کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (خدرە سوور)

10:26 - 12 رێبەندان 2725

برایم چووکەڵی

خدرە سوور ناوێکی ئاشنا لە مێژووی حەماسە و خەبات و خۆڕاگریی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی موکریانە کە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەی "کوردستان" بە کورتی باس لە ژیان و خەباتی دەکات

خدر خزری ناسراو بە خدرە سوور لە شاری مەهاباد چاوی بە دنیا کردەوە. هێشتا منداڵ بوو و تازە کتێبی بەدەستەوە دەگرت کە باوکی کۆچی دوایی کرد. سەرەڕای ئەو کۆستە بۆ بنەماڵەکەی بەڵام ڕەوانەی قوتابخانە کرا. خدرە سوور بەهۆی دەستەنگیی بنەماڵەکەی، ناچار بوو لە لە تەنیشت خوێندن مل وەبەر کار و کاسبی بنێ، و بەمجۆرە خوێندنی هەتا دیپلۆم درێژە پێدا. پاشان دوو ساڵی ئیجباری تەواو کرد و دواتر وەک مامۆستا لە ناوچەی سەردەشت دەرسی بە منداڵە چاوگەشەکانی ئەو دەڤەرە دەگوتەوە.

ژیانی لادێی و ئاشنایی خدرە سوور بە ژیانی کوردەواری و زەحمەتکێشانی کوردستان، دیتنی زوڵم و زۆریی دەسەڵاتدارانی پاشایەتی سەبارەت بە خەڵکی کوردستان، بوو بەهۆی ئەوەی بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری لە بیر و هۆشی ئەو لاوە خوێنگەرمەدا چەکەرە بکا و بێزاریی ناوبراو ڕۆژبەڕۆژ لەو ڕێژیمە پەرەی ئەستاند. تێکەڵبوونی خدرە سوور لەگەڵ سیاسەت و چاندنی بیری ئازادی لە ناخیدا بۆ ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمەدا سێبەری زەبروزەنگی ڕێژیمی پاشایەتی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو، بەڵام خدرە سوور ترسی لە لەشدا نەبوو، و لە زۆربەی خۆپێشاندانەکانی شارەکانی بانە، مەهاباد و سەردەشت بەشداریی چالاکانەی کرد. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی ئێرانیدا دەستی بە تێکۆشان کرد. پاشان پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و ساڵی ١٣٦٠ بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە لکی ٣ی هێزی پێشەوا دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد.

خدرە سوور زۆر زوو وەک پێشمەرگەیەکی ڕۆح سووک و ئازا و خاوەن بیروباوەڕ لەنێو هاوسەنگەرانیدا ناوبانگی دەرکرد. ناوبراو بڕوای خۆی بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبەکەی هەر لە یەکەم چالاکیی پێشمەرگانەی خۆی لەگەڵ هاوڕێیانی لە ناوچەی مەهاباد نیشان دا. بەشداریکردن لە چەند شەڕدا بەهۆی ئازایەتی، لێزانی، لێ وەشاوەیی و دەستوبردی، شارەزایی لە بواری نیزامیدا، بوو بەهۆی ئەوەی خدرە سوور وەک سەردەستە لە هێزی پێشەوا دیاری بکرێ. پاشان بەهۆی ئازایەتی و کارلێهاتوویی توانی پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لەدوای یەک تێپەڕ بکات. هەر ئەو ساڵە کرا بە سەردەستە، دواتر وەک جێگری لکی ٣ و پاشان ساڵی ١٣٦٢ وەک فەرماندەی ئەو لکە دیاری کرا و ساڵی ١٣٦٤ بوو بە جێگری هێزی پێشەوا و سەرەنجام هەر ئەو ساڵە وەک فەرماندەی هێزی شەهید پێشەوا دیاری کرا.

