کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی عەرەبیی کەنداو داوای "هێرشی زەوینی" بۆ سەر ئێران دەکەن

18:24 - 11 خاکەلێوه 2726

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت ئیمارات، گوشارەکانیان بۆ سەر دۆناڵد ترامپ چڕ کردووەتەوە تا فەرمانی 'هێرشی زەمینی' بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربکات.''

بەپێی ڕاپۆرتێکی کاناڵی "فاکس نیوز" و هەواڵدەریی"ئاسۆشێتد پرێس"، بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین لە کۆبوونەوە نهێنییەکانیاندا جەختیان کردووەتەوە کە هێرشە ئاسمانییەکان، هێشتا ڕێژیمی تارانیان بەو ئاستە لاواز نەکردووە کە تەسلیم بێت.

ئەوان پێیان وایە ڕاگرتنی شەڕ لەم قۆناغەدا، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە و تەنیا دەبێتە هۆی "ڕێککەوتنێکی لاواز" کە ئەمنییەتی دراوسێ عەرەبەکان ناپارێزێت.

دیپلۆماتێکی ئاگادار باسی لەوە کردووە  کە ئیمارات ئێستا وەک سەرەکیترین هاندەری بژاردەی سەربازی لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت و داوای ناردنی هێزی زەوینی بۆ مەیدانی شەڕ دەکات. ئەم وڵاتانە نیگەرانن لەوەی کە تاران لە هەر وەستانێکی کاتیی شەڕەکە سوود وەربگرێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی توانای مووشەکی و دڕۆنییەکەی، کە تا ئێستا ٩٠ لەسەدی پەک خراوە.

ئەم هەنگاوە نهێنییانە هاوکاتە لەگەڵ جێگیربوونی یەکە تایبەتەکانی کۆماندۆی دەریایی ئەمریکا لە ئاوەکانی ناوچەکە و لێدوانەکانی فەرماندەی پێشووی "سێنتکام" سەبارەت بە ئامادەیی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگە ستراتیژییەکانی کەناراوەکانی باشووری ئێران.

دۆناڵد ترامپ پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی خێرا نەیێتە ئاراوە، شەڕەکە دەچێتە قۆناغی "گرژیی بێوێنە".