆ بکات تا ئەمریکا پێی شەرمەزار بێت. بۆیە هاوکاریخوازیی کورد لە ئەمریکا یان هەر زلهێزێکی تر، وەک خاڵی لاوازی ئەم نەتەوەیە ئەژمار ناکرێت؛ چونکە ئەمریکا خۆی وەک پارێزەری دیموکراسی و ڕووخێنەری ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان دەناسێنێت و سروشتییە بۆ ئەم مەبەستە پشت بە نەتەوە چەوساوەکانی وەک کورد ببەستێت. قووڵکردنەوەی ئەم هاوپەیمانییە بۆ ئەمریکا نەک هەر کەمایەسی نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەی مێژوویەکی درەوشاوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆ خۆی بنووسێتەوە و ئاشتیی بەرقەرار بکات، دەبێت بناغەی دۆستایەتییەکی پتەو لەگەڵ نەتەوەی کورد دابڕێژێت. بە دڵنیاییەوە ئەم ڕاستییە پرێستیژ و ناوبانگێکی گەورەی جیهانیی بۆ واشینگتۆن دەستەبەر دەکات، ئەگینا ئەوەی ڕابردوو ناونانی بە "پاڵپشتی و هاوپەیمانی" زۆر لە ڕاستییەوە دوورە.