کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا کۆرەی باکوور، و لە دەرەوە چەتەی دەریایی

14:45 - 5 جۆزەردان 2726

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

دوای شەڕێکی چل‌وچەند ڕۆژە و بڕانی نزیکەی سێ مانگ ئینتەرنێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ئەم پرسیارە لە ئارادایە کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی چیان لە مێشک‌دایە و داهاتووی ئێران بەرەو کوێ دەڕوات. حکوومەتێک کە هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی فەرمی و ڕوون بارودۆخی ڕێبەریی خۆی دیاری بکات یان پەیامێکی ئاشکرا لە سەرکردایەتیی نوێ پێشکەش بکات، بەڵام هەموو ڕۆژێک زیاتر ڕوو دەکاتە ئێعدامکردنی لاوان و توندترکردنی سەرکوتی نطوخۆیی، تەنیا بۆ ئەوەی بوونی خۆی و مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەلمێنێت.

وا دیارە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە، بە تایبەتی لە ڕێگای بڕین یان کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی ئینتەرنێت، ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرەو مۆدێلێکی وەک کۆریای باکوور ببات. ئامانجی ئەم ڕێبازە دەتوانێت بەردەوامکردنی دەسەڵات بێت لە ڕێگای دابڕان و گواستنەوەی زانیاری بۆ دەرەوە و فراوانترکردنی سەرکوت، بە دوای ئەوەیە شکستە جیاوازەکانی خۆی پەردەپۆش بکات و شێوازی بەڕێوەبردنی کەم کەم بەرەو بە کۆریای باکور بردنی ئێران دەبات. بەڵام، گەیشتن بە تەواوی ئەم ئامانجە نە ئاسانە و نە بە ئاسانی دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. ئەزموونی مێژوویی پێمان دەڵێ کۆریای باکووریش لە ماوەیەکی کورتدا نەگەیشتووە بەو دۆخە، بەڵکوو ئەنجامی ساڵانێک سیاسەت‌دانان، کۆنترۆڵ و بارودۆخی تایبەتی نێودەوڵەتی بووە. هەروەها لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە تەکنەلۆژیای پەیوەندی بەخێرایی بڵاو دەبنەوە، درووستکردنی دابڕانێکی تەواوی زانیاری زۆر دژوارترە لە ڕابردوو.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم سیاسەتانە دەتوانن ئەنجامێکی پێچەوانەیان هەبێت. نەهێشتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتیی گشتی و بەهێزبوونی بزووتنەوە ناڕەزایییەکان لەنێو وڵاتدا. بە تایبەت لە دۆخێکدا کە بەشێک لە کۆمەڵگە لە هەندێک لە ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بێهیوا بوون، ئەم گوشارانە دەتوانن ببنە هۆی درووستبوون یان بەهێزبوونی هێزێکی نوێ و ڕێکخراوتر لە نێوخۆدا بۆ ئەوەی بتوانێ ببێ بە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی. ئەوە بۆ دۆخی شۆڕش دەگەرێتەوە کە بەردەوام بە دوای دیتنەوەی دەرفەتدا لە ئەستەمترین کاتدا دەگەرێتەوە.

لە نێوان ئەم هێزانەدا، ئۆپۆزیسیۆنێک وەک ئۆپۆزیسیۆنی کورد، کە پشتگیریی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی ڕاستەقینەی بە بنەمای کۆمەڵگە هەیە، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگتر ببینێت. سنووردارکردنی پەیوەندییەکان نەک تەنیا ڕێ لە پەیوەندی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ نێوخۆ ناگرێت، بەڵکوو دەتوانێت ئەوان بەرەو داهێنان و دۆزینەوەی ڕێگا نوێیەکانی پەیوەندی ببات. بە جۆرێک کە ئەم چەکەی کۆماری ئیسلامی لە دەستی ئێران دەربهێنرێت. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو سیاسەتی «کۆریای باکوورکردن» بەپێچەوانەی ئەو ئامانجانەی کۆماری ئیسلامی بە دوایدایە لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی هێزە دژبەرەکان.

لە بوارە دەرەکییەکانیشدا، هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چاڵنجی گەورە بەرەوڕوویە. کردار و هەڵسوکەوتی ئەم حکوومەتە لە زۆر حاڵەتدا نەک وەک دەوڵەتێکی ئاسایی، بەڵکوو زیاتر وەک کارەکتەرێکی ئارامی تێکدەر لە ناوچەکەدا دەبینرێت. وا دیارە دروستکردنی ئاڵۆزی و نائارامی لە ناوچەکەدا هێشتا وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە دانوستاندنەکان یان کڕینی کات لە بەرانبەر گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەکار دەهێنرێت.

دوای کۆتایی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەس، هەندێک هیوادار بوون کە گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوو بدات. بەڵام هەنگاوگەلێک وەک هەڕەشەکردن بە داخستنی ڕێگای گرنگ یان دەستێوەردان لە ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، نیشانی دا کە ئەم حکوومەتە تەنانەت لە دۆخی لاوازیشدا هیچ گۆڕانێکی گرنگی ئایدیۆلۆژیکی نەکردووە. هێشتا هەمان دوکتورینی دروستکردنی نائارامی لە ناوچە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز بەردەوامە.

دەتوانرێت ئەم ڕوانگەیە بە جۆرێک بە هەڵسوکەوتی چەتە دەریاییەکان بچوێندرێت؛ ئەو تاقمانەی ئامانجی سەرەکییان بەدەستهێنانی سوودە لە ڕێگای دروستکردنی نائارامیدا، تەنانەت ئەگەر خۆشیان لەو ڕێگایەدا زیانی گەورە ببینن. لەم چوارچێوەیەدا، وا دیارە کۆماری ئیسلامیش مانەوەی خۆی لە بەردەوامبوونی هەمان بارودۆخدا دەبینێت، هەرچەندە نرخ و زیانەکانی بۆ وڵات زۆر قورس بن.

هەر ئەم بابەتە وای کردووە هەندێک لە شیکەرەوە و سیاسییە ئەمریکییەکان سەرسام بن کە چۆن حکوومەتێک ئامادەیە بە نرخی لاوازکردنی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بدات، بەڵام هێشتا لەسەر بەردەوامبوونی ئەم ڕێگایە سوور بێت. تەنانەت لە دۆخێکدا کە هەڕەشە لە دژ بە ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵات هەیە، هەندێک وەڵام زیاتر بۆ توندترکردنی ئاڵۆزی دەچن، نەک کەمکردنەوەی.

بێگومان گۆڕانی حکوومەت بۆ سیستەمێکی داخراو کە لە نێوخۆ و کارەکتەرێکی ئارامی‌تێکدەر لە دەرەوە، ناتوانێت ڕێگەیەکی بەردەوام بۆحوکمڕانی هیچ دەسەڵاتێک بێت. ئەم ڕوانگەیەو پلانە لە درێژخایەندا بە چالاکی و قەیرانی گەورە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بە ئەگەری زۆر چارەنووسێکی وەک زۆر لە سیاسەتە سەرنەکەوتووەکانی ڕێژیم لە مێژوو دەبینێت. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم شێوازە لە حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەوانە زیاد بێت کە پێیان وایە تەنیا چارەسەری کۆتاییهێنان بە ئەم دۆخە، ڕووخاندنی تەواوی کۆماری ئیسلامییە.