بەرپرسانی کۆماری ئازەربایجان بە "یۆرۆنیوز"یان ڕاگەیاندووە کە سێ درۆنی ئێرانی تێرمیناڵی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی "ڕازی"یان لە شاری نەخجەوان کردووەتە ئامانج.
بەگوتەی ئەم سەرچاوانە، لە ئاکامی ئەم هێرشەدا زیان بە باڵەخانەی فڕۆکەخانەکە گەیشتووە و دوو کەسی سڤیلیش بریندار بوون.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان هەروەها ڕایگەیاند کە لە دوای ئەم هێرشە، "موجتەبا دەمیرچیلوو" باڵیۆزی ئێرانی لە باکوو بانگهێشت کردووە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەم وەزارەتخانەیەدا هاتووە:
«ئێمە ئەم هێرشە درۆنییانە کە لە خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دراون و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە باڵەخانەی فڕۆکەخانەکە و برینداربوونی دوو کەسی سڤیل، بە توندی ئیدانە دەکەین.»
بەرپرسانی باکوو جەختیان کردووەتەوە کە ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان دەزانن و داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێیان لە تاران کردووە.