کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی کوردستان و پرسی ئەدەب و هونەری بەرگری (شیکارییەکی مێژوویی ـ کۆمەڵایەتی ـ زمانەوانی)

10:33 - 12 رێبەندان 2725

بەهار حوسێنی

پێشەکی: بۆچی «ئەدەبی بەرگری»؟

لە توێژینەوە کۆمەڵایەتی و پۆست‌کۆلۆنیاڵەکاندا، ئەدەبی بەرگری بەجۆرێک لە دەق دەوترێت کە لە دۆخی نائاسایی و نایەکسانیدا دروست دەبێت و ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و چاوکراوەیی کۆمەڵگەیە و زمان تێیدا دەبێت بە مەیدانی شەڕ و بەرەنگاری و بەگژداچوونەوەی ستەم. ئەدەبی بەرگری، وێڕای دێرین بوونی لە مێژووی کورددا، لە مێژووی هاوچەرخ و بەتایبەتی لە دۆخی پاش هاتنەئارای خەباتی دژەکۆڵۆنیاڵیستیدا زیاتر پەرەی سەندووە. نێوئاخنی ئەم جۆرە لە ئەدەبیات تەژییە لە دەروەستی و هەڵوێستی مرۆڤ لە پرۆسەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرانبەر بە تەوژمی خۆبەدەستەوەدان و هەڕەشە بۆ سەر شوناسی کولتووری و خاک و کەرامەتی مرۆیی.

ئەم لقە لە ئەدەبیات، هەڵگری بەرخۆدانی بەدەقکراو لەهەمبەر دوژمنکاریی دوژمناندایە و خۆڕاگری و گیانبازیی نەتەوەیەک بۆ پێشگرتن بە زاڵبوونی بێگانە و داگیرکەر دەباتە نێو جیهانی زەینی تاکەکانی نەتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگای وێنەی هزری و وێنای هونەرییەوە، ڕۆحی جەنگاوەری و تێڕوانینی خەباتگێڕانە و بەرخۆدانی نەتەوەیی لە بەرانبەر دوژمندا ڕاچڵەکێنێت. ئەدەبیاتی بەرگری، لە هەلومەرجێکدا سەر هەڵدەدات کە دوژمنێکی داگیرکەر بە شەڕ و کاولکاری، بۆ سڕینەوەی گەلێک و سەپاندنی هەژموون و باڵادەستیی هەمەلایەنەی خۆی هەوڵ دەدات. لە ڕاستیدا ئەو جۆرە لە ئەدەبیات، دژی داگیرکاری و لەقاودەری خۆبەدەستەوەدان و بندەستییە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە چاخی مۆدێڕندا، ئەم لقە لە ئەدەبیات زۆرجار لە ڕێگەی ڕۆژنامە سیاسییەکانی زمانحاڵی حیزب و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی نێو بزووتنەوەی کوردەوە گەشەی کردوە، چونکە ئەو ژانرە لە ڕۆژنامەگەری یەکەم شوێنی بڵاوکردنەوەی وشەی کوردیی فەرمی و هاندانی هزری باوەڕبەخۆبوونی کۆمەڵگە بووە. لێرەدا، ڕۆژنامەی "کوردستان" وەکوو یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی کە هەر لە سەرەتاوە وەکوو زمانحاڵی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان دەرکەوتووە، دەکەوێتە ناوەندی سەرنج و چەقی لێکدانەوەکانی ئەم بابەتە.

 

ڕۆژنامەی کوردستان و دروستکردنی "کۆمەڵگەی خوێنەر"

