کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازەربایجان بەڵێنی دا وەڵامی هێرشە درۆنییەکەی ئێران بداتەوە

15:46 - 14 رەشەمه 2725

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە وەڵامی ئەو هێرشە درۆنییەکەی ئێران دەداتەوە کە ناوچەی نەخجەوانی ئەو وڵاتەی کردبووە ئامانج و بووەتە هۆی پێکرانی فڕۆکەخانەیەکی نێوخۆیی و برینداربوونی دوو کەسی سڤیل.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی واڵ ستریت ژۆرناڵ، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ڕایگەیاندووە کە پاشماوەی درۆنەکان ــ کە یەکێکیان لە نزیک قوتابخانەیەکی گوندنشین لە ناوچەکەدا کەوتووەتە خوارەوە ــ لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

ئەم وەزارەتە بە ئاماژەدان بەوەی کە «ئەم کارە دەستدرێژکارانەیە بێ وەڵام نامێنێتەوە»، زیادی کرد: «سەرقاڵی ئامادەکردنی وەڵامی پێویستین بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی وڵاتەکەمان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیانی سڤیل و ژێرخانە ناسەربازییەکان.»

ئازەربایجان وەک یەکێک لە نزیکترین هاوبەشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دادەنرێت و زیاتر لە ٤٠٪ی نەوتی خاوی هاوردەکراوی ئیسرائیل دابین دەکات. هەروەها هەردوو وڵات چەندین گرێبەستی چەک و ڕێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمنییان واژۆ کردووە.