
شاهۆ حوسێنی
دێموکراسی، ئەگەرچی زۆرجار وەک سیستەمێکی یاسایی و تەکنیکی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات پێناسە دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا زۆر قووڵتر و بەربڵاوتر لەمەیە. دێموکراسی پێکهاتەیەکی زەینی و مەعریفییە کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە ئیرادەی مرۆڤ وەک سەرچاوەی ڕەوایی دامەزراوە. ئەم ئیرادەیە تەنیا لە ڕێگەی دەنگدان یان بەشداریکردنی فەرمی لە دامەزراوەکاندا ناگونجێت؛ بەڵکوو پێویستی بە کەشێکی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە ئاستی "بوون"دا خۆی وەک سوژە بناسێنێت و دەربخات. ئەگەر یاسا، پەرلەمان و حیزب وەک سێ کۆڵەکەی جەستەی دێموکراسی دابنرێن، ئەوا ئازادی بڵاڤۆک و بڵاوکردنەوە ئەو هێزەیە کە ڕۆح وەبەر ئەم جەستەیە دەنێت. بێگومان بڵاوکراوە تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکوو شوێنی لەدایکبوونی سوژەی سیاسی و پارێزەری سەروەریی هزری و، پارێزەری تاک و نەتەوەیە.
- سوژەڤانی و لەدایکبوونی فەزای گشتی
سوژەڤانی، لەم چوارچێوەیەدا، بە واتای ئەو پرۆسەیە کە مرۆڤ لە بارودۆخی بێدەنگی و وەرگرتنی فەرمان (گوێڕایەڵی، ملکەچی و ئۆبژەڤانی) دەردەچێت و دەبێتە بوونێکی خۆداڕێژەر، بنیادنەر و بیرکەرەوە. هابێرماس لە تیۆری "فەزای گشتی"دا ئاماژە بەوە دەکات کە دێموکراسی لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە تاکەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئازاد، لە دەرەوەی گوشاری ڕاستەوخۆی دەسەڵات، لەگەڵ یەکدا گوتووبێژ و دانوستان بکەن. بێگومان بڵاڤۆک و بڵاوکراوەش ڕێک ئەم بەستێن و فەزایەن کە گوتووبێژی ئازاد و دانوستانی ئازادی سوژەکان تێیدا دەخوڵقێن. بەم شێوەیە کاتێک تاک بتوانێت قسە بکات، پرسیار بکات و گوێ بگرێت، لە دۆخی "ئۆبژەبوون" بەرەو دۆخی "سوبژەبوون" دەردەچێت. لە ڕاستیدا سوژە ئەو بوونەیە کە دەتوانێت بڕیارەکان بخاتە ژێر تیشکی گومان و پرسیار و لە نێوان گوتارە جیاوازەکاندا مەجالی هەڵبژاردنی هەبێت. هەربۆیەش، بڵاوکراوە تەنیا میدیای هەواڵ نییە؛ دامەزراوەیەکی ئانتۆلۆژیکاڵە بۆ لەدایکبوونی سوژە.
- بڵاوکراوە و ڕۆشنگەری: دەرچوون لە کەمئەندامیی فکری
کانت ڕۆشنگەری بە دەرچوونی مرۆڤ لە کەمئەندامیی هزری بەهۆی غیرەت وەبەرخۆنان لە بەکارهێنانی عەقڵ دەزانێت. کەمئەندامی لای کانت ئەمەیە، کە مرۆڤ عەقڵی خۆی بەکار نەهێنێت و بیرکردنەوەی خۆی بسپێرێت بە دیاردە، دەرکەوتە و کەسێکی تر. لە کۆمەڵگەیەکدا کە بڵاوکراوەی ئازاد نییە، دەسەڵات دەور و نەخشێکی دیاریکراو و جیهانێکی نەخشاو و بەرهەمهاتوو لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی هاووڵاتییان بە هاووڵاتییان نیشان دەدات. ئەمە تەنیا سانسۆری زانیاری نییە؛ بەڵکوو ڕێک سنووردارکردنی خودی توانای بیرکردنەوەیە. کاتێک زانیاری لە یەک سەرچاوەدا قۆرخ دەکرێت، مرۆڤ ناچار دەبێت جیهان بە چاوی دەسەڵات ببینێت. بەڵام بڵاوکراوەی ئازاد ئەم مۆنۆپۆلییە دەشکێنێت. بە پێشکەشکردنی گوتارە جیاوازەکان، فەزایەک دروست دەکات کە تێیدا هاووڵاتی دەتوانێت بە عەقڵی خۆی هەڵبژێرێت. لێرەدا بڵاوکراوە دەبێتە ئامرازێکی ئەپیستمۆلۆژیک بۆ ئازادکردنی هۆش.
