کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێکی تر لە قوربانییانی بکوژەکەی نیلووفەر موجاوری هاتە دەنگ

14:44 - 17 خەرمانان 2726

دەسبەسەرکردنی تۆمەتباری تاوانی کوشتنی "نیلووفەر موجاوری" و بڵاوبوونەوەی وێنەکانی، پەردەی لەسەر تاوانکاریی زنجیرەیی ناوبراو لادا و بووە هۆی ئەوەی قوربانییەکی دیکەی دەستدرێژی و ئەشکەنجەی ڕابردووی ئەو کەسە، بێدەنگی بشکێنێت و وردەکاریی ئەو تاوانە پێکهاتەییەی کە بەرانبەر ژنان کراوە ئاشکرا بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەسبەسەرکردنی "سەید عێزەدین سەیدتاهیری" لە پیرانشار بە تۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەدانی توندی نیلووفەر موجاوری، شەپۆلێکی نوێی ئاشکرابوونی تاوانەکانی ئەو کەسەی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەم پێوەنددییەدا، ژنێکی دیکە کە چەندین ساڵ پێشتر لەلایەن هەمان تاوانبارەوە ڕووبەڕووی دوو حەفتە بەندکردن، بێبەشکردن لە ئاو و خواردن، ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و دەستدرێژیی سێکسی ببووەوە، بە بەڵگەوە گێڕانەوەی خۆی خستە ڕوو.

ئەم قوربانییە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی نەبوونی ئەمنییەت و ترسی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی تا ئێستا بێدەنگ بووە.

"سەید ئەنوەر سەیدتاهیری"، برا گەورەی تاوانبار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "ڕووداو"، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەسبەسەرکردنی براکەی، ئاشکرای کردووە کە براکەی زیاتر لە ١٠ ساڵ پێش ئێستا، هاوسەری خۆی لە نەغەدە کوشتووە و بەهۆی ئەم کوشتنە ٦ ساڵ لە زینداندا بووە. ئەو هەروەها وتی براکەی ١٨ تا ١٩ ژنی هەبووە و زۆربەی ئەم ژنانە زیاتر لە حەفتەیەک لای نەماونەتەوە.

چاوەدێران و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە بەردەوامیی تاوانکاریی لەم جۆرە و بێدەنگیی قوربانییان، ئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی پەناگەی یاسایی، پشتیوانینەکردنی سیستەمی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە ژنان و ‌دەربازبوونی تاوانبارانە لە سزادان.