یەکێک لە شیکارییە بنچینەیی و زۆرجار پشتگوێ‌خراوەکان لە توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە ڕاگەیاندنی کوردیدا، ئەوەیە کە ڕۆژنامەی کوردستان تەنیا دەقی ئەدەبی، سیاسی و ڕاگەیاندنی بەرهەم نەهێنا، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستەماتیک خوێنەری خۆی دروست کرد. مەبەست لەم وتەیە دروستکردنی خوێنەر بە واتای فیزیکی یان لە ڕووی چەندایەتییەوە نیە، بەڵکوو دروستکردنی شێوازی خوێندن، تێگەیشتن و هەڵوێستی خوێنەرە؛ خوێنەرێک کە فێری خوێندنی دەقی درێژ، قووڵ و هزری بوو، توانای پەیوەندیدانی ئەدەب، سیاسەت و کۆمەڵگە تێیدا پەرەی سەند و زمانی کوردیی نووسراو و پاراوی وەک زمانێکی فەرمی و پێوەر وەرگرت. لە قۆناغەکانی سەرکوت، قەدەغە و ئاوارەییدا، خوێندنی ڕۆژنامەی کوردستان تەنیا کردار یان ڕووتینێکی ڕۆژانەی مێدیایی نەبوو، بەڵکوو بوو بە کردارێکی نەتەوەیی و شێوەیەک لە بەرگریی کولتووری؛ دەق و هەواڵ و وتارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە زۆرجار بە شێوەی نهێنی خوێندرانەوە و دەستخستن و خوێندنەوەیان هەڵگری ڕیسکی ئەمنی و تێچووی گیانی بوو، لە وەها هەلومەرجێکدا دەقەکانی لەنێو کۆڕ و کۆمەڵەکاندا باس دەکران و دەگوازرانەوە، و بەم شێوەیە ڕۆژنامەکە ناوەندی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی و هزریی دروست کرد. ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەری دروستکردنی خوێنەرێکی وشیار، زمانزان و ڕەخنەگر بوو کە وشە و زمان وەک ئامرازێکی بەرگری و پاراستنی نەتەوەیی دەبینێت، نەک تەنیا وەک ئامرازێکی گواستنەوەی هەواڵ؛ بەم مانایە، ڕۆژنامەی کوردستان لە ئاستێکی قووڵتر لە بڵاوکردنەوەی دەق، بەشێک بوو لە دروستکردنی وشیاریی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی ئەدەبی بەرگری لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، خوێنەری ڕۆژنامەکە فێری خوێندنی دەقی درێژ، هزری و ئەدەبی بوو، دەقێک کە ئەدەب تێیدا لە هەواڵ جیا نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە تێگەیشتن لە سیاسەت. ئەمە خوێنەرێکی دروست کرد کە وشەی نەتەوەیی وەک هێز دەبینێت، بەم شێوەیە، ئەدەبی بەرگری لە ڕۆژنامەی کوردستاندا تەنیا بڵاو نەکرایەوە، بەڵکوو خوێنرا، تێگەیشترا و بەکار هێنرا.

 

قۆناغەکانی ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڕانی شێوازی ئەدەبی بەرگری:

١. قۆناغی شۆڕش و دامەزراندن لە ڕۆژنامەی کوردستان: نووسەر، هۆنراوە و دروستکردنی وشیاریی نەتەوەیی لە قۆناغی شۆڕش و دامەزراندندا، ڕۆژنامەی کوردستان بوو بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی بەرگری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. لەم قۆناغەدا، ئەدەب و هونەر لە سنووری دەربڕینی تایبەتی یان جوانکاریی زمانەوە تێپەڕیبوو و ببوو بە ئامرازێکی ڕاستەوخۆی بانگەواز، وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی بیری نەتەوەیی. ئەم ڕۆڵە لە ڕێگەی وتار و هۆنراوەکانەوە، بە تایبەتی بە دەستی شاعیران و نووسەرانی ناسراوی کورد، بە شێوەیەکی بەردەوام جێبەجێ کرا. لە نێوان شاعیرانی ئەم قۆناغەدا، ناوی مامۆستا دڵدار بە شێوەیەکی دیار بەردەوام لە نێوئاخنی نیشتمانی و بەرگریی ڕۆژنامەکەدا هاتووە. هۆنراوەکانی ئەو، کە تێیدا وشەکانی وەک «نیشتمان»، «ئازادی» و «قوربانی» دووپاتە دەبنەوە، نموونەیەکی ڕوونن لەو شێوازەی کە هۆنراوە لە قۆناغی شۆڕشدا دەگۆڕدرێت بۆ دەنگی گشتیی خەبات.