- ململانێی لۆگۆس و کراتۆس
مێژووی سیاسەت، لە بنەڕەتدا، مێژووی ململانێی نێوان لۆگۆس و کراتۆسە. لۆگۆس، واتە عەقڵ و گوتار. کراتۆس، واتە هێز و زاڵبوون. هەموو دەسەڵاتێکی پاوانخواز هەوڵ دەدات کراتۆس بەسەر لۆگۆسدا بسەپێنێت. لەبەر ئەوە یەکەم هێرشەکانی هەر سیستەمێکی ئۆتۆریتاریان بۆ سەر بڵاوکراوە دەبێت. چونکە دەزانێت بڵاوکراوە شوێنی بەرهەمهێنانی لۆگۆسە. کاتێک ئەم شوێنە لەنێو بچێت، عەقڵانییەتی ڕەخنەگرانە جێگەی خۆی بە پڕوپاگەندە و پۆپۆلیزم دەدات. دەسەڵات تەنیا بڕیار نادات؛ مانای بڕیارەکانیش خۆی دیاری دەکات. بەڵام بڵاوکراوەی ئازاد ئەم هێژمونییە دەشکێنێت. ئەو بەردەوام پرسیار دەکات و هەر بڕیارێک دەخاتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە. بۆیەش دەشێ بگوترێ کە ئەمە بنەمای عەقڵانییەتی سیاسی دێموکراتیکە.
- کۆڵەکەی چوارەم: چاودێری دەسەڵات لە دەرەوە
تیۆرییە کلاسیکییەکانی دێموکراسی دەسەڵات بە سێ بەش دابەش دەکەن: یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری. مەبەست لەم دابەشکردنە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەک قۆرخکاری نەکات. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئەگەر ئەم سێ دامەزراوەیە لەنێوخۆیاندا هاوڕێ بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، کێ چاودێریان دەکات؟ لێرەدا بڵاوکراوە وەک "کۆڵەکەی چوارەم" دەردەکەوێت. ئەم ناونیشانە تەنیا مێتافۆرێکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو هێمای پێگەی بڵاوکراوەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی دەسەڵاتدا. لە ڕاستیدا بڵاوکراوە میکانیزمی وەڵامدەر دروست دەکات. ئەم میکانیزمە بە سێ قۆناغ کار دەکات: یەکەم، ئاشکراکردنی زانیارییە شاراوەکان. دووەم، گواستنەوەی ئەم زانیارییانە بۆ فەزای گشتی. سێیەم، دروستکردنی گوشاری ڕای گشتی بۆ وەڵامدانەوە. بێ ئەم پرۆسەیە، دێموکراسی لە نێوەرۆکدا بەتاڵ دەبێت. حیزب دەبێتە کۆمپانیا. پەرلەمان دەبێتە شانۆ و یاسا دەبێتە شێوەیەکی فەرمی بۆ شەرعیکردنی سەرەڕۆیی و پاوانخوازێتی هێز.
- دیاردەناسیی سوژەی سەربەخۆ
بێگومان دەسەڵات تەنیا لە فەرماندان و داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی و ڕیساداڕشتندا ڕوو نادات؛ بەڵکوو لە شێوەی دەرخستنی زانیاری و گوتاریشدا ڕوو دەدات و دەردەکەوێت. دەسەڵات دیاری دەکات چی بزانرێت، چۆن بزانرێت و چی لەگوێن حەقیقەت و ڕاستی وەربگیرێت و دانی پێدا بنرێت. لە غیابی بڵاوکراوەی ئازاددا، مرۆڤ دەبێتە بەرهەمی ئەم گوتارە. بەڵام لە ژینگەیەکی پلۆراڵدا، سوژەی سەربەخۆ لەدایک دەبێت. ئەم سوژەیە کێیە؟ ئەوەی کە دەتوانێت لە نێوان چەندین گوتاری جیاوازدا، بە عەقڵی، سەربەخۆیانە و بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵبژێرێت. سوژەی سەربەخۆ تەنیا مافی قسەکردنی نییە؛ توانای هەڵسەنگاندنی قسەشی هەیە و حاشاهەڵنەگریشە کە ئەم توانایە بەبێ ئازادیی بڵاڤۆک و بڵاوکردنەوە بەرهەم نایەت.
- سەروەریی فکری و مانای ڕاستەقینەی نەتەوە
زۆرجار سەروەریی نەتەوەیی بە سنوور و هێزی سەربازی پێناسە دەکرێت. بەڵام ئەم پێناسەیە زۆر موبتەزەل و کەمە. نەتەوەیەک دەتوانێت سنووری جوگرافیی هەبێت، بەڵام سەروەریی فکری نەبێت. ئەگەر هاووڵاتییەکانی نەیانتوانێت بە ئازادی بیر بکەنەوە، ئەوا ئەو نەتەوەیە هێشتا لە ئاستی هۆشیاریی سیاسییدا ژێرچەپۆکەیە. سەروەریی ڕاستەقینە لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە نەتەوە بتوانێت بە عەقڵی خۆی خۆی بناسێت. بڵاوکراوەی ئازاد ئەو ئاوێنەیە کە کۆمەڵگە خۆی تێدا دەبینێت. بەبێ ئەم ئاوێنەیە، خۆناسین نامومکینە. هەر بۆیەش دەشێ بگوترێ کە بەرگری لە بڵاوکراوە، بەرگری لە سەروەری و بەرژەوەندی نەتەوەییە.
