مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی، بەتایبەت لە دۆخی شەڕدا، بەکار دەێنێت.
ناوبراو ئەم لێدوانانەی لە کاردانەوە بە هەواڵی لەسێدارەدانی بابەک عەلیپوور و پویا قوبادی، دوو ئەندامی ڕێکخراوی "موجاهیدینی خەلق" خستە ڕوو کە لەلایەن هەواڵدەری فەرمی دەزگای دادوەریی ئێران ڕاگەیەندرا.
ساتۆ بە ئاماژەدان بە سنووردارکردنی پەیوەندییەکان لە ئێران وتی، بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێتەوە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە ژمارەی لەسێدارەدانەکانی دیکە یان ئەو کەسانەی کە لەژێر مەترسی جێبەجێکردنی سزادان، لەبەردەستدا نییە.
ئەم بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتریش لە ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگەی نامەیەکی فەرمییەوە داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردبوو کە سزای لەسێدارەدانی ئەم کەسانە هەڵبوەشێنرێتەوە.
لێدوانەکانی ساتۆ لە کاتێکدا دێن کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار لە زیادبوونی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە ئێران، بەتایبەت لە قۆناغەکانی گرژیی سیاسی و ئەمنییەتیدا هۆشدارییان داوە.
شایانی باسە کە دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، ٤ کەسی بە تۆمەتی بێبنەمای "کردەوەی تێرۆریستی" و لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانە لە سێدارە دا.