ئەم جۆرە لە دووپاتەکردنەوەی وشەکان تەنیا تەکنیکی هونەری نیە، بەڵکوو شێوازێکی وشیارکەرەوەیە بۆ دروستکردنی هزر و بیرکردنەوەی هاوبەش لەنێو خوێنەراندا. هەروەها قانیع و هێمن موکریانی لەو شاعیرانەن کە هۆنراوەکانیان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە خەباتی نەتەوەیی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەبوو. هێمن، بەتایبەتی، لە هۆنراوەکانی خۆیدا زمانێکی نزیک لە قسەی ڕۆژانە و هەست و ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی بەکار دەهێنا، ئەمەش وای کرد هۆنراوەکانی تەنیا لە سنووری خوێنەری دەستەبژێردا نەمێننەوە، بەڵکوو ببنە بەشێک لە گوتاری گشتیی کۆمەڵگە. لەم شێوازەدا، هۆنراوە دەگۆڕدرێت بۆ «دەقی خوێندراوە»، دەقێک کە دەخوێنرێتەوە، دەگوازرێتەوە و دەبێتە بەشێک لە ژیان. لە ڕوانگەی نووسینی هزری و سیاسییەوە، نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان زۆرجار بە ناوی ڕاستەقینە یان ناوی خوازراوەوە هەوڵیان دەدا چەمکە بنچینەییەکانی شۆڕش و دامەزراندن وەک «مافی نەتەوەکان»، «خۆبەختکردن»، «یەکگرتوویی» و «بەرپرسیارێتیی ڕووناکبیری» بەشێوەیەکی فێرکاری و ڕێنماییکارانە پێناسە بکەن. ئەم وتارانە، کە زمانێکی کوردیی پاراو و فەرمییان بەکار دەهێنا، تەنیا پەیامیان نەدەگواستەوە، بەڵکوو خوێنەریان فێری شێوازی بیرکردنەوە و گرتنی هەڵوێستی سیاسی دەکرد. بەم پێیە، وتار لە ڕۆژنامەی کوردستاندا ببووە ئامرازێکی پەروەردەی هزری. نموونەی ئەم کاریگەرییە لە کۆمەڵگەدا زۆر ڕوونە. لە زۆر شوێندا، هۆنراوە و وتارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا دەخوێندرانەوە، لەنێوان گەنجاندا دەگوازرانەوە و بەشێوەی دەنگی و خوێندنەوە بڵاو دەبوونەوە. ئەمە واتای ئەوەیە کە دەق لە سنووری لاپەڕەی چاپکراو تێپەڕیبوو و ببووە کردارێکی کۆمەڵایەتی؛ وشە ببووە هەنگاو، و خوێندن ببووە بەشداربوون. بەم شێوەیە، قۆناغی شۆڕش و دامەزراندن لە مێژووی ڕۆژنامەی کوردستاندا قۆناغێک بوو کە تێیدا شاعیر و نووسەر و خوێنەر لە یەک پرۆسەدا کۆ دەبوونەوە. ئەدەب لەم قۆناغەدا نەک هەر ئامرازێکی دەربڕینی هونەری، بەڵکوو بنچینەی دروستکردنی وشیاریی نەتەوەیی و ڕێکخستنی هزر و بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕانەش بوو؛ و ئەمەش وای کرد ڕۆژنامەی کوردستان ببێتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئەدەبی بەرگری لە مێژووی نووسراوی کورددا.

 

٢. قۆناغی سەرکوت (دوای ١٩٤٧): نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستان لە دۆخی قەدەغە و دەرەوەی نیشتمان:

قۆناغی سەرکوت لە مێژووی ڕۆژنامەی کوردستاندا بە شێوەیەکی ڕوون لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٧ دەست پێدەکات، ئەو قۆناغەی کە تێیدا هەموو دامەزراوە سیاسی و ڕاگەیاندنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تووشی قەدەغە و سەرکوتی توند بوون. لەم ماوەیەدا، نەدەتوانرا ڕۆژنامەی کوردستان لە نێوخۆی نیشتمان بە شێوەی ئاشکرا چاپ و بڵاو بکرێتەوە، بۆیە چاپکردنەکەی گوازرایەوە بۆ دەرەوە، بە تایبەتی بۆ ناوچەکانی کوردستانی باشوور و دواتر بۆ شوێنە جیاوازەکانی دەرەوەی وڵات، لە دۆخی ئاوارەیی و دوورەوڵاتیدا. ئەم گۆڕانکارییە لە شوێنی چاپ و دۆخی کارکردندا، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر نێوەڕۆکی ڕۆژنامەکە؛ هەواڵی ڕاستەوخۆی نێوخۆیی کەمتر بوون، بەڵام لەبری ئەوەدا نێوەڕۆکی هزری، ئەدەبی و زمانەوانی فراوانتر بوو، و ڕۆژنامەکە زیاتر بوو بە ناوەندی پاراستن و بەردەوامیی ناسنامەی کوردی. لەم قۆناغەدا، نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستان بە شێوەیەکی دیار ناڕاستەوخۆتر بوو. هۆنراوەکان و دەقە ئەدەبییەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە بە ناوی شاعیرانی وەک هێمن موکریانی، هەژار و قانیع بڵاو دەبوونەوە، زۆرجار بە هێما و وێنەی سروشتی نووسراون، بۆ ئەوەی پەیامی بەرگری و خەبات لەژێر دۆخی سەرکوتدا بپارێزرێت.