شەهید خدرە سوور لە فەرماندە بژاردەکانی حیزبی دێموکرات بوو. ئەو ئەوەندە بەبیروباوەڕ بوو کە بە شەهیدبوونی هاوڕێیەکانی و براکەی بەناوی ڕزگار، تۆسقاڵێک وره‌ی دانەبەزی و هه‌نگاوی پێ شل نەبوو. خدرە سوور لە دژوارترین قۆناغی خەباتدا لەگەڵ پێشمەرگە ژیا. سەرکەوتنی ئەو لە فەرماندەیی هێزی پێشەوادا ناوبانگی دەرکرد؛ ناوبانگی ناوبراو گەیشتە لووتکە. هێزەکانی ڕێژیم زۆریان هەوڵ دا لە داوی بخەن یان غافڵگیری بکەن، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو بووە؛ تەنانەت منداڵەکانی گیران و ڕەوانەی بەندیخانە کران. لە زۆربەی شاخ و دۆڵ و چیاکانی ناوچەی موکریان بە فەرماندەیی ئەو ڕۆڵە شۆڕشگێڕەی دێموکرات عەمەلیاتی قارەمانانە ئەنجام دراوە و زەبری زۆر کاریگەر لە دوژمن وەشێندراوە.

شەهید خدرە سوور بەتەواوی خەڵکی و خاکی بوو، ڕێزی لە خەڵک دەگرت و خۆشەویستی خەڵک بوو. ئەو فەرماندەیی دەیان شەڕی قارەمانانەی لە ناوچەی مەهاباد کرد. لە مودیرییەتی فەرماندەیی لە شەڕەکاندا ڕۆڵی باشی دەگێڕا. دەستبەسەرداگرتنی چەندین پایەگا، شەڕی نێو شاری مەهاباد، جادەی مەهاباد - بۆکان، جادەی سەردەشت - مەهاباد، شەڕەکانی ناوچەی مەنگوڕان، گەورکایەتی، پشتی شێخ چۆپان، سارەکوێستان، پشتی حوسێن‌ئابات و گوردانی نۆبار و چەندین عەمەلیاتی دیکە، نموونەیەکن لەو عەمەلیاتانەی خدرە سوور فەرماندەیی دەکردن. نەزم و دیسیپلین و هێمنی و لەسەرخۆیی لەو تایبەتمەندییانە بوو کە خدرە سووری پێ دەناسرایەوە. ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە پێشمەرگە دەبێ بەپێی نەزم و ئەخلاق و کردەوەی شۆڕشگێڕانە و ئاکاری جوان لەگەڵ خەڵک ڕووبەڕوو بێ؛ بۆ کردەوەی چاک تێبکۆشێ، بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکا خەڵک بۆ لای بەرنامەی حیزب ڕابکێشێ. ئەزموونی فەرماندەیی، مودیرییەتی ڕێک‌وپێک و کردەوەی شۆڕشگێڕانە، خدرە سووریان کردبووە جێی متمانە و خۆشەویستیی هاوسەنگەرانی. بەتەواوی جێی خۆی لە دڵی خەڵکی ناوچەی مەهاباد و بۆکاندا کردبووەوە و زەحمەتکێشانی ئەو ناوچەیە خدرە سووریان وەک پێشمەرگەیەک و فەرماندەیەکی شۆڕشگێڕ چاو لێ دەکرد.

ئەو پێشمەرگە تێکۆشەرە، ئەو فەرماندە بەزیپک و لێوەشاوەیە، جێی هیوا و ئومێدی حیزب و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو؛ چونکە بە کردەوە سەلماندبووی ئەوینداری کوردایەتی و خەباتگێڕێکی ڕاستەقینەی ڕێگای دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەکەیەتی. بەڵام بەداخەوە دوای گرتنی گوردانی نۆبار، ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە چیای تەرەغە، کەوتە بەر پریشکی خومپارە و چاوی لەسەر یەک دانا و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە حیزب و هاوسەنگەرانی و خەڵکی کوردستان کرد.