کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سێنا پڕۆژەبڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی ترامپی دژی ئێران ڕەت کردەوە

14:37 - 14 رەشەمه 2725

ئەنجومەنی سێنای ئەمریکا کە زۆرینەی لە دەستی کۆمارییەکانە، پڕۆژەبڕیارێکی پووچەڵ کردەوە کە مەبەست لێی بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی ترامپ بوو بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرش و کارێکی سەربازی دژی ئێران بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەی کۆنگرە.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە ٥٣ دەنگی دژ و ٤٧ دەنگی بەڵێ، کە زۆربەی دەنگەکانیش ڕەنگدانەوەی ئاراستە و بەرژەوەندیی پارتەکانیان بوو، ڕێگرییان لە پەسندکردنی پڕۆژەکە کرد. هاوکات زۆربەی هەرە زۆری کۆمارییەکان بە فەرمی پشتیوانییان لە مانەوەی دەسەڵاتە بێ سنوورەکانی ترەمپ کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

لە نێو دەنگەکاندا، سێناتۆری دێموکرات "جان فەتەرمان" لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، بە پێچەوانەی هاوپارتەکانی دەنگی دژی پڕۆژەکە دا؛ لە بەرانبەریشدا "ڕاند پۆڵ" تاکە سیناتۆری کۆماری بوو لە ویلایەتی کێنتاکی کە دەنگی بە سوودی پڕۆژەکە دا و لەگەڵ هاوپارتەکانی نەمایەوە.

پێشتر ترامپ ڕایگەیاندبوو کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا لە ئێران "بەسەرکەوتوویی" بەڕێوە دەچێت و کۆتایی دێت.