کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بۆ بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران تا چەند حەفتەی دیکە ئامادەین

17:20 - 11 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێز و کەرەستەی پێویستیان لەبەر دەستە بۆ ئەوەی تا چەند حەفتەی دیکە درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، "نەداف شۆشانی" وتەبێژی نێودەوڵەتیی ئەرتەشی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بڕیاری بەردەوامیی شەڕەکە لە دەستی سەرکردە سیاسییەکاندایە، بەڵام ئەرتەش لەوپەڕی ئامادەییدایە.

ناوبراو جەختی کردەوە: "ئێمە ئامادەین بۆ حەفتەکانی داهاتووش بەردەوام بین؛ ئامانجە دەستنیشانکراوەکان، تەقەمەنی پێویست و هێزی مرۆیی گونجاوما لەبەر دەستە."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای "نیوزماکس"ی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە شەڕی دژی ئێران "نیوەی ڕێگەی" بڕیوە. نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەستی لە "نیوەی ڕێگە" جێبەجێکردنی ئەرک و ئامانجە دیاریکراوەکانە، نەک نیوەی کاتی شەڕەکە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی هێرشەکان دەستنیشان بکات، وتی: "بەدڵنیاییەوە لە نیوەی ڕێگە تێپەڕیوین، بەڵام نامەوێت خشتەیەکی کاتیی ورد بۆ کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە دابنێم."

 ئەم وتانە نیشانەی ئەوەن کە ئیسرائیل تا گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی، لەوانە لاوازکردنی توانای سەربازی و ئابووریی ڕێژیمی تاران، بەردەوام دەبێت.