لە هەمان کاتدا، وتارە هزری و زمانەوانییەکانیش شوێنێکی گرنگیان لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکەدا گرت، کە تێیدا باس لە گرنگیی پاراستنی زمان، نووسین و ئەدەب لە دۆخی قەدەغەدا دەکرا. ئەم جۆرە نێوەڕۆکە نەک نیشانەی دوورکەوتنەوە لە خەباتی سیاسی، بەڵکوو هەڵگری ستراتیژییەک لە نێوئاخنیدا بوو بۆ بەردەوام بوونی پەیام و دروستکردنی خوێنەرێکی وشیار کە بتوانێت دەق بخوێنێتەوە، لە واتا تێبگات و پەیوەندییەکانی نێوان وشە و دۆخی مێژوویی دەرک بکات. بەم مانایە، ڕۆژنامەی کوردستان لە قۆناغی سەرکوتدا، هەرچەندە لە دەرەوەی نیشتمان چاپ دەبوو و لە دۆخی سنوورداردا، بەڵام نێوەڕۆکی دەقەکانی قووڵتر، ستراتیژیکتر و مانادارتر بوو، و توانای ئەوەی هەبوو کە بەردەوامیی ئەدەبی بەرگری و وشیاریی نەتەوەیی بپارێزێت.

 

٣. قۆناغی نوێبوونەوە: گۆڕانی نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستان و بەراوەردی لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوو:

لە دەیەی ١٩٩٠وە تا ئێستا، ڕۆژنامەی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێ کە تێیدا نێوەڕۆک، شێوازی نووسین و ڕێکخستنی لاپەڕەکان گۆڕانکارییەکی بنچینەیی تێدا ڕووی داوە. ئەگەر لە قۆناغی شۆڕشدا نێوەڕۆک زیاتر هەڵگری بانگەواز و ڕێنماییی ڕاستەوخۆ بوو، و لە قۆناغی سەرکوتدا گۆڕابوو بۆ شێوازێکی هێمایی و ناڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی پەیام، لە قۆناغی نوێبوونەوەدا ڕۆژنامەی کوردستان هەوڵی یەکخستنی ئەم دوو ئەزموونەی دا و نێوەڕۆکەکەی بردە ئاستێکی شیکاری، ڕەخنەیی و توێژینەوەیی. لەم ماوەیەدا، ڕۆژنامەکە هێشتا لە دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات چاپ دەبوو، بەڵام نێوەڕۆکەکەی بەشێوەیەکی دیار پەیوەندیدار بوو بە پێداویستییەکانی نێوخۆ و پرسی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات. لە ڕوانگەی ڕێکخستنی نێوەڕۆکەوە، قۆناغی نوێبوونەوە ناسراوە بە دروستکردنی ستوون و بابەتی دیاریکراو کە تێیدا بابەتە سیاسییەکان تەنیا لە شێوەی هەواڵ یان ڕاگەیاندن نەبوون، بەڵکوو بە شێوازی شیکاری و ڕەخنەیی باس دەکران. هەروەها، بابەتە هزری، مێژوویی، ئەدەبی و زمانەوانییەکان شوێنێکی دیاریان لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکەدا گرت، کە ئەمە جیاوازییەکی ڕوونە لەگەڵ قۆناغی سەرکوت، کە تێیدا نێوەڕۆک زۆرجار ناچار بوو بە زمانی ئاماژە و دوومانایەتی قسە بکات. لە قۆناغی نوێدا، هەرچەندە هێشتا هێما و ئاماژە بەکار دەهێنرێت، بەڵام بە شێوەیەکی وشیارتر و بۆ مەبەستی ڕەخنە و شیکردنەوە، نەک تەنیا بۆ پاراستن.

 لە بوارە ئەدەبییەکاندا، ڕۆژنامەی کوردستان لە قۆناغی نوێبوونەوەدا شوێنێکی تایبەتی بۆ دەقە ئەدەبییەکان هێشتەوە، بەڵام ئەم دەقانە زۆرجار شێوازی ئەزموونگرایانە و ڕەخنەیییان هەیە. ئەگەر لە قۆناغی شۆڕشدا هۆنراوە و دەقی ئەدەبی زۆرتر دەنگی گشتیی خەبات بوون، و لە قۆناغی سەرکوتدا بوونەتە ئامرازی پاراستنی پەیام لەژێر گوشاردا، لە قۆناغی نوێدا ئەدەب لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بوو بە بوارێک بۆ بیرکردنەوە، بەراوەردکردنی ئەزموونی ڕابردوو و پرسیاری ڕەخنەیی لەمەڕ ئێستا و داهاتوو.

