
زانیار حوسێنی
(خوێندنەوەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ڕەمزێک لە کوردستان)
شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بووە هۆی داڕمانی ڕێژیمی پەهلەوی و دەرفەتێکی مێژوویی لە ناوچەکانی کوردستاندا ڕەخساند. بەهۆی ڕابردووی مێژوویی خۆڕاگریی ناوچەیی و بوونی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی ئێران، ئەو ناوچەیە بوو بە یەکێک لەو ناوچانەی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە هەموو کاتێک زیاتر بەرچاو بوو. لەم ماوەیەدا:
ئا. دەسەڵاتی ناوەندیی نوێ بەتەواوی سەقامگیر و جێگیر نەببوو و ناوچە کوردستانییەکان تا ڕادەیەک لەژێر کۆنتڕۆڵ و فشاری ناوەند ڕزگاریان بوو.
ب. بزووتنەوە نەتەوەییەکان دەرفەتی چالاکییان بۆ ڕەخسا.
ج. مەجالی دروستکردن و بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان بەتایبەت هێزی پێشمەرگە لەبار بوو.
ئەم هەلومەرجانە، بەستێنی بۆ ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ڕێژیمی ناوەندگەرای نوێ و پێشمەرگەی خۆش کرد.
ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئاسایش و نەزمی کۆمەڵایەتیدا
بە سەرنجدان بە ئامادەبوونی کاریگەر و ئەو دەرفەتەی کە هاتەئاراوە، پێشمەرگە جگە لە چالاکییە سەربازییەکان، ڕۆڵی سەقامگیرترکردنی نەزمی کۆمەڵایەتیشی لەئەستۆ گرت. هەروەک:
- پاراستنی گوند و ڕێگای شاخ
- نێوەندگیری لە نێوان خەڵک و چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێوخۆییەکان
- پێشکەشکردنی فریاگوزاری و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچە قەیراناوییەکان.
ململانێ چەکدارییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ناوەندگەرای نوێ لە نێوان ساڵانی ١٣٥٧ بۆ ١٣٦٧ پێشمەرگە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە دوو ڕەهەندی بەرەیی و پارتیزانیدا لەگەڵ هێزە سەربازی و نیمچە سەربازییەکانى ڕێژیمی ناوەندگەرا تووشی شەڕ بوو.
ئەم شەڕانە بریتی بوون لە:
- گەمارۆدانی شار و گوندەکان لەلایەن سپای پاسداران و بەسیجەوە.
- شەڕی پەرشوبڵاو لە شاخ.
- پەرچەکرداری پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە ناوچەکانی ژێر کاریگەری.
سەرەڕای شەڕ و ڕاگەیاندنی جیهاد لەلایەن دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامییەوە، پێشمەرگە توانی تۆڕە نێوخۆییەکانی خۆی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی خۆی بپارێزێ و وەک پارێزەری خەڵک خەریکی بەرگریی ڕەوا و پەرچەکدار بێ.
کاریگەریی شەڕی ئێران و عێراق
شەڕی ئێران و عێراق (١٣٥٩-١٣٦٧) کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چالاکییەکانی پێشمەرگە هەبوو. ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی نزیکی لە عێراقەوە بەردەوام لەژێر هەڕەشەدا بوون.
پێشمەرگە جگە لە بەرگریی نێوخۆیی، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی قەیران و پشتیوانی لە ئاوارەکان و خەڵکی شەڕلێدراویشی لەئەستۆ گرت. ئەم قۆناغە ڕێگەی بە پێشمەرگە دا کە:
- دووپاتە شەرعییەتی کۆمەڵایەتییەکەی بەهێزتر بکا.
- ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی فراوانتر بەدەست بهێنێ.
- ببنە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی - سیاسی بەهێز و تەنیا وەک هێزێکی سەربازیی سەیر نەکرێ.
- نیشاندانی توانای پاراستنی خەڵک و داواکارییەکانیان و بەرگریکردن لە سەرمایە سەرەکییەکانی خۆیان وەک شەرعییەتی جەماوەری.
بەرهەمهێنانەوەی ناسنامە و یادەوەریی بەکۆمەڵ لەم ماوەیەدا ڕەفتار و مامەڵەی پێشمەرگە بووە هۆی ئەوەی کە:
ئا. سەقامگیرکردنی کولتووری خۆڕاگری و بوێری.
