
ڕەحیم نزهتزادە
لە قۆناغێکی گواستنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کە زۆرێک لە گەلان هەوڵ دەدەن ڕۆڵی خۆیان لە پێکهاتەکانی حکوومەتدا پێناسە بکەنەوە، گەلی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات، وشیاری و ئیرادەی بەكۆمەڵی خۆی، بە دوای جێگەیەکی شایستە لە سیستەمێکی دێموکراتیک، سێكۆلار و فیدراڵی لە ئێرانی داهاتوودا دەگەڕێت.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە داوای بەدیهێنانی مافە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەکات و بە ڕێبازێکی ئاشتیخوازانە و دێموکراسیانە بەدوای ئەو داخوازییانەدا دەگەڕێت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەمیشە پێداگریی لەسەر بەشداریی یەکسانی گەلی کوردی، لە پێکهاتەی سیاسی ئێران و گواستنەوە لە سیستەمی ناوەندگەراییەوە بۆ سیستەمی فیدراڵی دێموکراتیک داگرتووە. گۆڕانکارییە سیاسی و فکرییەکان لە کوردستان دەبێت خزمەت بە پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و نەتەوەكان بکات؛ پەیوەندییەک کە لەسەر بەڕێوەبردنی سیاسی و کولتووری و ئابووری ناوچەیی بنیات نرابێت.
ناوەندگەرایی، بەربەستێک لەبەردەم گۆڕانی دیموکراسی
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ناڕازیبوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕبوونەوەی دەسەڵات و سەرچاوەکان لە ناوەند و پشتگوێخستنی جوغرافیا و ژینگەی نەتەوە بندەستەکانە. ئەم دۆخە خەڵکی کوردستانی لە بەشداری ڕاستەقینە لە بڕیاردانی گەورە بێبەش کردووە. تێپەڕین لە ناوەندگەرایی و بەدیهێنانی فیدرالیزمی فرە ئاست، مەرجی پێشوەختە بۆ مانەوە و بەردەوامیی مانادارە لە کوردستاندا. تەنیا بە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی ێاوخۆ و بەهێزکردنی سەروەریی جەماوەری لەسەر ئاستی هەرێمە نەتەوەییەکانە دەتوانرێت متمانەی لەدەستچوو بنیات بنرێتەوە.
فیدراڵیزم، زامنی پێکەوەژیانی دادپەروەرانە
فیدرالیزم لە گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ئامرازێک نییە بۆ دابڕان، بەڵکوو چارەسەرێکە بۆ بەشداری چالاکانەی گەلی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەم مۆدێلە بە داننان بە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران، دەتوانێ بناغەیەکی دادپەروەر و بەردەوام، بۆ پێکەوەژیانی دێموکراتیکی گەلان و ناوچە جیاوازەکان دابین بکات. سیستەمێکی فیدراڵی سێكولار و دێموکراتیک، نەک هەر زامنی ئازادیی کورد دەکات، بەڵکوو زەمینە بۆ مافی یەکسان بۆ گەلانی دیکەی وەک عەرەب، بەلوچی، تورکمان و... خۆش دەکات.
گەشەپێدانی یەکسان و کۆتاییهاتنی بێبەشی پێکهاتەیی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی قووڵی ئابووریی، وەک بێکاریی بەربڵاو، کۆچی نەخوازراو و ژێرخانی گەشەنەکردوو دەبێتەوە. ئەم دۆخە دەرئەنجامی نەبوونی دادپەروەری ئابوورییە، لە دابەشکردنی سەرچاوە نیشتمانییەکان. بنیاتنانەوەی هەرێمە نەتەوەییەکان دەبێت بە پشتبەستن لەسەر بنەمای پلاندانانی ناوچەیی و پشت بە سەرچاوە مرۆیی، سروشتی و کولتوورییە نێوخۆییەکان بن. پێویستە گەلی کورد دەسەڵاتی پلاندانان و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەکەی خۆی هەبێت؛ نەک تەنها وەرگری ئەو پلانانەی سەپێنراون لە ناوەندەوە.
زمان و کولتوور و پەروەردە لە چوارچێوەی مافە یەکسانەکاندا
یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی هەڵاواردنی پێکهاتەیی، قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایک و سنووردارکردنەكانی کولتوورییە. فیدرالیزمی دێموکراتیک، زەمینە خۆش دەکات بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لە دامەزراوە پەروەردەیی، میدیاکان و ئیدارە نێوخۆییەکان. مافی خوێندن بە زمانی دایک، بەرهەمهێنانی ئازادانەی بەرهەمی فەرهەنگی و پشتیوانی لە دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی، بەشێکی دانەبڕاون لە پرۆژەی دیموکراتیزەکردن. بەبێ ئازادی کولتووری، دیموکراسی هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی نابێت.
هێزی بزوێنەر: کۆمەڵگەی مەدەنی و نەوەی نوێ
ئەو هەنگاوەی دەتوانێت گۆڕانکارییە بنەرەتی و پێویستەکان لە ئاستی بەڵێنەوە بەرەو کرداری ڕاستەقینە ببات، ڕۆڵی کارای کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنان، گەنجان و ڕۆشنبیرانە لە کوردستاندا. ئەم هێزانە سەرمایەی ڕاستەقینەی گۆڕانکارین، کە بە وشیاری، سەقامگیری و ئومێد بۆ گۆڕان، ڕێگە خۆشدەکەن بۆ پێکهێنانی سیستمێکی نوێ. چاکسازییەکان تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە لە ناو کۆمەڵگەوە سەرهەڵبدەن، نەک لە سەرەوە بەبێ بەشداری گشتی بسەپێنرێن.
شیكاری و دوا قسە:
دووبارە ئاواكردنەوەی، پێکهاتەی دەسەڵات بۆ ئێرانی نوێ و بووژانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بە ئاراستەی گواستنەوە بۆ سیستەمێکی فیدراڵی، دێموکرات و سێكولار دابڕێژرێت؛ سیستەمێک کە گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، مافی بەڕێوەبردنی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری، لە ناوچەکانی خۆیاندا هەبێت. ئەم گۆڕانکارییانە نەک تەنها دادپەروەری مێژوویی دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو ئێران دەگۆڕێت بۆ وڵاتێکی مۆدێرن، سەقامگیر و فرەنەتەوەیی، ڕێگای ڕزگاری ئێران لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییەوەیە. گۆڕانکارییەک، کە بە هاوبەشی و یەکسانیی نێوان گەلان و کۆتایی هاتنی هەژموونی ناوەندگەراییدا مومکین دەبێت.