 

لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە، قۆناغی نوێبوونەوە بەردەوامیی ئەو ئەرکە پیشان دەدات کە ڕۆژنامەی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنەوە هەیبوو:

پەرەپێدانی زمانێکی کوردیی نووسراو، پاراو و ستاندارد. بەڵام ئەم ئەرکە کە لە قۆناغەکانی پێشوودا، زۆرجار بە شێوازی فێرکاری جێبەجێ دەکرا، لە قۆناغی نوێدا بە شێوەیەکی سیستەماتیک، لە ڕێگەی یەکخستنی شێوازی نووسین، ڕێنووس، وشەسازی و بەکارهێنانی دەستەواژەی گونجاو بۆ چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نوێکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەم مانایە، قۆناغی نوێبوونەوە لە مێژووی نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستاندا قۆناغی تێکەڵبوونی ئەزموونەکانە: ئەزموونی بانگەوازی ڕاستەوخۆی قۆناغی شۆڕش، ئەزموونی قووڵ و هێمایینی قۆناغی سەرکوت، و پێداویستییەکانی ڕەخنە و توێژینەوەی سەردەمی نوێ. ئەم تێکەڵبوونە وای کرد ڕۆژنامەی کوردستان نەک تەنیا وەک ئامرازێکی ڕاگەیاندن، بەڵکوو وەک ناوەندی بیرکردنەوە، شیکاری و دروستکردنی خوێنەری وشیار و فێرکراو بەردەوام بمێنێتەوە.

 

دەق و هۆنراوە و دروستکردنی دەسەڵاتی وشە لە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستان:

لە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستاندا، دەق و هۆنراوە تەنیا وەک شێوەیەکی ئەدەبی بۆ دەربڕینی هەست یان جوانکاریی زمان نەهاتوونەتە پێشەوە، بەڵکوو وەک ئامرازێکی هزری بۆ دروستکردنی جۆرێکی تایبەت لە «دەسەڵاتی وشە» بەکار هێنراون. هۆنراوەکان بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا وشەیان کردە ناونان؛ ناونانی نیشتمان، ناونانی دوژمن، ناونانی خەبات و ناونانی ئەو سنوورە واتاییانەی کە خوێنەر تێیدا خۆی و جیهانی دەورووبەری دەبینێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، دەقە ئەدەبییەکان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا، تەنیا جیهان وێنا ناکەن، بەڵکوو جیهان «ڕێک دەخەن»؛ ئەوە دەسەڵاتی وشەیە.

لە قۆناغی سەرکوتدا، کاتێک کە وشەی ڕاستەوخۆ قەدەغە بوو، هۆنراوەکان گواستنەوەی ئەم دەسەڵاتەیان بۆ ئاستێکی قووڵتر وەئەستۆ گرت. وشە لێرەدا بە هێما و وێنەی سروشتی تەیار کرا: شاخ، با، زوقم، شەو، خۆر، خوێن، بەهار؛ بەڵام ئەم وێنانە نەبوونە وێنەی جوانکاری، بەڵکوو بوون بە کۆدێکی مانایی کە خوێنەری ڕۆژنامەی کوردستان فێری خوێندنەوەیان بوو. بەم شێوەیە، دەق و هۆنراوە نەک تەنیا پەیامی شۆڕشی پاراست، بەڵکوو «خوێنەری خاوەن توانا‌»ی دروست کرد؛ خوێنەرێک کە بتوانێ لە نێوان هێڵەکاندا بخوێنێتەوە و لەژێر وشەکاندا مانا بدۆزێتەوە. ئەمە گرنگترین شێوەی کارکردنی دەسەڵاتی وشەیە: دروستکردنی شێوازی تێگەیشتن، نەک بە تەنیا گواستنەوەی زانیاری.