ب. بەرهەمهێنانەوەی بەها بەکۆمەڵەکانی وەک دڵسۆزی، هاودەنگی و پابەندبوون بە کۆمەڵگە.
ج. ڕۆڵگێڕی لە پاراستنی هێما و ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان.
د. بەهێز و فراوانترکردنی ئەدەبیاتی بەرخۆدان و داواخوازی.
ناسنامەی بەکۆمەڵی پێشمەرگە لەو ماوەیەدا بە تەواوی لە یادەوەریی خەڵک و فەرهەنگی زارەکیدا دامەزرا و ڕوونکرایەوە، و دواتر بنەمای ناساندنی ٢٦ی سەرماوەزی وەک "ڕۆژی پێشمەرگە" ڕەخساند. پێشمەرگە لەم ماوەیەدا نموونەی دامەزراوەیەکی بەرخۆدانە لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی:
- سەرمایەی کۆمەڵایەتی خۆیان لە کۆمەڵگە وەرگرتووە.
- شەرعییەتی ئەخلاقی و کولتوورییان هەبووە.
- تۆڕە نێوخۆییەکانیان بەهێزتر کردووە.
- ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوان یارمەتیدەربوو لە مانەوەی ئەم دامەزراوەیە.
قۆناغی دوای ململانێ و چەسپاندنی دامەزراوەی پێشمەرگە
دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی سەرەکیی ململانێی بەردەوام و بەرفراوانی ئێران و کوردستان (١٣٦٧-١٣٨٠)، حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە کەوتنە قۆناغێکی سەقامگیری ڕێژەیی و خۆڕێکخستنەوەی تەشکیلاتی.
ئەم قۆناغە بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە تایبەتمەندە:
ئا. کەمبوونەوەی گوشاری سەربازیی ڕاستەوخۆی ڕێژیم لە ناوچە سنووری و شاخاوییەکان.
ب. پێویستیی بنیاتنانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکان دوای زیانەکانی شەڕ.
ج. زیاتر گرنگیدان بە چالاکییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و پەروەردەییەکان بۆ چەسپاندنی شەرعییەتی نێوخۆیی پێشمەرگە
د. جیا لە ئامادەبوونی مەیدانی، لەم قۆناغەدا پێشمەرگە زیاتر لە هەر قۆناغێکی تر، بوو بە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی - فەرهەنگی و ئەخلاقی.
ڕێکخستنەوە و پیشەییکردنی ڕێکخراوە
لە ساڵانی ١٣٧٠ی هەتاویدا، پێشمەرگە چەند هەنگاوێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی دامەزراوەکەیان ناوە:
- دروستکردنی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی پیشەیی: زنجیرەی فەرماندەیی یەکگرتووتر بوو و ڕاهێنانی سەربازی و سیاسی بەشێوەیەکی سیستەماتیکتر ئەنجام درا.
- دابەشکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان: پێشمەرگە بەسەر دوو لقی جیادا دابەش کرا: لقێکی سەربازی بۆ بەرگری و لقێکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری.
- پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگە: تۆڕە نێوخۆیی و شار و گوندەکان بە پێشمەرگەوە گرێدرابوون و ئەم پەیوەندییە شەرعییەتی کۆمەڵایەتی زیاتر کرد.
ئەو ڕێوشوێنانە پێشمەرگەیان کردە دامەزراوەیەکی سەقامگیر و خۆڕێکخراو کە توانی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە و بەردەوامی و سەقامگیریی شەرعییەتی لە کۆمەڵگەدا بپارێزێ.
ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کولتووری پێشمەرگە
لەم ماوەیەدا پێشمەرگە زیاتر لە ڕابردوو ڕۆڵی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی گێڕا:
ئا. پاراستنی ئاسایشی نێوخۆیی و نەزمی کۆمەڵایەتی: پێشمەرگە بە بوونی کاریگەریی خۆی وەک بریکارێکی ڕێگریکەر، ڕێگربوو لە پانتایی و قووڵایی تاوانەکانی ڕێژیمی ناوەندگەرا و پاراستنی ناوچە سنوورییەکان و ڕێگرتن لە گرژییە نێوخۆییەکان بەشێک لە ئەرکیان بوو.
ب. چالاکی فەرهەنگی و پەروەردەیی: پێشمەرگە قوتابخانەی نێوخۆیی و چالاکییە کولتوورییە نێوخۆییەکانی دامەزراند بۆ بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەی کورد و گواستنەوەی بەهاکانی بەرخۆدان و ئەخلاقی بەکۆمەڵ؛ هەروەها هانی کۆمەڵگەیان دەدا و پشتگیرییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە.
