دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"، بەو وڵاتانەی کە بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز هاوکاریی ئەمریکایان نەکرد، ڕایگەیاند کە با خۆیان بۆ کردنەوەی ئەو شوێنە هەنگاو بنێن.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١١ی خاکەلێوە، نووسی: "هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی گەرووی هۆرمۆزەوە ناتوانن سووتەمەنی جێت دابین بکەن، وەک بریتانیا کە ڕەتیکردەوە لە لەنێوبردنی ڕێبەریی ئێراندا بەشداری بکات، پێشنیارێکم بۆتان هەیە: یەکەم، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بکڕن؛ ئێمە بڕێکی زۆرمان هەیە. دووەم، کەمێک ئازایەتیی بەدرەنگەوە نیشان بدەن، بڕۆنە نێو گەرووەکە و دەستی بەسەردا بگرن."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕوو لەو وڵاتانە زیادی کردووە: "دەبێت فێر بن خۆتان بۆ خۆتان شەڕ بکەن؛ ئەمریکا چیتر لەوێ نابێت بۆ یارمەتیدانتان، هەروەک چۆن ئێوەش بۆ ئێمە نەبوون."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئێران بە کردەیی لەنێوچووە. بەشە سەختەکەی کارەکە ئەنجام دراوە. بڕۆن و نەوتی خۆتان بەدەست بهێنن."
شایەنی باسە، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە ڕایانگەیاند کە لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بەشداری ناکەن.