لە قۆناغی نوێبوونەوەدا، هۆنراوە و دەق لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا چوونە ئاستێکی شیکاری‌تر. ئەمجارە وشە تەنیا بەرگری ناکات، بەڵکوو خۆی دەخاتە ژێر پرسیاریش. دەقەکان دەست دەکەن بە بەراوەردکردنی مێژوو، گوتاری خەبات و ئەو چەمکانەی کە لە قۆناغەکانی پێشوودا وەک «پیرۆز» و «پرسیارهەڵنەگر» ناسراون. بەم شێوەیە، هۆنراوە بوو بە شوێنێک بۆ ڕەخنەی ناوەکی، و وشە بوو بە ئامرازێک نەک تەنیا بۆ دروستکردنی دەسەڵات، بەڵکوو بۆ سنووردارکردن و ڕێکخستنی ئەو دەسەڵاتەش. ئەمە نیشانەی گەیشتنی دەق بە قۆناغی پێگەیشتوویی هزرییە، کە تێیدا ئەدەب خزمەتگوزاری گوتار نیە، بەڵکوو بەشێکە لە دروستکردنی گوتار. بەم واتایە، پەیوەندیی نێوان شاعیران، دەق و هۆنراوە لە ڕۆژنامەی کوردستاندا پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە؛ دەسەڵاتی وشەیە کە جیهان دەناسێنێت، مێژوو ڕێک دەخات و خوێنەر فێری شێوازی بیرکردنەوە دەکات. ئەم دەسەڵاتە لە دەرەوەی دەقەکەوە نایەت، بەڵکوو لەناو شێوازی نووسیندا، هێما و ئەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان وشە و خوێنەر دروست دەکات. لەو سۆنگەوەیشەوەیە کە ڕۆژنامەی کوردستان توانیویەتی نەک هەر دەق دروست بکات، بەڵکوو کولتوورێکی خوێندنەوە و دەسەڵاتێکی وشەیی بەردەوام دروست بکات.

 

هونەر و بەرگری: چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ تێگەیشتن لە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستان

لە ڕوانگەیەکی تیئۆریکەوە:

هونەری بەرگری نابێ تەنیا وەک وڵامێکی هەستیار یان چالاکییەکی ڕاستەوخۆی دژایەتیی دەسەڵات تێبینی بکرێت؛ بەڵکوو پێویستە وەک پرۆسەیەکی ماناساز، گوتارساز و خوێنەرساز تێبینی بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، هونەر نەک ئامرازێکی دەرەکی بۆ بەرگری، بەڵکوو خودی بەرگرییە، چونکە لە ڕێگەی زمان، وێنە و شێوازی دەربڕینەوە، سنووری ئەوە دیاری دەکات کە چی دەوترێت، چۆن دەوترێت و چی لە بیر دەمێنێتەوە. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوەیە کە ڕۆژنامەی کوردستان توانیویە هونەری بەرگری لە ئاستی بانگەوازدا بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی گوتارێکی بەردەوام.

لە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستاندا، هونەری بەرگری بەشێوەیەکی تیئۆریک لەسەر بنەمای «گۆڕینی چەمک» دامەزرابوو. بەرگری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا واتای ڕاپەڕین و تێکۆشان بوو، بەڵام بەهۆی سەرکوت و قەدەغەبوون، ئەم چەمکە ناچار بوو بگۆڕدرێت بۆ بوارێکی هونەری و زمانەوانی. لێرەدا هونەر ئەرکێکی گرنگی وەئەستۆ گرت: مانای بەرگریی سەرلەنوێ داڕشتەوە، بەشێوەیەک کە مانەوە، یاد، زمان و توانای وتنی وشە بۆ خۆیان بوونە بەرگری. ئەمە پێشکەشکردنی بەرگرییەکی «نەرمی هزری» بوو، کە لە ڕوانگەی تیئۆریکەوە، دەتوانرێت وەک شێوەیەک لە هێزی کولتووری بخوێنرێتەوە.

لە چوارچێوەی هونەر و بەرگریدا، گرنگترین ئامراز نەک بە تەنیا دەقەکە، بەڵکوو پەیوەندیی نێوان دەق و خوێنەرە. لە ڕۆژنامەی کوردستاندا خوێنەر تەنیا وەرگر و بەردەنگ نیە، بەڵکوو هاوبەشە لە دروستکردنی واتادا. هێماییبوون، ناڕاستەوخۆیی و گۆڕینی مانای وشەکان خوێنەر ناچار دەکەن بەشداریی پرۆسەی ماناسازی بکات. بەم شێوەیە، هونەر بووە فێرکارییەکی بەرگری؛ فێرکردنی خوێنەر بۆ ئەوەی بتوانێت دەق بخوێنێتەوە، گوتار تێکبشکێنێت و لەژێر دەسەڵاتی وشە باوەکانەدا قەتیس نەمێنێت. ئەمە بەراوەردێکی ڕوونە لەگەڵ قۆناغی شۆڕش، کە تێیدا خوێنەر زۆرتر شوێنکەوتووی بانگەواز بوو.

