کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕێکخراوەکانی تورکمەن سەحرا لە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان

18:17 - 17 بەفرانبار 2725

 

لە دۆخێکدا کە مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران دژ بە سەرکوت، هەژاری و بێدادی پەرەیان سەندووە، بانگەوازی حیزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، هەنگاوێکی وشیارانە، بەرپرسانە و پێویستە لەپێناو قووڵکردنەوە، پەرەپێدان و یەکخستنی ئەم خەباتە. ئێمە پشتیوانیی پتەو و بێدوودڵیی خۆمان لەم بانگەوازە ڕادەگەیەنین.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم بانگەوازە تەنیا هەنگاوێکی ناوچەیی نییە، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتێکی سەرتاسەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەواویەتیی ئەو نەزمە سەرکوتکەرەی کە دەسەڵاتدارە؛ نەزمێک کە لە کوردستانەوە تا ناوچە نەتەوەییەکانی دیکە و شارە ناوەندییەکانی ئێران، لەسەر بنەمای جیاکاری، سەرکوت و نکۆڵیکردنی سیستماتیک لە مافەکانی خەڵک دامەزراوە. لە دۆخێکی وەهادا، مانگرتن و ناڕەزایەتی بە ڕەواترین ئامرازەکانی خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی ئیرادەی بەکۆمەڵ و شکاندنی سووڕی سەرکوت دادەنرێن.

پەیوەندیی مێژوویی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە تورکمەن سەحرا لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان، ڕیشەی لە هەڵوێستی هاوبەشی ئەم دوو بزووتنەوەیەدا هەیە لە بایکۆتکردنی ڕێفراندۆمی «کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نا». بەهێزکردن و بەردەوامیی ئەم هاوپشتییە مێژووییە، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ یەکخستنی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان و تێپەڕین لەم ئیستبدادەی کە دەسەڵاتدارە.

بە بڕوای ئێمە پشتیوانی لە مانگرتنی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، پشتیوانییە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران و هەنگاوێکی کردەییە لە ڕێڕەوی ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریدا.

 

١. ڕێکخراوی فەرهەنگی و سیاسیی تورکمەن سەحرا

٢. ئەنجومەنی هاوپشتیی تورکمەن سەحرا

٣. ڕاپەڕینی نەتەوەیی تورکمەن سەحرا

٤. تورکمەنە دێموکراتەکانی ئێران