کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی هەناردەی نەوتی ئێران؛ کۆگا سەرئاوەکان تا کۆتایی ڕەزبەر بەتاڵ دەبن

15:20 - 17 خەرمانان 2726

چڕبوونەوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" و جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر کەنداو، هەناردەی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی تووشی داڕمانی مێژوویی کردووە، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت کۆگا سەرئاوەکانی نەوتی تاران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تا کۆتایی مانگی ڕەزبەر بەتەواوەتی بەتاڵ ببن.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ"، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئێران لەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی دەرەوەی هێڵی گەمارۆی دەریایی، لە ۹۰ میلیۆن بەرمیلەوە بۆ ۲۹ میلیۆن بەرمیل کەمی کردووە.

زانیارییەکانی کۆمپانیای زانیاریی ئابووریی "کێپلێر" دەریدەخات لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لە ۲۳ی پووشپەڕەوە، هیچ بارێکی نەوتی خاوی ئێران لە هێڵی گەمارۆکە ڕەت نەبووە.

ئامارەکان دەریانخستووە کە لە یەک مانگی ڕابردوودا بەرهەمهێنان و بارکردنی ڕۆژانەی نەوت لە کەنداو بۆ ۲٥٥ هەزار بەرمیل دابەزیوە، کە ئەمەش نیشانەی ڕاشکاوی دابەزینی ۸٥٪ی ئاستی هەناردەیە بە بەراورد لەگەڵ پێش دەستپێکی گرژییەکان.

ئەم ڕەوشە ڕێژیمی ئێرانی ناچار کردووە ئاستی بەرهەمهێنان تا ئاستی بەکاربردنی نێوخۆیی کەم بکاتەوە، چونکە هێڵە وشکانییەکان توانای گواستنەوەی ڕۆژانە تەنیا ٤۰ هەزار بەرمیلیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، کاریگەرییەکانی گۆشەگیرکردنی ئابووری گەیشتوونەتە کەرتی پێترۆشیمی و بارکردنی بەرهەمەکانی ئەم کەرتەی بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ دابەزاندووە.

لە کاتێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای بەردەوامیی فرۆش و وەرگرتنی داهاتەکان دەکەن، ڕووکردنی پاڵاوگەکانی چین بۆ کڕینی نەوتی جێگرەوە لە عەرەبستان و عێراق، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پچڕانی سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات و داڕمانی زیاتری ژێرخانی ئابووریی ئێران.