کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا و ئیسپانیا ڕێڕەوی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکایان بۆ سەر ئێران داخست

17:59 - 11 خاکەلێوه 2726

هەردوو وڵاتی ئیتالیا و ئیسپانیا ڕایانگەیاند کە ڕێگە نادەن خاکیان و بنکە سەربازییەکانیان بۆ نیشنتەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و هێرشکردنە سەر ئێران بەکار بهێنرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، دەوڵەتی ئیتالیا ڕێگریی کردووە لە نیشتنەوەی چەندین فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی "سیگۆنێلا" لە دوورگەی سیسیل.

بەرپرسانی ڕۆم ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنگتۆن بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە و تەنیا کاتێک فڕۆکەکان لە ئاسماندا بوون، ئیتالیای لەم گەشتە سەربازییانە ئاگادار کردووەتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

هاوکات، ئیسپانیا هەڵوێستێکی توندتری وەرگرتووە و "مارگاریتا ڕۆبلێس"، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، جەختی کردەوە کە نە ئاسمان و نە بنکە سەربازییەکانی ئیسپانیا بۆ هیچ کارێکی پەیوەندیدار بە شەڕی دژی ئێران بەکار ناهێنرێن.

 پێشتر و لە سەرەتای مانگی مارسدا، دەوڵەتی ئیسپانیا داوای لە ئەمریکا کردبوو کە ١٥ فڕۆکەی شەڕکەری لە بنکەکانی "ڕۆتا" و "مۆرۆن" بکێشێتەوە، چونکە ئیسپانیا نایەوێت ببێتە بەشێک لە پەرەگرتنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسانی ئیسپانیا ڕایانگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بە هەنگاوێکی "تاکلایەنە" دەبینن و پێیان وایە ئەم جۆرە کردەوانە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 ئیسپانیا ئامانجی خۆی بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە ناوزەد کردووە، نەک پەرەپێدانی پێکدادانە سەربازییەکان.