- پلۆرالیزم و شەرعییەتی دێموکراسی
پلۆرالیزم، ئەگەر تەنیا بە بوونی چەند دەنگ و ڕوانگەی جیاواز پێناسە بکرێت، هێشتا لە ئاستی ڕووکاردا دەمێنێتەوە. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، پلۆرالیزم ڕادیکاڵترە لە کۆبوونەوەی دەنگە جیاوازەکان؛ لە ڕاستیدا پلۆرالیزم ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لە نێوان مانا جیاوازەکاندا بە هۆی عەقڵی خۆی هەڵبژاردن بکات. ئازادی ڕاستەقینە لە خودی هەڵبژاردندا نییە؛ بەڵکوو لە مەرجەکانی هەڵبژاردندایە. مرۆڤ کاتێک ئازادە کە لەبەردەم ئاسۆیەکی فراوان لە تێگەیشتن و گوتاری جیاوازدا بێت. ئەگەر ئەم ئاسۆیە سنووردار بکرێت، هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت بۆ وەهمی هەڵبژاردن. ئەمە ئەو جیاوازییە کە سنووری نێوان "هەڵبژاردنی فەرمی" و "هەڵبژاردنی بوونی" دیاری دەکات.
هەڵبژاردنی فەرمی ئەوەیە کە مرۆڤ لەنێو چوارچێوەیەکی پێشوەختە دیاریکراودا تەنیا یەکێک لە بەردەستەکان هەڵبژێرێت؛ بەڵام هەڵبژاردنی بوونی ئەوەیە کە خۆی بتوانێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە خودی ئەو چوارچێوەیەش بپرسێت. دێموکراسی تەنیا لەو کاتەدا شەرعییەت وەردەگرێت کە هاووڵاتی بتوانێت لە ئاستی دووەمدا کار بکات؛ واتە نەک تەنیا هەڵبژێرێت، بەڵکوو لەسەر خودی مەرجەکانی هەڵبژاردنیش بیر بکاتەوە. لێرەدا ئازادیی بڵاوکردنەوە دەبێتە مەرجی پێشوو بۆ شەرعییەتی سیاسی. چونکە بێ بڵاوکراوەی ئازاد، پلۆرالیزم دەبێتە نمایشی ژمارەیی دەنگەکان، نەک فرەیی ڕاستەقینەی مانا. ئەگەر هاووڵاتی لە ژێر سایەی یەک گوتاری زاڵدا بڕیار بدات، ئەو بڕیارە هەرچەندە لە ڕێگەی دەنگدانەوە بێت، هێشتا لە ڕووی فەلسەفییەوە ئازادانە نییە.
ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە زۆر سیستەمی سیاسی تێیدا هەڵدەخەڵەتێن؛ ئەوان وەک دێموکراسی دەردەکەون، چونکە فۆرمی هەڵبژاردنیان هەبێت، بەڵام لە نێوەرۆکدا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی مۆنۆپۆلیی گوتار و زانیاریدان. شەرعییەتی دێموکراسی لە سندووقی دەنگدانەوە دەست پێ ناکات؛ لەو فەزایەوە دەست پێ دەکات کە سندووقی دەنگدان مانای تێدا وەردەگرێت. ئەم فەزایەش تەنیا بە بوونی بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆ و پلۆراڵ دروست دەبێت. هەر بەم هۆکارەشە، دەشێ بگوترێ کە پلۆرالیزم تەنیا ڕێکخستنی جیاوازییەکان نییە؛ بەڵکوو پاراستنی مافی تاکە بۆ ئەوەی لە نێو جیاوازییەکاندا خۆی وەک سوژەیەکی بڕیاردەر دەربخات. ئەمەش بنەمای هەر شەرعییەتییەکی ڕاستەقینەی دێموکراتیکە.
- دەرئەنجام
بەرگری لە ئازادیی بڵاوکردنەوە، بەرگری لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی نییە. ئەمە بەرگرییە لە خودی بوونی مرۆڤ وەک بوونێکی بیرکەرەوە. کۆمەڵگەیەک کە بڵاوکراوەی سەربەخۆی هەیە، دەتوانێت خۆی ڕەخنە بکات، خۆی چاک بکاتەوە و خۆی بگۆڕێت. بەڵام کۆمەڵگەیەک کە دەنگی ڕەخنەی تێدا بکوژرێت، هەرچەندە دامەزراوە و هەڵبژاردنی هەبێت، لە نێوەرۆکدا بەتاڵە. دێموکراسی لەو کاتەدا ڕاستەقینەیە کە هاووڵاتی تێیدا مافی ئەوەی هەبێت نەک تەنیا قسە بکات، بەڵکوو گوێی لێ بگیرێت.
بۆیە بەهێزکردنی ئەم "کۆڵەکەی چوارەم"ە بەهێزکردنی یەک دامەزراوە نییە؛ بەهێزکردنی بناغەی عەقڵانییەتی نەتەوەییە. چونکە لە کۆتاییدا، نەتەوەی سەروەر ئەوە نییە کە تەنیا سنوورێکی پارێزراوی هەبێت؛ بەڵکوو ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە جیاتی ئەو بیر نەکاتەوە.