کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە مەریوان کۆچی دوایی کرد

15:08 - 14 رەشەمه 2725

کەسایەتیی ناسراو و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، محەممەدخان ئەحمەدی، ناسراو بە "حەمەخان"، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد.

کاک حەمەخان، لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە گوندی "حەسەن قەرە"ی ناوچەی کەڵاتەرزان بوو. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر پەروەردە ببوو و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە کرد. بەهۆی شارەزایی لە پیشەی شۆفێریدا، لە بەشی هێزەکانی بەرگریی شاری مەریواندا ئەرکی پێ سپێردرا.

لە کارنامەی تێکۆشانی ئەودا، دوو جار برینداربوون تۆمار کراوە؛ جارێکیان لە ساڵی ١٣٥٨ لە تێکهەڵچوونەکانی ڕێگای مەریوان-سەقز و جارێکی تریش لە ساڵی ١٣٥٩ لەسەر ڕێگای گوندی "کۆڵان" بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی ڕێژیمەوە.

کاک حەمەخان بەهۆی تێکۆشانی سیاسییەوە دوو جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە:

جاری یەکەم (١٣٦٥): ماوەی ١١ مانگ لە زیندانی سنە بەند کراوە.

جاری دووەم: بۆ ماوەی ٦ مانگ لە زیندانی سنەدا ماوەتەوە.

ناوبراو تا دواساتەکانی ژیانی بە ئەمەگداری بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە. تەرمی ئەم تێکۆشەرە بە بەشداریی بەرفراوانی خەڵکی شاری مەریوان و دەورووبەری، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.