لە قۆناغی نوێبوونەوەدا، هونەری بەرگری لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چووەتە قۆناغێکی مێتاهونەری؛ واتا هونەر خۆی بۆتە بابەتی ڕەخنە. دەقەکان نەک تەنیا بەرگری دەکەن، بەڵکوو پرسیار لە شێوازی بەرگری دەکەن: بەرگری چییە؟ سنوورەکانی چین؟ چ کاتێک دەبێ وشە بەرگری بکات و چ کاتێک دەبێ خامۆش بێت؟ لەم ئاستەدا، هونەری بەرگری لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بوو بە ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی وشیارییەکی نوێ؛ وشیارییەک کە لە بەرگری نەک وەک کردەیەکی تەنیا سیاسی، بەڵکوو وەک شێوازی ژیان، شێوازی بیرکردنەوە و شێوازی خوێندنەوە تێدەگات.

بەم چوارچێوەیە، ڕۆژنامەی کوردستان توانیویە هونەر و بەرگری تێکەڵ بکات، بە شێوەیەک کە هونەر ببێتە شوێنی دروستکردنی مانا و بەرگری ببێتە شێوازی پاراستنی ئەو مانایە. ئەم تێکەڵبوونە وای کردوە کە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەکە نەک هەر بەردەوامی خەبات پارێزێت، بەڵکوو ئەو خەباتە لە ئاستی زمان، بیر و گوتاردا نوێ بکاتەوە.

 

زمان؛ مەیدانی شەڕی سەرەکی لە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستاندا:

لە نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی کوردستاندا، زمان تەنیا ئامرازێکی گواستنەوەی زانیاری نیە، بەڵکوو مەیدانی سەرەکیی شەڕە؛ شەڕێک لەسەر مانا، ناونان و دیاریکردنی ئەوەی چی دەوترێت و چی دەگۆڕدرێت. لەم ڕوانگەیەوە، شەڕی کوردستان لە ڕۆژنامەکەدا پێش ئەزموونی چەک و سیاسەت، شەڕێکی زمانەوانییە: شەڕ لەسەر ئەوەی زمانی کوردی بتوانێ بوونی خۆی بنووسێت، مێژووی خۆی ناو بنێت و جیهانی خۆی بە وشە ڕێک بخات. ڕۆژنامەی کوردستان لەم مەیدانەدا بووەتە شوێنی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی توانای زمان، نەک تەنیا بۆ دەربڕینی بەرگری، بەڵکوو بۆ خودی بەرگری.

لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، کاتێک زمانێکی ستانداردی کوردی نەبوو و نووسین لەژێر کاریگەریی زمانە دەسەڵاتدارەکاندا بوو، ڕۆژنامەی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چووە ناو شەڕێکی زمانەوانی: شەڕ لەسەر ڕێنووس، وشەسازی و دیاریکردنی ئەوەی کام شێوەی زمان شایستەی نووسین و چاپە. لەم قۆناغەدا، هەر دەقێک کە بە زمانی کوردی چاپ دەبوو، خۆی کردە کردەیەکی بەرگری، چونکە بوونی زمان لەسەر پەڕەی چاپ، بۆ خۆی وەک خەباتێکی سیاسی و کولتووریی ڕادیکاڵ کاری دەکرد. بەم شێوەیە، زمان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بووەتە مەیدانی شەڕی بوون.

لە قۆناغی سەرکوتدا، شێوازی ئەم شەڕە گۆڕانی بەسەردا هات. کاتێک کە زمانێکی ڕاستەوخۆ قەدەغە بوو، شەڕە زمانەوانییەکە چووە ناو مەیدانی ماناسازی و هێما. وشەکان دوو مانایان پەیدا کرد؛ هێماکان بوونە ئامرازێکی بەرگری؛ و خوێنەر فێر بوو لە زماندا شەڕ بکات، واتا بخوێنێتەوە، هەڵبگرێت و مانای ژێر دەق بدۆزێتەوە. لەم قۆناغەدا، زمان نەک تەنیا شەڕی دەسەڵاتی دەکرد، بەڵکوو خوێنەری فێری شەڕکردن دەکرد. ئەمەش شەڕێکی ڕۆشنگەرانە و وشیارکەرەوە بوو، نە تەنیا شەڕێکی گوتاری.

لە قۆناغی نوێبوونەوەدا، زمان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چووەتە ئاستێکی مێتازمانی؛ واتە خۆی بووەتە بابەتی شەڕ. دەقەکان دەست دەکەن بە ڕەخنە لە خودی زمان: وشەکان چۆن واتادار کراون؟ چەمکەکان چۆن بە مێژوویی کراون؟ کام زمان بەرگری دەکات و کام زمان دەسەڵات دروست دەکات؟ لەم ئاستەدا، شەڕی زمانەوانی بوو بە شەڕێکی هزری و گوتاری، کە تێیدا ڕۆژنامەی کوردستان خوێنەر ناچار دەکات خۆی لە مەیدانی شەڕدا ببینێت، نەک لە دەرەوەی.