بەرهەمهێنانەوەی ناسنامە و یادەوەریی بەکۆمەڵ
هالبۆکس پێی وایە یادەوەریی بەکۆمەڵ تەنیا تۆمارکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی مانا و ناسنامەی بەکۆمەڵە. لەو ماوەیەدا پێشمەرگە لە ڕێگەی چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانیانەوە یادەوەریی بەکۆمەڵی کوردیان بەرهەم هێنایەوە؛ ئەم یادەوەرییە بەکۆمەڵە ئەمانەی خوارەوەی لەخۆگرتبوو:
- چیرۆکی زارەکی و گێڕانەوەی بەرخۆدانی پێشمەرگە
- هێماکانی بوێری و ئەخلاقی بەکۆمەڵ
- بەهاکانی دڵسۆزی و هاودەنگی و پشتیوانی بۆ کۆمەڵگە
ئەم وەچەخستنەوەی شوناسە ڕێگەی بە پێشمەرگە دا تەنانەت لە نەبوونی دەسەڵاتی فەرمی و بوونی مەیدانییەکی گەورە، لە سەرتاسەری کوردستانی ئێراندا وەک سیمبولی شەرعییەت و شوناسی بەکۆمەڵ بمێنێتەوە.
ماوەی ساڵانی ١٣٦٧-١٣٨٠ نموونەی دامەزراوەیەکی بەرخۆدانی کۆمەڵگەمیحوەرە. تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە:
ئا. بەردەوامیی کۆمەڵایەتی: پێشمەرگە توانی شەرعییەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی خۆی پێناسە و بەهێزتری بکاتەوە
ب. وەچەخستنەوەی کولتووری و ناسنامە: چالاکییە پەروەردەیی و کولتوورییەکان بووە هۆی چەسپاندنی زیاتری ناسنامەی بەکۆمەڵ.
ج. تۆڕە نێوخۆییەکان: پشتیوانی کۆمەڵگە و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ بەستێنە کۆمەڵایەتییەکان و گوندەکان، سەرمایەی کۆمەڵایەتیی پێشمەرگەی زیاتر بەهێز کرد.
گۆڕینی نەوەیی و چەسپاندنی شوناسی کولتووری پێشمەرگە:
دەیەی ١٣٨٠ی هەتاوی لە کوردستانی ئێران بە گۆڕانی نەوەکان، فشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و پێویستی بە بنیاتنانەوەی کولتووری تایبەتمەندە. نەوەی نوێی پێشمەرگە کە دوای ململانێکانی حەفتاکان و سەقامگیری ڕێژەیی هەشتاکان مەشق و ڕاهێنانیان پێ کرابوو، بە ئامانجەکانی زیاتر لە شەڕی سەربازی هاتنە ناو ڕیزی تێکۆشانەوە:
ئا. پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەی نەتەوەی کورد و ئەخلاقی بەکۆمەڵ.
ب. بەهێزکردنی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی - فەرهەنگی پێشمەرگە.
ج. ئامادەکردنی بەستێن بۆ چالاکییە پەروەردەیی و مەدەنییەکان لە کۆمەڵگەی نێوخۆیی.
د. پێناسەکردنەوە و فراوانکردنی مەودای شوناسی بەرخۆدان و پەرەپێدانی فەلسەفەی بوونی پێشمەرگە.
هـ. کاریگەریی دەستەواژەی پێشمەرگە لە کایە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی دیکە وەک پێشمەرگەی ژینگەپارێز و پێشمەرگەی سپی پۆش (پرسنێلی پزیشکی لە کوردستانی ئێران) و...هتد.
و. پێناسەی بێسنووری پێشمەرگە بۆ هەر ئەندامێکی کۆمەڵگەی کوردی کە بۆ قازانجی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد تێدەکۆشێ.
ز. دابەشبوونی نەریتی دەستەواژەی پێشمەرگە بۆ لایەنی سیاسی (ڕێکخراوەیی لە حیزبی دێموکرات) و لایەنی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا.
ئەم نەوە نوێیە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی پێگەی پێشمەرگە وەک ڕەمزی بەرخۆدان، شوناسی بەکۆمەڵ و پەرەپێدانی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی پێشمەرگە.
چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی
نەوەی نوێی پێشمەرگە گرنگییەکی تایبەتی بە چالاکییە کولتووری و پەروەردەییەکانی دا:
- دامەزراندنی قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییە نێوخۆییەکان: فێرکردنی زمانی کوردی، مێژووی کوردستان و بەها ئەخلاقییەکانی پێشمەرگە.
- ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ گەنجانی پێشمەرگە: ڕاهێنانی سەربازی تێکەڵ بە پەروەردەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی.
- چالاکی فەرهەنگی: ئەنجامدانی ڕێوڕەسم و بۆنە نەریتییەکان، پێشخستنی مۆسیقا و ئەدەبی کوردی.
- چالاکیی مەدەنی: هەوڵدان بۆ دروستکردنی سەکۆیەکی گونجاو بۆ دابینکردنی هەلومەرج بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاستێکی فراوانتر.
- دەرکەوتن وەک ڕەمزێکی نیشتمانی: بە مۆدێلکردنی کۆمەڵایەتی - ئەخلاقی پێشمەرگە و دەرکەوتنی پێشمەرگە وەک ڕەمز و براندێکی نیشتمانی لە شێوازە ڕەفتارییەکانی نەوەی نوێ و گەنجاندا.
ڕاگەیاندنی ڕەمزیی ٢٦ی سەرماوەز
لەو ماوەیەدا ٢٦ی سەرماوەز بە فەرمی وەک "ڕۆژی پێشمەرگە" دامەزرا. گرنگی ئەم ڕۆژە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێ:
ئا. یادکردنەوەی مێژووی بەرخۆدانی پێشمەرگە.
ب. ڕێزگرتن لە ئازایەتی و قوربانیدانی نەوەکانی ڕابردوو.
ج. بەرهەمهێنانەوەی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی.
ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و شەرعییەت
جگە لە ڕۆڵی کولتووری، نەوەی نوێی پێشمەرگە (لە هەردوو پێناسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا) ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیان بەهێزتر کرد:
- نێوەندگیری نێوخۆیی: چارەسەرکردنی ناکۆکی و بەڕێوەبردنی قەیرانە نێوخۆییەکان.
- پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی: یارمەتیدانی خێزانە زیان لێکەوتووەکان و ئاوارەکان.
- دروستکردنی تۆڕی مەدەنی: هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێوخۆییەکان و پەرەپێدانی چالاکییە مەدەنییەکان.
- بەهێزکردنی کولتووری بەشداریکردنی گشتی: هاوکاری ژینگەیی، مرۆڤدۆستانە و کۆمەڵایەتی ئاڕاستەکراو.
- مارکەی نیشتمانی: پێناسەیەکی نوێ بۆ پێشمەرگە وەک مۆدێلێکی فراوانتر لە هێزێکی ڕێکخراوەیی و ڕەمزی نەتەوەیی، بە ڕوونکردنەوەی نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەناو بازنەی ئەم وشە و زاراوەیەدا.
ئەمڕۆ وشەی پێشمەرگە لە پێناسەی کلاسیکی و ڕێکخراوەییەکان تێپەڕیوە و زیاتر لە حەوت دەیە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئایدیالی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژوویی نەتەوەی کورد، دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى ناچار بە دووپاتە پێناسەکردنەوەی ئەو چەمکە کردوە؛ چونکی لە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی جێی سەرنج، ڕوون و حاشا هەڵنەگرە کە هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە کە هەنگاو دەنێتە سەر ڕێبازی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری - هونەرییەکان، بە نائاگایی یان بە ئاگاییەوە، بەشێوەیەکی دەرەکی، چ لە گوتاری ڕۆژانەدا، چ لە جلوبەرگ و ڕەفتارەکانی ڕۆژانەدا، بەرەو خۆگونجاندن لەگەڵ ئێلێمێنتەکانی پێشمەرگەدا دەجوڵێتەوە؛ بە زاراوەیەکی سادەتر، چاکسازیخوازانی کۆمەڵایەتی، چالاکانی مەدەنی، چالاکانی فەرهەنگی و ئەوانەی لە پیشەیەکدان کە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، خۆیان بە پێشمەرگە، پێشەنگ و پەرستراوی ئەم میللەتە دەزانن؛ چونکە وشەی پێشمەرگە بە جوانترین جلوبەرگی مێژووی نەتەوەی کورد دەزانن. و لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە کە کێ لەم کۆمەڵگەیەدا دەتوانێ بە قەڵەم یان کردەوە حەقی خۆی بە وشە و مانای پێشمەرگە بدا؟