کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕایس: ئێران ئێستا بێبەرگرییە و دەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە

14:47 - 14 رەشەمه 2725

کۆندۆلیزا ڕایس، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەرنامەی "ڕاپۆرتی تایبەت"ی فاکس‌نیوزدا ستایشی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی"  کرد کە کابینەی ترامپ لە دژی ئێران ئەنجامی دا؛ ناوبراو ئەم کارەی وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەرتەسککردنەوەی هەڕەشە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانیدا وەسف کرد.

ڕایس بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئێران لە پڕچەککردن و تەیارکردنی گروپەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس گوتی: "ئێران مێژوویەکی درێژی لە دروستکردنی هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ئێمە و هاوپەیمانەکانمان هەیە. ئەم ئۆپەراسیۆنە، توانستە سەربازییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج و دەستەوەستانی کردوون لە ئەنجامدانی هەر جۆرە کردەیەک لە دژی ئێمە و هاوبەشەکانمان."

ناوبراو جەختی کردەوە: "ئێران لە ئێستادا بێبەرگری و بێپەنایە، پێویستە ئەم هەلە بقۆزرێتەوە، چونکە ئەم بارودۆخە هەتا سەر وەک خۆی نامێنێتەوە."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سێنتکام (فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا)، لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی"دا، زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی و دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدار بوون؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا شەش سەربازی ئەمریکی کوژراون و چەندین کەشتیی ئێرانییش زیانی توندیان بەرکەوتووە یان نوقم کراون.