بەم واتایە، زمان لە ڕۆژنامەی کوردستاندا نەک هۆکارێکی لاوەکی، بەڵکوو مەیدانی سەرەکیی خەباتە. ئەوەی کە زمان بتوانێ خۆی بنووسێتەوە، خۆی ڕێک بخات و خۆی سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە، لە خودی خۆیدا بردنەوەی شەڕێکە. ڕۆژنامەی کوردستان لە درێژایی مێژووی خۆیدا گۆڕەپانی ئەم شەڕەی بەردەوام بە گەرموگوڕی ڕاگرتووە و زمانی گەیاندووەتە ئاستێک کە نەک تەنیا دەنگی خەباتە، بەڵکوو مەیدانی خەباتیش.

 

کۆتایی:

ڕۆژنامەی کوردستان وەک دامەزراوەی بەرگری: لە کۆتایی ئەم شیکارییەدا، دەکرێ ڕۆژنامەی کوردستان نەک تەنیا وەک مێدیایەکی سیاسی یان سەرچاوەی هەواڵ، بەڵکوو وەک دامەزراوەیەکی تەواو بۆ بەرگری لەبەرچاو بگرین؛ دامەزراوەیەک کە بەدرێژایی هەشتا ساڵی چاپ و دەرچوونی، توانای ئەوەی پیشان داوە کە بسەلمێنێ بازنەی خەبات لە چەک و سیاسەت بەرینترە و دەکرێ لە زمان، هونەر و بیرکردنەوە بکرێنە چەقی خەباتێکی قووڵ، فرەڕەهەند، شوێندانەر و گشتگیر.

ڕۆژنامەی کوردستان، نەک بەهۆی هێزی ماددی، بەڵکوو بەهۆی بەردەوامیی گوتار، ڕێکخستنی مانا و دروستکردنی کولتووری خوێندنەوەوە بووەتە جۆرێک لە دامەزراوەی بەرگری.

لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا لە دامەزراندن و شۆڕش، لە سەرکوت و دەرەوەی نیشتمان، تا نوێبوونەوە و شیکاریی نوێ، ڕۆژنامەی کوردستان توانای ئەوەی هەبووە کە خۆی لەگەڵ هەموو دۆخەکان بگونجێنێت، بەڵام ئاڵوگۆڕ بەسەر نێوەڕۆکە بنچینەییەکانیدا نەیەت کە بریتین لە: پاراستنی زمان، بەردەوامیی بیر و دروستکردنی خوێنەرێکی وشیار. ئەمەیە ئەو خاڵەی کە ڕۆژنامەکە لە مێدیایەکی ئاسایی جیا دەکاتەوە و دەیکاتە دامەزراوەیەکی بەرگری؛ چونکە دامەزراوەکان بە بەردەوامی و توانای دروستکردنی ڕێسای هزری ناسراون، نەک بە ژمارەی چاپ یان ماوەی دەرچوون.

ڕۆژنامەی کوردستان نەک تەنیا دەقی بەرگریی دروست کردوە، بەڵکوو سیستەمێکی بەرگریی دروست کردوە کە تێیدا زمان، هونەر، مێژوو و خوێنەر هاوکێشەن. وشە لەم سیستەمەدا ئامرازێکی لاوەکی نیە، بەڵکوو بنەمای کارکردنە؛ خوێنەر تەنیا وەرگر نیە، بەڵکوو بەشدارە؛ و هونەر نەک هەر جوانکارییە، بەڵکوو شێوازی مانەوە و بەرگرییشە.

بەم شێوەیە، ڕۆژنامەکە توانای ئەوەی هەبووە کە بەرگری سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە: بەرگری وەک پرۆسەیەکی بەردەوامی ماناسازی، نەک وەک ڕووداوێکی کاتی.

لە کۆتاییدا، ئەگەر بەرگری واتای پاراستنی بوون، بیر و توانای ناولێنان بێت، ڕۆژنامەی کوردستان یەکێکە لە سەرکەوتووترین ئەزموونەکانی ئەم جۆرە بەرگرییە لە مێژووی کورددا. ئەم ڕۆژنامەیە بەردەوام بوونی خۆی نەک بە هێزی دەرەکی، بەڵکوو بە هێزی وشە سەلماندووە؛ و لەم سۆنگەوەیە کە دەتوانین بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بڵێین: ڕۆژنامەی کوردستان نەک تەنیا دەنگی بەرگری بوو، بەڵکوو دامەزراوەی بەرگری بوو.