کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ بۆ بەسەربازگرتنی منداڵان لە ئێران

19:09 - 11 خاکەلێوه 2726

ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە گەڵاڵە نوێیەکەی سپای پاسداران، بەکارهێنانی سەربازیی منداڵانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی منداڵ و نموونەی تاوانی شەڕ ناوبرد.

ئەم ڕێکخراوە بە ئاماژەدان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لە چالاکییە سەربازییەکاندا بە ڕاشکاوی قەدەغەیە و بە تاوان هەژمار دەکرێت.

ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات کە ڕەحیم نادعەلی، جێگری کولتووری و هونەریی سپای محەممەد ڕەسووڵ‌ئەڵڵا، دەستپێکردنی "کەمپەینی بۆ ئێران"ی ڕاگەیاند؛ گەڵاڵەیەک کە بە وتەی ئەو، کەسانی تەمەن ١٢ ساڵ و بەرەو سەر بۆ چالاکییەکانی وەک گەشتی ئیتیلاعاتی، بازگەی پشکنین و پشتیوانی لۆجیستیکی ڕادەکێشێت.

بیڵ ڤان ئیسڤێڵد لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "هیچ پاساوێک بۆ بەسەربازگرتنی منداڵان بوونی نییە و هۆشداریی دا کە ئەم جۆرە سیاسەتانە منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی جیددی و زیانی قەرەبوو نەکراوە دەکەنەوە."

بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی ئێران، کەمترین تەمەن بۆ سەربازی زۆرەملێ ١٨ ساڵ دیاری کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی پێشتریش لە شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها لە ناردنی هێز بۆ سووریە، منداڵانی بەکارهێناوە.